دوا بەدوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەم دواییەی ئەفغانستان، ئەو وڵاتە چووە قۆناغێکی سیاسی نوێووە. چونکە ململانێکان هەر لەسەرەتاوە ململانێ بوون لەنێوان دوو بەرەی جیاواز لە ڕوئیاو ئاڕاستەی سیاسی، هەرچی بەرەی یەکەمە کە موحەمەد ئەشرەف غەنی سەرۆکایەتی دەکات، بەرەیەکی ڕوو بەخۆرئاوایەو بەرەی دووەم کە عەبدوڵا عەبدوڵا ڕابەرایەتی دەکات و پێشتر لەتالیبانەوە نزیک بوو، ڕوسیاو ئێران و تا ڕادەیەک تورکیا پشتیوانی دەکەن.
ئەشرەف غەنی بەر لەیازدەی سێپتەمبەر لەدەرەوەی وڵات بوو، بەڵام کەوتنی قەڵەمڕەوی تاڵیبان هەڵکشانی ئەستێرەی ئەوی بەدوادا هات. ساڵێک دوای گەڕانەوەی، واتە لەساڵی 2002 دا لە حکومەتەی حامید کارزایدا پۆستی ڕاوێژکاری وەرگرت. لێرەوە توانی یەکەمین هەنگاوەکانی خۆی بەرەو دەسەڵات بنێت. هەم لەسەر ئاستی ناوخۆو هەم لەدەرەوەش شوێن و پێگەی خۆی مەحکوم بکات و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی فراوان بکات. بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو دوای نەمانی حامید کارزای لەسەر دەسەڵات، ناوی ئەو بێتە ڕیزی پێشەوەی ئەو ناوانەی دەکرێت لەداهاتوی ئەفغانستاندا ڕۆڵیان هەبێت.
بەتەنیشت ئەویشەوە عەبدوڵا عەبدوڵا کە پێشتر پۆستی وەزیری دەرەوەی لە حکومەتەکەی کارزایدا هەبوو، هەروەها نزیکی"ئەحمەد شا مەسعود"ی نهیاری تاڵیبان بوو، لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2010 وە تاوەکو ئێستا بە نەیارێکی سەرسەختی ئەشرەف غەنی ئەژمار دەکرێت، لە نوێترین پێشهاتیشدا ململانێکانی نێوانیان بەرەو ئەوە هەڵکشان ئەفغانستان بکەن بە خاوەنی دوو سەرۆک کۆمار لەیەککاتدا.
هەڵبژادنە سەرۆکایەتیەکەی پێنج مانگ بەر لەئێستا، کە دەکاتە خولی دووەمی هەڵبژاردنەوەی ئەشرەف غەنی، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد، کاتێک کە عەبدوڵا عەبدوڵا دانی نەنا بە سەربەخۆیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و بەئەنجامەکانی قایل نەبوو. کە تیایدا غەنی توانی بووی 56 لەسەدی دەنگەکان بۆ خۆی مسەوگەر بکات.
بێگومان لە قوڵکردنەوەی ئەم دۆخە و نەگەیشتن بە ڕێکەوتن لەنێووان هەردوولادا، وڵاتانی خاوەن هەیمەنە لە ئەفغانستاندا ڕۆڵیان هەبووە. ئەگەرچی ئەمەریکا وەک نەرمی نواندنێک هەوڵیدا فشار بخاتە سەر ئەشرەف غەنی، تاوەکو نزیکەی پێنج هەزار کەس لە لایەنگرانی تالیبان ئازاد بکات. بەڵام ئەشرەف غەنی ئەم نەرمی نواندنەی ئەمریکای بەکارهێنا بۆ بەفەرمی ناساندنی خۆی و بەرانبەر بەوەش ڕەزامەندی نیشاندا بەئازاد کردنی ئەو ژمارە زیندانیە. ئەمەش عەبدوڵای هاندا خۆی لەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تاڵیبان هاتە ئاراوە دابماڵێت، تاوەکو نەکەوێتە ژێر باری ڕێکەوتنێک کە زیان بە خەونی بوون بەسەرۆک کۆماری ئەو بدات.
ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە داخۆ لەم تەنگەژە سیاسیەدا کاملا دواجار دەتوانێت جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست. داخۆ ئەشرەف غەنی دەتوانێت بەقورسایی و متمانە نێوو دەوڵەتیەکەیەوە شوێن بەعەبدوڵا عەبدوڵا لێژ بکات؟ هەیمەنەی ئەمریکاو خۆرئاوا جارێکی تر بەسەر ڕوسیادا لە ئەفغانستاندا بسەپێنێت. چونکە دواجار کەوتنی عەبدوڵا بەقازانجی ڕوسیا ناشکێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەشرەف غەنی لەڕووی پێگەی نێوودەوڵەتیەوە لەپێشترە لە عەبدوڵا عەبدوڵا، بەپێچەوانەوە لەناوخۆدا بەشێکی زۆر لەڕابەرانی وەکو کەریم خەلیلی و موحەمەد موحەقەق و عبدالرشید دۆستەم و سەرۆکی حیزبی نەتەوەیی ئەفغان "ئەنوەر ئەلحەق" کە کەسێکی پەشتۆییەو هاوزمانی ئەشرەف غەنییە، لەگەڵ عەبدوڵا عەبدوڵا دان. جگە لە بەشێک لە کەسایەتی و دەست ڕۆشتوانی ئۆزبەک و تاجیکیانی دانیشتوی ئەفغان، لە ئیالەتەکانی سەرپل و جوزجان و پەنجشیر و باغلانیشدا بنکەیەکی جەماوەری فراوانی هەیە.