بەخێربێن بۆ سەردەمی چینی

كورد.. له‌ نێوان چینی ماوتسی تۆنگ و چینی كۆرۆنا

د.سەردار عەزیز 2020.03.05 12:50 PM
1298 جار خوێندراوەتەوە

د.سەردار عەزیز

نوسەر و توێژەر
مامۆستای زانکۆی کۆرک ـ ئیرلەندا


لە شەستەکان پەتای ماویزم لە ڕێگای تودە جیابوە ئێرانیەکان دەگاتە ئێمە. لە کۆتایی دووەم دەیەی سەدەی بیست و یەک کۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە ئێمە. لە نێوان چینی ماو و چینی کۆرۆنادا چیرۆکێکی سیخناخ بە ڕوداو و هەڵبەز و دابەز هەیە. ئەدەبیاتی کوردی دەربارەی چین لە کۆندا وەک جێگایەکی دووری دەست پێنەگەیشتوو وێنا کردوە. نالی شاعیر دەڵێت: کە ناچین لێرە خۆشە چینی ماچین. نالی بە مەعریفەیەکی ئاینی سنوردارەوە چینی وڵات و چینی وشە یاری پێدەکات. چیدی سەردەمی ئەوە نەماوە یاری بە چین و لەگەڵ چیندا بکرێت، ناچارین بە هەموو توانا و ئاگایی و وزە و هێزمانەوە خۆمان بۆ هاتنی چین ئامادە بکەین.
چینیەکان هەمیشە لە مێژودا بە توانا و بەهێز و باڵادەستبوون، جگە لە دوو سەدەی ڕابوردوو نەبێت. دوو سەدەی ڕابوردوو لە مێژوی چیندا بە سەردەمی سەرشۆڕی یان سوکایەتی ناودەبرێت. بۆیە لە ئەدەبیاتی ناسیونالیزمی چیندا، چین دەگەڕێتەوە. گەڕانەوە بە مانای ئەوەی پێشتر لێرەبوو، ئەمە یەکەمجار نیيە. گەڕانەوەی چین بۆ ئاستی بەهێزی و کاریگەری چۆن دونیا لە قاڵب دەدات؟ ئەمە پرسیاری ئەم سەدەیەیە.
وەڵامی ئەم پرسیارە وەک لە شمەکی ماڵەکانمان و تۆقینی کۆرۆنادا دەیبینین، چیدی لە ئێمەوە دوورنیە.

ماوتسی تۆنگ رێبه‌ری ئه‌فسانه‌یی چینییه‌كان


ئەم ڕۆژانە سەرقاڵی نوسینی توێژینەوەیەکم لە ژێر ناوی بەخێربێن بۆ سەردەمی چینی، لە لایەک هەتابێت زیاتر ئاشنا دەبم بە چین، لە لایەکی تر هەتابێت ئەم شارستانیەم لە لا ئاڵۆز دەبێت. چین، وڵات یان دەوڵەت یان گەل و نەتەوە نیيە، چین شارستانیەتێکە، بە هاتنەوەی ناچارمان دەکات پێی ڕابێین، چەمکی شارستانیەت چەمکێکی هەتا ئاستێک دژە لیبرالە، بەڵام کار بۆ چەسپاندنی دەکرێت.

ئێمە وەک خەڵکانێکی ژیاو لە پەراوێزی کۆمەڵێک شارستانێتیدا، خاوەن مێژو و ئەزمونێکی تاڵین لە گەڵ بەهێزەکاندا، ئایا چۆن خۆمان لە دووبارەبونەوەی هەمان مێژوو بە دوور بگرین لە گەڵ چینیەکاندا ؟ 
ڕۆژئاواییەکان وەک شارستانی باڵا لە سەدەی ڕابوردوو لە دونیای ئێمەدا، برینێکی وەهایان لە ئێمەدا دروستکرد، کە نەتوانین عاقڵانە لێیان تێبگەین. ئەمە لە دیداری کوردێک و هەر ڕۆژهەڵاتیەکی تردا زۆر بە ڕونی دیارە کاتێک ڕوبەڕوی ڕۆژئاواییەک دەبێتەوە، ئیتر ئەگەر ئەو ڕۆژئاواییە، کەسێکی هیچ لە بارا نەبوی بێ توانا بێت یان کەسایەتیەکی بە دەسەڵات. ڕۆژئاوا خۆی کارایانە هونەری بریندارکردن و زەلیلکردنی ئەویتر پیادە دەکات.
چینیەکانیش وەک ئێمە وەهان لەم بارەوە. ئەوانیش لە بەرامبەر ڕۆژئاواییەکاندا هەست بە کەمیی دەکەن، وەک ئێمە. بەڵام ئایا ئەمە دەیانکات بە برا یان هاوتای ئێمە؟ بە دیدی من نەخێر. وەک چۆن ئێرانیەکان و عەرەبەکان و تورکەکان ئیمپراتۆریانە لەگەڵ ئێمەدا مامەڵە دەکەن، چینیەکانیش خاوەن پاشخانێکی دێرینن لە ئیمپراتۆریەت. مامەڵەی ئیمپراتۆری یانی ماف بە خۆدان بە لە قاڵبدانی ژیان و ژیاری ئەویتر، بە سودی خۆت. ئیمپراتۆریەتەکان بەردەوام باس لە شارستانیەت دەکەن، نەک کەلتور.

چین شه‌رێكی قورس له‌گه‌ڵ كۆرۆنا ده‌كات


بۆ ئەوەی ئێمە هەمان هەڵەی مامەڵەی ڕوس و ئەوروپیەکان و ئەمریکا دووبارە نەکەینەوە، دەبێت هیچ نەبێت چەند وانەیەک لەو مێژوەوە فێربین. بەڵام ئەوەی ئێمە سەلماندومانە ئەوەیە کە توانای فێربونی وانەمان نیە. ڕەنگە کاک هێگڵ کە دەڵێت :"ئەوەی لە مێژوەوە فێر دەبین ئەوەیە کە لە مێژوەوە هیچ فێرنابین"، مەبەستەکەی ئێمە بێت.
بۆیە لە پێناو تێگەیشتن لە چین دەبێت لە پرسیارە سادەکانەوە دەست پێبکەین. چین لە کوێیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە جوگرافیادا نیيە، بەڵکو لە جیوپۆلەتیکدایە. چین لە نێوان وشکانی و ئاودایە. لەگەڵ هەردوو ناوەندەکەدا مێژویەکی تایبەتی هەیە، کە داڕێژەری جیوپۆلەتیکەکەیەتی. دەستنیشانکردنی جیوپۆلەتیکاڵ ئیمپەرەتیڤی چینی کاریگەری هەیە لە سەر ماڵی ئێمە.
لە دونیای ئێمەدا زۆر شت لە سەر ئەمریکا وتراوە و دەوترێت، بەڵام بە گشتی بە دەست چەند قەیرانێکی میتۆدۆلجیەوە دەناڵێنن: ئەو وتراوانە یان لە ڕوانگەی تیورەی پیلانگێڕین، یان لە ناخێکی بریندارەوە، یان پەرچەرکرداری شوناسی و یان ئیستیشراقی یان چەپێتی، کە هەمویان هەڵوێستن و هەڵوێست وەرگریش بەرهەمهێنی مەعریفە نیە. من دڵنیام هەمان شت لە گەڵ چیندا دووبارە دەکەینەوە.
بەخێربێن بۆ سەردەمی چین، بەخێربێن بۆ تراژیدیایەکی تر!!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ