شه‌پۆلێکی نیگه‌رانی له داهاتووی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌که به گشتی بینرا، ئه‌م نیگه‌رانییه بۆ عێراقییه‌کان که وڵاته‌که‌یان بووه‌ته گۆڕه‌پانی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ململانێکانی ئێران و ئه‌مریکا زیاتر بووه.
ئه‌گه‌ر ڕاستگۆیانه شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌کان بکه‌ین ده‌بێت بڵێین که له پاش کوژرانی قاسم سوله‌یمانی توڕه‌بوونێکی جه‌ماوه‌ری له دژی ئه‌مریکا له ئێران بینرا، حه‌شیمه‌تێکی زۆر که له شه‌قامه‌کانی ئه‌هواز، مه‌شهه‌د، تاران و کرمان ده‌بینران داوای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یان ده‌کرد، له ئه‌مریکاش هه‌ست به نیگه‌رانییه‌ک بۆ کاردانه‌وه‌کانی ئێران ده‌کرا، وڵاتانی ناوچه‌که و جیهانیش له‌وه نیگه‌ران بوون که ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌مجاره نه‌بێته شه‌ڕه گه‌وره‌که که به‌رده‌وام له ساڵانی ڕابردوو به تایبه‌ت له پاش هاتنه سه‌ر کاری دۆناڵد تره‌مپ له ئه‌مریکا هه‌موو کات چاوه‌ڕوان ده‌کرێت.
ئه‌م ڕووداوه نه‌بینرا، ئێران هێرشێکی موشه‌کیی کرده سه‌ر بنکه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌دی ئه‌مریکا له ئه‌نبار که به هه‌ر هۆکار وه‌ڵامی سه‌ربازیی کۆشکی سپیی به داوه نه‌بووه، ڕه‌نگه هۆکاره‌که‌ش بۆ دۆخی ئه‌مریکای پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان و پرۆسه‌ی لێپرسینه‌وه له دۆناڵد تره‌مپ یان نیگه‌رانی وڵاتانی عه‌ره‌بی هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا له ناوچه‌که بگه‌ڕێته‌وه.
هاتنی ئه‌مریکا بۆ عێراق له ساڵی 2003 و به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی زۆرینه‌ی شیعه عێراقی زیاتر له ئێران نزیک کرده‌وه
هاتنی ئه‌مریکا بۆ عێراق له ساڵی 2003 و به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی زۆرینه‌ی شیعه، عێراقی زیاتر له ئێران نزیک کرده‌وه، له هه‌مان کاتدا عێراق له ڕووی ئه‌منی و سه‌ربازییه‌وه به ته‌واوی به‌سراوه‌ی ئه‌مریکایه، ئێستا به شێوازێک که‌وتووه‌ته نێوان ململانێکانی ئه‌م دوو وڵاته که ده‌توانین بڵێین هیچ حکومه‌تێک له عێراق به ئاسانی توانای ده‌ربازبوونی لێی نابێت، به تایبه‌ت له پاش کوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس که هیچ کات به‌رپرسانی عێراق خۆیان له‌م ئاسته‌دا گیرۆده‌ی ئه‌و ململانێ و ئاڵۆزییانه نه‌بینیوه.
پاش هێرشه‌که‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا، لایه‌نه شێعه‌کان له په‌رله‌مان بڕیارێکیان بۆ ده‌رکردنی هێزه‌کانی بێگانه به تایبه‌ت ئه‌مریکا په‌سه‌ند کرد، عه‌بدولمه‌هدی به ناچار داوای جێبه‌جێکردنی له ئه‌مریکا کرد و ڕایگه‌یاند که واشنتن شاندێک بۆ دیاریکردنی میکانیزمی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ڕه‌وانه‌ی به‌غدا بکات.
ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پێشتر له ساڵی 2011 و سه‌رۆکایه‌تی باراک ئۆباما ژماره‌ی هێزه‌کانی له عێراق که‌م کرده‌وه به‌ڵام به هاتنی داعش و زاڵبوونی به سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌کی سوریا و عێراق دیسانه‌وه هێزه‌کانی گه‌ڕانده‌وه ناوچه‌که و ئێستا هه‌ندێک ئامار باس له‌وه ده‌که‌ن که ته‌نیا له عێراقدا زیاتر له 5 هه‌زار سه‌ربازی هه‌یه و داواکه‌ی به‌غدای بۆ کشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له گه‌رمه‌ی ئاڵۆزییه‌کان له‌گه‌ڵ ئێران ڕه‌تکرده‌وه.
سه‌رجه‌م ئه‌و حکومه‌تانه‌ی که له پاش گۆڕانکارییه‌کانی ساڵی 2003 تا ئێستا حوکمی عێراقیان کردووه هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی له نێوان تاران و واشنتن به کارهێناوه. ئه‌وان له‌وه ئاگادار بوون که عێراق بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی پێویستی به ئه‌مریکایه و سه‌باره‌ت به ئێرانیش به‌ده‌ر له به‌سراوه‌یی عێراق به سه‌رچاوه‌کانی وزه و کاڵای ئێرانی وه‌ک وڵاتێکی دراوسێ، پرسی ئاسایشی ناوخۆیی و ململانێ تائیفی و مه‌زهه‌بییه‌کان به لایانه‌وه گرنگ بووه.
ئه‌مریکا له پاش ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام له داڕشتنه‌وه‌ی پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی عێراق ڕۆڵی هه‌بووه، له‌م سیسته‌مه‌دا گرنگی به سێ پێکهاته‌ی سه‌ره‌کی دراوه و ده‌بینین که به پێی یاسایه‌کی نه‌نوسراو سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ شێعه‌کان بووه، کورد پۆستی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری وه‌رگرتووه و سوننه‌ش له سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه بینراون. یه‌کێک له هۆکاره‌کانی زیاتربوونی ئاستی ده‌ستڕۆیشتوویی ئێران بۆ ئه‌م پێکهاته‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته زۆرینه‌ی شێعه حوکمی عێراقیان کردووه و ئێرانیش به وڵاتێک ناسراوه که هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی هه‌ژموونی شێعه له به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی وڵاتانی سوننه به سه‌رۆکایه‌تی سعوودیه ده‌دات.
دۆخی عێراق ئه‌مجاره زیاتر ئاڵۆز بووه، ململانێی ئێران و ئه‌مریکا له شه‌ڕی به‌وه‌کاله‌ته‌وه گه‌یشتووه‌ته شه‌ڕی ڕاسته‌وخۆ و عێراقیش گۆڕه‌پانی سه‌ره‌کی ئه‌و شه‌ڕه‌یه. حکومه‌ت ده‌ستی له کار کێشاوه‌ته‌وه و هێشتا نه سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ و نه حکومه‌ته‌که‌ی دیار نین، شێعه‌کان داوای ده‌رکردنی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌که‌ن، سوننه بێده‌نگه و کورد داوای مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی کردووه. ئه‌گه‌ر پێشتر نزیکایه‌تی و هاوکاری له نێوان شێعه و کورد ده‌بینرا، به‌م دۆخه‌ی ئێستاوه ده‌توانین بڵێین که سوننه لانیکه‌م ناڕاسته‌وخۆ له کورد نزیک بوونه‌ته‌وه و له‌مه‌شدا ئه‌مریکییه‌کان و وڵاتانی سوننه‌ی ناوچه‌که له دژی هه‌ژموونی ئێران ڕۆڵ ده‌بینن.
له خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند مانگی ڕابردوو عێراقییه‌کان دژایه‌تی خۆیان بۆ ئێران و سیاسه‌ته‌کانی له‌م وڵاته ڕاگه‌یاند، به ڕووداوه‌که‌ی فڕۆکه‌خانه‌ی به‌غدا ئێران تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌و داواکارییه جه‌ماوه‌رییه‌ی عێراقییه‌کانی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا قۆسته‌وه، ده‌بینین که له سه‌ر داوای سه‌در خۆپێشاندانێکی گه‌وره له دژی ئه‌مریکییه‌کان ساز کرا، لانیکه‌م به‌شێک له عێراقییه‌کان ئێستا له به‌ره‌ی ئێرانن و ئه‌مریکا به پێشێلکردنی سه‌روه‌ری وڵاته‌که‌یان تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.
ئه‌و حکومه‌تانه‌ی پاش 2003 حوکمی عێراقیان کردووه هه‌موو هه‌وڵێکیان بۆ پاراستنی هاوسه‌نگی له نێوان تاران و واشنتن به کارهێناوه
ئێستا حکومه‌ته‌که‌ی عه‌بدولمه‌هدی بووه‌ته کاربه‌ڕێکه‌ر و ماوه‌یه‌کی دیکه موڵه‌ته‌که‌ی ئه‌مریکا به کۆتایی ده‌گات، دیار نییه حکومه‌تی نوێ بتوانێت ئه‌و ڕۆڵه بگێڕێت. ئه‌وه‌ی که له عێراقدا ده‌بینین، ئه‌وه‌یه که ئێران ده‌رفه‌تێکی ئه‌وتۆی له عێراقدا نه‌ماوه و ئه‌وه ئه‌مریکایه که له ئێستادا هه‌وڵ ده‌دات له‌م ده‌رفه‌ته که‌ڵک وه‌ربگرێت تا به‌مه‌ش به‌شێکی زیانه‌کانی له شه‌ڕی عێراق قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.