له ئه‌مرۆدا، هه‌موو شتێك ڕه‌نگ و بۆنى كۆرۆناى گرتووه، دۆژمنێكى نه‌ناسراو و نادیار به جۆرێك كه‌وتووه‌ته گیان مرۆڤایه‌تییه‌وه كه له ئێستادا زیاتر له 3 ملیار مرۆڤ له ماڵه‌كانى خۆیان دا كه‌ره‌نتین كراون، زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س هه‌ڵگرى ئه‌م ڤایرۆسه‌ن و له‌و ڕێژهیهس زیاتر له 50 هه‌زار و 500 كه‌س مردووه، ئه‌وانه‌شی به ته‌ندروستییه‌كى باشه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه و پاكبوونهوهتهوه له‌م ڤایرۆسه ژماره‌یان نزیكه‌ى 210 هه‌زار كه‌س زیاتره، ئه‌م ڤایرۆسه له 170 وڵات‌دا تۆماركراوه و به‌رده‌وامه له بڵاوبوونه‌وه.
هه‌موو جیهان به دواى وه‌ڵامى ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن كه‌ى ئه‌م ڤایرۆسه سنوردار ده‌كرێت؟ ژیان كه‌ى و به چ شێوه‌یه‌ك ئاسایی ده‌بێته‌وه ؟ ناوه‌نده زانستى و پزیشكییه‌كان هه‌میشه له هه‌وڵ و كۆششی به‌رده‌وام دان بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رمان و ڤاكسینى كۆرۆنا، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێك ده‌رمانى دژه كۆرۆناى به‌رهه‌م نه‌هێناوه و پزیشكان ده‌ڵێن ئه‌مه كارى چه‌ند ڕۆژ و چه‌ند هه‌فته نییه به‌ڵكو چه‌ندین مانگ و ڕه‌نگه ساڵى پێویست بێت، هه‌ندێك له پسپۆڕان له‌و باوه‌ڕه‌دان ڤایرۆس چاره‌سه‌رێكى هه‌میشه‌یی نییه و ئه‌گه‌ر هه‌بوایه ئه‌نفلۆنزا ساڵانه ئه‌و ژماره زۆره‌ى له مرۆڤ نه‌ده‌كوشت.
به هه‌رحاڵ، ڕۆژگارێك دێت كۆرۆنا ببێت به نه‌خۆشییه‌كى چاره‌سه‌ركراو و سه‌ڵته‌نه‌تى كۆرۆناش كۆتایی بێت، به‌ڵام پرسیارى ئێستا له‌سه‌ر جیهانى دواى كۆرۆنایه! پێموایه ئه‌و وته‌ى ئه‌نگێلا مێركڵ كه ده‌ڵێت " له دواى جه‌نگى جیهانیى كۆرۆنا گه‌وره‌ترین مه‌ترسیی و ئاڵنگارییه بۆ سه‌ر ئه‌ڵمانیا" ده‌بێت گشتگیر بكرێت بۆ سه‌ر هه‌موو وڵاتانى جیهان.
جیهان له پاش جه‌نگى دووه‌مى جیهانى تائێستا ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى له‌م چه‌شنه نه‌بووه‌ته‌وه، ترسی مێركڵ ته‌نها ئاڵنگاریى ته‌ندروستى و پزیشكیى نه‌بووه به‌ڵكو زیاتر ترسی له دۆخى پڕ ئاڵۆزى ئابوریى و سیاسیی ئێستا و پاش كۆرۆنا بووه.
له‌ئێستادا خهمڵاندنێكى گشتى بۆ ڕێژه‌ى زیانى ئابوریى له‌سه‌ر ئاستى جیهان نییه، به‌ڵام له كه‌رتى گهشتوگوزاریى، به‌پێى ڕاپۆرتى ئه‌نجومه‌نى سه‌ردان و گه‌شتوگوزارى جیهان (WTTC) زیاتر له 2 هه‌زار ملیار دۆلار زیان به‌ر كه‌رتى گهشتوگوزاریى كه‌وتووه و نزیكه‌ى 75 ملیۆن كه‌س له‌سه‌ر ئاستى جیهان و ته‌نها له كه‌رتى گهشتوگوزاریى پیشه‌ى خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نها لایه‌نێكى ئابورییه و به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه كۆرۆنا چ به‌ڵایه‌كى به‌سه‌ر ئابوریى جیهان هێناوه و چۆن به‌ره‌و هه‌ڵدێرى ده‌بات.
ئه‌گه‌ر كۆرۆنا تاچه‌ند مانگێكى تر به‌رده‌وام بێت، ڕه‌نگه جیهان دوچارى گۆڕانكارییه‌كى جیۆستراتیژی و جیۆپۆله‌تیكى قوڵ ببێته‌وه و دۆخى سیاسی جیهان هاوشێوه‌ى ئاڵۆزیيه جیۆپۆلهتیكییهكانى دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى لێ ده‌كات.
ئه‌وه‌ى له ئه‌مڕۆدا تێبینى ده‌كرێت، ئه‌وه‌یه جیهانى سه‌رده‌مى كۆرۆنا هاوشێوه‌ى قه‌یرانى ئابورى 1929ى سه‌ده‌ى بیسته‌م خۆى نمایش ده‌كات كه یه‌كه‌مین هه‌نگاوى له 24ى ئۆكتۆبه‌رى 1929 له ئه‌مریكا ده‌ركه‌وت، ڕۆژێك كه به پێنجشه‌مه‌ى ڕه‌ش ناسێنرا و ئابوریى ئه‌مریكا كه‌وته سه‌ر سكه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و چه‌ند ساڵێك به‌رده‌وام بوو، له‌م رۆژه‌دا بۆرسه‌ى ئه‌مریكا توشی دابه‌زینى به‌رچاو و ڕوخێنه‌ر بوویه‌وه، بازاڕى دارایی ئه‌مریكا له ماوه‌ى پێنج رۆژ و له 29ى ئۆكتۆبه‌رى 1929 واته سێشه‌مه‌ى ڕه‌ش، خراپترین پێوه‌رى تۆمار كرد.
دابه‌زینى بۆرسه‌ى ئه‌مریكا، شكستى بانكه‌كانى به‌دواى خۆیدا هێنا و لێكه‌وته‌ى ئه‌مه‌ش بازرگانى جیهانى له جوڵه خست و كارگه و پرۆژه پیشاسازییهكانى له جیهان به تایبه‌تى له ئه‌وروپا وه‌ستاند و گه‌وره‌ترین قه‌یرانى ئابوریى سه‌ده‌ى بیسته‌مى به‌دواى خۆیدا هێنا به ناونیشانى (كورتهێنانى گه‌وره - The Great Depression)، به ده‌ركه‌وتنى فرانكلین رۆزڤێڵت له ساڵى 1933 به چه‌ند چاكسازییه‌كى ئابوریى، توانى زنجیره‌ى كورتهێنانى گه‌وره له ئه‌مریكا بپچڕێنێت و بنچینه‌یه‌كى ئابوریى به ئاراسته‌ى گه‌شه‌كردن دابڕێژرێته‌وه، به‌ڵام قه‌یرانى ئابوریى جیهان و ئه‌وروپا به‌رده‌وامى هه‌بوو تاوه‌كو له ئه‌نجامدا چه‌ند ڕژێمێكى دیكتاتۆرىی وه‌ك نازیه‌ت له ئه‌ڵمانیا و فاشیزم له ئیتالیا ده‌ركه‌وتن و هۆكارى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى بوون.
ئادۆڵف هیتله‌ر و مۆسۆلینى به به‌ڵێنى كۆتایی هێنان به‌م قه‌یران گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات و جه‌نگێكى خوێناوییان به‌رپا كرد و پاش ئه‌و جه‌نگه‌ش جیهان سیسته‌مێكى نوێی به‌خۆیه‌وه بینى.
له ئه‌مڕۆدا كۆرۆنا، قه‌یرانى دارایی و ئابوریى دروستكردووه و پاشان به دابه‌زینى نرخى نه‌وت و ئاڵۆزیى و سستى سیسته‌مى ئابوریى جیهان و وه‌ستانى كارگه و پرۆژه پیشهسازاییهكان، ئاڵوگۆرى وێرانكه‌ر به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت، له كاتێكدا شكست و قه‌یرانى ئابورى ئێستا زۆر قورستره له كورتهێنانى ئابوریى ساڵى 1929.
بۆیه ده‌كرێت بپرسین ئه‌گه‌ر كورتهێنانى گه‌وره‌ى ئابوریى 1929، دیكتاتۆرێكى وه‌ك هیلته‌ر و مۆسۆلینى دروستكرد و بووه هۆى به‌رپابوونى جه‌نگى دووه‌مى جیهانیى، ئه‌ى قه‌یرانى كۆرۆنا كێ دروست ده‌كات و چی به‌رهه‌م ده‌هێنێت له كاتێكدا كورتهێنانى ئابوریى و شكستى بازرگانى نێوده‌وڵه‌تى قه‌باره‌كه‌ى ده‌یان جار زیاتر و كاریگه‌رتره؟
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه‌یه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سیسته‌مى سیاسیی دواى كۆرۆنا له نێوخۆى وڵاتانه‌وه بهگۆڕانكاریى ئاڵۆز ده‌ست پێبكات، له زۆربه‌ى وڵاتانى رۆژهه‌ڵات و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئه‌فریقا، گۆڕانكارییه‌كان به دواكارى خواردن و به‌رهه‌م و ئازادیى ده‌بێت، له وڵاتانى خۆرئاواش به دواكارى سنورداركردن و كۆتایهێنان به سیستمى لیبرالیزمى نوێ و سه‌رمایه‌داریى و هه‌روه‌ها به سێنتراڵكردنى مرۆڤ بێت.
كۆرۆنا له كاتێكدا باڵى به‌سه‌ر جیهاندا كێشاوهكه كه ڕاستگه‌رایی، پۆپۆلیزم و ناسیۆنالیزم له‌سه‌ر ئاستى جیهان له‌م چه‌ند ساڵه‌ى كۆتایی له گه‌شه‌كردندا بوون، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نائاماده‌یی وڵاتان و لاوازبوونیان به‌رامبه‌ر به ده‌ركه‌وتنى ڤایرۆسێكى كوشنده، نه‌توانێت ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه سنوردار بكات.
له ڕاستیدا، هه‌ر یه‌ك له‌و ئایدۆلۆژیانه و كۆرۆنا دوو ڕووى یه‌ك دراون، چونكه ئێستا كۆرۆنا سیاسه‌تى دووركه‌وتنه‌وه و تاكگه‌رایی په‌یڕه‌و ده‌كات و وڵاتانى ناچار كردووه به داخستنى سنوره‌كان و سنورداركردنى هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌ك كه ئه‌مه‌ش هه‌مان ئه‌و فكره‌یه كه توندڕه‌وه نه‌ژادیه جیهانییه‌كان ئه‌یانه‌وێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت یه‌كێتى ئه‌وروپا ئه‌گه‌ر ههڵنهوهشێـتهوه ئه‌وا سنورى نێوان وڵاتان ببێته جێگه‌ى بایه‌خ و په‌یوه‌ندى وڵاتان سنوردار بكرێت.
گۆڕ‌انى نێوخۆى وڵاتان و توانایی به‌رهه‌مدارى له‌ژێر كاریگه‌ریى كۆرۆنادا، ڕه‌نگه گۆڕانكاریى له هاوكێشه‌كان و سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى به‌دیبهێنێت و تا بگات به ئاڵوگۆڕى سه‌نته‌رى هێز و به جهمسهربوونى هه‌ندێك وڵات.
رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئه‌فریقا له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی كۆرۆنادا و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و توانایی به‌رهه‌مدارییان به به‌راورد به وڵاتانى تر، یه‌كه‌مین ئه‌و وڵاتانه ده‌بن كه گۆڕانكارییه جیۆپۆلهتیكییهكانیان تێدا ده‌ربكه‌وێت و ده‌نگى ناڕه‌زاییان تێدا ببینرێت و وڵاتان به‌ئاراسته‌ى لاوازبوونى ته‌واو و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت ببات.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى جیهانى دواى كۆرۆنا ده‌وترێت، په‌یوه‌ندى به ته‌مه‌نى سوڵتانیهتى كۆرۆناوه هه‌یه به‌م هێز و توانایه‌وه تا چه‌ند مانگى تر شه‌پۆل ده‌دات.