ده‌رباره‌ی پرۆژه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌

هه‌ڵه‌بجه‌.. له‌ژێر ره‌حمه‌تی مه‌سرور بارزانیدا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.11.17 01:48 PM
710 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

باست عوسمان

لە سالانی رابردوودا و لە کاتی دەستبەکاربوونی حکومەتە یەک لە دواییەکەکانی هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشداری راستەقینەی حکومەت بوون! بەجۆرێک زۆربەی پۆستە باڵاکان لە دەستی ئەواندا بووە! ئەمە جگە لەوەی لە هەندێک کابینەی حکومیدا، گۆران و یەکگرتو و کۆمەل بەشداری حکومەتیان کردووە!

لە ساڵانی رابردودا گرنگییەکی زۆر بە هەولێر و دهۆک دراوە و غەدرێکی زۆر و ناعەدالەتییەکی گەورە بەرامبەر پارێزگای سلێمانیی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین کراوە! بەجۆرێک زۆربەی ئەو پرۆژانەی لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە لە و ناوچانەدا جێبەجێکراوە کە لەژێر هەیمەنە و دەسەلاتی پارتیدا بووە!

ئەگەر پرۆژەکانیش بەپێی سەرژمێری دانیشتوان دابەشبکرایە ئەوا پشکی شێر بەر پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیان دەکەوت!
بەپێی دوایین سەرژمێری ساڵی ۲٠٠۹، دەستەی ئاماری کوردستان پێشبینی کردووە لە سالی ۲٠۱٥ ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێم دەبێت بە نزیکەی پێنج ملیۆن و نیو، واتە ٪۳۸ دانیشتوانی هەرێم لە سلێمانی دەژین ،٪ ۳٦ لە هەولێر و ٪ ۲٦ لە دهۆک.
بەڵام ئەو پرۆژانەی لە هەرێمی کوردستان لە نێوان مانگی ۸ ی ۲٠٠٦ بۆ مانگی ۹ ی ۲٠۱٥ ئەنجامدراوە ( ۷۳۲ ) پرۆژە بووە! لەم پرۆژانە ( ۳۳۳ ) یان لە هەولێر و ( ۲٠٤ ) لە سلێمانی جێبەجێکراون. !!!
ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەو ناعەدالەتییەی حیزبەکان بەتایبەت پارتی ئەنجامی دەدەن بەرامبەر سلێمانیی و دەوروبەری!

مۆنۆمێنتی یادگاریی كیمیاباراكردنی هه‌ڵه‌بجه‌

 

تەنانەت لە رووی یادکردنەوە و گرنگیدان بەو کارەساتانەی بەسەر هەرێمی کوردستان هاتووە زیاتر گرنگی ئەدرێت بەو کارەساتانەی بەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا هاتووە!
بۆ نمونە لە ۳۱ هه‌مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، هێندە گرنگی نەدرا بەم یادە گەورەیە! بەڵگەش بۆ ئەمە لە ئاستێکی باڵادا بەرپرسانی حکومیی و حیزبی تێیدا بەشدارنەبوون! بە جۆرێک نە سەرۆکی حکومەت، نە وەزیرەکان، نە سەرۆکی زۆربەی حیزبەکان ئامادە نەبوون! بەڵام لەم ساڵدا و لە رۆژی یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی ئەنفالی بارزانیەکاندا! نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانن ئامادەی ئەم یادە بوون! ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی وەزیرەکان ئامادەی بوون! تەنانەت لە رووی میدییاییەوە کەناڵەکانی سەر بە پارتی زۆرتر گرنگییان پێدا! بەراورد بە کارەساتی هەڵەبجە!
لەکاتێکدا هەموومان دەزانیین کارەساتی کیمبارانکردنی هەڵەبجە لە دنیادا گرنگی زیاتری پێدەدرێت و هۆکارێک بووە بۆ ناساندن و بردنە پێشەوەی دۆزی کورد لە دنیادا!

پشکی هەڵەبجە و رێژەی ٪ ۲ 
سەبارەت بە پشکی هەڵەبجە و دانانی رێژەی ٪ ۲ بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەو بودجەیەی کە ئەنجومەنی وەزیران بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان دیاریکردووە!
بەپێی بریاری ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوی ژمارە ( ۷۸۸۷ ) لە رۆژی ٦ تشرینی یەکەمی ۲٠۱۹، بری ( ٥٠٠ ) ملیۆن دۆلار بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان سەرفکراوە، ئەم پارەیە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە سەرفکراوە کە تەواو نەکراون لە لایەن حکومەتی نێچیرەڤان بارزانییەوە ! بەتایبەت ئەو پرۆژانەی ٪ ۷٥ بۆ ٪ ۸٥ زیاتریان جێبەجێ کراون!

ناو بازاری شاره‌كه‌ هێشتا سیمای پارێزگابوونی پێوه‌ نییه‌

بۆیە ئەو پرۆژانەی لە هەڵەبجەدا تەواو نەکراون ئێستا بری ٪۲ی بۆ دانراوە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکان، لەو برە پارەیەی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دیاریکردوە بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان !

لەبەرئەمەیە دەوترێت ئەم حکومەتە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ حکومەتەکانی پێشودا نییە! لەم حکومەتەشدا هێندە گرنگی بە هەولێر و دهۆک دەدرێت هێندە گرنگی بە سلێمانی و دەوروبەری نادرێت! سەرەرای ئەوەی لە حکومەتەکانی رابردودا نەیارەکانی پارتی بەهێزتربوون لە ئێستا!

بۆیە بەهێزی پارتی لەم کابینەیەدا ئەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی بە تەوای پارێزگای سلێمانیی و دەوروبەری پشتگوێ بخرێت! بەتایبەت پارێزگای هەڵەبجە ! ئەمەش هۆکار دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی بێکاریی و هەژاری لەم ناوچەیەدا! کاریگەری ئەمەبوو وایکرد نزیکەی ٦٠٠ مال هەلەبجە جێبهێلن و روولەشارەکانی دیکەبکەن!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ