بە ڕەتکردنەوەى کاندیدکردنى محەمەد عەلاوى و عەلى شوکرى لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، دۆخى سیاسیى عێراق بەرەو ئاقارێکى ترسناکتر هەنگاو دەنێت.
ئێستا بەشێک لەو لایەنە شیعیانەى کە پێشتر پشتگیرى و پشتیوانى خۆپیشاندەرانیان دەکرد، بەتەواوى گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەى کە هێزێکى تر هەیە بووەتە کۆڵەکەى وەستانى خۆپیشاندەران لەمەیدانى شارە جیاوازەکانى عێراقدا بەگشتیى و بەغداش بەتایبەتى، کە پێیان وایە بەعسییەکان رۆڵیان لەم بوارەدا هەیە، بەڵام تائێستا ئەوە یەکلانەکراوەتەوە کە کاریگەرى بەعسییەکان چەندە و ئایا ئەوان هۆکارى مانەوەى خۆپیشاندەرانن لە مەیدانەکان یان نا؟.
ئەم بیرۆکەیەى سەدریيەکان سەد لە سەد بیرۆکە و نەخشەى ئێرانیيەکانە
هەندێک زانیاریى هەیە کە لەو خۆپیشاندانەدا کە رەوتى سەدر بانگەشەى بۆ دەکات و بڕیارە لەم رۆژانەدا بیکات، هێزەکانى سەدر تەواوى مەیدانەکانى خۆپیشاندەران کۆنترۆڵ دەکەن و بەوەش کەمێک هێمنى دەگێڕنەوە بۆ وڵات و یەکێک لەو کاندیدانەش پەسەند دەکەن کە پێشنیاز دەکرێت بۆ ئەوەى حکومەت پێکبهێنێت، ئەمەش لەپێناو رێگریکردن لەو خواستەى ئەمریکییەکان کە دەیانەوێت دیسان عێراق بخەنەوە ژێر بەندى 7.
ئەم بیرۆکەیەى سەدریەکان سەد لە سەد بیرۆکەو نەخشەى ئێرانیەکانە، چونکە ئێران پاش کوژرانى قاسم سولەیمانى، تەنها رێگەیەکى لەم جۆرەى بەدەستەوە ماوە کە حکومەتێک لەعێڕاقدا پێکبهێنێت، نزیک بێت لەخۆى و خواستەکانى جێبەجێ بکات.
تائێستا نازانرێت ئایا ئەم پلانەى سەدریەکان سەرکەوتوو دەبێت یان وەک دەوترێت ئەوانەى مەیدانەکانى خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن، شکستى پێدەهێنن و دۆخەکەش لەبەرژەوەندى و بەخواستى ئەمریکییەکان دەهێڵنەوە.. با چاوەڕوان بین.