كه‌یوان نورى
به ته‌نها له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا (١٦) جار له فه‌ره‌نسادا وشکه‌ساڵی سه‌رتاسه‌ری ڕووده‌دات، ئه‌مه جگه له وشکه‌ساڵیه ناوچه‌ییه‌کان. له‌گه‌ڵ هه‌رجارێکی ئه‌و وشکهساڵیانهدا گرانی سه‌رهه‌ڵده‌دات، به دروست بوونی گرانی زۆرینه‌یه‌ک توانای کڕینی نان یاخود گه‌نم له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به له‌ده‌سدانی توانای کڕین برسێتی سه‌رهه‌ڵده‌دات، به درێژه‌کێشانی برسێتیش جه‌سته لاواز ده‌بێت، جه‌سته‌ی مرۆڤیش له‌گه‌ڵ له‌ده‌ستدانی توانای به‌رگری له‌به‌رده‌م هۆکاره ده‌ره‌کیه زیانبه‌خشه‌کان هه‌ر ساتێک له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌خۆشیدایه، هاتنی نه‌خۆشیه‌کانیش به‌تایبه‌ت له‌و قۆناغه مێژوویه که سیسته‌می ته‌ندروستی لاوازه ته‌نها به هه‌ژاران یاخود به برسیه‌کانه‌وه ناوه‌ستێت و به‌رۆکی ئه‌وانه‌ش ده‌گرێته‌وه که تێرن(هه‌ڵبه‌ت پێش له کۆنترۆڵی نه‌خۆشیه‌که به‌شێک له تێره‌کان له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات).
سباستیان میرسیه له ساڵی (١٧٧٠)دا ده‌نوسێت: (ئه‌وه سێیه‌مین زستانه له‌سه‌ر یه‌ک که نان له فه‌ره‌نسادا ده‌گمه‌نه. له ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا نیوه‌ی گوندنشینان پێویستیان به خێر و هاوکاری گشتی هه‌بووه، ئه‌مساڵ که‌وگیری هه‌موان ده‌دات له بنی قابلهمهکانیان، هه‌موو ئه‌وانه‌ی که تا ئێستا به فرۆشتن که‌له‌وپه‌لی ناوماڵی خۆیان ژیاون، ئیدی شتێکیان نیه بۆ فرۆشتن).
له ئه‌وروپای ئه‌و قۆناغه مێژوویەی سباستیان مێرسیهدا هێشتا کۆمه‌ڵگا به‌جۆرێک کۆیله و وابه‌سته‌ی زه‌وی و گه‌نم بوون، به‌تایبه‌تیش بۆ کیشوه‌ری ئه‌ورپا که مێژوویه‌کی درێژه گه‌نم نزیک به نیوه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌یان پێکده‌هێنێت. وه‌ک چۆن بۆ کۆمه‌ڵگای ئه‌مریکا زه‌ڕات نزیک به نیوه‌ی ژیانیانی پێک ده‌هێنا و کۆمه‌ڵگاکانی باشوور و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا برنج ئه‌و پێگه خوراکیهی لای دانیشتوان هه‌بووه، به هامان شێوه بۆ به‌شێکی گه‌وره‌ی ئاسیا و ئه‌ورپا و ئه‌فریقا گه‌نم هه‌م ژیان به‌خش بووه هه‌م هۆکاری مه‌رگ. قه‌یرانه‌کان و گرانبوونی گه‌نم به‌زۆری وابه‌سته‌ی هۆکاره سروشتیه‌کانه به‌تایبه‌ت له ناو شێوازی به‌رهه‌مهێنانی فیود‌اڵیزم که هێزه سروشتیه‌کان به‌ڕاده‌ی ئه‌مڕۆ نه‌که‌وتبوونه ژێر هه‌ژموونی زانست و ته‌کنه‌لۆژیا، هه‌روه‌ها جگه له کاریگه‌ریه سروشتیه‌کان له‌سه‌ر گه‌نم و ژیانی ئینسانه‌کان گه‌لێک هۆکاری دیکه هاوکاربوون بۆ زیاترکردنی کاریگه‌رییه وێرانکهرهکانله کاتی ڕوودانی وشکهساڵیهکاندا که خۆیان ده‌بینیه‌وه له چه‌وساندنه‌وه‌ی فیوداڵه‌کان و قۆرغکاری بۆرژوازی تازه‌پێگه‌یشتوو و که‌می و سه‌ختی ڕێگای هاتوچۆ و ئامرازه‌کانی هاتوچۆ، هه‌روه‌ها لاوازی بازاڕی جیهانی و بازرگانی نێوده‌وڵه‌تی له قۆناغی هه‌ژموونی فیوداڵیزمدا.
سباستیان میرسیه له‌سه‌روه‌ختی پازده‌یه‌مین وشکه‌ساڵی و له‌ژێر کاریگه‌ری برسێتی و نه‌خۆشی و مه‌رگدا دیسان ده‌نوسێت:( گه‌نم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان تێر ده‌کات، بکوژی مرۆڤه‌کانیشه- ئه‌م قسه‌یه بۆ برنج و زاڕاتیش هه‌ر ڕاسته). بۆیه له‌سه‌روه‌ختی قه‌یران و وشکه‌ساڵیه‌کانی فه‌ره‌نسادا گه‌نم هێنده گیرفانی پڕ ده‌کرد سفره‌ی پڕ نه‌ده‌کرد، به‌تایبه‌ت بۆ جوتیارانی هه‌ژار و کرێکارانی شار و گونده‌کان. له‌و قۆناغانه‌دا گه‌نم بۆ هه‌ژاران زیاتر وه‌ک کاڵایه‌کی ته‌جه‌مولی ده‌هاته ئه‌ژمار، هه‌ندێ کاتیش ته‌نها له بۆنه تایبه‌ته‌کاندا ده‌خورا یان ته‌نها بۆ مناڵی بچوک که توانای خواردنی جۆ یان جۆی دوسه‌ر یان نه‌بووه.
کۆمه‌ڵگای ئه‌ورپا و به تایبه‌ت فه‌ره‌نسا مێژوویه‌کی درێژ پێش له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م ده‌ست و په‌نجه‌یان له‌گه‌ڵ وشکه‌ساڵی و گرانی و برسێتی و نه‌خۆشی و مه‌رگدا نه‌رم کردبوو، به‌ڵام چونکه سیسته‌مه کۆنه‌که دووگیان نه‌بوو به سیسته‌مێکی نوێ هێشتا فیود‌اڵیزم درێژه‌ی به ژیانی خۆی ده‌دا. به‌ڵام سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌م جیاواز له سه‌ده‌کانی پێش خۆی، ئیدی سیسته‌مه‌که دووگیان بوو به سیسته‌م و کۆمه‌ڵگایه‌کی نوێ. بۆرژوازی شۆڕشگێڕی ئه‌و زه‌مه‌نه له‌دووی ده‌رفه‌ت ده‌گه‌ڕا تا سیسته‌مه کۆنه‌که له ڕیشه‌وه هه‌ڵته‌کێنێت.
بۆرژوازی شۆڕشگێڕی سه‌ده‌ی هه‌ژده به هاوکاری و پشتیوانی جوتیارانی هه‌ژار و کرێکارانی شار وه‌ک چینێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی له شازده‌یه‌مین وشکه‌ساڵیدا و له‌پاش گرانی و برسێتی و له پێش سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشی و مه‌رگی به‌کۆمه‌ڵی برسیه‌کان له ساڵی(١٧٨٩)دا توانیان له پاریسه‌وه فیود‌اڵیزم له ڕه‌گوڕیشه‌وه هه‌ڵبکێشن و سیسته‌مێکی نوێ بنیات بنێن که سیسته‌می سه‌رمایه‌داری بوو. فه‌ره‌نسا یه‌که‌مین گورزی له فیود‌اڵیزم وه‌شاند و به‌دوای ئه‌ویشدا ناوچه‌کانی دیکه‌ی جیهان، که ئه‌م گۆڕانکاریانه نزیک به دووسه‌د ساڵی ویست تا گه‌یشته عێراقی ئێمه.
له پاش ئه‌وه‌ی پاریسیه‌کان سیسته‌می نوێیان جێگیر کرد ئیدی بۆرژوازی له هێزێکی شۆڕشگێڕه‌وه ده‌بێته هێزێکی کۆنه‌پارێز و پارێزه‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، چونکه بوونی وه‌ک چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وابه‌سته‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌یه. به هه‌مان شێوه‌ی یاخیبوون و شۆڕشه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی ناو سیسته‌می فیود‌اڵیزم له ته‌واوی مێژووی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری نوێشدا سه‌دان هه‌زار یاخیبوون و ڕاپه‌ڕین، هه‌زاران شۆڕش لێره‌و له‌وێ ڕوویانداوه، به‌ڵام هێشتا بۆرژوازی کۆنه‌پارێز به‌رگری له برسێتی زۆرینه‌یه‌ک ده‌کات له‌پێناو تێربوونی که‌مینه‌یه‌ک. به‌ڵام به‌رگریکردنی چه‌نده به‌هێزبێت ناتوانێت ڕێگه له جوڵه‌ی دیالیکتیکی مێژوو بگرێت. ئه‌م سیسته‌مه دوگیانه به سیسته‌مێکی نوێی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌کرێت دوابخرێت، به‌ڵام ڕێگه له له‌دایکبونی ناگیرێت. ده‌زانین که برسێتی ڕێگه خۆشکه‌ری یه‌کێک له هه‌ره گه‌وره‌ترین گۆڕانکاریه مێژوویه‌کانه که تا ئێستا مرۆڤایه‌تی پیایدا تێپه‌ڕیبێت. به‌ڵام ده‌بێت له یادمان نه‌چێت که بۆرژوازی له کۆتای سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌مه‌وه ڕۆژ به‌ڕۆژ زیاتر گه‌شه‌ی کردبوو، به‌جۆرێک توانیبووی به‌شی زۆری ئامرازه‌کانی به‌رهه‌مهێنان له‌ژێر چنگی فیوداڵه گه‌وره و بچوکه‌کان ده‌ربهێنێت، هه‌روه‌ها به شۆڕشه به‌رده‌وامه‌کانی فیوداڵیزمی نزیک له مه‌رگ کردبوویه‌وه و توانیبووی که‌م تا زۆر (ئه‌گه‌ر به کڕینی پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیش بێت) ده‌ستی به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بگات و له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و له دژی سیسته‌مه‌که به‌کاری بهێنێت.
لێره‌دا نامه‌وێت بڵێم هه‌ژاری، برسێتی و نه‌خۆشی ده‌توانێت ببێته هۆکاری گۆڕانکاری ئه‌م سیسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تیه. به دڵنیاییه‌وه ئه‌م سیسته‌مه له مێژووی خۆیدا گه‌لێک به‌ربه‌ستی گه‌وره‌تری بۆ دروست بوون و تێیپه‌ڕاندوون، ده‌شتوانێت به‌سه‌ر په‌تای کۆرۆنادا زاڵ ببێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناتوانێت به‌سه‌ریدا زاڵ ببێت هه‌ژارییه که خودی سیسته‌مه‌که له‌سه‌ری ده‌ژی، به مانایه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێک هه‌بێت ده‌بێت چه‌ندین هه‌ژار هه‌بن. به‌ڵام کێشه گه‌وره‌که‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه که چیتر ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی به هه‌ژارخستنی چه‌ندین که‌س تێر نابن، به‌ڵکو هه‌ژارخستنی کۆمه‌ڵگایه‌ک یان کیشوه‌رێک تێریان ناکات. هه‌ر بۆیه له هیچ قۆناغێکی مێژووی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا هێنده‌ی ئه‌م ٣٠ ساڵه‌ی نیولیبراڵیزم سه‌رمایه له‌لایه‌ک که‌ڵه‌که نه‌بووه و هه‌ژاری و برسێتیش له‌لایه‌کی تر.
لاوازبوونی ده‌وڵه‌ت هێنده‌ی دیکه که‌لێن و درز یان باشتر بڵێین دژیه‌کی نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاری زیاتر کردووه، ده‌وڵه‌ت هه‌رچه‌ند ئامرازی چینی باڵاده‌ست بووه، به‌ڵام هێشتاش له هه‌ندێ هه‌لومه‌رجدا ئه‌گه‌ر بۆ ڕزگارکردنی سیسته‌مه‌که‌ش بووه توانیویه‌تی داهات و سامانی کۆمه‌ڵگا به جۆرێکی دیکه دابه‌ش بکاته‌وه، له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه که‌مێک ئه‌و درز و که‌لێنه‌ی که‌م کردۆته‌وه، به‌ڵام له قۆناغی نیولیبراڵیزمدا ده‌وڵه‌ت هێنده لاواز و بچوک ده‌کرێته‌وه تا ئه‌و ئاسته‌ی که ئاده‌م سمیت پێی ده‌گوت (پارێزه‌ری شه‌و)، هه‌رچه‌ند له‌کاتی پێویستدا ٢٤ سه‌عاتی ته‌داخولی کردووه، به‌ڵام ته‌نها له خزمه‌ت سه‌رمایه‌دا.
ئه‌مڕۆ چیتر وه‌ک چۆن سه‌رمایه‌داری به جیهانی بووه، هه‌ژاریش به هه‌مان شێوه چیتر ناوچه‌ی نیه، به‌ڵکو ته‌واو جیهانییه. هه‌ر ئه‌م به جیهانیبوونه‌ی هه‌ژاری گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه بۆسه‌ر خودی سیسته‌مه‌که و به هیچ میکانیزمێک ناتوانێت چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه، چونکه سیسته‌مه‌که له‌سه‌ر بنه‌مای نادادپه‌روه‌ری بنیات نراوه. وه‌ک مارکس ده‌یگوت له مێژووی ئه‌و سیسته‌مه‌دا بۆرژوازی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاوی ناوه به‌ڵام ڕوو یاخود چاوی هه‌میشه له دواوه بووه، تا چاره‌سه‌ری قه‌یران و گرفته‌کانی ئه‌مڕۆ له دوێنێدا بدۆزێته‌وه. سیزیف به ئاوڕدانهوهیک ئه‌وه‌ی بۆی گه‌ڕابوویه‌وه له‌ده‌ستی ده‌دات، به‌ڵام بۆرژوازی به ئاوڕدانه‌وه‌کانی ده‌توانێت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی بیپارێزێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه تا سه‌ر نیه. سیزیف مه‌حکوم به ئاووڕنهداتهوه بوو، به‌ڵام بۆرژوازی سیزیفێکی مه‌حکوم به ئاوڕدانه‌وه‌ی ئه‌به‌دییه!. بۆیه بۆرژوازی ته‌نها ڕێگه‌یه‌ک بۆی ماوه‌ته‌وه تا له‌م قه‌یرانه ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی سیسته‌مه‌که ڕزگاری ببێت به‌هێزکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته به فۆرمێکی نوێ ئه‌وه‌ی که ئابووریناسانی سیاسی ناوی ده‌نێن (نیوکینزی).
به کورتی هێزه‌کانی به‌رهه‌مهێنان هێنده گه‌وره بوون که بۆرژوازی ناوچه‌ی و جیهانی نه ده‌زانێت و نه ده‌توانێت کۆنترۆڵیان بکات، کاتێکیش مرۆڤ نازانیت چۆن هێزێک کۆنترۆڵ ده‌کرێت، به دڵنیاییه‌وه ناشزانێت چۆن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و سیسته‌مه‌که‌ی به‌کاری بهێنێت.