چۆن داعشێکی خراپ خزمەتێکی باشی عێراقییەکانی کرد ؟

ئایا داعش دەرکەوتەوە یان پیشاندرایەوە ؟

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 2020.05.10 09:29 PM
732 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
ئه‌زمونى 17 ساڵ كاری ڕاگەیاندن 

بەپێی ڕاپۆرتێکی (سکای نیوز ــ عەرەبی) هۆکاری جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی داعش لە عێراق بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە کە ئەوانیش: یەکەم سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و دووەم قەیرانە سیاسییەکەی عێراق، کە پێش پێکهێنانی کابینە وزاریەکەی مستەفا کازمی ڕووبەڕووی عێراق بووبوەوە.
بینینەوەی جارێکیتری داعش بەو وەجهە بەهێزە لەدوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەریاندا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ویلایەتەکەی خۆیدا، دووجار ئاماژەی ترسناکی لێدەخوێنرێتەوە، لە لایەک قەبارەی ئەو کەلێنە سیاسییە دەردەخات کەوتۆتە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە، کە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش تێیدا جێگای دەبێتەوە و لەوێوە خۆی دەخزێنێتە ناو کۆمەڵگەوە، لە لایەکی تریشەوە گومانەکان بۆ ڕاستی هەڵدەکشێن کە داعش وەک هێزی پشتەوەی لایەنێکی ناوخۆیی عێراق، یان وەک دەستكەلای وڵاتێکی خاوەن بەرژەوەندی لە دژی نەیارەکانیان لەعێراقدا پیشان بدرێتەوە.

پەلاماردانی هێزێکی پڕ چەکی وەک حەشد ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە داعش خاوەن هەمان توانا بێت لە ڕووی سەربازییەوە


ئەو جموجۆڵە لە پڕەی داعش کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ئەنبار و کەرکوک و هەندێک لە گوندەکانی نزیک حەمرین و کوڵەجۆ و چەند ناوچەیەکی تری عێراق بینرا، لە جوڵەیەکی ئاسایی نەدەچوو، چونکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ حەشدی شەعبی بەشەڕ هاتن، بە پێچەوانەوە زۆر لە ناکاو و بە گوژم هاتنەوە مەیدان بە جۆرێک پەلاماردانی هێزێکی پڕ چەکی وەک حەشد ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، کە داعشیش خاوەن هەمان توانا بێت لە ڕووی سەربازی و لۆجستییەوە، بۆیە ئەم تابلۆ تیژپەڕە داعش خوڵقاندی پرسیارێکی جەوهەری دێنێتەگۆڕێ کە: ئایا داعش دەرکەوتەوە یان پیشاندرایەوە؟
هیچ وەڵامێک دەقیق و بنبەست نییە بۆ پرسیارێکی لەو شێوەیەی سەرەوە، چونکە مەسەلەی پیشاندانەوەی داعش وەک لایەکی تەرازووی ئەم پرسیارە هەروا ئاسان نابێت وڵاتێک و لایەنێک لە پشتەوەی داعش قووت بکەینەوە و پێمانوابێت فڵان وڵات و لایەن داعشیان پیشانی هێزە عێراقییەکان دایەوە، قسەیەکی لەم شێوەیە مەگەر تەنها دۆناڵد ترامپ لەسەردانەکەی 2017یدا بۆ سعودیە بە ئاشکرا دژی قەتەر وتبێتی، بەڵام لە هەندێک دەلاقەوە تیشکی سیاسی و ئەمنی دەڕواتەسەر وەڵامێک و ئەشێت لە دوو  ڕوانگەوە وا لێکبدرێتەوە کە بەڵێ داعش پیشانداوەتەوە!

ئەگەرێکی نزیکە  داعش وەک ئەزموونێکی تاڵ بۆ حەشدی شەعبی پیشان درابێتەوە


لە ڕووی ئەمنییەوە، ئەگەرێکی نزیکە  داعش وەک ئەزموونێکی تاڵ بۆ حەشدی شەعبی پیشان درابێتەوە، تاکو چیتر حەشد دۆخی ئەمنی عێراق لەم سەروبەندەدا خراپتر نەکات بە ئەجێندای وڵاتانی دەرەکی، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیتوانی حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێەوە یان لەسەر داوای سەرۆک وەزیرانی پێشوو نەتوانرا لە ناو سوپای عێراقدا دابنرێنەوە لەژێر ناوی دیکەدا.
لە ڕووی سیاسییەوە، داعشێکی خراپ خزمەتێکی باشی عێراقییەکانی کرد، داعش وەک هێزێکی ترسناک پیشانی تەواوی لایەنە سیاسییەکانی عێراق درایەوە تاکو هەرچی زووە بکەونەخۆیان و کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، بۆیە لێرەدا دەکرێت بڵێین داعش هێزێکی نێگەتیڤە کە دەرئەنجامێکی پۆزەتیڤ لە پیشاندانییەوە دەبەخشێتە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆئەوەی نێوماڵی خۆیان ڕێکبخەنەوە. وەک بینیمان یەکەم کاری سەرۆک وەزیرانی نوێیش (مستەفا کازمی) ئەوەبوو کە کێوماڵکردنێکی چڕی پاشماوەکانی داعشی دەست پێکرد.
بەلۆژیکی سیاسی! بینینەوەی داعش لەوەرزی قەیرانەکانی عێراقدا، ئەکرێت هەمان یاسای فیزیایی وەرگرێت کە دەڵێت "هەندێک پەستانی نەرێنی لێکەوتەی ئەرێنی دەبێت"، پیشاندانی داعش پاڵنەرێکی نەرێنی خراپە تاکو عێراقییەکان و بەتایبەت شیعەکان ماڵی خۆیان لە لایەک و ناوخۆی عێراقیش لەلایەکی تر کۆبکەنەوە و کێشەکانیان بۆ ساتێک بەلاوە بنێن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ