ناوه‌نده‌ پزیشكییه‌ گه‌وره‌كانی جیهان چی ده‌ڵێن ؟

ئایا كۆرۆنا په‌یوه‌ندیی به‌ پله‌ی گه‌رماوه‌ هه‌یه‌ ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.03.25 04:52 PM
1094 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

یادگار عه‌لی ـ مامۆستای زانكۆ
ئەنجامی زۆرینەی ئەو توێژینەوە یاخود كارە زانستیانەی لەلایەن زانایانی بواری ڤایرۆس لە زانكۆ جیاجیاكانی جیهان ئەنجام دراون، دەریانخستوە جیاوازی پلەی گەرمی پەیوەندی بەڕادەی سستبوون یاخود چالاكبوون و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی کۆرۆناوە هەیە، لە خوارەوە تەنها ئەنجامی چەند كارێكی زانستی دەخەینەڕوو:
- تیمێكی پزیشكی بایۆلۆجی ڕووسی توێژینەوەیەكیان ئەنجامداوە و لەسەر ماڵپەڕی (medRxiv) بڵاویانكردوەتەوە، تەئكید دەكەنەوە بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی، ڤایرۆسی كۆرۆنا چالاكییەكانی بەرەو سستی دەچێت.
- كۆمەڵێك لەزانایانی (پەیمانگه‌ی ماساتشوستس) لە ئەمەریكا توێژینەوەیەكی شیكارییان ئەنجامداوە، بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكە كە ڕۆژنامەی (نیۆرك تایمز) بڵاویكردوەتەوە: زۆربەی حاڵەتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو شوێنانە بووە كە پلەی گەرمی تێیاندا لەنێوان (3 – 7) پلە بووە. 
هەروەها سەرنجی ئەوە دراوە تا ئەم كاتە ڤایرۆسەكە لەو ناوچانە زۆر چالاك نەبووە كە ئاوهەوایان ئیستیوائییە و دەكەونە نیوە گۆی باشور و پلەی گەرمیان لە سەرو (18) پلەی سەدییەوەیە، ئەو ناوچانە تەنها (6%) ڕێژەی گشتی توشبوانیان لەسەر ئاستی جیهان پێكهێناوە.

توێژه‌ره‌ پزیشكییه‌كان ده‌ڵین كۆرۆنا به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی چالاكییه‌كانی سست ده‌بێت

- (تۆماس بیتشیمان) زانای بواری ڤایرۆسات لە ناوەندی توێژینەوەی ڤایرۆس، پێیوایە: تەنها بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گەرەنتی لە ناوبردن یان سنورداركردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات، چونكە ئەم پەتایە، هەروەك ئەنفلەوەنزای ئاسایی وایە، لە كۆتایی وەرزی زستان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، چونكە لە چینێكی چەور پێكهاتووە و زۆر بەرگەی گەرما ناگرێت، ئەوەندەی ئەزموونمان لەگەڵ ئەمجۆرە ڤایرۆسانەدا كردبێت ئەوەیە كە بە بەرزبونەوەی خێرای پلەی گەرمی ئەمانیش بەرەو تێكشكانی خێرا دەچن.
- زانایانی (زانكۆی میریلاند) لە ئەمەریكا توێژینەوەیەكیان لەسەر پەیوەندی نێوان بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەگەڵ تایبەتمەندی كەشوهەوای ئەو ناوچانەی تێیدا بڵاودەبێتەوە ئەنجامداوە، گەیشتون بەچەند ئەنجامێك، لەوانە:
ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی چڕ لەو ناوچانە بڵاودەبێتەوە كە دەكەونە ناوچەی هێڵی پانی (30 و 50) و پلەی گەرمی لەوناوچانە لەنێوان (5 – 11) پلەی سەدییە و ڕادەی شێ تێیاندا (47% و 79%)، ئەم ناوچانەش بە جەرگەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە دادەنرێن، بەپێچەوانەی ئەو ناوچانەی پلەی گەرمیان بەرزە، بۆ نمونە لە تایلەند تەنها (80)حاڵەت، لە ڤێتنام (47) حاڵەت و لە كەمبۆدیا (7) حاڵەت تۆماركراوە، كەچی لە وڵاتی میانمار هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە، هەمووشیان دراوسێی وڵاتی چینن.

 ئومێدی ئەوە هەیە هەر لەگەڵ گەیشتن بەوەرزی هاوین ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بكات

- توێژەرانی زانكۆی (قوانجتشسو) لە چین جەخت لەوە دەكەنەوە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پلەی گەرمی (8.72) زۆر بە باشی توانای گواستنەوەی هەیە.
- هەروەها زانایانی زانكۆی (تسینجەهوا) لە پەكینی پایتەختی چین بە پشتبەستن بەداتاكانی ناوەندیی چین بۆ بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی و چارەسەر، كۆكن لەسەر ئەوەی كاتێك پلەی گەرما و شێ‌ نزم دەبنەوە، تووشبون بە نەخۆشییەكە زیاتر دەبێت، وەك لەوەی كە پلەی گەرمی و ڕادەی شێ‌ بەرزترن، لەبەرئەوەی ئومێدی ئەوە هەیە هەر لەگەڵ گەیشتن بەوەرزی هاوین، ڕێژەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بەشێوەیەكی بەرچاو كەم بكات.
- بەپێی وتەی (تانگ تشین – توێژەر لەكۆمەڵەی پزیشكانی چین) بۆ ڕۆژنامەی (چاینا تودەی)، تاپلەی گەرمی بەرزبێتەوە، ڤایرۆسی كۆرنا چالاكی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، هەروەها پلەی گەرمی (56)، باشترین پلەیە بۆ ئەوەی ڤایرۆسەكە بە تەواوی تێكبشكێت.

*زانیارییەكان لەچەند سەرچاوەیەكەوە وەرگیراون و وەرگێڕدراون.



دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ