سازدانی میران تاریق
ـ ئارام سدیق کێیە؟ لێکۆڵەرێکی ئەدەبیە یاخود نوسەرێکە؟
ئارام سدیق: ڕاستیەکەی ئەوە ئەبێت خەڵک نازناوت بدەنێ و پێت بڵێن تۆ چیت، بەراستی من ئەوەنە ئەزانم شت ئەنوسم و نوسەرێکم ئیتر نازانم خەڵکی چی ترم پێدەڵێت ئەوە بۆ خەڵك بەجێ دەهێڵم.
ـ بە بروای تۆ خەڵکی لەم سەردەمەدا بەتایبەت کۆمەڵگەی کوردی پێوستی بە کەسانێکی ڕۆشنبیر هەیە یاخود ڕۆشنبین واتە کەسانێک کە چیتر بە ڕووکەش سەیری بابەتەکان نەکەن بەڵكو قاڵبوونەوەیان بۆ بابەتەکان هەبێت؟
ئارام سدیق: ڕاستیەکەی نەک تەنها کۆمەڵگەی کوردی هەموو کۆمەڵگایەک پێوستی بە کۆمەڵێک ڕۆشنبیر هەیە،وە ئەم ڕۆشنبیرانە ببنە ڕێبەر لەناو کۆمەڵگایا بۆ وشیار کردنەوەی کۆمەڵگا هەر وەک چۆن لە فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٦٨کە شۆڕشی نوێ فەڕەنسی دەستی پێکرد ئەو کاتە سارتەر و کامۆ و کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرە دیارەکان ئەوان بوونە ڕێبەری خۆپیشاندەران وە ئەوان هانی خۆپیشاندەرانیاندا بۆ ئەوەی کە ڕیفۆرم لەناو کۆمەڵگەی فەڕەنسیا بکەن، بۆیە دەبێت دەوری ڕۆشنبیر تەنها لە پشت کورسی و مێزەوە نەمێنێتەوە بەڵکو ڕۆشنبیر دەورێکی کاریگەری هەبێت وە ڕۆشنبیر لە هەموو کۆمەڵگایەکا دەوری گرنگی هەیە وە بەتایبەتی کۆمەلگەی کوردی پێویستی بە ڕۆشنبیرێکە کە خاوەن پڕەنسیپ بێت بەتایبەت پڕەنسیپە ڕۆشنگرییەکان بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە قۆناغێکەوە ببات بەرەو قۆناغێکی تر،کۆمەڵگەی ئێمە لە ئێستادا زۆر پێویستی بەم جۆرە لە ڕۆشنبیرە هەیە.
ـ تاچەند ئەدەبی تەنزئامێز بە پێویست ئەزانی لەناو ئەدەبی کوردیدا هەبێت بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە پەیامەکانمان بەخەڵکی بگەیەنین؟
ئارام سدیق: ڕاستیەکی هەموو ئەدەبی گەلێک پێویستی بە هەموو جۆرەکانی ئەدەب هەیە، چی ئەدەبی تراژیدی بێت، چی ئەدەبی کۆمیدی بێت یان چی جۆرەکانی تری ئەدەب بێت، بۆیە زۆر گرنگە بێگومان ئەدەبی تەنزئامێز یان ئەتوانین بڵێن جۆرێک لە ئەدەب هەیە کە پێ دەوترێت تراژیدکۆمیدی، ئەمانە گرنگی خۆی هەیە و زۆر گرنگە لەناو کۆمەڵگەی ئێمە شا هەبێت، یەکێک لە چیرۆک نووسە دیارەکانمان کە کاری کردووە لە ساڵانی هەشتەکانی سەدەی ڕابردوو ڕەفیق فایەق مۆتەیە کە کۆمەڵێک چیرۆکی هەیە هەمووی چیرۆکی تەنزئامێزن، وە لە دوای ڕاپەڕین دەتوانین بڵێن ئارامی کاکەی فەلاح لە پاڵ چیرۆکە جدییەکانیدا هەمیشە تەنز ئامادەی هەبووە و وە بەشێکی زۆر لە چیرۆکەکانی دابڕاو نین لە جۆرێک لە تەنز یان کۆمیدیا.
ـ تۆ لە کتێبی (لە ڕەخنەوە بۆ ڕەتکردنەوە) باس لەوە ئەکەیت کە لە نائومێدبوونەوە ئەدەبێکی سەرنج ڕاکێش بەرهەم دێت نەک ئەدەبێکی کرچ و کاڵ، واتە تۆ پێت وایە بەهۆی نائومێدیەوە دەتوانین ئەدەبێکی بە پێز و سەرنج ڕاکێش بهێنینە ناو کتێبخانەی کوردیەوە؟
ئارام سدیق: مەرج نییە هەموو نائومێدیەک ببێتە کەرەستەی داهێنان یان نوسین چونکە زۆر جار بەختەوریش نوسەرە کلاسیکیەکانی فەڕەنسا بەنموونە ماڕسڵ پڕۆست یان بەلزاک ئەمانە دوو لەو نوسەرانەن کە. ژیانێکی خۆشیان هەبووە، وە کانت کە فەیلەسوفێکی ئەڵمانیە ژیانێکی خۆشی هەبووە بەڵام کەسێکی داهێنەر بووە، بەڵام من لەو قسەیەدا مەبەستم ئەوەیە کە هەمیشە نائومێدی ئەشێت بیکەیت بە کەرەستەی داهێنان، نائومێدی یان وەک ئەو چەمکەی هایدیگەر بەکار ئەهێنیت" نیگەرانییەکان وامان لێنەکات بووەستین" بەڵکو بیکەین بە کەرەستەی داهێنان.
مەرج نییە هەموو نائومێدیەک ببێتە کەرەستەی داهێنان یان نوسین
ئێمە خاوەنی بوونێکین بە نیگەرانییەوە بەڵام ئەبێت داهێنەر بین ئیتر هەریەک و لە ئاستی خۆیا کەسێک لە بواری نوسین کەسێک لە بواری میدیادا کەسێک لە بوارێکی تردا،ب ۆیە دەکرێت نائومێدی نەمان وەستێنێت لە شوێنێکدا بۆستین و بڵین ئیتر ئێمە ئیش ناکەین بەڵکو دەبێت نائومێدیش بقۆزینەوە بۆ ئیشکردن و داهێنان و چالاکی.
ـ تاچەند گرنگە ڕەخنە بوونی هەبێت بۆ ئەوەی چیتر ئەدەبی کرچ و کاڵ نەیەتە ناو کتێبخانەی کوردیەوە و ڕێگری بکریت لە ئەدەبی کرچوکاڵ و ئاست نزم؟
ئارام سدیق: ڕاستییەکەی ڕەنگە هیچ ڕەخنەیەک نەتوانێت ڕێگری لە لەدایکبوونی ئەدەبی خراپ بکات بەڵام دەشێت سنورداری بکات دەشێت ئەو نوسەرانە وریا بکاتەوە، ئەدەبی هەموو میلەتێک تاڕادەیەک ئەدەبی کرچ و کاڵی هەیە کە ئەمە شتێکی سروشتییە بەڵام ئەوەی لە ناو ئەدەبی ئێمەدا زەق ئەبێتەوە نەبوونی ڕەخنەیە وە نەبوونی چاوێکی ڕەخنەییە، نەبوونی دەزگایەکە کە دەزگایەک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی تێکستەکان پێش چاپکردنیان لای ئێمە ئەمە نییە، هەموو کەسێک هەرچی بنووسێت دەتوانێت چاپی بکات بە بێ ئەوەی ڕەقابەیەک هەبێت بەسەریەوە بێ گومان ڕەقابە بەو واتایە نا کە ئایدیای نوسەرەکان سانسۆڕ بکات بەڵکو ڕەقابەیەک هەبێت بۆ باشترکردنی تێکستەکان چونکە هەموو نوسەرێک پێویستی بەوەیە کە تێکستەکانی کەسێکی تر پییا بچێتەوە، لە وڵاتانی تر شتێک هەیە پێدەڵێن"ئیدیتۆر"
ئەوەی کە بە تێکستدا ئەچێتەوە، ئیتر ئەگەر ڕۆمانەک هی نوسەرێکی زۆر ناوداری وەک پاولۆ کۆیلۆش بێت کە لە هەموو جیهاندا خوێنەری هەیە بەڵام کەسێک هەیە بە تێکستەکەدا ئەچێتەوە و هەڵە و کەم کوڕتییەکانی چارەسەر دەکات کە لای ئێمە ئەمە نییە بۆیە لەگەڵ ئەوەی ئەمە نییە لەلای ئێمە. ڕەخنەش نییە یان دەتوانین بڵێن ڕەخنە زۆر کەمە لەسەر تێکستی کرچ و کاڵ، وە من و چەند هاوڕێیەکم چەند هەوڵێک مان هەیە بەڵام بەڕاستی ئەم هەوڵانە هەوڵی بچوکن دەکرێت گەورە تر بکرێن و ڕووبەرەکەی فروانتر بکرێت.
ـ ئایا ئاستی خوێنەری کورد لە ئێستادا لە کوێدایە؟ وەبەبڕوای تۆ هۆکاری کەمی خوێنەر لە ئێستاداچییە، وە پێت وایە تاچەند تەکنەلۆجیا کاریگەری هەبوو لەسەر کەم بوونەوەی خوێنەر بە تایبەت لە ناو چینی گەنجاندا؟
ئارام سدیق: لە ڕاستیدا خوێنەر کەمی نەکردووە بەڵام خوێنەری جدی کەمی کردووە، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە کتێبی ناجدی زۆر چاپ ئەکرێت واتا کتێبی جدی پاشەکشەی کردووە، خاڵێکی تری ئەوەی گەنجەکانمان ناخوێنەوە زۆر هۆکار هەیە کە من لە هەردوو کتێبی "چۆن خوێندنەوە بکەین بە کلتور" و "جیهانی خوێندنەوەدا" ئاماژەم پێداوە و ئەوەم دەست نیشانکردووە کە ئێمە کێشەی گەورەمان هەیە لەناو سیستەمی پەروەردە وە لەناو خێزانەکاندا وە لە ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی چاپ و بڵاو کردنەوە کە ئەوانیش وەک کۆمەڵگە ئەرک و بەرپرسیارێتیان لەسەر شانە بۆ بە کلتورکردنی خوێندنەوە وە زائیدەن کەناڵەکانی میدیاشمان گرنگی بە کتێب و خوێندنەوەی کتێب نادەن بۆیە هەموو ئەمانە وایکردووە کاتێک گەنجێکی تازە پێ ئەگات، گەنجێکی خوێنەر نەبێت بەڵکو گەنجێک بێت بە شتێکی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زوو فریو بدرێت و بەشێکی زۆری کاتەکانی لەوێدا بەسەر بەرێت یان کاتەکانی لەشتی بێسودا بەڕێ بکات، کە پێموایە دەبێت بە پەروەردە و خێزان و کۆمەڵگە واتە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا ڕۆڵیان هەبێت لە وشیاکردنەوەی گەنجان و پەروەردەکردنی گەنجاندا بۆ ئەوەی کە ئێمە نەوەیەکمان هەبێت لە داهاتوودا نەوەیەکی داهێنەر بێت وە نەوەیەکمان هەبێت خاوەنی پرۆژە و کار و ئیشی خۆی بێت چونکە بە بێ خوێندنەوە نەوەیەکی داهێنەرمان نابێت، کە ئێمە دەڵین با گەنجەکانمان بخوێنەوە کەواتە ئێمە ئەمانەوێت بڵێن با گەنجەکانمان داهێنەر بێت با گەنجەکانمان خاوەن بڕیاری خۆیان بن نەک کەسانی تری وەک خێزان یان کۆمەڵگە یان حیزبەکان بڕیارییان بۆ بدەن.
ـ تۆ لە کتێبی ( لە ڕەخنەوە بۆ ڕەتکردنەوە ) ڕەخنەت لە کۆمەڵێک نوسەر گرتووە کە بە ئاشکرا ناوەکانیانت هێناوە لە کتێبەکەتدا، ئایا ئەمە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەکردوویت وەک ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر وتارێک کە تێدا ڕەخنەت لە نوسەرێک گتربوو گیرایت و دواتر بەکەفالەت ئازادکرایت؟
ئارام سدیق: ڕاستیەکەی من کە ماوەی ۱۳ ساڵە لە بواری ڕەخنەدا کار ئەکەم و هەندێک هەوڵی ڕەخنەیم هەبووە، توشی کێشەی زۆر بوومەتەوە بەتایبەت بەشێک لە هاوڕێی نزیکەکانی خۆم لێم زویربوون یان بەشێک لە نوسەرەکان سڵاویشم لێ ناکەن ئێستا بەڵام هەموو ئەمانە سروشتیە بە ڕاستی، هەتا دواشت کە لەسەر ئەو کتێبە کۆمەڵێک ڕەخنەی زۆر نوسرا هەم بە کتێب وە هەمیش بە وتاری جۆراوجۆر بەڵام لە کۆتایدا ڕوبەڕووی دادگا کراینەوە و ئێستا کە من قسە بۆتۆ ئەکەم بەکەفالەت ئازاد کراوین هەتا ڕۆژی دادگای کردنەکە.
ئێستا دۆسیەکە چۆتە دادگا،بەڕاستی هەموو ئەمانە من ناترسێنێت لەوە کە لە ڕەخنە بەردەوام نەبم، ئێمە لە ڕەخنە بەردەوام ئەبین چونکە ڕەخنە شتێکە بڕوامان پێیەتی وە ئێمە ڕەخنە ناگرین بۆ شکاندنی کەسایەتی هیچ کەسێک، من وەک خۆم ڕەخنەم نەگرتووە لە کەسایەتی نوسەرەکان وەک ئەوەی بڵێن ئەم کەسە مەشروب ئەخواتەوە یان جگەرە ئەکێشێت بەڵکو ئێمە ڕەخنە لە تێکست ئەگرین وە من ڕەخنەی تێکستم هەبووە لەسەر ئەوەی ئایا ئەم تێکستە چی ئایدیایەکی بەرهەم هێناوە وەک ئەوەی لە کتێبەکدا ئاماژەم پێداوە بە شێکی زۆری ئەو ئایدیانە کۆن خوازە وە بەشێکی زۆریان سوکایەتی ئامێزە وە بەشێکی زۆریان سوکایەتی ئەکات بە شەریحەیەکی وەک شاعیر کە سوکایەتی بە شاعیری تێدایە و سوکایەتی بە ئافرەتی تێدایە، کە هەموو ئەمانە من وەک ڕەخنەگر ئەرک و بەرپرسیارێتی سەر شانمە ڕەتیان کەمەوە و کۆمەڵگەی لێ وشیار کەمەوە کە ئەم جۆرە لە نوسین خراپە و وەک پەتایەکی گەندەڵی فکری وایە وەک جۆرێک لە پاسیڤێتی وایە کە گەنجی نائومێد و دەستەمۆ بەرهەم دەهێنێت و کۆمەڵگەی ئێمە بەو جۆرە گەنجانە دوا دەکەوێت و پێش ناکەوێت.
ـ دوایەمین کتێبی خۆت کە لەم چەند ڕۆژەی دوای بڵاوی دەکەیتەوە کە بەناوی (جیهانی خوێندنەوەیە) ئایا تۆ لەم کتێبەدا زیاتر تیشک خستۆتە سەر چی؟
ئارام سدیق: من لە كتێبی یەکەم دا (چۆن خوێندنەوە بکەین بە کلتور) باسی هەنگاوە تیۆریەکانی بە کلتورکردنی خوێندنەوە کردووە و بە وردی ئەو بابەتانەم شیکردۆتەوە و باسم کردووە، بەڵام لەم کتێبە تازەیەدا کە بەناوی (جیهانی خوێندنەوە:هەنگاوە کردارییەکانی بە کلتور کردنی خوێندنەوە)یە باسم لە هەنگاوە کردارییەکان کردووە واتە چی شتێک کراوە کە ئێمە پێشتر ئەمان وت ئەم شتە بکرێت باشە، بەڵام لەم کتێبەدا ئەڵێن چی شتێک کراوە، لە قۆناغی سەرەتای لە باخچەی ساوایان دواتر لە ناوەندی ئینجا لە ئامادەی و زانکۆ و پەیمانگاکان وە ئیشم لەسەر هەموو ئەم قۆناغانە کردووە لە ناو سیستەمی پەروەردە وە لە دەرەوەی سیستەمی پەروەردە لەناو خێزاندا چی کراوە وە چی شتێکی گرنگ لەو بوارەدا جیبەجێ بکرێت ئەمەشمان کردووە، دواتر لەناو کۆمەڵگایە چی کراوە ئەو هەوڵانەی بەتایبەت لە ساڵی ڕابردوودا هەبووە لەبواری بە کلتورکردنی خوێندنەوە یان لە ساڵانی پێش کە هەندێک نموونەم وەرگرتووە، کە گرنگە ئەم هەوڵانە بۆ ئەوەیە کە چاو لێکەری هەبێت، بۆ ئەوەی کە ئێمە باس لە بە کلتور کردنی خوێندنەوە ئەکەین بۆ ئەوەیە ئەم هەوڵانە لە شوێنی تریش وە لە شار و ناوچەی تریش چاو لەم نموونانە بکرێت وە زائیدەن لەناو کەناڵەکانی میدیادا چی کراوە کە من باسی کۆتایم لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بۆ ئەوە تەرخان کردووە کە لەناو کەناڵەکانی میدیادا زۆر گرنگە کە گرنگی کلتوری خوێندنەوە بەن ئەمەش بە ناساندنی کتێب و ناساندی کتێبە نوێکان.
ـ هیچ ئومێدێک هەیە کە بڵێن ئەدەبی کوردی بەرەو دواوە نایەت بەڵکو بەردەوام بەرەو گەشەکردن و پێشکەوتن ئەچێت؟وە ئایا ئەم ئومێدە ماوە؟
ئارام سدیق: بێگومان ماوە چونکە ئەگەر ئێمە سەرنج بدەین لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ئەدەبی کوردی تەنها لە ناو هەرێمی کوردستاندا نەماوەتەوە بەڵکو وەرگیڕدراوە بۆ زمانەکانی عەرەبی و فارسی و کرمانجی و لاتینی کە ئەمە هەنگاوی یەکەمە و گرنگە دواتر وەرگیڕدراون بۆ زمانەکانە زیندوەکانی وەک ئەڵمانی و ئینگلیزی و فەڕەنسی وە نموونەی کاک بەختیار عەلی مان هەیە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا چەند ڕۆمانێکی وەرگیڕدراون کە دەنگدانەوەی باشیشی هەبووە بەتەنیا نییە ئەمە لە دەساڵ پێشترەوە کار بۆ ئەمە کراوە کە ئەدەبی کوردی بو زمانەکانی تر وەرگیڕدرێن بەڵام دەنگدانەوە نەبوو بەڵام لەم چەند ساڵەی پێشوو کە ئەدەبی کاک بەختیار عەلی وەرگیڕدراوە هەم بۆ ئەڵمانی و فەڕەنسی و فارسی و ئینگلیزی دەنگدانەوەی باشی هەبووە.
ئەدەبی کوردی لە ئەدەبێکی لۆکاڵی دەرچووە و بۆتە ئەدەبێک کە لە دنیادا دەخوێندرێتەوە
بۆیە پێم وایە ئەدەبی کوردی لە ئەدەبێکی لۆکاڵی دەرچووە و بۆتە ئەدەبێک کە لە دنیادا دەخوێندرێتەوە ڕاستە ژمارەی ئەو نوسەرانەمان کەمە کە دەخوێنرێنەوە لە جیهاندا بەڵام ئەمە هەنگاوی یەکەمە چونکە مێژووی نوسینی ئەدەبی کوردی زۆر نییە و مێژووی کتێبی کوردی زۆر درێژ نییە وە نوسەری بەرهەمداری گەورەمان کەمە بۆیە ئەمە وەک هەنگاوەکان بۆ من جێ دڵخۆشکەرە وە پێشبینی ئەکەم لە دوو سێ ساڵی داهاتوودا هەنگاوی زۆر گەورەتر بنرێت کە لە بڕاوی من و تۆدا نەبێت.
ـ تۆ خاوەنی ۱٥ کتێبی لە کۆی کتێبەکانت بابەتەکان زیاتر ڕەخنەین؟ یاخود لە پاڵ ڕەخنەدا، بابەتی ترت باسکردووە لە کتێبەکانتا؟
ئارام سدیق: بەشی هەرە زۆریان لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕەخنەین تەنها یەک دوو کتێبیان نەبێت کە کاری ڕۆژنامەوانییە ئەگینا ئەوانی تر هەموویان نوسینی ئەدەبی و ڕخنەییە،وە هەر لەسەر ئەوەش بەردەوام ئەبم و پڕۆژەکانی داهاتووشم هەر ئەوە ئەبێت.
ئارام سدیق
ـ لە دایكبووی 1981 سلێمانی و لە ساڵی (2000) نووسینهكانی بڵاودەكاتەوە. وەکو رۆژنامەنووسی مەیدانی نزیکەی دە ساڵ کاری کردووە و چەند ساڵێکی دیکەش لە بڵاوکراوە ئەدەبی و کولتوورییەکاندا بەردەوام بووە لە کارکردن و تا هەنووکەش بەردەوامە. لە بواری خوێندندا پۆلی دوازدەی ئامادەیی تەواو کردووە.
ـ لە ساڵی 2002 تا 2006 سەرپەشتیاری چەند پاشکۆیەکی ئەدەبی و هونەری کردووە.
ـ لە 2005 ەوە یەکێک بووە لە سەرپەشتیارانی زنجیرە چاپکراوەکانی یانەی قەڵەم، کە لە ماوەی دە ساڵدا نزیکەی 140 کتێبی تێدا بەچاپ گەیەنراوە.
ـ لە سەرەتای ساڵی 2016 لەگەڵ هەریەک لە "زانیار محەمەد و پشتیوان عەلی"دا یەکەم ژمارەی بڵاوکراوەی "شیعر"یان بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە خوێندنەوە و ڕەخنەی شیعری کوردی و وەرگێڕانی شیعری بیانی و تا ژمارە حەوت لەگەڵیان بەردەوام بووە.
ـ لە مانگی 11ی 2018 دا لەگەڵ "هۆگر ئارام"دا ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەندی دامەزراندووە و سەرپەرشتیاری بەشی چاپ و چالاکییەکانی ناوەندەکە دەکات..
ـ خاوەنی چەندین نووسین و لێكۆڵینەوەی ئەدەبییە لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەكاندا. هاوكات یەكەم كتێبی چاپكراوی لە ساڵی 2005دا بڵاوكردۆتەوە تا هەنووكە خاوەنی ئەم کتێبە چاپکراوانەی خوارهوهیە:
*دۆزی ژن و هەزارەی نوێ، وتار و چاوپێكەوتن، 2005
* خۆكوژی، لێكۆڵینەوە لە دیاردەی خۆکوشتن، 2007
* نووسەران و هەڵبژاردنی مەرگ، لێكۆڵینەوە، 2008
* گەنج و شوناس، گفتوگۆ لەمەڕ پرسی گەنج 2008
* ئیستاتیكای گێڕانەوە، لێكۆڵینەوە، 2009
* ناونیشان لە چیرۆكی كوردییدا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2010
*لە تێكستەوە بۆ مانا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی، 2011
*دەستپێك لە چیرۆكی كوردییدا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی 2012
* سەفەر بە ئەندێشەی پیتدا، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی 2012
*نەمری و گێڕانەوە، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی 2012
*بهرهو ڕۆمانی كوردی، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی 2015
*زمان و شیعریەت، لێكۆڵینەوەی ئەدەبی 2017
*چۆن خوێندنەوە بکەین بە کولتوور؟ (وتار و لێکۆڵینەوە) 2018 چاپی دووەم 2020
* لە ڕەخنەوە بۆ ڕەتکردنەوە، وتار و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی 2018 چاپی دووەم 2020
* جیهانی خوێندنەوە؛ هەنگاوە کردارییەکانی بە کولتووکردنی خوێندنەوە(وتار و لێکۆڵینەوە) 2020