به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ناكۆكییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌

دووانەی هێڵی لەڤ ـ سەنا بەرزنجی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2019.12.19 12:09 PM
1211 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

زەردەشت نورەدین

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، گۆرانی «Boy Bye» هێڵی لەڤ بڵاوبۆیەوە؛ وەک هەر گۆرانییەکی تر، دەشێت کۆمەڵێک کەیفیان پێبێت و هەندێکیتر گوێی لێنەگرن یان تەنانەت ڕقییان لێیبێتەوە، تا ئێرە شتێکی ئاساییە و سەرنجهەڵگر نییە. لەم بارەوە ئەوەی شایەنی تێبینیکردن بوو؛ گۆرانییەکی ژنە کوردێک، سەرەڕای ئەوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر یەک ملیۆن بینەری هەبێت؛ نزیکەی ٥٠ هەزار دسلایکی هەبێت کە لە ژمارەی لایکەکانی زۆر زیاتر بێت و جگە لەمەش زۆرینەی نوخبە و حاشاماتی دیجیتاڵی بەهاودەنگی سەرزەنش و ئیدانەی بکەن. لەبەرانبەردا لە ماوەی ڕابردوودا دیاردەی سەنا بەرزنجی بەدیارکەوت؛ ژنە گۆرانیبێژێکی بێ‌روخسار کە زۆرترین پیاهەڵدان و ستایشی چنییەوە. لێرەدا قسە لەسەر کواڵیتیی هونەری ئەو دووە یان بەراوردکردنیان نییە. ئەوەی لێرەدا بە پلەی یەک جێسەرنجە؛ هەڵویستوەرگرتنی نوخبە و جەماوەرە بەرانبەر ئەو دوو فیگەرە کە هەر کامیان بەدەر لە هونەرەکەیان بارگاوین بە کۆمەڵێک پۆتانی مێژوویی-کۆمەڵایەتی ئێمەوە.

کارکردن بە هەر چەمک یان تیۆرێک گرفت و ئیشکالییەتی تایبەت بەخۆی هەیە. مەرج نییە کارکردنەکانیان لە هەموو ژینگە و سیاقێکدا وەک یەک کاریگەری دانێت و بە هەمان ئاراستەدا بڕوات. ڕاستە دەتوانن لە زۆر شوێندا هاوئاراستە و هاوکاریگەری بن بەڵام تەنانەت ئەگەر لە هەندێ ئاستی بچووک و لاوەکیدا بەوجۆرە نەبن ئەوا لەو شوێنانەشدا کە دەتوانن شت ڕوونکەنەوە پێچەوانە دەبێتەوە و لە باشترین حاڵەتیشدا وەردەگەڕێت بۆ ئایدۆلۆژیا. ڕەنگە بشێت لە دەرەوەی مارکسیزم بیر لە بەدیلی سەرمایەداری بکرێتەوە و ئەڵتەرناتیڤی جۆراوجۆر بەرهەمبهێنرێت؛ لێ مەحاڵە لە دەرەوەی مارکسیزم بیر لە ڕەخنەی سەرمایەداری بکرێتەوە و ڕەخنەی جیدی بەرهەمبهێنرێت بەبێ ئەوەی وەرنەگەڕێت بۆ ئایدۆلۆژیا.

هێلى له‌ڤ

لانیکەم کارەکانی خودی مارکس بەزۆری و کتێبی کەپیتاڵی بەتایبەتی ڕەخنەکردنی سەرمایە و کۆپەیوەندی و هاوپەیوەندەکانێتی. ئەگەر ناوی دووەمی کتێبی کەپیتاڵ کە "ڕەخنەی ئابووریی سیاسی"ـە لەبیری کەین ئەوا دەتوانی ناونیشانی "کاڵاشیکاری" بۆ هەڵبژێرین؛ ئەمە بە مانای ئەوە دێت کاڵا هێندە چەمکێکی تەوەرییە لە کتێبەکەدا. لەپەیوەند بەمەوە بەدیاریکراوی بەشی فتیشیزمی کاڵایی هەڵگری گرنترین تیۆرییە بۆ ڕەخنەکردنی کەلتوری سەرمایە بە هەموو ئاڵۆزییەکانییەوە. ڕەخنەی کاڵا و فتیشیزمی کاڵایی لە ڕوانگەی مارکسەوە، بەهیچ جۆرێک ڕەخنەیەکی ئەخلاقی نییە، دووروونزیک هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە شەڕ و خێری ئەخلاقەوە نییە. ئەوەی هەیە بە پلەی یەکەم ڕەخنەیەکی بونیادی و جەوهەری کاڵا و سنورەکانی کاڵاێتییە: چ کاڵایە و چ کاڵا نییە و پرۆسەی بەکاڵابوون/لەکاڵاداماڵین چۆن ڕوودەدات؟...

ئەوەی بەزۆری لەناو نووسینی کوردیدا بەریدەکەوین لەمەڕ ڕەخنەی کاڵا کەمترین نزیکایەتی لەگەڵ تێگە مارکسییەکە هەیە و ئەوەی هەیە ڕوانگەی ئەخلاقیانەی ڕەخنەکردنی کاڵایە کە چەمک و کەرەستەی تیۆری لە مارکسیزمەوە وەرناگرێت بەڵکو خۆراک لە پاشخانی خێڵەکی/ئیسلامی هەبوو وەردەگرێت. ئەوەی لەم بەینەدا ڕوودەدات لەجێچوونی ڕەخنەی کاڵایە، وەرگەڕانێتی لە تێگەیەکی شیکارییەوە و بۆ ئایدۆلۆژیای هێشتنەوە دۆگمە ئەخلاقییەکان لە کەوڵی ڕەخنەدا. بەکاڵابوون بەمانا ئەخلاقییەکەی لە نەستی دەستەجەمی و زیهنی کەلتووریدا پەیوەندیی بە ناپاکی و خۆفڕۆشتنەوە هەیە. دەربڕینی «بووە بەکاڵا» هاومانەیە لەگەڵ «مامەڵە بەلەش‌ولاری یان جەستەیەوە دەکات» و ئەمەش بەڕوونی بەمانای «لەشفڕۆش» دێت. لەشفڕۆشی بەوشێوە زاڵەکەی پەیوەندیی بە فرۆشتنی جەستەی ژنەوە هەیە. جەستەی ژنیش جگە لەوەی بە گشتی موڵکی پیاوە؛ لە هەندێ پەیوەندیی دیاریکراودا دەبێتە شەرەفی پیاو و کاتێک ئەمەش ڕوویدا، جەستەی ئەو ژنە دیاریکراوە بەهەموو جۆرێک لە مەیدانی «کڕین و فڕۆشتن» دەکرێتەوە دەرەوە و دەبێتە شتێکی ئاڵوگۆڕپێوەنەکراو. لەم سۆنگەوە هەموو جۆرە ڕەخنەکردنێکی ئەخلاقیانەی دەرکەوتەکانی جەستەی ژن لە فۆرمە مۆدێرنەکان‌دا، لەبنەڕەتدا دەستگرتنە بە چەمکی «شەرەف» و «لەشفڕۆشی»ـەوە.

لەم سۆنگەوە ئەگەر لە هەوڵوێستوەرگرتن بەرانبەر هەرکام لە هێڵی لەڤ و سەنا بەرزنجی وردبینەوە بەر ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگا دەکەوین. ڕەنگە زۆرینەی هەرە زۆری ئەوانەی دزلایک یان ئیدانەی هێڵی لەڤ دەکەن خۆیان فانی گۆرانیژە بیانییەکانی وەک ڕیهانا، لەیدی گاگا، کەیت پێری، مەیلی سایرس و ... هتد بن کە ئەویش هەمان ستایل و دەرکەوتنی ئەوانی هەیە. ئەگەر قسەکە لەسەر ڕەخنەکردنی بەکاڵابوونە بۆ تەنیا بۆ ژنە گۆرانیبێژێکی کورد دەبێت ڕاست بێت؟ ئەگەر قسەکردن لەسەر هونەری ناپاتۆلۆژیکە بۆچی بەسەر تەواوی هونەردا جێبەجێ ناکرێت یان نابێتە پرس؟ بۆچی لەو کۆمێنتانەی بۆ ڤیدیۆ-گۆرانی «Boy Bye» نووسراوە، ناوی سەنا بەرزنجی وەک لێدان لە هێڵی لەڤ هاتووە؟. لەبەرانبەردا سەنا بەرزنجی بۆ کەمترین دزلایک دەکرێت و زۆرترین هاوسۆزی ڕادەکێشێت؟ ئایا ئەمە تەنیا پەیوەستە بە خودی هونەرەکەیەوە؟ یان ڕەگەزێکی دەرەهونەری لە نەستی دەستەجەمی‌دا دەبزوێنێت؟

سه‌نا به‌رزنجى

دەرکەوتن و ڕواڵەتی هێڵی لەڤ سەر بە مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە کە لە ئێستا شێوە-ژیانی زاڵی جیهانە. لێرەوە دەتوانین بڵێین دژبوون بە هێڵی لەڤ هاوتای دژبوونە بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری؟ لەکاتێکدا شێوەی ژیانی ئێستامان لە بچوکترین شتەوە بۆ گەورەترین شت نوقمی ناو مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بووە. ڕێتێچوونێکی تریش هەیە ئەوەی ڕای‌گشتی ئێمە ئەوەندە پێشکەوتوو بێت کە خودئاگایی بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری پەیداکردبێت و بەناو ڕەخنەدا لەگەڕاندا بێت بۆ ئەڵتەرناتیڤەکانی؟ بەداخەوە ئەوەی هەیە هیچ بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوە ئەم دوو گریمانە لەئارادا نییە. کەواتە ئەم دژبوونە لە کوێیەوە دێت؟ ئەم ڕەخنەکردنی بەکاڵابوونە سەر بەچ نەریتێکە؟ پێم وابێت ئێستا تا ڕادەیەک وڵامەکە ڕوون بێت.

دەرکەوتن و ڕواڵەتی سەنا بەرزنجی سەر بە دونیا خێڵەکی/ئیسلامی و پێش-مۆدێرنەکەی خۆمانە کە تێیدا ژن دەشێت هەم کاڵا بێت و هەم موڵکێکی ئەبەدی بێت. لەم ئاستەدا ژن لەبارێکدا ببێتە «لەشفڕۆش» دەبێتە کاڵا و لە بارێکی تردا وەک موڵکی ئەبەدی پیاو بمێنێتەوە دەبێتە ئایدیال تایپی ژن. لە ڕوانگە خێڵەکییە/ئیسلامییەکەوە هێڵی لەڤ لەو بارەدایە کە بووە بە کاڵا و سەنا بەرزنجی لەو بارەدایە کە بووە بە ئایدیاڵ تایپ. هەر بۆیەش هەردوو جۆری هەڵوێستەکە بەرانبەر ئەو فیگەرانە سەر بە ڕەخنەی مۆدێرن نییە بەڵکو پەلهاویشتنی ئایدۆلۆژیی دیسان‌بەرهەمهێنانەوەی هەژموونی خێڵ/ئسیلامە.
پرسیارە وەرچەرخێنەکە لەپەیوەند بەم بابەتەوە؛ بریتی لەوەی چۆن ڕەخنەی فتیشیزمی کاڵا و بەکاڵابوون بکرێت بەبێ‌ئەوەی ئەخلاقیانە بێت یان کۆنەپارێزی بەرهەمبهێنێتەوە؟


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ