بۆچى 25ی 11 بۆ ئه‌و رۆژه‌ دیاریی كراوه‌ ؟

ده‌رباره‌ی رۆژی جیهانیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان

ئاڤێستا یونـس 2019.11.25 11:34 PM
1860 جار خوێندراوەتەوە

ئاڤێستا یونـس

ڕۆژنامه‌نووس
ماسته‌ر له‌ په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان ـ به‌ریتانیا

هەروەك دەزانرێت ٢٥ /١١ی هەمووساڵێك ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیە بەرامبەر ژنان. 
دەتوانم بڵێم لە هەموو کەس زیاتر لە لایەن ژنانەوە ئازار دراوم، هاوکات زۆرینەی بەربەست و ڕێگرییەکانی من و چەندانی تر، ژنان خۆیان دروستی دەکەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هیچ کات ساردنەبوومەتەوە لە پشتگیریی و پشتیوانییەکانم بۆ ژنان. هەر ژنێك هەر کاتێك لە هەر شوێنێك لە هەر بوارێکدا، هەنگاوێك بنێت؛ هێزێك بە من دەبەخشێت، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ژنان ببنە بەرەیەکی دژ بە پیاوان، بەڵکو بە پێجەوانەوە؛ پیاوانیش ڕێژەیەکی بەرچاو لەو پشتگیریی و هاوکارییە پێکدێنن کە پەیوەستە بە سڕینەوەی ئاستەنگەکان، بە تایبەت لە کۆمەڵگا دواکەوتووەکاندا.

بە گوێرەی تازەترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکانیش: لە سێ ژن ژنێك روبەڕوی توندوتیژی سێکسی و جەستەیی دەبێتەوە

لە ٢٥ ی ١١ ی ١٩٦٠ دوای  ئەوەی بەفەرمانی دیکتاتۆری کۆماری دۆمینیکان هەرسێ خوشکی چالاکوان ( ماریا مێرەبڵ، پاتریا مێرەبڵ و تێرێزا مێرەبڵ ) دەکوژرێن، بەهۆی ئەو چالاکیی و ناڕەزایەتیانەی کە بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی دیکتاتۆری ناوبراو ئەنجامیان دابوو، بەو هۆیەوە نەتەوە یەکگرتوەکان ئەم ڕۆژە وەك ڕۆژی بەرەنگاری توندوتیژیی دژی ئافرتان دەناسێنێت، کە تیایدا چەندین چالاکی و داواکاری و پێشنیار و هاوکات ناڕەزایی لە لایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافەکانی ئافرەتان ئەنجام دەدرێت.
هەر بە گوێرەی تازەترین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکانیش: لە سێ ژن ژنێك روبەڕوی توندوتیژی سێکسی و جەستەیی دەبێتەوە لە لایەن هاوبەشی ژیانیانەوە.
لە هەمان کاتدا، تاکو ئێستا نزیکەی ٧٥٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا پێش تەمەنی ١٨ ساڵی دەچنە ژیانی هاوسەرگییریەوە.
هەروەها تەنها لە ٪٥٢ ژنانی هاوسەردار دەتوانن بڕیار لە بارەی خێزان و مناڵ و ژیانیان بدەن.
پاشان لە کۆی دوو ژن، یەك ژن بەدەستی هاوژین یاخود خێزانەکانیانەوە دەکوژرێن.

تاکو ئێستا نزیکەی ٧٥٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا پێش تەمەنی ١٨ ساڵی دەچنە ژیانی هاوسەرگییریەوە.

کەواتە  لەم ڕۆژەدا ژنان هێندەی پێویستیان بە هاوکاری وهاندان و پشتیوانی یەکتر هەیە، ئەوەندە پێویستیان بە هاریکارییە دەرەکییەکان نییە، هەر خۆیان شارەزای  ئازار و ناڕەحەتی و قورساییەکانی ژیانی خۆیانن و بە پشتیوانی ژنان بۆ یەکتر دەتوانن بەربەستەکان ببەزێنن.
هەروەك دەوترێت ژن دەبێت ( کابانێکی باش بیت، دایکێکی میهرەبان بێت، هاوسەرێکی جوان بێت، بووکێکی سەلار بێت، خوشکێکی دڵسۆز بێت وکچێکی ژێر بێت) هەروەها ئێستا ژنان جگە لە ئەرکی بەخێوکردنی مناڵ و بەڕێوەبردنی ماڵ، شانبەشانی پیاوان لە دامودەزگاکان کار دەکەن.
ئەمە بێجگە لەو ژنانەی کە درێژە بە خوێندنی ئەکادیمی و پێشەیی دەدەن لە پاڵ هەموو ئەو ئەرکانەی کە لەسەرەوە باسکران.. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ