له‌ ستالین و ترۆتسکییەوە بۆ ئەحمەد بن بلە و هه‌واری بۆمه‌دیه‌ن

حیكایه‌ته‌كانى کۆشکی دەسەڵات.. خیانەتی شۆڕشگێران لە یەکتر

ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵا 2020.01.18 02:24 PM
395 جار خوێندراوەتەوە

به‌شی دووه‌م
لەم بەشەشدا هەوڵ دەدەم حکایەتێکی تری کۆشكی دەسەڵات باسبکەم، کە ئەویش خیانەتی شۆرشگێرەکانە لە هاوڕێکانیان، کاتێک دەگەنە کۆشكی دەسەڵات. دیارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی زۆرمان هەیە، هەمیشە شۆڕشگێرەکان بە خەونی گەورەوە دەچنە ناو کاروانی خەبات و تێکۆشان، بەڵام کاتێک دەگەنە کۆشکی دەسەڵات، خەونەکانیان تەنها لە کورسییەکدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو خەون و ئامانج و کارانەیانە، کە لە ساڵانی خەبات و تێکۆشان کردوویانە.
زۆرجاریش ئەم کورسییە، تەواوی خەونەکانی پێشوویان دەشێوێنێت و دەبێتە کابووسێکی گەورە بۆیان، تەنانەت هەرچی شتی جوان و پیرۆزیشە کە پێشتر پێکەوە کردوویانە، ئامادەن لەبەر خاتری کورسی دەسەڵات، هەمووی تێکبددەن.
وەکو وتم مێژووی مرۆڤایەتی پڕیەتی لەو حکایەتانە، لێ من تەنها باسی چواریان دەکەم، کە ئەوانیش شۆڕشی وڵاتانی " روسیا، میسر، عیراق، جەزائیر"، بۆیە ئەمانەشم هەڵبژاردووە، هەریەکەیان سەر بە ئایدۆلۆژیا و شارستانییەکی تایبەتن، ئومێدەوارم کە بە دڵی خوێنەران.

شۆڕشە خوێناوییەکەی روسیا
شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی 1917 ی روسیا یەکێکە لە شۆڕشە مەزنەکانی جیهان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا روویدا. هیچ شۆڕشێکی جیهانیش، هێندەی ئەم، کاریگەری گەورەی بەسەر جیهانەوە نەبووە، لەوانەبێت ئەمەش لەبەرئەوەبێت، کە روسیا زلهێزێکی گەورەی جیهانی بووەو هەروەها لەرووی فکریشەوە فکری کۆمۆنیستی، فکرێکی جیهانی بوو، هەربۆیە کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە زۆر گەورە بوو بەسەر جیهانەوە.
ئێمە واز لەوە دەهێنێن ئایا ئەم شۆڕشە باش بوو یان خراپ، خوێناویی بوو یان مرۆڤیی بوو، سوودی بۆ کێ و زەرەرەری بۆ کێ هەبوو؟!، چونکە ئەمە مەبەستی من نییە لێرەدا، پێشتر لە وتارێکدا بە درێژی باسی شۆڕشی رووسیام کردووە بەناوی " ئۆکتـۆبەر، شـۆڕشێک دونیـای گۆڕی، دونیـایـەک شـۆڕشی گـۆڕی" لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاومکردەوە. لێ ئەوەی لێرەدا مەبەستمە، جەنگی سەرکردەکانی شۆرشەکەیە بەتایبەتی هەردوو سەرکردەی ناسراوی ئەم شۆڕشە کە ئەوانیش " ستالین و ترۆستکییە".
جەنگی ئەم دوو سەرکردەیە نەک تەنها لە رووسیا بگرە تەواوی کۆمۆنیستی جیهانی کردە بە دوو شەوەو هەریەکەیان ئەوەی تریان تاوانبار دەکردو هەتاوەکو کۆتایی یەکێتی سۆڤێتیش، ئەم جەنگە بەردەوام بوو، دەتوانم بڵێم هەتاوەکو ئەمڕۆش هەر بەردەوامە.

لیۆ ترۆتسکی
ترۆتسکی ناوی راستەقینەی Lew Dawidowitsch Bronstein لیۆ داودۆڤیش برۆنشتاینە، لە 7 نۆڤێمبەری 1879 دا لە دایک بووە لە 21 ئابی 1940 لە مەکسیک بە تەور کوژرا. ترۆتسکی لە بنەماڵەیەکی جوولەکەی ئەرتەدۆکسی روسی لە دایک بووەو باوکی جووتیارێکی دەوڵەمەند بووەو لە رووی داراییشەوە رەوشی ژیانیان باشبووە. لەناو بنەماڵەکەشیاندا رەوشێکی دژە دەسەڵاتی هەبووە، ئۆلگای خوشکی ، ئەندامێکی چالاکی گرووپە شۆڕشگێرەکانی روسیا بووە، پاشانیش دەبێتە خێزانی لیۆ کامینێڤ، کە یەكێک بوو لە سەرکردەکانی پارتی بۆلشەفی روسیا و سەرکردەیەکی ناسراوی شۆڕشی رووسیاش بوو. هەرزوو ترۆتسکی تێکەڵی گرووپە چەپەکانی روسیا دەبێت و ساڵی 1902 بۆیەکەمجار ڤلادیمیر لینینی رابەری پارتی بۆلشەفی و شۆڕشی روسیا دەبینێت و پاشان دەبنە دوو هاوڕێی نزیکی یەکتری،هەرچەندە لەکاتی دروستبونی جیابوونەوەی بۆلشەفی و مەنشفی، ترۆتسکی سەر بە مەنشەفییەکان بوو، بەڵام لەسەروبەندی شۆڕشدا ، دووبارە ترۆتسکی لە لینین نزیک دەبێتەوەو دەبێتە یەکێک لە سەرکردە دیار و چالاکەکانی شۆڕشەکە.

ترۆتسکی هەر لەسەرەتاوە دژی حکومەتی کاتی وەستایەوە داوای شۆڕشی کۆمۆنیستی دەکرد، رۆڵێکی بەرچاویشی هەبوو لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا و توانی رابەرێتی بۆلشفییەکان لە پیترسبورگی پایتەختدا بکات و دەست بەسەر دەسەڵات دابگرێت. پاشانیش لە کاتی جەنگی ناوخۆدا رۆڵی بەرچاوی هەبوو، ساڵی 1918 بووە کۆمیساری جەنگ و توانی لە ماوەیەکی کەمدا سوپای سوور دروست بکات، لە سەرەتادا ناوی ئەم سوپایە " سوپای جووتیاران و کرێاراکان " بوو. پاشتر سوپای سوری روسیا دەبێتە کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی کۆمۆنیستی و دەبێتە یەکێکیش لە سووپا مەزنەکانی جیهان. بەڵام لە ساڵی 1924 دا کاتێک لینین دەمرێت، ئیتر خۆری دەسەڵاتی سیاسی ئەم پیاوە کز دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە جەنگ و ململانێیەکی سەخت لەگەڵ سەرکردەیەکی تری شۆڕشەکە کە ئەویش ستالینە.
ترۆتسکی جگە لەوەی سیاسییەکی چالاک بوو، نووسەرێکی پڕ بەرهەمیش بوو، کۆمەڵێک کتێبی فکریی و سیاسی گرنگی هەیە کە لەناو چەپەکانی جیهاندا سەردەمانێک زۆر باویان بوو، بەتایبەتی کتێبەکانی " شۆڕشی بەردەوام، مێژوویی شۆڕشی روسیا، شۆڕشی لەخشتەبراو" من هەر سێ کتێبەکانیم خوێندۆتەوە، نایشارمەوە لە ساڵانی نەوەتەکاندا، زۆر دڵم بەم کتێبانە خۆشبوو،بەتایبەتی " شۆڕشی لە خشتەبراو" زۆر کاری تێکردم و یەکێکیشە لەو کتێبانەی کە توانیویەتی بۆچوونم بگۆڕێت.

جۆزێف ستالین
جۆزێڤ ستالین کە ناوی راستەقینەی خۆی Iosseb Bessarionis dse Dschughaschwili لە 18 دیدسەمبەری 1878 لە جۆرجیا لە دایک بووەو لە 5 ئازاری 1953 دا لە مۆسکۆ کۆچی دواییکردووە. باوکی کابرایەکی هەژاری پینەچی بووە، بەڵام هەمیشە کەسێکی سەرخۆش و توندڕەو بووە، بە بەردەوامی ژنەکەیی و منداڵەکانی ئازار داوە. پاشان باوکی دەمرێت، کەمێک لە رووی دەروونیەوە رەوشیان باش دەبێت بەڵام لە رووی مادییەوە خراپ دەبێت و لە رەوشێکی هەژاریی و برسێتی خراپدا دەژین.
پاشان دەچێتە قووتابخانە و لە تەمەنی 9 ساڵیدا ، فێری زمانی روسی دەبێت. بەڵام دایکی" ئیکاترینا" لە تەمەنی 11 ساڵیدا دەیباتە قووتابخانەیەکی مەسیحی، بەو هیوایەی ببێتە قەشە،بەڵام ستالین ئەو خەونەی دایکی ناهێنەتە دی، چونکە رەوشی ناو قووتابخانەکە زۆر خراپ بووە، هەمیشە مامۆستاکان لە قووتابییەکانیان داوەو مامەڵەی توندیان لەگەڵ کردوون. پاش ماوەیەک ستالین واز لەم قووتابخانەیە دەهێنێت.
دایکی ستالین هەتا کۆتایی ژیانی ، لە کوڕەکەی نیگەران دەبێت چونکە وازی لە قووتابخانە هێناوەو نەبۆتە قەشە و بۆتە کەسێکی کۆمۆنیست. ستالین هەمیشە مایەی نیگەرانی بووە بۆ دایکی، چونکە زۆرجار تووشی کێشەی زۆری لەگەڵ دەسەڵاتداران کردووە، تەنانەت نوکتەیەکیش هەبوو، دەڵێن: کاتێک ستالنیش دەبێتە سەرۆکی روسیا، دایکی هەر خەمی ستالینی هەیە و دەڵێت: ئەم کوڕە هەتاوەکو ئێستا نەحەسایەوەو ژن و منداڵی نییە.

جەنگ لەگەڵ ترۆتسکی
وەکو وتم لە پاش مردنی لینین لە ساڵی 1924 ، جەنگ و ململانێیەکی توند دەکەوێتە نێوان ستالین و ترۆتسکییەوە، هەریەکەیان خۆیان بە هەق دەزانی بۆئەوەی ببێتە جێگرەوەی لینین. لە راستیشدا بە هەموو پێوەرێک مافی ترۆتسکی بوو، چونکە ئەو رابەرێتی بۆلشەفییەکانی کرد لە دژی دەسەڵاتی کاتی، لە کاتێکدا ستالین لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی بوو، هەروەها ئەو دامەزرێنەری سوپای روسیا بوو کۆمیساری سیاسەتی دەرەوەی روسیا بوو، ئەویش توانی رێکەوتنامەی ئاشتی لەگەڵ ئەڵمانیا بکات. بەڵام ستالین لەساڵەکانی شۆڕشدا ئەو رۆڵەی نەبوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی خۆیەوە توانی بگاتە لووتکەی دەسەڵات و لە ساڵی 1925 ەوە هەموو دەسەڵاتەکانی لە ترۆتسکی سەندەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە کامینێڤ زاوای ترۆتسکی بوو، کەچی پشتگیری ستالینی کرد، هەرچەندە ئەویش دوایی بووە قووربانی سیاسەتی ستالین.
جەنگەکە بەمەش تەواو نەبوو ستالین هێندە فشاری بۆ ترۆتسکی و هاوەڵەکانی هێنا، ناچار ساڵی 1928 ترۆتسکی روسیای بەجێهێشت. بەڵام ستالین بەوەش وازی نەهێناو ساڵی 1932 ناسنامەی سۆڤێتی لە ترۆتسکی سەندەوەو لە دەرەوەی وڵاتیش بە دوای ترۆتسکییەوە بوو هەتا لە کۆتاییدا، لە مەکسیک لە 21 ئابی ساڵی 1940، لەماڵەکەی خۆی ، بەهۆی یەکێک لە پیاوەکانیەوە، ترۆتسکی بە تەوەر دەکوژێت.
ستالین لەساڵی 1928 ەو ەدەستیکرد بە هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوکردنی هەموو نەیارێکی خۆیی و تۆمەتی و لایەنگری ترۆتسکی دەخستە پاڵ، لە پاش ترۆتسکیش کۆمەڵێک سەرکردەی بۆلشەفی سزادا لەوانە: "کامینێڤ، زینۆڤێڤ، بوخارین" تەنانەت ژنەکەی لینینیشی سزادا، هەربۆیە ژنەکەی وتی: گەر لینینیش ئێستا بمایە، ئەوا ستالین دەیخستە زیندانەوە.
زیاتر لە سەرو ملیۆنیک کەس، بوونە قووربانی ئەم جەنگەی نێوان ئەم دوو سەرکردەیەی روسیا. جگە لەوەش لە تەواوی جیهانیشدا، جەنگێکی فکری و سیاسیی هەردووکیان بەردەوام بوو. ساڵی 1928 ترۆتسکی کتێبێکی بەناوی شۆڕشی بەردەوام نووسی، کە ئەمەش دژی هەموو بۆچونەکانی ستالین بوو. پاشانیش ساڵی 1932 کتێبی شۆڕشی روسیای نووسی، لەمەشدا رۆڵی خۆی بەهێز کرد و رۆڵی ستالنیشی زۆر کەمکردووە. دواجاریش ساڵی 1936 ، کتێبە بەناوبانگەکەی " شۆڕشی لە خشتە براو " نووسی، کە بە تەواوەتی هێرشی توند دەکاتە سەر ستالین و بۆچوونی سیاسی و ئیدارییەکانی.
جەنگی ستالین و ترۆتسکی، یەکێکە لە حکایەتە ناخۆش و خوێناییەکانی شۆڕشی جیهانی، کێشەکە لەوەدایە لە جەنگی ئەم دووانە، تەنها خۆیان نەبوون،بگرە خەڵکانێکی تریش هاتنە ناو ئەم جەنگەوەوەو زۆرێکیش بوونە قووربانی ئەم جەنگە، بەتایبەتی لە روسیادا.
بەڵام ئەمەش بووە سروشتی هەموو شۆڕشگێڕەکان کە پاشئەوەی بگەنە دەسەڵات، دژی یەکتری دەجەنگێن، هەرچەندە لە شوێنەکانی تر کەمتر خوێناوی بوو، بەتایبەتی لە میسر.

حکایەتی شۆڕش لە میسر
لە پاش روسیا تەوژمی شۆڕش لە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی ، پەلی هاویشت و گەیشتە کیشوەری ئەفریقا و وڵاتە کۆنەکەی میسری گرتەوە. لە نیوەی سەدەی بیستەمدا، گڕوتینی شۆڕش و هزری شۆڕشگێڕی میسری گرتەوە، لەمەشدا بزووتنەوە چەپەکان و شۆرشگێڕەکان رۆڵیان هەبوو، بەتایبەتی لە پەرەپێدانی فکری کۆماری.
لەناو سووپای میسریش، کە بەهێزترین دەزگای دەوڵەتی میسر بوو، رەوتێکی شۆڕشگێری لەناو ئەفسەر و سەربازەکانی دروستبوو. ساڵی 1949 جەمال عەبدول ناسر و کۆمەڵێک هاوڕێی تری، رێکخراوی " چباگ الاحرار" دروست دەکەن. لێرەش شۆڕش حکایەتێکی خۆش و سەیری هەیە، هەوڵ دەدەین لێرەدا باسی لێوە بکەین.
لە میسر سووپا رۆڵێکی بەهێزی هەبوو لە ناو دەوڵەتدا، بەڵام پارتە سیاسیەکانیش بەتایبەتی " وەفد" و کۆشکیش " سەرا" پادشاش، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ئیدارەدانی دەوڵەت. لە ناو پارتە سیاسییەکانی تردا " ئیخوان مسلمین" تازە پەیدا بوو، بەڵام رۆڵی بەرچاوی لەناو کۆمەڵگەی میسریدا هەبوو، هەروەها خاوەنی رێخکراوێکی بەهێزی سیاسی و نهێنیش بوو. یەکێك لە هەوڵەکانی ئیخوان، پەلهاویشتن بوو بۆ ناو سوپا و دروستکردنی رێکخراوێکی نهێنی کە بتوانێت کودەتایەکی سەربازی لە دژی پادشا بکات. دیارە قسەکردن لە بارەی ئەوەی ئایا رێکخراوی " چباگ الاحرار" سەر بەئیخوان بوو، زۆر کۆنە و بۆچوونی جیاوازیش هەیە، لێرەشدا کاتی ئەوە نییە.

جەنگی ناسر و نەجیب
محمەد نەجیب لە ساڵی 19 شوباتی 1901 لە دایک بووەو لە 28 ئابی 1984 کۆچی دواییکردووە. محەمەد نەجیب لەوکاتەدا سەرۆکی یانەی " چباگ" بوو هەروەها لەرووی پلەی سەربازیشەوە لە هەموو ئەندامانی تری ریكخراوەکە، پلەکەی بەرزتربوو، بۆیە بووە سەرۆکی رێكخراوەکە. پاشانیش لە 23 تەموزی 1952 دا، سووپا کودەتایەکی سەربازی بەسەر مەلیک فاروقدا کرد و لەسەر تەختی دەسەڵات لایبرد و پاشانیش بەرەو ئیتالیا بەڕێیان کرد. دەتوانین بڵێین کودەتایەکی سپی بوو، خوێنی تێدا نەڕژا.
لەپاش لابردنی مەلیک، ئینجا جەنگ و ململانێیەکی سەخت کەوتە نێوان جەمال عەبدول ناسر و محەمەد نەجیب. کار گەیشتە ئەوەی 14 نۆڤێمبەری ساڵی 1954 محەمەد نەجیب لەسەر کورسی دەسەڵات بە زۆر لەلایەن ناسرەوە لابرا، کە ئەمەش وەکو نیمچە کودەتایەک وابوو. ناسر بەوەش نەوەستا، محمەد نەجیبی هاوەڵی ، دەستبەسەر کرد و لە ماڵەکەی خۆیدا نەیهێشت بچێتە دەرەوە بە هیچ شێوەیەکیش نەیاندەهێشت کەس پەیوەندی پێوە بکات بەتایبەتی دەزگا ئیعلامییەکان و ئەندامانی سووپا.
هەر لەپاش ئەم بڕیارە، یەکسەر هەوادارنی نەجیب کەوتنە خۆیان و داوای گەڕانەوەی نەجیبیان دەکرد، بەڵام ناسر بەهێزێكی سەربازییەوە پەلاماری دان و توانی کۆتایی بە لایەنگرانی نەجیب بهێنێت و پاشانیش سزای هەموویان بدات.
پاشان ناسر بووە سەرۆک و هەتاوەکو مردنی ساڵی 1970 لە سەر کورسی دەسەڵات مایەوە و بووە یەکەم دیکتاتۆری عەرەبی. محەمەد نەجیبیش، لە سایەی ناسر و پاش ئەوەیش ئەنوەر سادات و تەنانەت موبارەکیش، هەر لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو.
ئەمەش لەکاتێکدا محەمەد نەجیب نەبوایە، ئەو کۆمەڵە ئەفسەرە گەنجە نەیاندەتوانی کودەتا بەسەر مەلیک دا بکەن، چونکە محەمەد نەجیب خاوەنی پلە و ناوبانگێکی بەهێز بوو لەناو سووپادا.
هەرچەندە جەنگی ناسر تەنها بە محەمد نەجیب کۆتایی نەهات، بەڵکە سزای هەردوو هاورێ دێرینی وعبد المنعم عبد الرۆوف و خالد محیى الدین دا ، لە ساڵی 1954 دا ، دادگای شۆڕش تۆمەتی خیانەت و هەوڵی کوشتنی ناسری بەسەر عبد المنعم عبد الرۆوف سەپاند و پاشان حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ئەویش یەکسەر وڵاتی جێهێشت و نەگەڕایەوە میسر ، هەتا ئەوکاتەی ناسر کۆچی دواییکرد و ئەنوەر سادات بووە بە سەرۆک. هاوڕێیەکی دێرینی تری، ئەویش خالد محیى الدین ، ئەویش تۆمەتی خیانەت و دژایەتیکردنی شۆرشی درایە پاڵ، ئەویش بە ناچاری میسری جێهێشت .
دیارە لەمەشدا مێژوونوسان ئەم جەنگ و ململانێیەی نەجیب و ناسر بۆ جیاوازی فکری سیاسی دەگێڕنەوە، هەندێک پێیان وایە، کە محەمەد نەجیب، کەسێکی ئیسلامی بووەو سەر بە ئیخوان مسلمین بووە، بەڵام ناسر دژی ئیخوانەکان بووە. بەڵام کرۆکی کێشەکە، پەیوەندی بە کورسی دەسەڵاتەوە بوو.
هەرچەندە جەنگ و ململانێی ئەفسەرە سەربازییەکانی میسر، باشتربوو، کەمتر خوێنی تێدا رژا، بە پێچەوانەی ئەوەی عیراقەوە، کە هاوڕێکان قەسابخانەیەکی گەورەیان بۆ یەکتری دانا.

حکایەتی شۆڕش لە عیراق
لە عیراقیشدا شۆڕشگێڕەکان حکایەتی سەیر و سەمەرەیان بۆ مێژوو تۆمار کرد، لەهەمانکاتیشدا خوێناویترین لاپەڕەی مێژوویان لە عیراقدا نووسیەوە. لە پاش شۆڕشی روسییەوە، دەنگۆی شۆڕش و ئاگرە سوورەکەی، گەیشتە رۆژهەڵات و لە رێگەی پارتی کۆمۆنیستیشەوە، بیرورا شۆڕشگێڕییەکان، جێگای خۆی لەناو مێشکی رۆشنبیران و تاڕادەیەکیش سوپای عیراق کردەوە. لە پاش کودەتاکەی میسریش هێندەی تر، ترسی کودەتا عیراقی گرتەوە. لێرەشدا بە کۆپیکردنی ئەزمونی میسرییەکان، لەناو سوپای عیراقیشدا، رێکخراوی " چباگ الوگنین" دروست دەبێت.
جەنگی عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف
عەبدولکەریم قاسم ئەفسەرێکی ئاسایی سوپای عیراقی بوو، ئەو لە 21 نۆڤێبەری 1914 لە باوکێکی سونە مەزهەب و دایکێکی شیعە مەزهەب لە دایک دەبێت، ئەمەش تاڕادەیەک مەسەلەی مەزهەبی لە لای قاسم کاڵ دەکاتەوە، چونکە ئەو سەیری کردووە، دایکی و باوکی کە سەربە دوو مەزهەبی جیاواز بوون بەڵام هیچ کێشەی مەزهەبیان نەبووە، ئەمەش بۆ وڵاتێکی وەکو عیراق گرنگ بوو، چونکە ئەم وڵاتە ماوەی سەدان ساڵە، مەیدانی جەنگی مەزهەبی شیعە و سوننە بووە.
قاسم لەناو سووپادا گۆشکرا بوو بە فکری نیشتمانپەروەریی و تاڕادەیەکیش سۆشیالیستی و لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیست نزیک بووە. ساڵی 1956 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا لەوانە عەبدولسەلام عارف، کە دوایی دەبێتە جەلادی، رێكخراوی" چباگ الوگنین " دروست دەکەن. پاشان لە 14 تەموزی ساڵی 1958 واتە پاش دوو ساڵی تر، کودەتایەکی سەربازی بەسەر مەلیک فەیسەڵ و دەکەن و کۆتایی بە حکومی پاشایەتی دەهێنن.
لێرە بە پێچەوانەی میسرەوە، کودەتاکە زۆر خوێناوی دەبێت و مەلیک و تەواوەی حاشیەکەی، لەسەر شەقامەکانی بەغدا دا، بە ناشیرینترین شێوە دەکوژرێن، ئەمەش جارێکی تر، مێژووی خوێناوی لەعیراقدا زیندوو دەکاتەوە. کارەساتەکە ئەوەیە، قاسم خۆی دوایی دەبێتە قووربانی ئەو تەوژمە خوێناوییەی، کە ئەم کودەتایە لەگەڵ خۆی هێنای.
هەر لە پاش گەیشتن بە کۆشكی دەسەڵات، هاوڕێکان لێرەش دەکەونە گیانی یەکتری، جەنگو ملانێیەکی سەخت لەنێوان قاسم و عارف دەستپێدەکات. قاسم زیاتر هەستی نیشتمانپەروەری بەسەریدا زاڵبوو، گەرچی عارف زیاتر فکری عوربەچێتی بەسەردا زاڵبوو، خۆی بەهەواداری ناسر دەبینی، گەرچی قاسم خۆی بە نەیاری ناسر دەبینی. جگە لەسەرهەڵدانی کۆمەڵێک رووداو لەوانە: سەرهەڵدانی بزووتنەوەی چەکداری کورد، کودەتاکەی شەواف لە موسڵ، پرسی بەنیشتمانیکردنی کەرتی نەوت، هەموو ئەوانە وایکرد خلافاتی نێوان ئەم دوو پیاوە زۆرتر بێت، ئەوەبوو قاسم لە ساڵی 1959 هەموو پۆستەکانی لە عەبدولسەلام عارف وەرگرتەوە، تا ئەوکاتە جێگری قاسم بوو هەروەها پۆستی وەزیری ناوخۆشی هەبوو. پاشان ناردی بۆ ئەڵمانیای رۆژائاواو کردی بە باڵیۆزی عیراق لە بۆن.
بەڵام جەنگەکە بەمە نەوەستا، ئەوەبوو دادگا تۆمەتی خیانەتی درایە پاڵ عارف و سزای لەسێداردانی بۆ دەرچوو، بەڵام پاشان قاسم لێی خۆشبوو، ساڵی 1962 گەڕایەوە بۆ عیراق. هەندێک لە مێژوونوسیش ئەمە بە هەڵەی گەورەی قاسم دادەنێن، چونکە پاش چەند مانگێک لە گەڕانەوەی عارف، لە 8 شوباتدا، بە هاوکاری بەعسیە قەومییەکان، کودەتایەکی سەربازی بەسەر قاسم دەکەن و بە ناشیرینترین شێوە دەیکوژن، جگەلەوەش گەورەترین قەسابخانەیان لە مێژووی نوێی عیراقدا بۆ کەسانی کۆمۆنیست و نیشتمانپەروەر دادەنێن، کە هەزاران کەس بونە قووربانی. لێرەشەوە چرای بەعسییەکان هەڵدێت و هەتا کۆتایی حوکمی سەدام حسێن بەردەوام دەبێت.
لێرەش قاسم بووە قووربانی هاوڕێیەکی نزیکی خۆی، کە پێکەوە شۆڕشیان لە دژی حوکمی پاشایەتی کرد، بەڵام کاتێک گەیشتنە کۆشکە جوان و رازاوەکانی دەسەڵات، بوونە جەلادی یەکتری.

جەنگی سەرکردەکانی شۆڕشی جەزائیر
شۆڕشی جەزائیری یەکێکە لە شۆڕشە خوێناوییەکانی سەدەی بیستەم، لە پێناو رزگارکردنی جەزائیر لە چنگی داگیرکەری فەرەنسا، نزیکەی ملیۆنێک کەس کوژران، هەروەها هاوڕێ و هاوخەباتەکانی ئێرەش، بوونە جەلادی یەکتری. لێرەش شۆڕشگێڕەکان حکایەتی تایبەت و سەیرو سەمەریان هەیە.
بەرەی رزگاریخوازی جەزائیری لەلایەن کۆمەڵێک کەسی شۆڕشگێڕی جەزائیریەوە لە ساڵی 1954 دامەزار و رابەرێتی بزووتنەوەیەکی چەکداری لە دژی فەرەنسا بەرپاکرد و هەتاوەکو ساڵی 1963 بەردەوام بوو، لەکۆتاییشدا توانی بە دوا ئامانجی خۆی بگات و سەربەخۆیی بۆ جەزائیر بەدەستبهێنێت. بەڵام هەر لەپاش سەربەخۆبوون، یەکسەر شۆڕشگێرەکانی سەردەمی خەبات وتێکۆشان، لوولەی تفەنگەکانیان ئاڕاستەی یەکتری کرد.
هیچ شۆڕشێکی جیهانی هێندەی ئەوەی جەزائیر خوێناوی نەبوو، لە لایەکەوە قووربانی زۆر درا کە گەیشتە نزیکەی یەک ملیۆن قووربانی، دووەمیشیان، لەناو سەرکردەکانی شۆڕشەکەدا، هەر لەپاش سەربەخۆیی بوون جەزائیر، دەستکرا بە هەوڵدانی لەناوبردنی یەکتری.
هەرلەپاش رزگاربوونی جەزائیر و دروستبوونی یەکەمین حکومەتی سەربەخۆ، "محمد خچیر" ئەمینداری گشتی بە زۆر لە لایەن هاوەڵەکانییەوە لە پۆستەکەی لابرا و پاشان تاوانبارکرا بەوەی خائینە و دژی شۆڕش کار دەکات، هەربۆیە یەکسەر ئەویش رایکرد بۆ سویسرا و نزیکەی 12 ملیۆن دۆلاریشی لەگەڵ خۆی بردە دەرەوە. بەڵام پاشان لە ساڵی 1967 لە شاری مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، تیرۆر کرا، زۆربەی مێژوونوسانیش پەنچەی تۆمەت بۆ حکومەتی جەزائیری بەسەرۆکایەتی هواری بۆمدیان رادەکێشن.
لەپاش ئەویش نۆبەی "محمد بوچیاف" هات، کە ئەویش یەکێک بوو لە سەرکردەکانی شۆڕشەکە، هەر لەپاش سەربەخۆبوون و دروستکردنی حکومەتی نیشتمانی لە ساڵی 1963 دا ئەویش تاوانبارکرا بە خائین و دژایەتیکردنی شۆڕش، هەربۆیە سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام لەپاش ئەوەی کۆمەڵێک دەوڵەت و کەسایەتی جیهانی داکۆکیان لێکرد و سزاکەی کەمکرایەوەو لە وڵات دەرکرا. ئەویش ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی جەزائیر دەژیا و هەتاوەکو ساڵی 1992 و نەگەڕایەوە وڵات، لەپاش ئەوەی جەنگێکی ناوخۆیی گەورە لەنێوان سوپا و ئیسلامییەکان دروستبوو، ئەو لەلایەن سووپاوە هێنرایەوە جەزائیر، هەتاوەکو بکرێتە سەرۆک، بەڵام تەمەنی زۆر بڕی نەکرد، هەر لەهەمان ساڵدا، تیرۆر کرا.

جەنگی ئەحمەد بن بلە و هواری بومدیان
لەپاش ئەویش ئەحمەد بن بلە بوو بە یەکەمین سەرۆکی جەزائیر، بەڵام پاشان هەر زوو جەنگ و ململانێی شەخسی کەوتە نێوان ئەو و هواری بومدیانی هاورێ و وەزیری بەرگری جەزائیر، ئەوەبوو لە 19 تەموزی ساڵی 1965 دا، هواری بومدیان کودەتایەکی سەربازی بەسەر بن بلە کرد و پاشانیش دوورخرایەوەو خرایە ماڵێکی دوورە دەستەوە لە " المسیل" هەتاوەکو ماوەی 15 ساڵ، زیندانی کرا. پاشان ساڵی 1979 کاتێک شازلی بن جدید هاتە سەرکار، لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد و ئازادیکرد. بەڵام ئەو زۆر باوەڕی بە سەرانی وڵات نەدەکرد بۆیە لە ساڵی 1980 وڵاتی جێهێشت و نەگەڕایەوە وڵات.
شۆڕشی جەزائیر و شۆڕشگێڕەکانیشی، وەکو هەموو شۆڕشگێڕەکانی تری جیهان، کورسی دەسەڵات، زۆر شتی جوانی لەبیربردنەوە، هەرچەندە ئەمان بە شێوەیەکی توندڕەوانە تر ، لە هاوەڵەکانی تریان لە جیهان، ویستی گەیشتن بە دەسەڵاتیان هەبوو.
دوا قسە
بەدڵنیاییەوە شۆڕشگێرەکان لە جیهاندا حکایەتی زۆر و سەیریان هەیە، من لەم وتارەدا ویستم تەنها باسی هەندێکیان بکەم، دیارە مەبەستیش ناشیرینکردنی شۆڕش و شۆرشگێرەکان نییە، بەڵکە زیاتر مەبەستی من، پیشاندانی لایەنە ناشیرینەکانی کۆشكی دەسەڵاتە، کە چۆن دەبێتە شەیتانێک بۆ رۆحی پاکی شۆڕشگێرەکان. لە بەشی داهاتووشدا باسی حکایەتی فەیلەسووفان و رووناکبیران لەگەڵ کۆشکی دەسەڵات دەکەم.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ