له‌ مانگێكدا 24 جار ناوی كوردی هێناوه‌

تره‌مپ.. ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌ ناوهێنانی كورد شكاندووه‌

كاروخ خۆشناو 2020.02.10 03:21 PM
1026 جار خوێندراوەتەوە

كاروخ خۆشناو

شاره‌زای كاروباریی ئه‌مریكا
سه‌رۆكی ئینیستیتوتى توێژینه‌وه‌ی ئه‌مریكیی ـ كوردیى

لە سەرەتای دەستبەکاربوونی (دۆناڵد تڕەمپ) وەک (٤٥) مین سەرۆکی ئەمریکا، زۆرترین لێدوان و تویت و هەڵوێسی هەبووە بەرامبەر بە کورد، لێرەدا دەتوانین لێدوانەکانی تڕەمپ پۆڵین بکەین بۆ:

۱- لێدوانە باشەکانی تڕەمپ بەرامبەر بە کورد، دوو نموونە:
یەکەم چاوپێکەوتنی تڕەمپ لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی كوردستان لە (کۆڕبەندی داڤۆس) و ستایشکردنی ڕۆڵی کورد بە گشتی لە شەڕی تێکشکاندنی داعش.
دووەم لێدوانی لە (لوتکەی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ) کاتێک لە پرێس کۆنفڕانسێکدا تڕەمپ گووتی "بە بروای من کورد گەلێکی مەزنن، جەنگاورەی ئازاو بە جەرگن لە زۆر بوار ھاوپەیمانی ئێمەن".

به‌یه‌كگه‌یشتنی تره‌مپ و نێچیرڤان بارزانی له‌ لوتكه‌ی داڤۆس

 

دەتوانم بڵێم بە دەیان جاری تر تڕەمپ بە شان و باڵی کوردی هەڵداوە لە ڕێگای لێدوان و تویت و هەڵوێستەکانیەوە، ئەم لێدوانانەی تڕەمپ بۆ ناساندنی دۆزی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا زۆر گرنگ و پڕ بەهان، بە جۆرێک ئەگەر کورد بیەوێت لە ڕێگای کۆمپانیاکانی لۆبیکردنەوە ئەم کارە ئەنجام بدات، پیویستی بە ملیۆنان دۆلار دەبێت!!!

۲- هەڵوێست و لێدوانە خراپەکانی تڕەمپ، دوو نمونە:
یەکەم لە (۹ ئۆکتۆبەری ۲۰۱۹) کاتێک تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆردوگان داگیرساند تاکو ڕۆژئاوا داگیر بکات.
دووەم لە (۱٦ ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷) کاتێک تڕەمپ ڕێگایدا بە سوپای عێڕاق و حەشدی شەعبی هێرش بکەنە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان. 

بەکورتی هەڵوێست و تویت و لێدوانەکانی (تڕەمپ) بەرامبەر بە کورد زۆر و بۆرن:
۱- زۆرن چونکە تڕەمپ لە ناوهێنانی کورد ژمارەی پێوانەیی شکاندووە بە بەراورد بە (٤٤) سەرۆکەکەی پێش خۆی، واتە تڕەمپ بەتەنیا لە هەموو سەرۆکەکانی پێش خۆی زیاتر ناوی کوردی هێناوە، بە جۆرێک تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو (۲٤) جار ناوی کوردی هێنا.
۲- بۆرن چونکە تڕەمپ لە هەندێک لێدوانیدا بە شێوازێک قسە دەکات وەک ئەوەی کە زانیاری دروستی لەسەر کورد پێ نەبێت، بۆ نموونە لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا گلەیی لە کورد دەکات کە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانانی نەکردووە لە شەڕی (نۆرماندی) لە جەنگی جیهانی دووەم!!!

تڕەمپ تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو (۲٤) جار ناوی کوردی هێنا.

لە کۆتاییدا ئەگەر هەڵسەنگاندنێکی زانستی لەسەر لێدوانەکانی تڕەمپ بکەین بەرامبەر بە کورد، لەگەڵ هەبوونی هەندێک تێبینی و ڕەخنە و سەرنج، دەتوانین بڵێین بە گشتی لێدوانە باشەکانی تڕەمپ بەرامبەر بە کورد زیاترن لە لێدوانە خراپەکانی، چونکە تڕەمپ لە ڕێگای تویت و لێدوانەکانیەوە خزمەتێکی زۆری بە ناساندنی دۆزی کورد کردووە، هەروەها هۆکارێکی گرنگ بووە تاکو ناوی کورد وەک (جەنگاوەری ئازا) ببێتە (ویردی سەر زمانی) ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ