ته‌نها كورد زیندووكوژی مردوو په‌رست نین

داهێنه‌ره‌ مه‌زنه‌كان.. پاش مردن ڕێزیان لێگیرا

ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵا 2020.04.21 06:23 PM
1499 جار خوێندراوەتەوە

جاران لە ئیزگەی بی بی سی بەرنامەیەکیان هەبوو بەناوی " بعیدا عن سیاسة، دوور لە سیاسەت" ئەمەش زیاتر وەکو وچانێکی خۆشبوو بۆ بیسەرانی رادیۆکە ، تاوەکو لەو هەموو هەواڵە ناخۆشانەی سیاسەتی ناوچەکە و جیهان ، رزگاریان بکەن. لە ئێستاشدا دەبێت بڵێین" دوور لە کۆرۆنا" چونکە ئەم ڤایرۆسە پیسە، جگە لەوەی جیهانی داگیرکردووە، مێشک و هۆشی زۆرکەسیشی بەهۆی هەواڵە ناخۆشەکانییەوە بێزار کردووە. منیش ئەمجارە ویستم دوور لە کۆرۆنا باسی بابەتێکی تر بکەم، کە دەمێک بوو کارم لەسەرکردووە، ئەویش رێزلێنانی نووسەران و هونەرمەندانی جیهانە، بەتایبەتی ئەوانەی کەلە پاش مردنیان ئینجا رێزیان لێگیراوە، بەڵام کاتێک لە ژیاندا بوون، کەس رێزی لێنەگرتوون و بگرە زۆرجاریش دژایەتییان کراوە، هەربۆیە بە هەژاریی و قەرزاریی و برسێتی و نەخۆشی ژیانیان بەسەر بردووە.
نەجمەدین مەلا قسەیەکی جوانی هەیە دەڵێت: ئێمە زیندوو کوژی مردوو پەرستین. دیارە ئەم قسەیە تەنها ئێمە ناگرێتەوە بگرە زۆر نەتەوەی تریش هەمان هەڵەی کردووە، کاتێک رێزیان لە موزیک ژەنێک یان تابلۆکێشێکی بەتوانا، نووسەرێکی بەهرمەند نەگرتووە، دواتر کە مردووە ئینجا زانیویانە چەندە هەڵەیەکەی گەورەیان کردووەو ئینجا دەستیانکردووە بەرێزلێنانی، بەڵام دەردی پەندە کوردیەکە دەڵێت:
لە پاش باران فەرەنجیم بۆچییە،
کە من مردم شین و گریانم بۆ چییە"
لێرەدا باسی یەکێک لە موزیکژەنە مەزن و بلیمەتەکانی جیهان دەکەم کەهەتا مردووە لە هەژاریی و دەستکورتی و نەخۆشی و قەرزاریی ژیاوە، کاتێکیش مردووە خەڵکی کەم بەشداری پرسەکەی کردووە، ئەویش موزیکژەنی ناسراوی نەمساویی و جیهان مۆزارتە. هەروەها باسی تابلۆکێشی مەزنی هۆڵەندی ڤان کوخ و نووسەری ناوداری چیکی/ ئەڵمانی کافکا دەکەم، کە هەرسێکیان لەبواری خۆیاندا، زانا و بلیمەت و داهێنەری گەورە بوون.

پیاوە مەزنەکەی نەمسا
یەکێک لەو پیاوانەی کە نەمساوییەکان شانازی گەورەی پێوە دەکەن، موزیکژەنی مەزن " مۆزارت"ە. ساڵی 2006 سەردانی برادەرێکم کرد لە شاری میونشنی باشووری ئەڵمانیا، ئەو پێشنیازی کرد بچین بۆ شاری سالتزبوورگی نەمسا، چونکە بەبۆنەی 250 ساڵەی لەدایک بوونی مۆزارتەوە، کۆمەڵێک چالاکی فەرهەنگی و ئەدەبی زۆر بەم بۆنەیەوە ساز دەکرێت، راستییەکەی هەرچەندە من زۆر حەزم بەم شارە و نەمساش نییە، چونکە کۆمەڵێک یادەوەری ناخۆشم هەیە تێیدا، بەڵام لەبەر دڵی برادەرەکەم چووین بۆ نەمسا، کاتێک گەیشتینە نزیک شاری سالتزبوورگی نەمسا، تەواوی شارەکە پڕکرابوو لە تابلۆ، فۆتۆ و پەیکەری مۆزارت. لەناو مەیدانی شارەکەشدا هەرچەندە کەشووهەواش زۆر سارد بوو، بەڵام لەچەندین شوێندا کۆمەڵە کەسانێک جلوبەرگی کۆنیان لەبەرکردبوو کەمانچەیەکیان بەدەستەوەبوو خۆیان کردبوو بە مۆزارت، دیمەنی هەندێکیشیان زۆر گاڵتەجاری بوو.
بەهەرحاڵ دەچوویتە هەرشوێنێک مۆزارت بوو، لە سەمونخانە، وێستگەی شەمەندەفەر، رێگاوبانەکان، مەیدانەکان، تەنانەت لە هەندێک ماڵیشدا وێنەی مۆزارتیان هەڵواسیبوو. حکومەتی نەمساویش هەر بەم بۆنەیەوە ، کۆمەڵێک پوولی پۆست، وێنەی مۆزارتی لەسەر دانابوو، هەروەها وێنەی مۆزارتیان کردبوو بە 5 یۆرییەوە، هەرچەندە کاتێک مۆزارت دەمرێت، پێنچ سەنتی پێنابێت بچێت دەرمانی نەخۆشییەکەی بکڕێت.
منداڵێکی هونەرمەند
لە 27 یانوەری 1756 ڤولڤگانگ مۆزارت لەدایک دەبێت و لە رۆژێکی ساردی 5 دیدسەمبەری 1791 لە تەمەنی 35 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی دەکات. مۆزارت لە بنەماڵەیەکی موزیکی دۆست لەدایک بووە، باوکی مۆزارت بەرپرسی تیمی ئۆکسترای کڵێسای سالتزبوورگ بووە، موزیکژەن بووە، تا ڕادەیەکی باش شارەزایی لە موزیک هەبووە. مۆزارت لەسەر کەمانچە و خوشکەکەشی لەسەر پیانۆ کاریان کردووە.

وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵیى مۆزارت

 

هەر زوو ئەم منداڵە ئالوودەی سیحری موزیک دەبێت، لە چوار ساڵیدا بەتەواوەتی توانیویەتی بەسەر کەمانچەدا زاڵبێت و ئاوازی باش لێبدات. لە تەمەنی یانزە ساڵیدا ئۆپرایەکی موزیکی داناوە. هەرزوو شۆرەت پەیدا دەکات و بەناو وڵاتانی ئەوروپدا دەگەڕێت، چاوی بە کۆمەڵێک موزیکژەنی بەتوانای ئەوروپاش دەکەوێت لەسەرووهەموویانە "سێپاستیان باخ" کە مۆزرات زۆر شەیدای کارەکانی بووە. مۆزارت لەپاش ئەوەی ناوبانگ پەیدا دەکات، دەبێتە مامۆستای زۆرێک لەمنداڵە دەوڵەمەندەکانی نەمسا بەتایبەتی شاری سالتزبوورگ.
هەژاریی و قەرزاریی
راستە لە ژیانیدا مۆزارت پارەی دەستکەوتوە، هەروەها مامۆستای موزیکی بەشێک لەبنەماڵە دەوڵەمەندەکان بووە، بەڵام لە کۆتایی ژیانیدا تووشی قەرزاریی و هەژاریی دەبێت، پاشانیش نەخۆشی دێتە سەر، ئیتر رەوشی ژیانی خراپ دەبێت، دواجار لە 5 دیدسەمبەری ساڵی 1791 کۆچی دوایی دەکات. خەڵکێکی کەم بەشداری پرسکەی دەکەن و لە گۆڕستانێکی ئاساییدا بەخاک دەسپێرێت.
مۆزارت لە ژیانیدا داهێنانی گەورەی لە موزیکدا کردووە، بەو تەمەنە کەمەی 636 شاکاریی موزیکی، ئۆپێرای لەپاش خۆی بەجێهێشتوو،ە کەهەرهەموویان کاری دانسقە و مەزنن و هەتاوەکو ئێستاش لێدەدرێتەوەو لە زانکۆکاندا دەخوێنرێت.
دیارە قسەوباسی زۆر لەبارەی هۆکاری مردن، چۆنێتی ژیانی و بەخاکسپاردنی کراوە، هەندێک دەڵێن لەبرسا مردووە، هەندێک دەڵێن لەلایەن نەیارێکییەوە ژەهرخواردکراوە، هەندێکێش دەڵێن کەس نەچووە بۆ سەرقەبران و شارەوانی ناشتوویەتی، هەرچەندە زۆر قسە لەبارەی ئەمانەوە کراوە، زۆر لێکۆڵینەوەش لەپاش مردنی لەسەر چۆنیتی ژیانی ئەم بلیمەتە کراوە، بەڵام ئەوەی روون و ئاشكرایە، کە مۆزارت لە کۆتا ساتەکانی ژیانیدا، بەهەژاریی و برسێتی و قەرزاریی و نەخۆشی ژیاوە، ئەمەش بۆتە داخێکی گەورە بۆ نەمساوییەکان، نازانن چۆن خۆیان لێ رزگار بکەن. لەپاش مردنی مۆزارت چەندین خەڵات و پاداشت و رێزلێنانی جۆراوجۆر بۆ ئەم بلیمەتەی موزیک دەکرێت، بەڵام وەکو وتم هەتا لە ژیاندا بوو ئەم ڕێزلێنانەی بەخۆوە نەبینی، ئەمەش ژیانی بلیمەتێکی ترمان بیردەخاتەوە کە ئەویش ڤان کوخی تابلۆکێشی مەزنی هۆڵەندایە.

تابلۆکێشە مەزنەکەی هۆڵەندا و جیهان
هەر لەهونەرە جوانەکان دەمێنینەوە ئەمجارە باسی حکایەتی بلیمەتێکی تر دەکەین، کە ئەویش ڤان کوخی تابلۆکێشی ناوداری هۆڵەندایە. ڤینیسنت ڤان کوخ لە 30 مارسی 1853 لەدایک بووەو لە 29 تەموزی 1890 کۆچی دواییکردووە، تەمەنی تەنها 37 ساڵ بووە، بەڵام لەو ماوە کورتەی تەمەنی، زیاتر لە 800 تابلۆی جوانی کێشاوەو داهێنانی گەورەی لەبواری تابلۆکێشاندا کردووەو هەتاوەکو ئەمڕۆش تابلۆکانی، بە کارە مەزنەکانی جیهان دادەنرێن و لەزانکۆ و پەیمانگەکانی هونەردا دەخوێنرێت.
ژیانی ڤان کوخ خۆی لە خۆیدا حکایەتێکی سەرنجراکێشە، لێرەدا جێگەی ئەوەمان نییە کە باسی هەمووی بکەین، بەڵام چەند خاڵێکی گرنگ لە ژیانی ئەم بلیمەتە باس دەکەم کە مایەی سەرنجە.
باوکی ڤان کۆخ قەشە بووە، پاشئەوەی ساڵێک پێشتر دایکی منداڵێکی دەبێت بەڵام هەر زوو دەمرێت ناوی دەنێنێن ڤینسینت، پاش ساڵێکی تر منداڵێکی تریان دەبێت هەمان ناوی لێدەنێن، مەبەستمان ڤان کوخی تابلۆکێشە. ئەمەش دەبێتە یەکێک لە دەردە دەروونییەکان بۆ ڤان کوخی مەزن، چونکە ناوی مردوویەکیان لێناوە.
بەهەرحاڵ، سەرەتای ژیانی ڤان کوخ زۆر سەیرە، درەنگ دەست بە تابلۆکێشان دەکات، ئەو سەرەتا لەگەڵ براکەیەدا خەریکی کڕین و فرۆشتنی بەرهەمی هونەری دەبێت، ئەمەش عیشقێکی هونەری لەناخیدا دەچێنێت، دواتر ساڵی 1880 دەچێت لە زانکۆی بروکسێل بەشی هونەرە جوانەکان تابلۆکێشان دەخوێنێت. دواتر لە پاریس جێگیر دەبێت.

وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵیى ڤان كوخ


ڤان کوخ لەرووی ژیانی تایبەتییەوە رووبەروی کۆمەڵێک کێشە دەبێت بە تایبەتی لەرووی ئەڤیندارییەوە کۆمەڵێک ئەزمونی شكستی دەبێت، ئەمەش لەرووی دەروونیەوە کاری تێدەکات. لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە رۆژێکیان بە چەقۆیەک گوێچکەی خۆی دەکاتەوە، دەیبات بۆ ژنێکی لەشفرۆش لە پاریس، لەبارەی ئەم حکایەتەشەوە قسەوباسی زۆر و لێکۆڵینەوەی زۆرکراوە، بەڵام ئەوەی روونە کە ڤان کوخ ئەم ژنەی خۆشویستووەو پەیوەندی لەگەڵدا هەبووە.
دوا ساتێکی پڕ ئازار
لە کۆتایی ژیانیدا ڤان کوخ زۆر هەژاریی و برسێتی و نەخۆشی دەبینێت، بەتایبەتی ئەو کاتانەی کە لە پاریس دەژی. ماوەیەکیش دەیخەنە نەخۆشخانەی دەروونیەوە چونکە کێشەی دەروونی زۆری هەبووە، لەکۆتاییدا هەوڵی خۆکوشتن دەدات و فیشەکێک دەنێت بە خۆیەوە بەڵام نامرێت، لێ برینەکە زۆر سەخت دەبێت و پاش 2 رۆژ دەمرێت.
ڤان کوخ هەتاوەکو ئەمڕۆش بەیەکێک لە تابلۆکێشە مەزنەکانی جیهان دادەنرێت، داهێنانی زۆری لەشێوازی تابلۆکێشان کردووە بەتایبەتی لەهەڵبژاردنی رەنگدا زۆر زیرەک بووە، لەژیانیدا زیاتر لە 800 تابلۆی جوانی کێشاوە، لەهەمووی سەیرتر ئەوەیە، لە 70 رۆژی کۆتایی ژیانیدا، زۆرترین تابلۆی کێشاوە، بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی بەریتانی بێت، لەو 70 رۆژەدا، 75 تابلۆی بە فڵچە و زەیت کێشاوە، هەروەها 100 تابلۆشی بە قەڵەم رەساس و خەڵوز کێشاوە، هەمووشیان داهێنانی گەورەی پێوە دیارە.
لە ئێستادا تابلۆکانی ڤان کوخ، بە تابلۆ گران بەهاکانی جیهان دادەنرێن، ساڵی 1990 یەکێک لە تابلۆکانی ڤان کوخ لە مەزادێکی عەلەنیدا لە شاری نیویۆرک بە بڕی 82.5 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، لەکاتێکدا کە ڤان کوخ دەمرێت، 82 سەنت لەگیرفانیدا نابێت.
لەپاش مردنی ڤان کوخ کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە لەلایەن هۆڵەندیەکان و جیهانیشەوە لەبارەی شێوازی ژیان و کارە هونەرییەکانی ڤان کوخ کراوە، لە ئێستاشدا یەکێک لە سیما جوانەکانی شاری ئەمستەردام مۆزەخانەی ڤان کوخە، کە ساڵی پار نزیکەی 2،5 ملیۆن کەس سەردانی کردووە. هەرچەندە ئەمڕۆ هۆڵەندیییەکان زۆر شانازی بە ڤان کوخەوە دەکەن و زۆر خەڵات و ڕێزلێنانیان بۆ تابلۆکێشە مەزنە کردووە، بەڵام بەداخەوە وەکو وتم، هەتا لە ژیاندا بوو، برسێتی و هەژاریی و ئازاری زۆری جەشت.

نووسەرە رەشبینەکە
واز لە هونەرە جوانەکان دەهێنین و دەچینە ناو عالەمی نووسەرانەوە، دیارە لێرەش نەک یەکێک بگرە سەدان نووسەری مەزنی جیهان دەبینین کە هەتا لە ژیاندا بوون، نەک رێزیان لێنەگیراوە، بگرە دژایەتی زۆریش کراون لە کۆتاییدا بە هەژاریی و برسێتیی و نەخۆشی ژیاون، یەکێکیش لەوانە فرانز کافکای نووسەری " چیکی/ ئەڵمانیە، ئەمیش حکایەتێکی زۆر سەیرو سەرنجراكێشی هەیە، لێرەدا باسی چەند خاڵێکی گرنگی ژیانی دەکەین.
منداڵێکی جوولەکەی بێدەنگ
Franz Kafka فرانس کافکا لە 3 تەموزی 1883 لە شاری پراگ پایتەختی چیک لەدایک بووەو لە 3 حوزەیرانی 1923 کۆچی دواییکردووە. کافکا لە بنەماڵەیەکی جوولەکە لەدایک بووە، باوکی کارمەندێکی حکومی بووە، دایکیشی ژنێکی میهرەبان بووە. کافکا هەمیشە کێشەی گەورەی لەگەڵ باوکیدا هەبووە، باوکی زۆر بە خراپیی مامەڵەی لەگەڵدا کردووە، ئەمەش لەنامەیەکیدا کە لە دوا ساتەکانی ژیانیدا بۆ باوکی دەنووسێت دەردەکەوێت، ئەو نامەیەی بە یەکێک لەنامە جوانەکانی کافکا دادەنرێت، لەهەمانکاتیشدا باسی لایەنێکی گرنگ و شاراوەی ژیانی ئەم کەڵە نووسەرە دەکات کە ئەویش پەیوەندی خراپی بووە لەگەڵ باوکی.
نووسەرە رەشبینەکە
دیارە حکایەتی ژیانی کافکاش مایەی سەرنج و تێڕامانی زۆرە، هەتاوەکو ئێستاش چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی زۆر لەبارەی ژیان و کارو بەرهەمەکانییەوە نوسراوە. لێ ئەوەی گرنگە بزانرێت، کافکا راستە کەسێکی جوولەکە و چیکی بووە، بەڵام هەموو بەرهەمەکانی بۆ مرۆڤایەتی نووسیوەو سیمایەکی جیهانی پێوە دیارە، هەروەها هەموو بەرهەمەکانیشی بە زمانی ئەڵمانی نووسیوە. ئەوەی کە مایەی سەرنج و تێڕامانە، هەتا کافکا لە ژیاندا بووە هیچ بەرهەمێکی گرنگی پێ نەدراوە، بگرە بەپێچەوانەوە زۆرجار رۆژنامە و گۆڤار و دەزگاکانی چاپ و بلاوکردنەوە، ئامادە نەبوون بەرهەمەکانی بڵاوبکەنەوە، ئەمەش کاری زۆر کردۆتە سەر کەسایەتی کافکاو تووشی بێ ئومێدییەکی زۆری کردووە لەژیان و نووسین.

فرانس كافكا


کافکا خاوەنی شێوازێکی تایبەتی نووسینە کە زیاتر رەشبینی بەسەر بەرهەمەکانیدا زاڵە، هەروەها ئەو بە یەکێکێش لە پێشەنگەکانی شێوازی " ریالیزمی سیحری" دادەنرێت، هەرچەندە لەو کاتەدا ئەم شێوازی نووسینە لای خەڵکی خۆشەویست نەبووە.
دواساتێکی پڕ ئازار
کافکاش لە تەمەنێکی ئێجگار کورتدا دەمرێت، لە دواساتەکانی ژیانیدا کافکا زۆر برسێتیی و هەژاریی و نەخۆشی بینیووە، بەتایبەتی نەخۆشی سیل زۆر ئازاری دەدات و دواییش هەر بەو دەردەوە دەمرێت. لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە، کافکا پێش ئەوەی بمرێت، هەموو بەرهەمەکانی دەداتە هاوڕێیەکی نزیکی خۆیی و داوی لێدەکات لەپاش مردنی خۆی هەموویان بسووتێنێت، لێ خۆشبەختانە ئەو هاوڕێیە وەسیەتەکەی کافکا جێبەجێ ناکات چونکە دەزانێت کافکا چ بەرهەمێکی گرنگی نووسیوە.
کافکا لەژیانیدا کۆمەڵێک بەرهەمی زۆر جوانی نووسیوە لە پێش هەموویان " بەدگۆڕان، دادگا، ئەمریکا" و چەند بەرهەمێکی تریش، کە هەرهەموویان داهێنان و جوانی پێوە دیارە.
لەپاش مردنی کافکا چ ئەڵمانەکان و چ چیکییەکان، زۆر شانازی بە ئەدەب و کارو بەرهەمەکانییەوە دەکەن و کۆمەڵێک خەڵات و رێزلێنان و پەیکەریان بۆ کردووە، زۆرجاریش لەسەر خاوەندارێتی کافکا دەکەونە ململانێی سەختەوە، چونکە هەریەکەیان بە هی خۆی دادەنێت، لەکاتێکیشدا کافکا هەتا لەژیاندا بوو، کەس ئامادە نەبوو بەرهەمەکانی بۆ چاپ بکات و لایەکی رەحمەتی لێبکاتەوە.

دەرئەنجام
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم گەر سەیری مێژووی فەرهەنگی هەر نەتەوەیەک دەکەیت کۆمەڵێک حکایەتی سەیر و پڕ ئازاری نووسەران، هونەرمەندان دەبینیت، دیارە گەلانیش وەکو مرۆڤ وان، هەمووکاتێک ناتوانن راستییەکان بدۆزنەوەو مامەڵەیەکی راست لەگەڵ مرۆڤەکانی دەوروبەریان بکەن، هەربۆیە دەکەونە هەڵەوە. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە چ مرۆڤ یان گەلێک، کە هەڵە دەکات، سوود لەهەڵەکانی وەربگرێت و ئەو هەڵەیە دووبارە نەکاتەوە.
سەرچاوەکان:
https://www.klassika.info/ /Mozart lebenslauf
نبذة عن الموسيقار الكبير فولفغانغ أماديوس موزارت. http://almawsoaarabe.blogspot.com/
.Mythen und Wirklichkeit. www.welt.de/
لغز "جنون" الرسام الشهير فان جوخ الذي دفعه لقطع أذنه. www.bbc.com/arabic
www.fr.de.Vincent van Gogh: Der Anfang von allem
http://www.franzkafka.de/


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ