ئیمامێك به‌ ڕیش و عه‌ینه‌كه‌كه‌ی فیدڵ كاسترۆوه‌

كوڕه‌كانی ئیمام.. په‌یوه‌ندی باوكانه‌ی خامنه‌یی و فه‌رمانده‌كانی پاسداران

هونەر تۆفیق 2020.01.15 09:17 PM
661 جار خوێندراوەتەوە

لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران ١٩٧٩، ڕوخاندنی حکومەتی شاهەنشاهی ئێران، خومەینی بانگەواز بۆ دامەزراندنی هێزی پارێزگاری لە شۆرش ( سوپای پاسداران ) دەکات.
بەپێی مادەی ١٥٠ لە دەستوری ئێران، پاسداران دەبەسترێتەوە بە سوپای ئێرانەوە، لە هەمان ساڵدا خومەینی بانگەوازێکی تر دەکات بۆ دروستکردنی هێزێکی تری خۆبەخش ( بەسیج) بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دامودەزگاکانی حکومەت و کەسایەتیە ئایینیەکان بکەن،.
لە سەرەتادا ئەو دوو هێزە لە ناوچەکانی کوردستان و بەلوجستان لەگەڵ کورد و بەلوجییەکان کەوتنە شەڕەوە، دواتر کە جەنگی عێراق - ئێران هەڵگیرسا، پاسداران و بەسیج بوونە هێزی سەرەکی ئێران لەو جەنگەدا، ڕاستەوخۆ بەسترانەوە بە کەسی ئیمام ( وەلی فەقیهـ ) وە.

پێکهاتەی سوپای پاسداران
پاسداران پێکهاتووە لە پێنج هێزی سەرەکی و دەزگایەکی موخابەراتی، حسێن سەلامی سەرکردایەتیان دەکات:
هێزی زەمینی، محەمەد پاک پور فەرمانداری دەکات.
هێزی ئاسمانی، ئەمیر عەلی حاجزادە فەرمانداری دەکات.
هێزی دەریایی، عەلی فدوی فەرمانداری دەکات.
فەیلەقی قودس، تایبەت بە دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل قائانی فەرمانداری دەکات.
هێزی بەسیج، غوڵام ڕەزا سلێمانی فەرمانداری دەکات.
سازمانی ئیتڵاعات کە موحسینی فەتحی زادە فەرمانداری دەکات۰

خامنه‌یی له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگی ئێران ـ عێراقدا

ئەم هێزانە لە سەردەمی جەنگی عێراق - ئێرانەوە، دابەشبوون بەسەر چەند قەرارگا (مرکز قیادە) یەکدا کە گرنگترینیان قەراگاکانی: خاتەم ئەنبیا، ئیمام عەلی، کەربەلا، ڕەمەزان، حەمزە، فەتح بوون.
زۆربەیان لە شارەکانی سنوری نێوان عێراق - ئێران جێگیربوون، هەر قەراگایەک چەند لەشکرێکی پێوە بەستراوە، لەوانە لەشکرەکانی: نەسر، ئیمام ڕەزا، ساروڵا، مەهدی  عاشورا، نەجەف، وەلی عەسر، ئیمام حسێن ... هتد . ئەو لەشکرانە رۆڵی سەرەکیان هەبوو لە بەرگریکردن لە ئێران لە سەردەمی جەنگی عێراق - ئێراندا، گەورەترین ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو جەنگە کە بریتی بوون لە: تەریق قودس، فەتحی موبین، فەتحی یەک تا دە، فەجری یەک تا دە، رەمەزان، کەربەلا یەک تا هەشت، محەڕەم، ئەو لەشکرانە ئەنجامیان داوە.

کوڕەکانی ئیمام
خومەینی وەک ئیمام و وەلی فەقیهـ لە ئێراندا، ئەرکی بانگەوازی دروستکردنی ئەو سوپایەی لە ئەستۆ گرتبوو، بەڵام هەماهه‌نگی و بەشداری لە گۆڕەپانی جەنگەکانی ئەو سوپایەی بە عەلی خامەنەئی سپاردبوو، خامەنەئی بە چاولێکردن لە فیدڵ کاسترۆ بە جلە ساربازیی و ڕیشە درێژ و عەینەکەکەی چاویەوە هاوشێوەی کاسترۆ لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەدا لەناو ئەو کۆمەڵە گەنجە خۆبەخشانەی پاسداراندا بوو لە گۆرەپانی جەنگەکەدا.

خامنه‌یی بە چاولێکردن لە فیدڵ کاسترۆ بە جلە سه‌ربازیی و ڕیشە درێژ و عەینەکەکەی چاویەوە لە ناو ئەو کۆمەڵە گەنجە خۆبەخشانەی پاسداراندا بوو لە گۆرەپانی جەنگەکەدا
سەرکردەکانی ئەمڕۆی سوپا: غولام رەزا سلێمانی - بەسیج ، قالیباف - پارێزگاری تاران، موحسن ڕەزایی - تەشخیسی نیزام، ئیسماعیل قائانی - فەیلەقی قودس، حسەین سەلامی - سەرلەشکری پاسداران، عەلی شەمخانی - ئەنجومەنی باڵای ئەمنی قەومی ئێران، محمەد عەلی جەعفەر - پاسدارانی پێشوو، سەید یەحیا سەفەوی - ڕاوێژکاری سەربازی خامەنەئی، غوڵام محسین غەیب پور - جێگری فەرماندەی گشتی پاسداران ... هتد.

ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی نوێی فه‌یله‌قی قودس له‌ ته‌نیش خامنه‌یی له‌ رۆژگاری جه‌نگدا

 

 لەگەڵ ئەوانەشی کوژراون ( قاسم سوله‌یمانى بە نمونە ) یان ئەوانەی تەرخانکراون لە بواری ئابوری ئێراندا لە کەرتەکانی بانک، وەبەرهێنان، نەوت، پیشەسازیی.
هەموو ئەو ناوانە، ئەو گەنجە خۆبەخشانەی ناو پاسداران بوون کە خامەنەئی لە ماوەی ئەو هەشت ساڵەی جەنگەکەدا هاوکار و هاوژیانی ناو سەنگەرەکانی شەڕەکە بوون، ئەو پەیوەندییە باوکانەی نێوان سەرکردەکانی ئەمڕۆی پاسداران و خامەنەئی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رۆژانەی ناو سەنگەرەکان، دواتر زۆرترین جومگەکانی سوپا و ئابوری ئێرانیان گرتە دەست و دوانەی ئیمام ( وەلی فەقیهـ ) و سوپایان لە ئێراندا پێکهێنا.

قەرارگای ڕەمەزان
قەرارگای ڕەمەزان گرنگترین فەرماندەیی سەربازی سوپای پاسداران بوو لە جەنگی عێراق - ئێراندا، زۆربەی ئەو لەشکرانەی پاسداران لە سنوری قەرارگای ڕەمەزاندا بەشداربوون و رۆڵیان بینیووە، دەتوانرێت بە مەکتەبی پێگەیاندنی فەرماندەی سیاسی و سەربازی ئێران ناوی بهێنرێت، لەبەرئەوەی زۆربەی ئەو گەنجانەی ئەوکاتە لە قەرارگای ڕەمەزاندا بوون وەک: ئەحمەدی نەژاد، محەمەد باقر زولقەدەر، ئیرەجی مه‌سجدی ( باڵوێزی ئێستای ئێران لە بەغدا) قاسم سوله‌یمانی، کەسی خامەنەئی، لە قەراگای ڕەمەزاندا کاریان کردووە.
بنکەی سەرەکی قەرارگاکە لە دەڤەری مەریوان بوو، نوێنەرایەتی لە یاخسەمەر بوو، ئەو کەسایەتیانە لە پاش جەنگەکە رۆڵی سەرکردایەتی سەربازی و سیاسی سەرەکی لە ئێراندا دەگێڕن، پەیوەندی تایبەتیان لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسیی کورد هەبوو، چونکە سنوری قەرارگای ڕەمەزان کوردستانی - عێراق بوو، ئۆپەراسیۆنی سەربازی فەجرەکان، فەتحیان پێکەوە ئەنجامداوە کە بەناوبانگترینیان فەتحی ٢ بوو بە قوڵایی ١٨٠ کم لە ناو عێراقدا لە سنوری کەرکوک، کە بەیەکێک لە هەرە هێرشە ستراتیژییەکانی جەنگی عێراق - ئێران حساب دەکرێت لە ئۆکتۆبەری ١٩٨٦. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ