ئایا توانای خۆدەربازکردنی هەیە؟

پارتى.. گۆشەگیربوونى زیاتر و خستنەدەرەوەی لە گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراقدا

ئەحمەد قادر 2020.05.11 06:19 PM
1250 جار خوێندراوەتەوە

ئەحمەد قادر

ماسته‌ر له‌ ڕاگه‌یاندن
خوێندکاری دکتۆرا ـ زانکۆی گازی ـ ئەنقەرە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئێستادا بەهۆی هەنگاو و هەڵوێستەکانیەوە پەیوەندییەکانی هەم لەگەڵ حکومەتی عێراق و هێزە عێراقییەکان و هەمیش لەگەڵ حیزبەکانی هەرێمی کوردستان گرژی تێکەوتووە.
پارتی بەهۆی ئەو هەنگاوانەی کە ناویەتی و بەردەوامە لێی کەوتۆتە دۆخی گۆشەگیرییەوە، هەم لە ئاستی هەرێم و هەمیش لە ئاستی عێراقدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە کاریگەرەکاندا لە گرژبوونی بەردەوامدایەو تا ئێستاش دەرەچەیەک بۆ خاوبوونەوەی ئەو پەیوەندییانە نەدۆزراوەتەوە.
پارتی و بارزانی لە دوای سەرهەڵدانی داعش و بەهێزبوونی پێگەی هەرێم لە بەرامبەر بەغداد و پاشان ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەرەنجامەکانی و دواتریش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و لە ئێستاشدا کێشەی مووچەو نەوت لەگەڵ ناوەند بەردەوام خاوەن گوتارێکی رەق و دوژمانکارانە بوون بەرامبەر حکومەتی عێراق و هەوڵیانداوە وەک "دەوڵەتی کوردستان" مامەڵە لەگەڵ بەغداد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا بکەن. بە تایبەتیش لە دوای راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراق هەڵوێستی پارتی زیاتر توند بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پارتی بە تەواوی پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق مستەفا کازمی دەربڕی، لەگەڵ ئەوەشدا پۆستی وەزارەتی دارایی لە بەرامبەر بەڵێنی پۆستی وەزارەتی بەرگری لە دەستداوەو ئێستاش دڵنیا نییە لەوەی کە وەزارەتی دەرەوە-یش وەردەگرێت، ئەمەش زیاتر بەهۆی فشاری لایەنە شیعەکانەوە بووە کە دەکرێت ئێران زەختی لەوانیش کردبێت بۆ گۆشەگیرکردنی زیاتری پارتی و خستنەدەرەوەی لە مەیدانی سیاسی عێراقدا.
لەگەڵ ئێرانیشدا بەهۆی هەڵوێستی مامناوەندی پارتی لە پرسی کوشتنی قاسمی سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس هەروەها جێگیرکردنی هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە لە ناوچەی زینێ وەرتێ لەلایەن حکومەتەکەی پارتییەوە و راڤەکردنی رووداوەکە لەلایەن ئێرانەوە بەوەی کە زیاتر بۆ پاراستنی سەربازگەکەی ئەمریکایە لە هەریر لە مەترسی هێرشی ئێران، پەیوەندییەکانی پارتی و ئێران گرژتر بوون. 
لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا ململانێی کەسی مەسرور بارزانی لەگەڵ لاهور جەنگی لەلایەک و بابەتەکانی دواکەوتنی مووچە، زینێ وەرتێ، هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران و داواکاری ناناوەندێتی (لامەرکەزییەتی) سلێمانی لەلایەکی دیکەوە کێشەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتی وەک رکابەری سەرەکی و لەمێژینەی پارتی و سەرجەم لایەنەکانی دیکەی هەرێمدا ئاڵۆزترو قوڵتر کردووەتەوە. 
لەم نێوەندەدا سەردانیکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ لای یەکدی لە ماوەی دوو هەفتەی هەستیارداو گفتووگۆی جددییان لەسەر بابەتی حکومەتی خۆجێی سلێمانی و ناناوەندێتی شارەکە، هەڵوێستی پارتی لە بەرامبەر ئەو دوو هێزەی کە لە کابینەی نۆیەمدا بەشداری حکومەتەکەی مەسرور بارزانین توندتر کردو ئێستا پارتی بە چاوی گومانەوە لەو شەریکایەتییەی یەکێتی و گۆڕان دەڕوانێت.

لەلایەکی دیکەوە بێدەسەڵاتکردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکومەت کە هەردوکیان پشکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن لەلایەن پارتی و خودی مەسروس بارزانی و باڵەکەیەوە لە حکومەت و پەرلەماندا، لە هەمانکاتدا جێبەجێنەکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لەلایەن پارتییەوە، پەیوەندییەکانی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی لە گەرمای هاوینەوە بەرەو چلەی زستان دەبات.

ململانێکانی ناو پارتی بووە بە سێکوچکەیی لە نێوان دوو ئامۆزا لە لایەک و مام و برازا لەلایەک

هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی بۆ جاری دووەم گۆمی ململانێکەی قوڵتر کردووەو پارتی زیاتر بەرەو گۆشەگیری بردووە.
لە ئاستی ناوخۆی پارتیدا ململانێکانی نێوان هەردوو ئامۆزا لە ئاستی "با بەینی خۆمان بێ" دەرچووە. ئێستا مملانێکە لەگەڵ ئەوەی سەری کێشاوە بۆ ئۆرگانەکانی خوارەوەی پارتی لە هەمانکاتدا بووە بە رکابەرییەکی سێکوچکەیی لە نێوان دوو ئامۆزا لەلایەک و مام و برازا لەلایەک و دەکرێت گریمانەی سەرهەڵدانی ململانێی باوک و کوڕیش وەک ئەگەرێکی کراوە دابنرێت کە لە هەر ئان و ساتێکدا بتەقێتەوە.
لەگەڵ هەموو ئەم ململانێیانەدا ئەگەری ئەوە هەیە هەموو ئەو ژەهرانەی دەچنە ناو جەستەی پارتییەوە نەیکوژێت و بە پێچەوانەوە بەهێزتری بکات. لەبەرئەوەی لەلایەک خودی ئەو ژەهرانە بکوژ نین و لەلایەکی ترەیشەوە پێکوتە (دژە ڤایرۆسی)ی پارتی هەم ناوخۆیی و هەم دەرەکی لەو ژەهرانە بەهێزتر دیارن.
لە ئاستی ناوخۆدا بە پشبەستن بە ئەزموونی رابردوو هەر لە نسکۆی 1975ی شۆڕشی ئەیلولەوە تا ئێستا هەموو شکستەکان پارتییان بەهێزتر کردووە. لە دوای هەر شکستێک پارتی بەو پاڵپشتییەی کە لە ناوخۆو دەرەوەدا هەیەتی پاش ماوەیەک هەستاوەتەوەو وەک پارتی دایک لە هەرێمدا پلەی یەکەم و خاوەندارێتی دۆزی کوردی بۆ هێزەکانی تر واز لێنەهێناوە. خودی مام جەلال لە بەشی یەکەمی کتێبی "دیداری تەمەن"دا باس لەوە دەکات کە پێش ساڵی ١٩٦٦ "چەندین جار مەلا مستەفا ویستویەتی واز لە کاری حیزبایەتی و سیاسی بهێنێ، بەڵام ئێمە رۆشتوینەوە بۆ لایی و داوامان لێکردووە بەردەوام بێت لەگەڵمان". کەواتە خودی بارزانییەکان خاوەن سیحری جەماوەریبوونن و خەڵك دوایان دەکەوێت. پێشم وانییە لە ئێستادا ئەو جەماوەری بوونەیان کەمی کردبێت بە تایبەت لە دەڤەری بادینانادا.

لەگەڵ هەموو ئەم ململانێیانەدا ئەگەری ئەوە هەیە هەموو ئەو ژەهرانەی دەچنە ناو جەستەی پارتییەوە نەیکوژێت و بە پێچەوانەوە بەهێزتری بکات.

لە شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، ئەو کاتەی یەکێتی بە پشتیوانی ئێران دەستی بەسەر هەولێردا گرت، لەگەڵ داوای پارتی-دا هەم سەدام حسین و هەمیش تورکیا بە هانای تاقانە هێزەکەیان لە بەرامبەر ئێرانەوە هاتن و هەولێریان وەک چەپکە گوڵی دیاری پێشکەشی پارتی کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە هێزە سیاسییەکانی هەرێم لەبەر مەترسی سەرڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو دوو ئیدارەیی تا ئاستێکی دیاریکراو ململانێی پارتییان کردووە، هەڵبەت بە جیاکردنەوەی کەسایەتی لاهور جەنگی کە هێشتا روون نییە لە ئاستی ملنەدانی پارتیدا بۆ داواکارییەکان تا ئاستی دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ململانێی پارتی دەکات یان نا.

لاهور شێخ جه‌نگی تاكه‌ ڕكابه‌ری ئێستای پارتی و ماڵباتی بارزانییه‌

جگە لەمانەش هێزە سیاسییەکانی هەرێم بە تەواوی ملیان بۆ پارتی کەچ کردووە. بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی ٢٠١٥ کە ئەوکات ئۆپۆزسیۆنیش بوو نەیتوانی نە لە ئاستی ناوخۆو نە لە ئاستی دەرەکیدا لە بەرامبەر رێگری پارتی لە داخستین پەرلەمان و رێگری لە سەرۆکەکەی کە سەر بە گۆڕان بوو رایەکی گشتی پێویست دژی پارتی دروست بکات. یەکێتی نیشتیمانیش هەر ئەوەندەی پێ دەکرا رەزامەند بێت لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتی جەنابی سەرۆک بۆ چەندجار. حیزبە بچووکەکانی دیکەش بەهۆی مەترسی داعش و کڵاوە شڕەکەی خۆیان تاوەکو با نەیبات ورتەیان لێوە نەدەهات. لە ئێستاشدا لاهور جەنگی خودی خۆی نەبێت چاوەرێ ناکرێت کەس و لایەنێکی دیکە لە بەرامبەر پارتیدا راست ببێتەوە و هێڵێکی سوری بۆ بکێشێت. 
لە هەمانکاتدا پارتی هەم لە پەرەلەمان و هەمیش لە ئاستی سەرکردایەتی سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشدا پشتیوانی تاڕادەیەک تەواوی کەمایەتیەکانی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێناوە. ئەم پشتیوانییەش لە بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاراندا بە ئاشکرا رەنگیدایەوە. 
لە ئاستی دەوڵەتی (عێراق) و هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا پارتی لە بەدەستهێنانی پشتیوانی بەردەوامدایە. ئەگەر جاران تەنها پشتگیرێکی پارتی ئەمریکاو ئەوروپا بووبن لە ئاست مانگی شیعی (هیلالی شیعی) ئەوا لە ئێستادا تورکیا و وڵاتانی کەنداو بە ئاشکراو بێ پەردە پشتگیری پارتی دەکەن و وەک تاقانە هێزی سیاسی سەربازی لە عێراقدا دەزانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانگەکەی ئێران. 

ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ژەهرانەی دەچنە ناو جەستەی پارتییەوە نەیکوژێت و بە پێچەوانەوە بەهێزتری بکات

لە لایەکی دیکەوە بەهۆی ئەوەی بارزانییەکان و سەرکردەکانی پارتی لە دوای رووخانی حکومەتی عێراق سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و وەک نوێنەری هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەرکەوتوون، بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا بارزانیەکان پێگەی (سەکردایەتی کورد و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران)یان لە دەستدایە. تەنانەت کاتێک کاک نێچیرو مەسرور وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران سەردانی دەرەی هەرێم دەکەن بە زۆری بەرپرسانی پارتی لەناو حکومەتدا لەگەڵ خۆیاندا دەبەن.
دەرکەوتنی مەسعود بارزانی وەک سەرکردەی گشتی (مەرجعی) کورد هیچ نەبێت لە هەرێمی کوردستان کە ئەمەش لە سەردانی بەرپرسانی وڵاتان و سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقیشدا بینراوە، پێگەی پارتی لە ئاستی هەرێم و عێراق و نێودەوڵەتیدا بەهێزتر کردووەو وای لێکردووە هەر بە راستی خەڵکی بارزانی بە سەرکردەی گشتی کورد بزانن بە تایبەت لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
هەموو ئەم هۆکارو پاڵپشتییانە پێمان دەڵێن کە لە ئێستادا ئەگەری گۆشەگیربوونی پارتی و کەوتنی زیاتر لە خەون و خەیاڵ دەچێت و پێش ئەوەی هەوڵی رێگری لە هەنگاوە تاکڕەوییەکانی پارتی و مەسرور بارزانی بدرێت، دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا پێگەی پارتی و پەیوەندییەکانی رابگیرێت و ببرێتەوە قاوغی راستەقینەی خۆی. تا ئەو ئاستەی خودی پارتی خۆی هەست بکات کە تەنها ئەو نوێنەری کورد و خاوەن دۆزی کورد نییە. پاشان لە ناوخۆدا ململانێی بکرێت و سنورەکانی بۆ تۆخ بکرێنەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ