لوقمان غەفوور
ھەمیشە مانگی ئادار مانگێکی گرنگە بۆ کارەکانی ئەلکسێندرا جیراسیمۆفا- ٤٠ ساڵ، کە وانەکانی لەشجوانی لە ڕێگەی سەنتەری فیتمۆس و بەرنامەی تایبەتەوە پێشکەش بە سەرتاسەری ڕوسیا دەکات. خەڵکی لەدوای زستانێکی دوور و درێژ دەیانەوێت کەمێک جەستەیان ڕێک بێت.
بەڵام بەدرێژایی مانگی ئادار بەتەواوی کۆمپانیاکەی جیراسیمۆفا داخرا و ھەر ٣٠ کارمەندەکەی ناردە ماڵەوە وەک ئەو ملیۆنەھا خەڵکەی ڕوس کە لە ماڵەوە خۆیان کەرەنتینە کردووە لە بەرامبەرخۆپاراستن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ڤایرۆس کە تا کۆتایی مانگی ئادار ڕوسیا کەیسەکانی بەپەنجەی دەست دەبژێردرا.
گۆڤاری تایم لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژی ٢٦ نیسان باس لەوە دەکات کە لەگەڵ دابەزینی داھاتەکانی بەڕێژەی ٧٠٪، جیراسیمۆفا دەڵێت:"ھەر٣٠ کارمەندەکەم ناردۆتەوە ماڵەوە، ھیچ مووچەیەکیشیان نییە".
بە پێچەوانەی ئەوروپا و ئەمریکا، ڕوسیا پاڵپشتێکی دارایی ئەوتۆی کۆمپانیا و بزنس نەکردووە کە بەھۆی قەیرانەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. جیراسیمۆفا دەڵێت: "٤٥ ڕۆژە کۆمپانیاکان داخراون، سێ مانگ وابێت نازانم دواتر بزنسم ئەبێتەوە یان نا".
ڕوسیا بە پێچەوانەی وڵاتانی ترەوە کێرڤی تووشبوون و مردن ھێدی ھێدی سەردەکەوێت. یەکەم حاڵەتیش ناوخۆی بوو، چونکە لە مانگی شوبات تەواوی خەڵکانی چین-ی دەستگیرکردو ڕەوانەی وڵاتەکەی کردەوە و سنووریشی دەخست. لە ١٥ ی ئاداریشەوە ھیچ ڕوسییەک نەماوە نەگەڕابێتەوە.
ڕۆژی ٢٧ ی نیسان کرۆنا ڤایرۆس چووە خاڵی وەرچەرخانەوە، چونکە ژمارەی کەیسەکانی ڕوسیا پێش وڵاتی (چین) کەوت و بوو بە ٨٧ ھەزار و ١٤٧ تووشبوو. مردنیش بەرزبۆوە بۆ ٧٩٤ کەس. زۆربەی کەیسەکانیش لە مۆسکۆ- ن کە سەنتەری بازرگانی و گواستنەوە سەرەکی وڵاتە. کۆی گشتی ٨٤ ناوچەی ڕوسیا زیانمەندە.
کۆمپانیا بچوک و ناوەندەکان لە ڕوسیا کە ٤٢٪ی ئابوری روسیا دابیندەکەن، حکومەتیان لە ئیفلاسبوونی بە کۆمەڵ ئاگادارکردۆتەوە، ڕۆژی ٢٤ی نیسان ٣٠٠ ھەزار ئیمزا کۆکراوەتەوە و گەیەندراوە بە حکومەت.
ھەروەھا بە پێی ئار تی ڕوسیا لە شاری ڤلادیکافکاز لە باشور ڕۆژی ٢٠ ی ئەپرل خۆپیشاندانێکی جەماوەری دوو ھەزار کەسی ڕویداوە و بە زەبری پۆلیس بڵاوەی پێکراوە و ١٠ یان کەس دەسگیرکراوە. یەکێک لە خۆپیشاندەران دەڵێت: "٦٠ ڕۆژە مووچەم وەرنەگرتووە".
فلادیمیر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا دوای ئەوەی مۆسکۆ-ی جێھێشتووە و لە شوێنێکی تر نیشتەجێیە تا ئێستا ٤ وتاری داوە و تەنیا باسی کۆرۆنا ڤایرۆسی کردووە، بێئەوەی ئاماژە بدات بە ئابوری کرێکاران و فەرمانبەرانی وڵاتەکەی. ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست نوسیویەتی:"سیرجی سۆبیانین سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ و میخایل میشستین سەرۆک وەزیرانی روسیا کە کەسێکی نەناسراو لە مانگی جێنیوەری ٢٠٢٠ لەناکاو پۆتن دایمەزراند، مۆسکۆیان جێھێشتووە".
نیکۆلای بیترۆف ، توێژەری سەنتەری توێژینەوەی تشاتام ھاوس لە لەندەن، بە زە نیویۆرک تایمز-ی وتووە:"پۆتن ئامادەگی نەکردووە بۆ پەتاکە، بۆیە تا ئێستا دیار نییە چی ئەکات بۆ ئابوری وڵاتەکەی".
ڕۆژنامەی تایم ئاماژەیداوە کە دۆخی ڕوسیا تەواو ئاشکرایە، بەھۆی داڕمانی نرخی نەوت و گازی سروشتی، ئاستی بژێوی تێکچووە، لەچوار بەش، سێ بەشی داھاتی ڕوسیا لەسەر وزەیە، بۆیە پێشبینی ئەکرێت خراپترین قەیران ڕوو لە ڕوسیا بکات. بەپێی گۆڤارەکە ڕێژەی بێکاری بۆ ١٥٪ بەرزبۆتەوە و ٨ ملیۆن کەس بێکار بووە.
ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا کردوویەتی تەنیا یەک شت بووە، ڕۆژی ١٥ ی نیسان پلانی پاڵپشتی کۆمپانیا گەورەکانی خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە پێدانی قەرز بووە بە کرێکارەکان بەبێ سوود ئەویش١٢ ھەزار و ١٣٠ ڕۆبل (١٦٠ دۆلار) بۆ ھەر فەرمانبەرێک بۆ مانگی نیسان و ئایار، بەڵام ئەمە ڕوسیا ڕزگار ناکات.
بەپێی لالیکسی کۆدرین سەرۆکی ژووری وردبینی روسیا کە بۆ پێگەی ئار بی سی -ی ڕوسی دواوە، حکومەت پێویستە ٧٪ی کۆی داھاتی ناوخۆ دابینبکات ئینجا ئابوری ڕوسیا ڕزگاری دەبێت کە ئەویش نزیک ١٦٥ ملیار دۆلار دەکات.