پیاوه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی جیهانی ئۆتۆمبێل

كارلۆس گۆسن.. هه‌ڵهاتنێكی گوماناویى

رێبـوار ئه‌وره‌حمان 2020.01.02 05:48 PM
541 جار خوێندراوەتەوە

رێبـوار ئه‌وره‌حمان

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

بزنسمانێکى بەڕەچەڵەک لوبنانیە، ساڵى 1954 لە شارى پۆرتۆ فالیۆى بەرازیل لە دایکبووە، ئێستا سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى (نیسان)ى ژاپۆنی و (ڕینۆ)ى فەرەنسیە، هاوکات سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى (میسیۆبۆشى مۆتۆرز)ى ژاپۆنییه‌.
لە حوزەیرانى 2013ەوە تا حوزەیرانى 2016 سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى کۆمپانیاى (ئافتۆفاز)ى روسیى بووە بۆ دروستکردنى ئۆتۆمبێڵ، سەرەڕاى ئەمانەش، سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى هاوپەیمانێتى (رینۆ – نیسان)ە، کە هاوبەشییەکى ستراتیژییە لە نێوان کۆمپانیاى رینۆى فەرەنسى و نیسانى ژاپۆنی، ئەم هاوپەیمانێتیە کە هەردوو کۆمپانیاى ئافتۆفاز و میسۆبۆشیش لە خۆدەگرێت، لە ساڵى 2010ەوە توانیویەتى کۆنترۆڵى 10%ى بازاڕى جیهان بکات، ساڵى 2016 بووە یەکێک لە گەورەترین گروپەکانى بەرهەمهێنانى ئۆتۆمبێل لە سەرانسەرى جیهاندا.

كارلۆس گۆسن له‌ كاتی ده‌ستگیركردنی له‌ لایه‌ن پۆلیسی ژاپۆنییه‌وه‌

ساڵى 1990، گۆسن توانیى گۆڕانکارییەکى گەورە لەکۆمپانیاى رینۆدا بکات و رێگە لە کەوتنى بگرێت، سەرەتاى ساڵى 2000یش کۆمپانیاى نیسانى ژاپۆنی لە ئیفلاسبوون رزگارکرد، بەمەش نازناوى (چارەسەرکردنى گرفتەکان)ى پێبەخشرا.
گۆسن ئیدارەدانى چەند کۆمپانیایەکى ترى دروستکردنى ئۆتۆمبێلى بۆ پێشنیاز کراوە، بەڵام نەیکردووە، لەوانەش: (جەنەراڵ ماتۆرز GMC، فۆرد).
گۆسن زۆرتر بەوە ناوبانگى دەرکردو کۆمپانیاکانیى گەیاندە لوتکەى داهێنان، کە بڕى 4 ملیار یۆرۆى بۆ هەردوو کۆمپانیاى رینۆ و نیسان تەرخان کرد تا ئۆتۆمبێلێکى کارەبایى دروست بکەن کە دۆستى ژینگەیە، بەرهەمى ئەو بڕیارەش ئۆتۆمبێلى (نیسان لیف)ى کارەبایى بوو کە یەکەم ئۆتۆمبێلى کارەبایی بوو لە جیهاندا هیچ پاشماوەیەکى نەدەکردە سروشتەوە.
رۆژى 1ى نیسانى 2018 گۆسن دەستى لە پۆستى بەڕێوەبەرى جیێبەجێکارى کۆمپانیاى نیسان کێشایەوە، بەڵام وەک سەرۆکى ئەنجومەنى بەڕێوەبردن مایەوە، رۆژى 19ى تشرینى دووەمى 2018 لە فڕۆکەخانەى هانیداى ژاپۆن بەتۆمەتى ئاگادار نەکردنى حکومەت لە قازانجەکانى و خراپ بەکارهێنانى پشکەکانى لەکۆمپانیاى نیسان دەستگیرکرا و ماوەى 108 رۆژ لە زیندان مایەوە، دواتر بەکەفالەتى نزیکەى 4 ملیۆن دۆلار و سەپاندنى چەند مەرجێکى توند لەوانەش مانەوەى بەناچارى لە ژاپۆن ئازاد کرا.

كاۆلۆس گۆسن و هاوسه‌ری دووه‌می كارۆل نوحاس ـ ڤیستیڤاڵی كان/ فه‌ره‌نسا ـ 2017

 

کارلۆس گۆسن لە لایەن حکومەتى ژاپۆنه‌وه‌ چەند تۆمەتێکى ئاڕاستەکراوە، قورسترینیان (پارە پەیداکردن بە ڕێگەى نامەشروع، گەندەڵى دارایى و بەکارهێنانى پشکەکانى لە نیسان، شاردنەوەى قازانجەکانى کۆمپانیاکەى و هاوپەیمانێتى رینۆ نیسان لە حکومەت).
رۆژى 30/12/2019 کارلۆس گۆسن-ى خاوەنى رەگەزنامەکانى (بەرازیل، فەرەنسا، لوبنان) توانى بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر لە ژاپۆن هەڵبێت و بگاتە بەیروتى پایتەختى لوبنان، تیمى پارێزەرەکانى رایانگەیاند بەبیستى هەواڵەکە تووشى شۆک بوون، چونکە هەر سێ پاسپۆرتەکەى غوسن لاى تیمى پارێزەرەکانێتى و ئەو هیچ بەڵگەنامەیەکى سەفەرى پێ نییە و تووشى سەرسوڕمان بوون کە چۆن رۆشتووە.
کارلۆس گۆسنیش لاى خۆیەوە رایگەیاند کە ئەو لە دەست دادپەروەریى راینەکردووە، بەڵکو ئەوەى بەرامبەرى کراوە پیلانێک بووە لە لایەن داواکارى گشتیى و چەند بەرپرسێکى حکومییەوە لە کۆمپانیاى نیسان، بۆ لێسەندنەوەى هەموو پشکەکانى لە هاوپەیمانێتى رینۆ نیسان کە خۆى بونیادى ناوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ