پێشخستنی خوێندن و به‌هێزكردنی تواناكانی فێرخواز

خوێندنی ئۆنلاین.. هه‌نگاوی یه‌كه‌م به‌ره‌و جێهێشتنی خوێندنی ته‌قلیدیی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.07 05:44 PM
1983 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

شارۆ نەورۆز فازڵ
لە ئێستادا کە جیهان لە بارودۆخێکی ناهەموواردایە و پەتای کۆرۆنا (کۆڤید-١٩) تەنگی بە هەموو جیهان هەڵچنیووە بەبێ جیاوازی لەنێوان دەوڵەتەکان چ زلهێز چ لاواز ، بەبێ جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا لە ڕووی نەتەوە، ڕەگەز، باری ئابووری، ئایین، ڕەنگ، دەوڵەمەند و هەژار، ئاشکرایە ئەم پەتایە لەڕێگەی هەر مرۆڤێکە و هەندێک جار گیان لەدەستدانی لێدەکەوێتەوە.
بەهۆی سامناکی دۆخەکە و خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەموو جیهاندا ژیان گۆڕاوە و کار و پیشەسازی و خوێندن پەکی کەوتووە، لەم ناوەندەدا بەهۆی خەمخۆری دەسەڵاتداران بەرامبەر فێرخوازان کە بێ تاوانن بەرامبەر دۆخەکە و مافی خوێندنیان بۆ ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بەرەو لەدەستچوون دەچێت، لە زۆربەی وڵاتان و لە هەرێمی کوردستانیش هەڵبژاردەی خوێندنی ئۆنلاین پەسەندکرا بەشێوازی پاڵپشتیکاری، بەوپێیەی کۆتایی هاتنی دۆخەکە ئاشکرا نیە و بەرپرسانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە خەمی لەدەستچوونی ساڵێکی خوێندندا ئەم بیرۆکەیەیان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لەگەڵ ئەوەی ئاڵنگاری زۆر هەیە بۆ پرۆسەکە و هەموو لایەک هۆشیارن لەوەی خوێندنی ئۆنلاین ناتوانێ جێی خوێندنی نێو کامپ بگرێتەوە و لایەنی نەرێنی زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام گەر بڕوانینە لایەنە ئەرێنییەکان (پۆزەتیڤەکانی) پرۆسەکە و ئەم دۆخە وەک هەلێک بقۆزینەوە و سوود لەخاڵە بەهێزەکانی وەربگرین، فێرخوازان دەتوانن خۆیان زۆر بەهێز بکەن لەم دۆخەدا بە سوود وەرگرتن لە پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین جگە لەوەی دۆخەکە کۆمەڵێک خاڵی زۆر بەهێزی تێدایە بۆ مامۆستایان و توێژەران و خاوەکان کارەکان و تەنانەت هەر کارمەندێکی ئاسایی.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا خوێندنی ئۆنلاین یەكێکە لە خوێندنە خواست لەسەرەکان


لێرەدا تەنها باس لە دۆخی فێرخوازان دەکەم و ئەو خاڵە بەهێزانە دەخەمەڕوو کە فێرخواز دەتوانێت بیقۆزێتەوە و خۆی پێ دەوڵەمەندتر بکات لەڕووی فکر و زانست و تەکنەلۆجیا و ئاشنابوونێکی زیاتر بە جیهانی دەرەوە، ئەمەش دواتر دەبێتە هۆی دەوڵەمەندبوونی مێژووی فێرخوازەکە لەڕووی خوێندن و توانای کەسییەوە و ئەگەرەکانی بۆ دۆزینەوەی هەلی کار زیاتر دەبێت.

ئەو خاڵانەی خوێندنی ئۆنلاین و پەتای کۆرۆنا بە شێوەیەکی پۆزەتیڤ دەیبەخشێت بە فێرخواز:
1- فێربوونی بەکارهێنانی کەرەستە تەکنەلۆجییەکان چ لەڕووی زیاتر ئاشنابوون بە سۆفتوێرە جیاوازەکان و چ لەڕووی زیاتر بەکارهێنانی کۆمپیوتەر کە پێشتر فێرخواز تەنها پشتی بە مۆبایل دەبەست بۆ هەموو کاروبارەکانی.
2- ئاشنابوونی فێرخواز بە بەکارهێنانی ئیمەیل کە یەکەمین ڕێگای پرۆفێشناڵە لەبواری پیشە و کارکردندا، لە جیهانی ئێستادا بەبێ جیاوازی جۆری کۆمپانیا و ڕێکخراو و دام ودەزگاکان دەبێت کارمەندان ئیمەیل بەکاربهێنن بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و کاروبارەکانیان.
3- ئاشنابوونی فێرخواز بە بەکارهێنانی جۆرە جیاوازەکان یاخود پرۆگرام و ئەپلیکەیشنە جیاوازەکان بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی فەرمی کە دەتوانن دواتر بۆ چاوپێکەوتنی کار و بەجێ گەیاندنی کاروبارەکانیان بەشێوازێکی پرۆفێشناڵانە بەکاریبهێنن، ئەمەش زۆر جیاوازە لە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە فەرمی نین بۆ گفتگۆ و پەیوەندی کردن.
4- ئاشنابوونی فێرخواز و ڕاهاتن لەگەڵ سیستەمە ئۆنلاینەکاندا بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کە هەرگیز پێشتر کاری پێنەکراوە و فێرخواز تەنها بە شێوازە تەقلیدییەکە خوێندنی تەواو کردووە لەکاتێکدا لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا خوێندنی ئۆنلاین یەكێکە لە خوێندنە خواست لەسەرەکان بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کاردەکەن و کاتیان نیە بەشداری خوێندی نێو کامپ بکەن.
5- ڕاهاتنی فێرخواز بەسەرنج دان و تەرکیز کردنێکی زیاتر تەنها لەڕێگای بیستنەوە و ئەمەش توانی کەسی فێرخوازەکە بەرزدەکاتەوە.

خوێندنی ئۆنلاین فێرخواز له‌ رووی زانستی و پیشه‌یی و به‌هره‌ی كه‌سییه‌وه‌ پێش ده‌خات

6- پشتبەستنێکی زیاتر بە خود بەو پێیەی بەربەست دێتە ڕێی فێرخوازەکە لەکاتی بەکارهێنانی توڵە تەکنەلۆجییەکان یاخود لەکاتی هەوڵدان بۆ پراکتیزەکردنی وانە پراکتیکییەکان لە ماڵەوە و وەک کاتی خوێندنی نێو کامپ هاوڕێکەی یان مامۆستاکەی لەگەڵ نیە دەستبەجێ پرسیار بکات بەڵکو لەم دۆخەدا خۆی هەوڵدەدات تێبگات لە بابەتەکە و کێشەکە چارەسەر بکات، هەڵبەت هەموو بەشەکانی نێو زانکۆ وپەیمانگاکان ناتوانن وانە پراکتیکییەکان لە ماڵەوە پراکتیزە بکەن وەک بەشە پزیشکییەکان و چەند بەشێکی دیکە کە تاقیگەی کیمیای دەوێت بەڵام هەندێک بەشی وەک زانستە تەکنەلۆجییەکان و کۆمپیوتەر و ڕاگەیاندن بەشەکانی تر بەپێی وانە جیاوازەکان دەتوانن لە ماڵەوە جێبەجێی بکەن.
7- کاتێکی ئازادی زیاتر لە پێشوو بۆ فێرخوازان ڕەخساوە کە بخوێننەوە و بگەڕێن لەڕێگای ئینتەرنێتەوە و زیاتر ئاشنا بن بە زانستەکەی خۆیان و جیهانی دەرەوە و فێربوونی زمانێکی نوێ لەڕێگای کۆرسە ئۆنلاینەکان، ئەمەش دووبارە دەبێتە خاڵێکی بەهێزی دیکە بۆ توانا زانستی و کەسییەکانی فێرخوازەکە.
ئەمانە و چەندین خاڵی بە‌هێزی تر وادەکەن توانای فێرخواز لە ڕووی زانستی، پیشەیی و هەروەها لەڕووی بەهرە و توانای کەسییەوە بەرەوپێش بچێت و دواتر لە بواری کارکردندا وەک خاڵێکی بەهێزی خۆی ئاماژەی پێبکات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بیسەلمێنێت کە ئاشنایە بە تووڵە تەکنەلۆجییەکان و توانای کارکردنی هەیە لەژێر فشاردا و دەتوانێت لە ناوەندێکی پرۆفێشناڵ و فەرمیدا پەیوەندی و گفتوگۆیەکی کاریگەر ئەنجام بدات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ