"چاوەڕوان دەکرێت جەنگی سێیه‌می جیهانیى ڕووبدات"

هەژموونی ئەمریکا و چین.. سەدەی مردنی دیموکراسیەت

عه‌بدول محه‌مه‌د 2020.03.12 06:59 PM
1144 جار خوێندراوەتەوە

عه‌بدول محه‌مه‌د

رۆژنامه‌نووس
ئه‌زموونی 25 ساڵ نوسین و وه‌رگێران و رۆژنامه‌نووسیی
به‌كالۆریۆس له‌ راگه‌یاندن ـ زانكۆی سلێمانی

وه‌رگێرانی عه‌بدول محه‌مه‌د

تەلال ئەبوغەزالە "١" سەرۆکی دامەزراوەی کۆمەڵەی تەلال ئەبو غەزالە"٢" لە دیدارێکێکی تەلەفزیۆنیدا چەند ڕاستییەکی خستە ڕوو سەبارەت بە ساڵی ٢٠٢٠ و دەیەی داهاتوو، ئایا جیهان و هەژموونی ئەمریکا و چین چیان لێ بەسەر دێت و جیهان بەرەو کوێ دەبەن؟

* ئەو قەیرانە دژوارە ئابورییەی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ هەموانی تێدەکەوێت، لەو شێوانە دەبێت کە جیهان لە ساڵی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بەخۆیەوە دیووە.
* قەیرانەکە تێکەڵەیەکە لە (هەژاری و بێ بازاڕی)، هەروەها ساڵی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکاشە، کێشەی نێوان چین و ئەمریکا کێشەی گومرک و ئەم بابەتانە نییە، بەڵکو ململانێیەکە لەسەر ئەوەی کێ سەرکردایەتی جیهان بکات لە داهاتوودا.
* چاوەڕوان دەکرێت جەنگی سێهەی جیهان ڕووبدات، چونکە لە ئێستادا ئەمریکا تاکە زلهێزی جیهانە و سەرکردایەتی گۆی زەوی دەکات، بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابێت ئەو سەرکردایەتییە ڕادەستی چین بکات.
* ئەوەی ناوەندە شیکارییەکانی ئەمریکاش خوێندنەوەی بۆ دەکەن سەبارەت بە پێشکەوتنی تەکنیکی چین و گەشە ئابوریەکەی و ئەو هێزە خێراییەی کە لە چین بەڕێوەیە، پێیان وایە لە ساڵی٢٠٣٠ دا، واتە دەیەکی تر، کە بۆ جیهانی خێرایی ئەمڕۆ سبەینێیە، قەبارەی ئابوری چین دەبێتە دوو هێندەی قەبارەی ئابوری ئەمریکا.
* ئەم دۆخە مایەی شۆکە و ئەستەمە ئەمریکا ئەو واقیعەی پێ قبوڵ بکرێت، بۆیە بە بڕوای من کە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە دەکەم، ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی لەبەردەمدا نییە، جگە لە گۆڕینی ماشێنی تاکڕەوایەتی جیهانی کە خۆی سەرکردایەتی دەکات لە ئێستادا، بۆ جیهانێکی دوو لایەنە بە هاوبەشی لەگەڵ چین، لە بری ئەوەی نەوەک چین بە تەنها بەڕێوەی بەرێت، بە چ شێوەیەکیش دەگات بەو هاوبەشی بوونە، دەبێت چین ناچار بکات لەسەر یەک مێز کۆببنەوە بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستمێکی جیهانی تازە.

* قەبارەی داهات و وەبەرهێنانی ناوخۆیی ئەمریکا لە ئێستادا ٢٠ تریلیۆن دۆلارە، واتە "٢٠ هەزار ملیار" ، لە کاتێکدا قەبارەی بودجەی دەوڵەت ٤.٥ (چوار تریلیۆن و نیوە) بڕی کۆرتهێنان لە بودجەی ئێستای ئەمریکادا یەک تریلیۆن دۆلارە، بە واتای چارەکی بودجەکەیە، بە واتایەکی تر داهاتی ئەمریکا چوار تریلیۆن و نیوە، لە کاتێکدا خەرجی پێنج تریلیۆن و نیوە، بەو پێیەش قەبارەی کورتهێنانی بودجەی ئەمریکا یەک تریلیۆن دۆلارە، ئەوەش بە مانای هەزار ملیار دۆلار، ژمارەیەکی تۆقێنەرە و تێپەڕاندنی هەر وا ئاسان نییە، چونکە چەندین ساڵە کورتهێنان نەگەیشتووەتە ئەو قەبارەیە.

تەلال ئەبوغەزالە

 

* لە بەرامبەر ئەو ژمارە تۆقێنەرانەدا ڕێژەی گەشەکردنی ئەمریکا کەمترە لە ٢%، لە کاتێکدایە ڕێژەی گەشەی چین ٦%، بەو واتایەی من بە خێرایی شەش بڕۆم ئەوەی لە دوامەوەیە بە خێرایی ٢ بڕوات، دووری و بۆشاییەکە تەنها پێشکەوتن و جێهێشتن نییە، بەڵکو دووری پێشکەوتن و پێشڕەوییەکە گەورەیە، ئەوەش دوودڵی بۆ جیهانی دروستکردووە.
* لە ئێستادا قەبارەی بەرهەمی نەتەوەیی هەموو جیهان ٨٥ تریلیۆن دۆلارە، بەڵام قەبارەی قەرزی گشتی لە جیهاندا ٣٥٠ تریلیۆن دۆلارە، بە واتای جیهان قەرزارە بە نزیکەی ٣ هێندە و زیاتریش، لە ناو وڵاتانی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپادا نابێت قەبارەی قەرزی گشتی لە ٦٠% زیاتر بێت، بەو واتایەش جیهان لە ٣٠٠% قەرزارە، بە واتایەکی تر جیهان مایەپوچە، ئابوری جیهان مایەپوچە، بۆ زیاتر تێگەیشتن قەبارەی قەرزای گشتی سێ هێندەی بەرهەمی نەتەوەیی جیهان بێت، کەواتە ئێمە لە جیهانێکی مایەپوچدا دەژین.
* ئەوەی ئێستا پێی دەڵێین سیستمی دیموکراسی و گوایە جێگەی سیستمی سەرمایەداری گرتووەتەوە لە قۆناغی گیاننەڵادایە، ئەو سیستمی دیموکراسیەی کە داڕێژرا بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندی و یەکسانی نە لە جیهان و لە هیچ شوێنێکی تر سەرکەوتوو نەبوو، ئەو تاکە شوێنەی جیهان کە دیموکراسیەتی تەواوی بەدیهێناوە بریتییە لە فەزای(ئینتەرنێت)، چونکە کاتێک هەر تاکێکی ئاسایی دەچێتە ناو تۆڕی ئینتەرنێتەوە، من وەک هەر سەرۆکێکی جیهان یان هەر کۆمپانیەیەکی زەبەلاح دەچمە ناو ئینتەرنێتەوە، بیل گەیتس و کوڕەکەی من کاتێک دەچنە ناو ئینتەرنێتەوە هەمان مافی یەکسانیان هەیە، ئەم فەزایەش تێڕوانینێکی نوێی دروست کردووە لە لای لاوان، کە ئێمە بە هاووڵاتی ژمارەیەیی ناویان دەبەین.
* لە ئێستادا نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە سەرژمێرییەک بەڕێوە دەبات سەبارەت بە ژمارەی هاووڵاتی دیجیتاڵی (Digital citizen) نەک ژمارەی ئەوانەی خاوەنی سەرمایەن یان خوێندەوارن، بە واتای چەند هاووڵاتی لەم وڵاتە لە سەردەمی جیهانی دیجیتاڵی لە دایک بووە؟
ئێستا ئەوە بووەتە پێوەر بۆ پێشکەوتنی وڵاتان، هەر لەبەر ئەوەشە ئێمە لەبەردەم مردنی دیموکراسیەتین، چونکە چەندین نموونەی دیموکراسی دەبینین، چەندین نموونەی پێشکەش کردووە کەس لێی ڕازی نییە، کەواتە ئەم سیستم و دەسەڵاتە سیستمێکی دروست نییە.
*بۆی هەموان لەبەردەم جیهانێکداین بەم نزیکانە هەمووشتێک تیایدا گۆڕانکاری بەسەر دێت، گۆڕانکارییەکەش لە دەوڵەتی مەدەنیەوە دەبێت بۆ حکومەتی زانین و زانیارییەکان و پەی بردن بە شتەکان.

لەبەردەم ئەم گۆڕانکاری و پێشهاتانەدا دۆلار چی لێبەسەر دێت؟
* دۆلار چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی جیهانیش دەبێت ئەوە قبوڵ بکات و ئەو دراوە سەوزە بەردەوام بێت و بەهای بمێنێتەوە، دەبێت دوو زەبەلاحەکە (ئەمریکا و چین)، لەسەر دراوێکی نوێ ڕێکبکەون، چونکە ئەگەر فشار بکرێت بۆ سەپاندنی دراوێکی دیکە جگە لە دۆلار، ئەوا سیستمی دارایی و ئابوری جیهان بە تەواوی هەرەس دەهێنێت، بۆیە دۆخی ئێستای جیهان وا دەخوازێن لەسەر سیستمێکی نوێ ڕێکبکەون.
* لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهۆی هۆشیاری و هۆشمەندی تەکنییکییەوە، چیتر دەرمان لە دەرمانخانەکاندا نامێنێت، مرۆڤ پێویستی بە سەردانی پزیشک و دەرمانخانە نابێت، چونکە نەخشەی بۆهێڵەکانت (جینەکان) لە ناوەندێکی زانستی دەپارێزرێت و لەسەر ئەو بنەمایە دەرمان و چارەسەرەکانت پێشکەش دەکات و بۆتی دابین دەکات.
* لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕەنگە ساڵێک بخایەنێت، ئەو قۆرغکارییە نامێنێت و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت بۆ سەرانسەری گۆی زەوی بە بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێت، بەشێوەیەک چۆن ئێستا پیادەڕەوی بە شەقامەکان بەخۆڕاییە، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتیش وای لێ دێت، جیهان بەرەو شتێکی زۆر جیاواز دەڕوات، چیتر ئەو قسەیە ئەرزشی نەماوە کە فەزا و بۆشایی ئەو پێناسەیە بێت کە ئەمریکا دەیکرد، بەڵکو ئێستا فەزا و مرۆڤ تێکەڵبوون، چونکە بەهۆی هۆشەمەندی تەکنیکییەوە مرۆڤ بووەتە بەشێک لەو فەزایە...

تەلال ئەبوغەزالە و شا سه‌لمان

"١" تەلال ئەبوغەزالە لە شاری (یافا)ی فەلەستین لە ساڵی ١٩٣٨ دایک بووە، لە ساڵی ١٩٤٨ لە ڕوداوەکانی ئەو کاتەی فەلەستین ئاوارەی لوبنان بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەوێ تەواو کردووە، دواتر زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت تەواوکردووە، بەهۆی زیرەکییەوە ئۆفەری خوێندنی تەواوەتی تیا وەرگرتووە، لە ساڵی ١٩٦٩وە لە بواری مافی نوسەرایەتی (الملکیه‌ الفکریه‌) و ژمێریاری کاریکردووە، دواتریش دوو کۆمپانیای تایبەت بەو دوو بوارە دامەزراندووە، دەستی هەبووە لە ١٤٠ کۆمپانیای دابینکردنی خزمەتگوزاری (ڕاهێنان)ی تایبەتمەند لە بوارە جیاجیاکانی ئابوری و یاسایی و تەکنیکی.
چەندنی کۆمپانیای دامەزراندووە کە بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کاریانکردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ نەتەوە یەکگرتووەکان وەک سەرۆکی (هاوپەیمانی جیهانی بۆ تەکنەلۆژیای زانیارییەکان و پەیوەندی و گەشەپێدان)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکردووە.
ئەگەر ویستان زیاتری لەسەر بخوێننەوە ناوەکەی لە وێبگەڕی گۆگڵ بنووسن.

"٢" پێکهاتووە لە کۆمەڵەیەک لە کۆمپانیای جیهانی گرنگ و پڕ بایەخ، خزمەتگوزاری پیشەیی و بەکاربردن لە بوارەکانی ژمێریاری و ڕاوێژکاری ئیداری و گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ڕاهێنان و فێرکردنی مافی نوسەرایەتی (الملکیه‌ الفکریه‌) و خزمەتگوزاری یاسایی و تەکنەلۆژیای زانیارییەکان و دامەزراندن و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوە و دابەشکردن پێشکەش دەکات، نازناوی فەرماندەی ژمێرەیی عەرەبیی لێنراوە..


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ