بەغدا وەک پایتەختی هەمووان

لە نێوان ڕیفراندۆم و پشکی بەغدا

جه‌بار ئه‌حمه‌د 2020.02.27 11:02 AM
1270 جار خوێندراوەتەوە

جه‌بار ئه‌حمه‌د

نوسه‌ر و توێژه‌ر
ماسته‌ر له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسيی

مامۆستای زانكۆی سلێمانى

جەبار ئەحمەد
ئەو گوتارەی پێیوایە هەرکەسێک دژی ڕیفراندۆم بێت و بەرگریکاری دەوڵەتە عاتفیەکەی پارتی نەبێت خائینە، لەلایەکی ترەوە هەر لایەنێک هاو هەڵوێستی پارتی نەبێت بۆ دەستەبەری زۆرترین پشک و پۆست لەبەغدا بۆ ئەو حیزبە، ئەوا لە یەکڕیزی نیشتمانی چووەتە دەر و دژی بەرژوەندییەکانی گەلەکەمانە. گوتارێکە کە دروستکەر و بەردەوامی پێدەری ئەو دۆخەی ئێستایە، مەبەست لەدۆخی ئێستای پڕ تەنگژەی دروستکەری دەیان ڕەهەندی قوربانیدان بە میللەت.
کوردانی باشور گەورەترین قوربانی و زەرەرمەندی ئەو گوتارە ناسیۆنالیزمە عاتفیە بارگاویکراوەن بە بەرژەوەندی حیزب و عەقڵیەتی خێڵ، ناسیۆنالیزمێک دانوستان لەگەڵ بەغدا وەکو ناوەندی بڕیاری دەوڵەتێک کە تیایدا هەموومان هاوبەشین، بەخیانەت و خۆفرۆشی تەفسیر دەکات، بەڵام ناکۆکی کوردانی خۆرئاوا و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا وەکو ستراتیژ و سیاسەت شوناس دەکات.

نێچیرڤان بارزانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كۆكرده‌وه‌ ـ 2020.2.24

ڕووداوەکانی کاتی ڕیفراندۆم و ئەو لێکەوتانەی لێیکەوتنەوە، دەرخەری ئەو حەقیقەتە بوون کە چ کارێکی هەڵە و بێ پلان بووە، پەشیمانبوونەوەی ئەنجامدەرانیشی ئەوەی سەلماند کە هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی و نیشتمانی مەزن لەپشت ئەنجامدانیەوە نەبووە، بەڵکو دۆخێکبووە کە پێویستبوو حیزب قسەی هەبێت، دۆخێکبووە کە خەڵک چاوەڕێی بڕیارێکی چارەنوسسازبوون لە سەرکردایەتی سیاسی، بۆیە پێویستبوو لەپێناو بەرزکردنەوەی عەتفی خەڵک و بەبێ هیچ ئامادەسازییەک بڕیاری ڕیفراندۆم بدرێت و دواتریش خەڵکی هەژار باجەکەیدا و سیاسییەکانیش پەشیمانبوونەوە.

ئەوەی گرنگە بۆ هێزە کوردییەکان بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد وەک پایتەختی بڕیارە سیاسی و ئیدارییە گرنگەکان

لە ئێستادا ئەوەی گرنگە بۆ هێزەکوردییەکان، بەتایبەت ئەو هێزانەی نەیانتوانی خۆیان لەشوێنکەوتنی عاتفیانەی ڕیفراندۆم بۆ پارتی بپارێزن، بریتییە لە دەربازبوون لەو گوتارە ناسیۆنالیزمییە عاتفییە و مامەڵەکردن لەگەڵ بەغداد وەکو پایتەختی وڵاتێک کە هەموومان تیایدا هاوبەشین و ناوەندی بڕیارە سیاسی و ئیدارییە گرنگەکانە، نەوەک ڕوانین لەبەغداد وەکو دەوڵەتێکی داگیرکار و دوژمن. بەتایبەت کە ئێستا کورد بەشدارێکی کارا و فراوانە لەبەغداد.
هەروەها پێویستە هێزەکوردیەکان، بەتایبەت (ی ن ک) و گۆڕان و نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان، ڕێگە نەدەن چیتر یاری بە چەمک و دەستەواژەکانی یەکڕیزی نیشتمانی و کارتە نەتەوەییەکان بکرێت بۆ بەرژەوەندی حیزبێکی دیاریکراو لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین پشکی حیزبی، بەڵکو لە بۆتەیەکی فراوانتر و ڕوونترەوە و بە عەقڵێکی مەزنتر لە عەقڵی خێڵ، دانوستان لەگەڵ هێزە عیراقیەکان بکرێت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ