مه‌ترسی بۆ سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

"غەزای ڕەمەزان".. وەك وێستگەیەكی دەركەوتنەوەی داعش

یاسین تەها 2020.05.03 02:07 AM
804 جار خوێندراوەتەوە

یاسین تەها

رۆژنامەنووس و توێژەر

شارەزای کاروباریی عێراق

ماستەر لە مێژووی ئیسلامیی ـ زانکۆی مەنسورە ـ میسر

لە دەمی سەرقاڵی دەستەبژێری سیاسی و هێزە سەرەكییەكانی عێراق بە بڕینی كێكی حكومەتی چاوەڕوانكراوی مستەفا كازمی، داعش بە توندترین هێرشی "نەوعی" خۆی لە ماوەی ساڵێكدا لە پارێزگای سەلاحەدین بەناوی "غەزای رەمەزان" دەركەوتەوە.
ئەم هێرشە كە خۆكوژ و خەڵكانی "انغماسی" تێدا بەكارهاتووە، جگە لە كوشتنی 11 چەكداری هێزەكانی حەشد و پۆلیسی فیدراڵی، شپرزەیی و شۆكێكی زۆری ئەمنی لە دوای خۆی بەجێهێشت، چونكە سەرباری بەرەنگاربوونەوەی چەندین جۆر هێزی ئاسمانی و زەمینی عێراقی، رێكخراوەكە تا سپێدەی 2 ئایار لە هێرش و پەلامار و دەست وەشاندن بەردەوام بوو.

راپۆرتە ئەمەریكییەكان باس لەوە دەكەن لە مانگی ئازار و لە دەمی سەرقاڵی جیهان و ناوچەكە بە پەتای كۆرۆنا، داعش زۆرترین چالاكیی ئەنجامداوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جموجوڵانەش هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی 20 هێرشی لە عێراق و 8 هێرشی تری ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە. بەو پێیەشی چەكدارەكانی ئەم رێكخراوە لە ژێرزەمین و لە ناوچە دوورە دەستە دابڕاوەكانی كەركوك و دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا بڵاون، هیچ باكیان بە كۆرۆنا نییە، باوەڕیش وایە بەرگریی و خۆپارێزیی داعشەكان بەرامبەر كۆرۆنا لە خەڵكی شارەكان زیاتر بێت، لە هەموو خەڵكیتریش بێ باكتر بن لە نەخۆشییەكە، لە لایەك بەهۆی دابڕانی كۆمەڵایەتی و لە لایەكیتر بەهۆی ئایدۆلۆژیای پەڕگیریانەوە، كە پێی وایە ڤایرۆسەكە "سەربازی خوایە" و دەرفەتە بۆ تۆڵەكردنەوە لە "دوژمنانی خوا"، ئەمەش بە روونی لە ژمارە 227 رۆژنامەی ئەلەكترۆنی “النبأ” دا هاتووە كە زمانحاڵی ئێستای رێكخراوەكەیە.

جگە لەوەش روانگەی چاودێریكردنی فەتوا (GFI) ئاماژە بەوە دەكات 40% گوتاری داعش تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی "گوركی تاك" بە قۆستنەوەی سەرقاڵی جیهان بە بارودۆخی كۆرۆنا كە بەلای ئەوانەوە "بەخششێكی خوایی" یە.

بەپێی سەرچاوە خۆجێییەكانی سەلاحەدین و سامەڕا، سەرەتای هێرشەكانی سپێدەی 2 ئایاری داعش بۆ ناحیەی مكیشیفیە بووە (40 كم باشوری تكریت) پاشان پەرەی سەندووە بەرەو سامەڕا و دۆر، هێرشبەرەكان لە بەرزاییەكانی حەمرین، عەجیل، عەلاس و حەویجەوە بە سواری ماتۆڕ و بە پیادە رۆشتوون، هەندێ خاڵ و رەبیەیان كردۆتەوە ئامانج كە تازە بنیاتنراون، لەمەش ترسناكتر پشتێتی پڕ لە تەقەمەنییان پێ بووە، هەندێكیش لە هێرشبەران "انغماسی" بوون، كە سەرجەم ئەمانە ئامادەكاریی پێشوەختی هێرشەكان پیشان دەدات، هەندێ لە شارەزایانیش باس لەوە دەكەن هێرشەكە بەرهەمی هەماهەنگی داعشەكانی كەركوك، دیالە، سەلاحەدین، بووە و ئەمە یەكەم كاری هاوبەشی ئەوانە لەو ناوچانە.

وەك دەمی هەموو هێرشە كتوپڕە گورزوەشێنەكانی تری داعش، ناوەندی سیاسی و پەرلەمانی عێراق توشی شڵەژان و پەرتەوازەیی زۆر هاتوون لە شیكاركردنی هۆكار و دیاریكردنی خاڵەكانی لاوازیی هۆكار بۆ ئەم دزەكردنە گەورەیەی داعش، لە لایەك "راستڕەوە شیعەكان" دەیگێڕنەوە بۆ پلانی ئەمەریكا و بەكارهێنانی كارتی داعش بۆ مانەوەی خۆیان، لە لایەكیتر هەندێ لە سوننەكان بە یارییەكی ئێرانی دەزانن بۆ وێرانكردن و دەستگرتنی زیاتر بەسەر شارەكانیان، هەندێكیتر باس لەوە دەكەن بۆ تێپەڕاندنی حكومەتی كازمییە، لەم نێوەندەشدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێیوایە هێرشەكە لە سنوری چاوەڕوانكراودا بووە، بەشێكیشە لە پەرەسەندنی شێوازی كاری نوێی داعش، بەڵام هێندە هەیە لایەنە دەسەڵاتدارەكانی حكومەنی عێراق وەك پێویست هۆشدارییەكانیان بەهەند وەرنەگرتووە بۆ رێگرتن لێی.

سەرباری ئەو تۆمەت گۆڕینەوانەشی لە بارەی هێرشەكانی بەرەبەیانی 2 ئایاری داعشەوە هەن، راستییەك هەیە زۆركەم لایەنە عێراقییەكان خۆیانی لێ دەدەن ئەویش نیوەچڵی ئەو سەركەوتنەیە كە بەسەر رێكخراوەكە راگەیەنراوە لە پاش 2017، جگە لەوەش زاڵبوونی گرنگیدان بە قەیرانەكانی كۆرۆنا، داڕمانی ئابووری، شەڕ لەسەر پشكە وەزارییەكانی حكومەتی نوێ، دەرفەتی زێڕین بوون بۆ داعش تا جارێكی تر لە رێگای هێرشی خۆكوژییەوە خۆی بكاتەوە بە سەردێڕی هەواڵ و جێگەی باسی لە عێراق و لە جیهان، ئەم پێشهاتەش نەك بۆ شیعە و سوننە بەڵكە بۆ ناوچە كوردییەكانی جێناكۆك بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر جێگەی مەترسی و نیگەرانییە بۆ داهاتوو.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ