شارێكی ده‌سته‌مۆ نه‌كراو

مه‌ریوان.. شارە بزێوەکەى رۆژهه‌ڵات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.11.19 10:06 PM
914 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا

مه‌ریوان، شارێکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە پڕیەتی لە وزەی بەشەری.
بزێوە لە سیاسەت و خەباتدا، بزێوە لە کەسابەت و قاچاخچێتی و سنووربڕین. پڕپڕە لە هونەر و گۆرانیی و هەڵپەڕکێ.
مەریوان بە دەریاچەی زرێباردا دەناسرێتەوە، بەڵام ئەم شارە ناسنامەیەکی تری هەیە ئەویش ئەوەیە بۆ هەموو سەردەمێک دەسپێشخەریی هەیە لە خەباتی نیشتمانیدا.

لە شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفیددا، خەڵکی ئەم ناوچەیە بە گیان و ماڵ لەگەڵ شۆڕشدابوون و قوربانیاندا.
ساڵی ۱۹۲٥ تا ۱۹۳۰ ناوچەی مەریوان بەتایبەت گوندەکانی پیران و نێ، ولەژێر و دزڵی بوونە پەناگەیەکی باش بۆ شێخ مەحموود و یارانی. پیاوە ناودارەکانی وەکو مەحموودخانی کانی سانان و مەحموودخانی دزڵی، تا کۆتایی لەگەڵ شێخ مەحمووددا مانەوەو فیداکاریی زۆریان بۆ کرد.

مه‌ریوان ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای سنه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان


لە شۆڕشی ئەیلوولدا مەریوان مەڵبەندێکی گرنگ بوو بۆ هاتوچۆی شۆڕشگێڕان و گواستنەوەی بریندار و نەخۆش و بە یەکگەیشتنی پێشمەرگە و کەسوکاریان.
مەریوان لە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۹۷۹ بووە مەڵبەندێکی گرنگ و کاریگەر لە خەباتی چەکداریی و سیاسی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکەم خەباتی مەدەنی کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، خەڵکی ئەم شارە بۆ نیشاندانی ناڕەزایی دژ بە هاتنەوەی سوپای ئێران، ماڵەکانیان چۆڵکرد و بە کۆمەڵ چوونە دەرەوەی شار.

یەکێک لە سەرکردە دیار و کاریگەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کاک فوادی مستەفا سوڵتانییە کە خەڵکی مەریوانەو رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو لە پێشخستنی (کۆمەڵە) و خەباتی سیاسی رۆژهەڵاتدا.
لە کۆڕەوی باشوور بۆ رۆژهەڵات لە ساڵی ۱۹۹۱ پشکی زۆری ئەرک و مەینەتی، بۆ خەڵکی ئاواییەکانی نزیک مەریوان بوو کە قسوورییان نەکرد لە یارمەتیدان و بە هاناوەهاتنمان.

مه‌ریوان شارێكه‌ پڕه‌ له‌ چالاكیی و جموجوڵی هونه‌ریی و كورده‌واریی


مەریوان لەم ساڵانەی دواییدا، هیچ دەرفەتێکی لە کیس نەداوە بۆ تازەکردنەوەی رۆحی کوردایەتیی. بۆ بە سەرکۆماربوونی مام جەلال، بۆ کۆبانێ و عەفرین و ریفراندۆم و زۆر شتی تر هاتوونەتە سەرشەقام و کوردبوونیان دەمەزەرد کردووەتەوە.
ئێستا مەریوان بووەتە مەڵبەندێکی گرنگ بۆ چالاکانی ژینگەدۆستیی. لەم پێناوەدا چەندین شەهید و برینداریانداوە لە پێناو پاراستن و جوانکردنی دارستان و پاوانەکانی ئەو ناوچە دڵگیرە کە سەرداریان شەهید شەریف باجوەر و هاوڕێکانین.

لە بەرامبەر مەریوان گوندێک هەیە ناوی ( نێ )یە، ئەم گوندە بە قەدەر شارێکی گەورە چالاک و بزێون و مل نادەن بە دەوڵەت. بۆیە دامەزراوە ئەمنی و ئیستخباراتییەکانی ئێران گیریان خواردووە بەدەستیانەوە.
ئێستاش لەم خۆپیشاندانانەدا، مەریوان دیسان رۆڵی خۆی دەگێڕێ و زۆرترین خوێنی بەخشیوە. دڵنیام دەوڵەتی ئێران دڵڕەقانەتر لەگەڵ ئەم شارە دەسەمۆنەکراوەدا مامەڵە دەکات و دەستیان لێ ناپارێزێ.

مەریوان چەندە بچووکە لەڕووی رووبەر و دانیشتووانەوە، دە ئەوەندە گەوەرەیە لەڕووی کاریگەرییەوە. هیوادارم ئەم شارە خۆشەویستە پارێزراوبێ لە تۆڵەی دڵڕەقانەی کۆماری ئیسلامی ئێران.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ