تیدرۆس ئهدهانۆم گابرێسێس، پزیشكی نەخۆشییە درمییەكان، ئەندامی باڵای (بەرەی ئازادیخوازی گەلی تیگرای)ی سۆسیالیستی و سهرۆكی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی و وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەسیوپیا، كارەكتەرێكی نێو گۆڕەپانی ململانێی كۆرۆنا كە هەمووان دەیانەوێت بەپێی دڵی ئەوان بدوێت و ژمارەكان بخاتەڕوو.
تیدرۆس، لەوكاتەوەی ڕۆبیرتۆ مۆگابی سەرۆكە بكوژەكەی زیمبابۆی وەكو باڵیۆزی نیازپاكی لە ڕێكخراوەكەیدا دەستنیشانكرد، گومان كەوتەسەر توانا سیاسییەكانی ئەم پیاوە، لێرەوە بۆ سیاسییەكان ڕوونبوویەوە ڕاوكردنی ئەم كەسە ئاسانترە لە هەر كارێكی دیكە.
تیدرۆس شارەزاترین سەركردەی جیهانییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی چین، بەوپێیەی ئەزمونێكی شیوعی بوونی هەیە، لەلایەن زۆرێك لە وڵاتانەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە وەكو كارمەندێكی هەواڵگریی چینی لەو پۆستەدایە و لەژێر ڕەحمەتی بڕیارەكانی (جین شی پینگ)ی سەرۆكی چین دایە، بەوپێیەی ئەسیوپیا و زۆرێك لە وڵاتانی ئەفریقیا لەژێر ڕەحمەتی كۆمەكە داراییەكانی چیندان.
لەسەردەمی تیدرۆسدا كە وەزیری دەرەوەی ئەسیوپیا بوو، هەرچی وەبەرهێنان هەیە لە بواری هێڵی ئاسن و وزەی كارۆئاویی و پیشەسازیی شەكر و پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە بەخشرایە كۆمپانیا چینییەكان، بەمەیش ئەسیوپیا بوو بە دووەم وڵاتی ئەفریقی ئابوریی پەیوەستكراو بەچینەوە، لێرەوەیش ناوبانگی چینییەكان لە ئەفریقیادا تەنییەوە و لای زۆرێك لە گەلەكانی ئەفریقیا - لەڕێگەی ئەسیوپییەكانەوە- بە ڕزگاركهر دەدرێنە قەڵەم، بەمەیش لە ئێستادا ئەسیوپیا لە داگیرگەیەكی ئابوریی چینی زیاتر هیچی تر نییە.
گومانەكان بۆئەوە دەچن كە هەر بە یارمەتی- نهێنیانەی- چین، تیدرۆس گەیشتبێتە ئەو جێگەیە، هەر بۆیە ئەم سەرۆك ڕێكخراوەش بە بەردەوام لە هەوڵدا بووە چین بپارێزێ و هەر ئەوەیش هۆكاری ئەوە بووە، كە زۆر درەنگ ڕەوشی ئاوارەتەیی بۆ دۆخی تەندروستی جیهان ڕابگەیەنێت و درەنگ وەختتر لە پێویست ئەم سەرۆك ڕێكخراوە زانیارییە پزیشكیەكانی چینی بڵاوكردەوە.
تیدرۆس بەبێ فەرمانی سەرۆكی چین هیچ پزیشكێكی نەگەیاندووەتە هیچ بستە زەمینێك كە چین بەناوچەی نفوزی خۆی زانیبێت، هیچ هەنگاوێكی ئەوتۆشی نەناوە كە دژی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی چین بووبێت، چاوی داخستووە لەهەر كوشتارێك چین بەپزیشك و نەخۆشانی كردبێت.
بڕی پارەی یەدەگی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی نزیكەی (2.2) ملیار دۆلارە، ئەمە لەكاتێكدایە بڕی ئەو پارەیەی كە چین بەم ڕێكخراوەی بەخشیووە لە زۆرترین حاڵەتدا (6.3) ملیۆن دۆلاری تێپەڕ نەكردووە، لە بەرامبەریشدا ئەمریكییەكان پتر لە (281) ملیۆن دۆلاریان پێشكەشكردووە، بەڵام لە پێشكەشكردنی یارمەتییەكاندا بڕی بەخشین ڕەچاونەكراوە.
تاوەكو ئێستا زیاد لە یەك ملیۆن كەس لە جیهاندا بە فەرمی داوای لابردنی تیدرۆسیان كردووە، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیووە بە تەندروستانە مامەڵەی ئەم درمە ڤایرۆسیەدا بكات، بەو تۆمەتەی لەسەر بنەمای قسەكانی سەرۆكی چین ڕەفتاری لەگەڵ كۆرۆنادا كردووە، بێ ئەوەی بۆ خۆی هەوڵی ڕاستەقینە بدات بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەكان، گەرنا جیهان ئەم هەموو قوربانییەی نەدەبوو.
تەنانەت " تارۆ ئاسو" ی جێگری سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن بە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانى دەڵێت " ڕێكخراوی تەندروستی چین"، لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەوە زیاتر لە (١,٧٧٠) ملیۆن كەس لەجیهاندا گیرۆدە بوون، پتر لە (70) هەزار كەسیش گیانیان سپاردووە، ئەمە تەنها بەوهۆیەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆماوەی یەك مانگ - بەهۆی گوشاری چینەوە- ڕەوشی ئاوارتەیی و ناكاوەكی ڕانەگەیاند و جیهان بەخۆی نەكەوتبوو.
لەو ماوەیەدا بوو كە ڤایرۆسە گەیشتە جیهان و هەزاران ملیار دۆلار زیانی بە جیهان گەیاند و زۆر وڵاتی كردە زیندان، بەڵێ لە ئێستاشدا زۆرێك گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەم ڤایرۆسە سەربازێكی بایۆلۆجی چینیە بەهاوتای 5G بۆ دەستگرتن بەسەر ئابوریی و سیاسەتی جیهاندا، خۆ ئهگەر ئەمە سەلما ئەوكات جەنگی بایۆلۆجی ڕاستەقینە ڕوودەدات- گەر چین قەرەبوی جیھان نەکاتەوە- جەنگێك هەموو بوونێكی سەر زەوی بەرەو مردن پەلكێش بكات بەبێ ئەوەی دەنگی تەقینی یەك فیشەكیش ببیسترێت.