له‌ نێوان به‌رداشی هاوزمان و بێگانه‌دا

ماکرۆن و مەسرور بارزانى.. دوو ریکۆردی مێژوویی ئاواژوو دەرهەق رۆژاڤا

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.11.29 06:37 PM
414 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.ئارام ره‌فعه‌ت
دوێنێ(2019.11.28) مه‌ولود چاوەش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا دوو راگەیانراوی بڵاوکردەوە، لە یەکەمیاندا رووی لە ئیمانۆئێڵ ماکڕۆنی سەرۆکی فەرەنسا و ئەوی تریشیان دەربارەی کۆبوونەوەی بوو لەگەڵ مەسرور بارزانیدا.

چاوەش ئۆغڵٶ چی دەربارەی ماکرۆن گوت ؟
چاوەشئۆغڵٶ بە شێواز و فەرهەنی تورکانە رەخنەی توندی لە ماکرۆن گرت و رایگەیاند، :"ماکڕۆن پشتیوانی تیرۆر دەکات و بەردەوام لە کۆشکی ئێلیزا میواندارییان دەکات و ئەگەر ئەو بڵێت هاوپەیمانی رێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئیتر قسەیەک نییە بۆ گوتن". دیارە، مەبەستی وەزیرەکەی تورک لە تیرۆر و رێکخراوی تیرۆریستی ئیدارەی رۆژاڤا و شەرڤانانە.

چاوەش ئۆغڵۆ چی دەربارەی مەسرور گوت؟
چاوەشئۆغڵۆ بەهەمان ئەقڵییەتی تورکانە، لە تویتەرەکەی خۆیدا نوسیویەتی "سەرۆک وەزیرانی ئیدارەی ناوچەی باکوری عێڕاقم دیت، هاورابووین لەسەر ئەوەی کە پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ناسەقامگیریی و ئاسایشی هەردوو لامان، بەیەکەوە بەرەنگاری هەموو جۆرە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەبینەوە". دیارە "هەموو جۆرە رێکخراوە تیرۆریستییەکان" مەبەستی شەرڤانان و ئیدارەی رۆژاڤایە.

چاوش ئۆغلۆ، ئه‌ردۆغان، مه‌سرور بارزانی ـ كۆشكی كۆماریی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ـ 2019.11.28

وەک دەبینن، بە پێوانەی چاوەشئۆغڵو شەرڤانان (هەسەدە) تیرۆریستن، ماکڕۆن دژایەتی تورکیا و پشتیوانی تیرۆریستەکان دەکات و مەسرور بارزانیش پشتیوانی تورکیا و دژایەتی تیرۆریستەکان دەکات.
سەیرە، ماکرۆن فەرەنسی و مەسروریش کوردە.
لەوەش سەیرتر، بۆ هەرێمی کوردستان: رۆژاڤا، هەر بە تەنها هاونەتەوە و هاوزمان و هاوسێی "ناوچەی باکوری عێراق" نین کە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانیەتی، بەڵکو قوڵایی ستراتیژیی ناوچەی باکوری ئێراقە و مانەوە و بەهێزی "ئیدارەی ناوچەی باکوری ئێراقیش" پەیوەستە بە بەهێزی و مانەوەی رۆژاڤاوەیە.
بۆ فەرەنسا: رۆژاڤا نە هاونەتەوە و هاوزمان و هاودینە، نە هاوسێیە و نە قوڵایی ستراتیژیی فەرەنسایە و نە مانەوە و نە نه‌مانەوەی رۆژاڤا بچوکترین کاریگەری لەسەر بارودۆخی فەرەنسا نییە.
بەڵام، ماکرۆن تا ئاستی تێکدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا پشتیوانی رۆژاڤایە و مەسرور بارزانیش تا ئاستی پێکەوە "دژایەتیکردنی هەموو رێکخراوە تیرۆریستەکان" پشتیوانی تورکیایە.
هێشتا سەیرەکەی ماوە...
چەند و چۆنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی فەرەنسا لەگەڵ تورکیا دەزانن ؟
لە ساڵی ٢٠١٧دا قەباری بازرگانیی نێوان فەرەنسا و تورکیا ١٤ ملیار و نیو بوو، لەم بازرگانییەدا فەرەنسییەکان سوودمەندی سەرەکین، لەو بڕە فەرەنسا به‌ به‌های نزیکەی نۆ (٩) ملیار شتومەک بۆ تورکیا هەناردە دەکات و تەنها بڕی شەش ملیار و نیو شتومەکی تورکیا هاوردە دەکات. 
بەواتایەکی تر، وڵاتی تورک بازاڕێکی سەرەکی ساغکردنەوەی شتومەک و کاڵاکانی فەرەنسایە.

ئه‌مانوێل ماكرۆن تاكه‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌ورپییه‌ به‌ ئاشكرا دژی ئه‌ردۆغانه‌ و پشتیوانی كورد ده‌كات


ئەى چەند و چۆنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی باشور لەگەڵ تورکیا چۆنە ؟
قەبارەی بازرگانیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە نێوان ٧ تا ١٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەم بازرگانییە یەک ئاراستەییە، بەواتایەکی تر، هەناردەی هەرێم بۆ تورکیا کەمتر لە ١%ی کۆی ئەو بازرگانییە پێکدێنێت (هەڵبەت بێجگە لە نەوت کە داهاتەکەی نادیارە و هیچ کاریگەریی لەسەر ئابوریی هەرێم نییە). بۆ نموونە، لە ٢٠١٤دا بڕی بازرگانیی ١٠ ملیار دۆلار بوو، لەم برە هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێڕاق بەیەکەوە بۆ تورکیا لە ١٥٠ ملیۆن دۆلار کەمتر بوو، بەواتایەکی تر، هەرێم بازاڕێکی ساغکردنەوەی کاڵاکانی تورکیایە و لە بەرامبەردا تورک هیچ کاڵایەک لە هەرێم هاوردە ناکەن.

فەرەنسا بە لەدەست دانی تورکیا چی لەدەست دەدات..؟
ئەو لەپێناو رۆژاڤادا خەریکە یەکێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی، کە بازاڕی تورکە دەخاتە مەترسییەوە، دیارە تورکیا ١٣هەمین گەورەترین هاوردەکاری فەرەنسایە، نەمانی ئەو بازارە هەم کاریگەریی دەبێت بۆ ئابوریی فەرەنسا و هەم بۆ چارەنووسی سیاسیی ماکرۆن.
نابێت ئەوەش لەبیر بکەین، تورکیا ئەندامی ناتۆیه‌ و بەم پێیەش هاوپەیمانی فەرەنسان و لە دەیان بڕیار و دانوسانی ناتۆدا دەتوانن زیان بە بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا لەسەر ئاستی جیهان بگەیەنن.
بەڵام دیارە هێشتا خوێنی شۆڕشی فەرەنسای مەزن لە جەستەی ماکرۆن و فەرەنسییەکاندا دێت و دەچێت و لەپێناو هەندێک پرەنسیپە جیهانییەکاندا ئامادەی قوربانی دانن.

هەرێمی کوردستان بە لەدەستدانی تورکیا چی لەدەست دەدات ؟
پێویست نەبوو مەسرور بارزانی ئەم ریکۆردە مێژووییە خراپەی بۆ خۆی تۆمار بکات، ئەو ئەگەر نەشتوانێت هاوشێوەی ماکرۆن ریکۆردێکی مێژووی پڕ لە سەروەریش بۆ خۆی تۆمار بکات، دەیتوانی بێ لایەن بێت و نەچێتە پاڵ بانگەشەی دژە تیرۆری تورک.
گریمان لەم بێلایەنییەی مەسرور بارزانیدا تورکەکان هەڵوێست وەردەگرن و تورکیا پەیوەندییەکانییان دەپچڕێنن، بەڵام، هەرێمی کوردستان بە لەدەستدانی تورک تەنها کۆت و بەندی هەرێمەکەی لە دەست دەدات.

ته‌وقه‌یه‌ك دوای كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی نێوانیان ـ ته‌نقه‌ره‌ 2019.11.28


هەروەک ئینیستیتوتی واشنتۆن لە ٢٠١٥دا نوسیبووی، هەرێمی کوردستان وەک کۆمۆنوێڵسی رانەگەیەنراوی ئابوریی تورکیا وایە، لە راستیدا هەرێمی کوردستان لانیکەم لەرووی ئابورییەوە کۆڵۆنیالیزە کراوە.
نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە هێشتا لە روانگەی مەسرور بارزانی و بنەماڵە و حیزبەکەیەوە، مەسعود بارزانی باوکی پاڵەوانی ریفراندۆمە، لە راستیدا تورک و بەتایبەتیش ئەردۆغان هۆکاری سەرەکی شکستی ریفراندۆم و ئەو دەرەنجامە شەرمهێنەر و کارەسات ئامێزە بوون کە ریفراندۆم بەدوای خۆیدا هێنا، لەوانەش لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان و لەدەستدانی بەشێک لە سەروەرییەکانی هەرێم و ئیستیقالەی مەسعود بارزانی.
ئێستا ریکۆردی ماکرۆن و هینەکەی مەسرور بارزانیشمان لەبەرچاوە... مێژوو نە ئەم فەرامۆش دەکات و نە بەزەییشی بەودا دێتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە مەسرور بارزانی لەم بەهاناوە چوونەی تورک لەم کاتەدا چی دەچنێتەوە، هەڵبەت بۆ بنەماڵەکەی نا، بۆ هەرێمی كوردستان ؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ