ناتۆ له‌ قه‌یرانێكی قوڵدا

توركیا و دوا كۆبوونەوەی ناتۆ

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.12.10 12:02 AM
292 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

د.جەبار قادر
ناتۆ بە قەیرانێکی قووڵدا تێدەپەڕێ. ناکۆکی نێوان سەرکردەی هەندێ لە ئەندامانی ڕەنگدانەوەو دەرکەوتەی ئەو قەیرانەیە. ستراتیژی ناتۆ لەسەردەمی شەڕی ساردا ڕوون بوو، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی یەکێتی سۆڤییەت و پەیمانی وارشۆ بوو. لە هەر شوێنێک وڵاتانی سۆسیالیست لە جموجووڵدا بوونایە، ناتۆ لە دژیان ڕادەوەستا.

دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت و پەیمانی وارشۆ، ئەو دوژمنە نەما و وڵاتانی ناتۆ کەوتنە هەڵپە هەریەکەیان بۆ خۆیان کار بکەن و خەریکی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بن. ئەمە وای کردووە لە بەرامبەر هەندێ کێشە و پرسی نێودەوڵەتیدا خۆیان ناکۆک و تەنانەت لە دوو سەنگەری جیاوازدا ببیننەوە. لەم بوارەدا تورکیا زیاتر لە هەموو ئەندامانی ناتۆ کێشە وسەرئێشە دروست دەکات. لە تەک کێشە هەمیشەییەکانیدا لە گەڵ یۆنان و قوبرس، لە ئێستادا چەقی کێشەکانی لە سوریایە.

تورکیا زیاتر لە هەموو ئەندامانی ناتۆ کێشە وسەرئێشە دروست دەکات

لە کاتێکدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ناتۆ لە دژی داعش شەڕ دەکەن و هێزە کوردییەکان بە باشترین هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، تورکیا لە دژی ئەم هێزانە لە شەڕدایە و شار و دێهاتەکانیان وێران دەکات و داوا لە ئەندامانی ناتۆ دەکات بە تیڕۆریستیان دابنێن. هەروەها داوایان لێدەکات یارمەتی پێشکەش بکەن لە پاکتاوکردنی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی بە قازانجی عەرەبی سوننە و تورکمان و خەڵکانی دیکە.

هەروەها بۆ ساڵانێک داعشی بەکارهێنا‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورد و ئێستاش لە ژێر ناوی نوێدا بەردەوامە لە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان و جانەوەرەکانی ئەو ڕێکخراوە خوێنڕێژە.

دواین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانی وڵاتانی ناتۆ ـ له‌نده‌ن

 

ئەردۆگان بەر لە کۆبوونەوەی ناتۆ لە لەندەن هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە ڤیتۆی پرۆژەی پاراستنی وڵاتانی بەڵتیک و پۆڵەندای پەیمانەکە دەکات ئەگەر وڵاتانی ناتۆ نەچنە ژێر باری داخۆازییەکانی، هێڕشی توندی دەکردە سەر سەرۆکی فرەنسا. لە کۆتاییدا ئەو ڤیتۆیەی بەکارنەهێنا و وڵاتانی گرنگی ناتۆش ئامادە نەبوون هێزە کوردییەکان بە تیڕۆریست ناوزەد بکەن.
ڕەنگبێ ئەو ڕستەیەی لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا کە دەڵێت" وڵاتانی ئەندام تیڕۆر بە هەموو شێوازێک و دەرکەوتەیەک بە هەڕەشە دەزانن..."، دەڵێم ڕەنگبێ ئەم ڕستەیە بۆ قایلکردنی ئەردۆگان دانرابێت بۆ ئەوەی واز لە داخوازییەکانی لە دژی یەپەگە و هەسەدە بێنێت. ئەردۆگان دەستبەرداری ئەم هەوڵانەی نابێت و خەریکی کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاتر دەبێت لە بارەی پەیوەندی ئەم هێزانەوە بە پەکەکەوە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتوودا لە شوباتی 2020 بیانخاتە بەردەم سەرکردەکانی ناتۆ و داوای هەڵوێستیان لێ بکات.

ئه‌ردۆغان به‌ ده‌ستی به‌تاڵ لوتكه‌ی ناتۆی به‌جێهێشت

 

هەڵبەتە ئەردۆگان دژایەتی هەموو هەوڵ و داخوازییەکی کوردە لە هەر کوێیەک بێت، بەڵام بۆ ئەوەی کەسانی وەک سەرۆکی فرەنسا بتوانن بەرگرێ لە کورد بکەن، دەبێ هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا یارمەتی بدەن، بەوەی هەندێ دیمەنەکانی پابەندبوونیان بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە کاڵ بکەنەوە، هیچ نەبێ بۆ دونیای دەرەوەی خۆیان.

 ئەندامانی ناتۆ هەڵسەنگاندن و پێناسەیان بۆ دوژمنان جیاوازە

سەرباری هەموو ئەمانە فراوانکردنی سنوورەکانی ناتۆ و وەرگرتنی چەندین وڵاتی دیکە لە ڕیزەکانیدا ئەرکی ئەم پەیمانەی ئەوەندەی تر گران کردووە. هەڵوێست و بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکانی ترامپیش کێشەکانی ناتۆی قووڵتر کردووەتەوە. ترامپ‌ وەک باج کۆکەرەوە لە گەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆدا هەڵس و کەوت دەکات.

خاڵێکی تری ناکۆکی لەوەدایە کە ئەندامانی ناتۆ هەڵسەنگاندن و پێناسەیان بۆ دوژمنان جیاوازە. لە کاتێکدا ئەمریکا ڕووسیا بە مەترسی دادەنێ، فرەنسا و ئەڵمانیا بە شێوەیەکی تر بیر دەکەنەوە. هەروەها لە بارەی چینیشەوە جیاوازی زۆر لە ئارادان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ