سەرلە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (2020.4.21)، شایان سەعیدپوور، زیندانیی مەحکوم بە ئیعدام لە زیندانی سەقز لە سێدارە درا.
بنەماڵەی "شایان سەعیدپوور"، که دوێنێ دووشەممە، بۆ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان بانگهێشتی زیندانی سنە کرابوون، هەروەها هەوڵەکانی هاوڵاتییان و پیاوماقووڵانی شاری سەقز، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە، بۆ پێشگرتن لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە بێئاکام ماویەوە.
پێشتر "شایان سەعیدپوور'' لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان لە زیندانی سەقز توانی لە زیندان هەڵبێت، بهڵام دواتر لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستگیركرایهوه و بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا.
ساڵی 2015، شایان سەعیدپوور لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بوو، لە ئەنجامی شەڕ و دەمەقاڵێ کەسێکی بە ناوی "سلێمان ئازادی" کوشت.
ناوبراو ساڵی 2018، لەلایەن لقی یەکی دادگای کەیفەریی یەکی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "وەفاییان" له سێدارهدان حوكمدرا و ئەو حوکمەش هەمان ساڵ لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانهوه پشتڕاست کرابووە.
وێڕای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە داواکاری سەقز بڕیاری سێدارەی شایان سەعیدپووری داوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی سەعیدپوور بە (ئاژانسی کوردپا)ی ڕاگەیاندووه: بنەماڵەی سلێمان ئازادی (کوژراوەکە)، ڕەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە کە بە دانی دیە (پارهی خوێن)، لە جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی شایان خۆشببن.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد بنەماڵەی ئازادی ڕازی بوون کە بە بڕی ١ میلیار و ٤٠٠ ملیۆن تمەن دیە، لە خوێنی کوڕەکەیان خۆشبن و ئەو هاوڵاتییە کوردە لە پەتی سێدارە ڕزگار بکەن، بەڵام داواکاری گشتی (دادئەستین)ی سەقز پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی شایان کردووە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی کوژراوەکە لەژێر گوشاری داواکاری گشتیی سەقزدا بڕیاری سێدارەدانی "شایان سەعیدپوور"یان داوە.
تەیمور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی ماڤی مرۆڤی کوردستان لە جنێف به دهنگی ئهمریكای راگهیاندووه، ههوڵی زۆریاندا بۆ رێگرتن له جێبهجێكردنی حوكمی سێدارهی شایان بهڵام بێ ئهنجام بووه، هەروەها باس لە مەترسی لە سێدارەدانی هەشت زیندانی دیکە لە زیندانی سنەی رۆژههڵاتی كوردستان دهكات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه رۆژی یهكشهممه هێزە ئەمنییەکان مامی شایان ( سالار سهعیدپور) یان دهستگیركردووه، وهك رێگریی له گردبوونهوهی چالاکانی مەدەنی بە مەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی بنەماڵەی کوژراوەكه بۆ لێخۆشبوونی شایان.
شایان سەعیدپوور ساڵی 1997 له دایكبووه، لە کاتی تاوانی كوشتنهكهدا تەمەنی کەمتر لە 18 ساڵ بووه، شایان لەگەڵ 73 كهسی دیکەی زیندانی سەقز رۆژی 27ی مانگی رابردوو توانیان لە زیندانی سەقز هەڵبێن، بەڵام بەشی زۆری ئەوان یان گیرانەوە یان خۆیان رادەستکردەوە.