دەڵێن، باشترین مەلەوانیش ناتوانێت بە پێچەوانەی ئاڕاستەی ئاوەوە مەلە بکات، ئەگەر ئەم وتەیە بۆ هەموو کەسێك ڕاست بێت، ئەوا بێ گومان چەند ساڵێكە ماهیر حەسەن ئەم وتەیەی پێچەوانەکردۆتەوە و ساڵانێکە لەم نیشتیمانە پڕ لە برینەدا، پێچەوانەی خەم و برینەکانی ئەم نیشتیمانە، دەیەوێت تروسکایی ئومێد و هیوایەک بۆ بینەرەکانی و خەڵك بگەڕێنێتەوە.
ئەگەر دەستەبژێری یەکێك لە جوانیەکانی ئەم نیشتیمانە بکەیەن، ئەوا بێ گومان ماهیر حەسەن، یەكێك لە جوانیەکانی ئەم نیشتیمانەیە کە لە مێژووی هونەر و کۆمیدی کوردیدا لە یادەورەی زۆرینەماندا بە بەرزیی و نەمری دەمێنێتەوە.
ماهیر حەسەن لە زەمەنێكدا دەیەوێت، خەندە و پێکەنین لەگەڵ خەڵکدا ئاشت بکاتەوە و پێکەنین بۆ لێوی بینەر بگەڕێنێتەوە، کە زۆرینەمان خەندە و پێکەنین لە لێوەکانمان تۆراوە، لەزەمەنێكدا دەیەوێت پێبکەنین، کە خەم سەراپای تەنیەوین.
ئەم پیاوە تروسکای چرایەکی پڕ لە خەندە و پێکەنینە، لەنێو شەوێکی فانی پڕ لەخەمدا.
ئەم پیاوە تروسکای چرایەکی پڕ لە خەندە و پێکەنینە لە نێو شەوێکی فانی پڕ لەخەمدا
ئەوا هونەری ئەم پیاوە، جگە لەوەی لەڕێگەی کۆمیدیاوە بە بینەرەکانی دەگەیەنێت، بێ گومان لە هەناوی ئەم کۆمیدیایەدا، ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرنگ لە واقیعی سیاسی و کۆمەڵگا دەگرێت و تێیدا پەیام و بەهای زۆر جوان و گرنگی هۆشیارکردنەوەی خەڵك و کۆمەڵگای تێدایە.
ماهیر حەسەن، ئەو پیاوەی تاڵە موەکانی سەری لەگەڕانەوەی خەندە و پێکەنین بۆ خەلك و بینەرەکانی سپی کرد و مۆمی تەمەنی بۆ تروسکای هیواو ئومێد و گەشبینی خەڵک و کۆمەڵگا تواندەوە.