بەشی (١)
لیبیای دوای ٢٠١١ نموونەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت وهاوکێشە سیاسیەکان وڕەفتاری دەوڵەتان وجیوپۆلەتێک لە جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی، نموونەیەکی بچوککراوەی ململانێ نێودەوڵەتیەکانە، بۆیە تێگەیشتن لە بارودۆخی ئەم چەن ساڵەی لیبیا، دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت وهاوکێشە نێودەوڵەتیەکان وزانینی ئەوەی جیهان بە چ پێوەر ویاسایەک بەرێوە دەچێت.
دوای ڕووخاندنی قەزافی لە ٢٠١١ ودوای شکستهێنانی چەن پرۆسەیەکی هەڵبژاردن وڕێکەوتن لە نێوان لایەنە لیبیەکان، ئیتر لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی گشتی گرووپە چەکدارەکانی لیبیا دابەشبوونە سەر دوو بەرەی سەرەکی، لە ئێستادا ئەو دووبەرەیە بە هێزەکانی خەلیفە حەفتەر یا سوپای نیشتیمانی لیبی هەر وەها حکومەتی (الوفاق) بە یا بەرەی فایز سەراج ناسراوە. بەرەی یەکەم پەلەرمان وچەندین گروپی چەکداری لەخۆ دەگرێت، کە زیاتر عەلمانیەکانی لیبیا لەو بەرەیەن، بەرەی سەراج حکومەت وزۆربەی گروپە ئیسلامیەکان لە خۆ دەگرێت، کە ئیخوانەکانی لیبیا سەر بەوانن. بەڵام هەڵەیە شەڕەکە بە شەڕی ئیسلامی وعەلمانی تەماشا بکەین، چونکە تەنانەت لە بەرەی حەفتەریش گروپی ئیسلامی هەیە.
چەن خاڵێک مایەیی سەرنجن لە دۆخی لیبیا؛هەر سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتیەکانی لیبیا دژی حوکمی قەزافی، لە وەڵامدا قەزافی بە شێوەیەکی سەربازی زۆر توند وەڵامی ناڕازییەکانی دایەوە، ئەمەش وای کرد کۆمکاری عەرەبی داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن سنورێک بۆ قەزافی دانێن وخەڵک بپارێزن، پاشان هاوپەیمانیەک درووستکرا لە نێوان کۆمەڵێک دەوڵەت، ئەوەی مایەیی سەرنجە ئەو هاوپەیمانیە سەربازییە بە ڕابەڕایەتی ئەمریکا نەبوو، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپی بە تایبەت فەرەنسا ڕابەرایەتی دەکرد، کە ئەمەش ڕووداوێکی دەگمەنە هاوپەیمانیەکی سەربازی وا گرنگ ئەمریکا ڕابەرایەتی نەکات،لێرەوە جیاوازییەکی کەیسی لیبیا دەردەکەوێت، کە زیاتر پرسێکی ئەوروپیە، نەک ئەمریکی (بێ گومان ئەمریکا ئامادەیی هەیە، بەڵام ڕابەر نییە وبە ڕووکەش رۆڵێ کەمترە)، خاڵێکی تری سەرنج ڕاکێش ئەوەیە، قەتەر کە وڵاتێکی زۆر بچوکە، بەشداری کرد وهێرشی کردە سەر لیبیا لەگەڵ هاوپەیمانان، کە زۆربەی پرۆسەکە، هێرشی ئاسمانی بۆ لە لایەن هاوپەیمانیەکەوە.
پاش ڕووخاندنی قەزافی تا ئێستا، خاڵێکی تر مایەیی سەرنجە هاتنە ناوەوەی چەندین دەوڵەتی ترە بۆ ناو گۆڕەپانی لیبیا، ئەو دەوڵەتانەش دابەش بوونەتە سەر دوو بەرە، میسر وئیمارات وسعودیە وڕووسیا وفەرەنسا ئیتالیا... پشتگیری حەفتەر دەکەن، تورکیا وقەتەر پشتگیری سەراج دەکەن، بەڵام بە گشتی ئەم دەوڵەتانە چیان دەوێت لە لیبیا وبۆچی پشتگیری یەکێک لەو گروپانە دەکەن؟
فەرەنسا وئیتالیا، پەیوەندییەکی فرە ڕەهەندیان بە لیبیاوە هەیە: لە ڕووی مێژووییەوە، لیبیا ساڵانێکی زۆر داگیرکراو بووە لە لایەن ئیتالیاوە،ئەو کاتیش پێش جەنگی جیهانی یەکەم، بە ڕێکەوتن لەگەڵ فەرەنسا، ئیتالیا هەڵدەستێت بە داگیرکردنی لیبیا، لەبەرامبەردا ئیتالیا ڕازی دەبێت مەغرب بۆ فەرەنسا بێت. لە ڕووی جوگرافیەوە، لیبیا دەروازەیەکی سەرەکی ئەفریقایە بەرەو ئەوروپا، بەرامبەر ئیتالیایە،زۆربەی هەرە زۆری کۆچبەرانی کیشوەری ئەفریقیا لە ڕێگەی لیبیاوە دەچنە ئیتالیا ولەوێشەوە بۆ فەرەنسا وئەوروپا. دۆخی ناسەقامگیری لیبیا، دەبێتە هەڕەشەیەکی ئەمنی گەورە بۆ ئەوروپا، چونکە لە نەبوونی دەوڵەت، کۆچبەران ئاسانتر دەتوانن لە لیبیاوە بە دەریای ناوەڕاستەوە بپەرێنەوە بۆ ئیتالیا وفەرەنسا وئەوروپا.
لە ڕووی سامانی سروشتیەوە، لیبیا دەوڵەمەندترین دەوڵەتی ئەفریقیایە لە نەوت وگاز، ئەمەش بۆ ئەوروپیەکان سەرچاوەیەکی وزەیە لە دەرەوەی سەرچاوەکانی ڕووسیا وئێران، کە ئەوروپا ناچارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا دەکات وئێرانیش قوورسە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بەهۆی سزاکانی ئەمریکا. ئەم جۆرە سەرچاوانە ، ئەوروپا زۆر بە گرنگی دەزانێت.هێڵی گازی سروشتی ( تەوژمی سەوز) لە لیبیاوە دەچێتە ئیتالیا، ئەوروپا و ئیتالیا دەیانەوێت ئەم هێڵی گازییە لە ژێر دەسەڵاتێکی لیبی بێت، کە هاوپەیمانی خۆیان بێت. ئینجا وەک ئاماژەی پێدرا، لیبیا دەروازەیەکی سەرەکی ئەفریقیا بۆ ئەوروپا، ئیتالیا وفەرەنسا، بە تایبەت فەرەنسا بەرژەوەندی گەورەی هەیە لە کیشوەری ئەفریقیا تا ئیستاش هەزاران سەربازی لە ئەفریقیان بۆ پاراستنی بەژەوەندییەکانی و بەدەست هێنانی سامانی سروشتی، فەرەنسا رۆڵی نەبێت لە لیبیا، دەروازەیەکی گەورە بۆ ناو ئەفریقیا لە دەست دەدات.
پاشان لیبیا گروپی توندڕەوی زۆر تیایە، ئەوروپا بە تایبەت فەرەنسا وئیتالیا کە نزیکن لە لیبیاوە، لە پەلاماری تیرورستی دەترسن کە لە لیبیاوە بە ئاسانی پێیان دەگات. هەر وەها دوای نزیکبوونەوەی تورکیا وسەراج وگەیشتن بە ڕێکەوتن، ئەوروپا ترسێکی گەورەی هەیە لەوەی تورکیا هەژموونی هەبیت بەسەر لیبیا وئەوکات هەڕەشەی ناردنی کۆچبەرانی ئەفریقیا بکات بۆ ئەوروپا، وەک چۆن ساڵانێکە هەڕەشەی ناردنی ئاوارە سووریەکان دەکات بۆ ئەوروپا.یان ترس لە هەژموونی تورکیا بەسەر گازی سروشتی لیبیا ودەریایی ناوەڕاست بە تایبەت دوای دۆزینەوەی گاز لە بەشی رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست، ئەوروپا نایەنەوێت ئەو گازەش هەژموونی تورکیای بەسەرەوە بێت، چونکە بەشێک لە گاز ووزە کە دەگاتە ئەوروپا لە ڕێگەی ئەو هێڵە گازی ونەوتیانەوەیە کە بە تورکیادا تێدەپەرێت وەک هێلەکانی تاناب وتورک ستریم وجیهان... ئەمانەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی تورکیا ساڵانێکە لەگەڵ ئەوروپا چەندین کێشەیان هەیە.
خاڵێکی سەرەکیش ئەوەیە، تەدەخولی ڕووسیا لە لیبیا، ئەوروپا دیسانەوە نیگەرانە لەوەی ئەگەر لە ئایندەدا گاز ونەوتی لیبی وگازی تازە دۆزراوەی رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست بکەوێتە ژێر هەژموونی ڕووسیا، کە ساڵانێکی زۆرە ئەوروپا دەیانەوێت ڕزگارییان بێت لە کەلەبچەکانی ڕووسیا کە ناچاربوونە بە کڕینی گازی سروشتی لە ڕووسیا. هەر وەها لیبیا دەرەفەتێک بوو کە ئەوروپا بێ ڕابەرایەتی ئەمریکا بچێتە هاوکێشەیەکی قوورس وئاڵۆز وگرنگ، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە، ئەوروپا بە دەگمەن بێ ڕابەرایەتی ئەمریکا دەچێتە هاوکێشەیەکی سیاسی ئاڵۆز کە لە دەرەوەی ئەوروپایە. جگە لە چەندین بەرژەوەندی تری بازرگانی وبوونی کۆمپانیاکانی ئەو دوو دەوڵەتە لە لیبیا.
هەردوو دەوڵەت هاوکاری حەفتەر دەکەن، فەرەنسا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە کێشەی لیبیا بە ڕێکەوتن وپرۆسەی دیموکراسی چارەسەر نابێت، چونکە بێ شومار عەشرەت ومیلیشا وگروپی توندڕەو بوونیان هەیە لە لیبیا وهەر یەکە وبەرژەوەندی خۆی دەوێت، نزیکەی ٣٠٠ گروپی چەکداری ومیلیشیا هەیە لە لیبیا، نزیکەی ٢٠ ملیۆن پارچە چەک لە ناو خەڵکی لیبیا وگروپە چەکدارەکان بڵاوبوەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی لیبیا لە دەوروبەری ٦.٦ ملیۆنە. بۆیە فەرەنسا پێی وایە ئەوەی کە دەتوانێت ئارامی بگەڕێنیتەوە بۆ لیبیا، بریتییە لە کەسێکی بەهێز وبتوانێت هەموو لایەنەکان ناچار بکات گوێرایەڵی بن، ئەوەش بە جەنەراڵێکی سەربازی وەک حەفتەر دەکرێت، واتە فەرەنسا لەوانەیە پێی وابێت دوای ئەوەی کە خۆی قەزافی لابرد، پێویست دەکات قەزافیەکی نوێ دروست بکاتەوە، جگە لەوەی هەر یەک لە ئیتالیا وفەرەنسا پێیان باشە لایەنە ئیسلامی وئیخوانیەکان حوکم نەکەن لە لیبیا لە ترسی هاتنی تیروریست لە لیبیاوە بۆ ئیتالیا وفەرەنسا. لە وێنە گشتیەکە فەرەنسا وئیتالیا سیاسەتیان لە یەکەوە نزیکە بۆ کەیسی لیبیا، بەڵام لە وردەکارییدا، ئەوانیش ناکۆکی هەیە لە نێوانیان.