حوسێن ئهحمهد پور
هەموو جوڵە و سیاسەتی یەکێتی لە قۆناغی نوێی خۆیدا بریتییە لە گەڕانەوە بۆ قۆناغی بەر لە ٢٠٠٣، جگە لەوە هیچ خوێندنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت. یەکێتی بەر لە ٢٠٠٣ حیزبێکی هاوسەنگ بوو لەگەڵ پارتی و تەنانەت زۆرجاریش ئەم هێزی زیاتر بەسەر پارتیدا دەشکا. بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ بەهۆی هاوکێشەی نوێ لە عێراق یەکێتی نەرمی زۆری نواند بەرامبەر پارتی، کەچی پارتی بەو رادەیە نەرمی بەرامبەر یەکێتی نەنواند، بۆیە پارتی بووە براوەی هاوکێشەی هیزی دوای ٢٠٠٣.
سەرکردایەتییە گەنجە رادیکاڵەکەی ئێستای یەکێتی ئێستا هەموو هەوڵی گەڕانەوەیە بۆ ئەو قۆناغە. ئامادە نییە سازش بۆ پارتی بکات، مەگەر ئەوەی پارتیش ئامادەبێت سازشی بۆ بکات.
ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا سواری ئەو شەپۆلە مێژووییە دژە پارتییە بووەتەوە کە لە شەستەکانەوە بە تایبەت لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان رەگی داکوتاوە. ئێستا ئەو حیزبانەی دیکە کە دانوویان لەگەڵ پارتیدا ناکوڵێ یان دەبێت لەگەڵ ئەو شەپۆلە بکەون کە یەکێتی سەرکردایەتی دەکات یان پێگەیان لە بەرامبەر یەکێتیدا زۆر لاواز دەبێت.
هەموو حیزبەکانی دیکە ترسیان لەوەیە کە ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی قوڵتر بێتەوە، ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ناکۆکی نێوان ئەو دوو لایەنە کاریگەری خراپ لەسەر هەرێمی کوردستان و پیگەی هەرێم دادەنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەتا ناکۆکی نێوان ئەم دوو هیزە قوڵتر بێتەوە شوێنی ئەوان بەرتەسکتر دەبێتەوە و لاوازتر دەبن.
ئەم دۆخەش ئەوەی دەرخست ئۆپۆزسیۆنی پارتی و یەکێتی ئەگەر بیانەوێت شوێنپێیەک بۆخۆیان بکەنەوە و داهاتوویەک بۆخۆیان مسۆگەر بکەن نابێت لەسەر پاشخانی ئەو کلتورە سیاسییە بژین کە ئەم دوو هێزە لە نیو سەدەی رابردوودا بەرهەمیان هێناوە. بەڵکو دەبێت بە گوتارێکی نوێوە بێنە مەیدان، گوتارێک کە ئەو کلتورە سیاسییە لاواز بکات کە نیو سەدەیە باشوری کوردستانی بەسەر مەلایی و جەلالیدا دابەش کردووە. کەچی ئەو ئۆپۆزسیۆنەی ئێستا و رابردووش لە گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییەوە بگرە تا دەگاتە نەوەی نوێ خۆیان لەسەر هەمان کلتور بونیاد ناوە.
بە دەربڕینێکی وردتر زیاتر خۆیان لەسەر پشکی جەلالی ساغ کردووەتەوە. هەربۆیە هەر کاتێک خاوەنە رەسەنەکەی باڵی جەلالی وەک ئێستای یەکێتی بە گوڕ دێتەوە مەیدان، ئەوانیتر دەکەونە پەراوێزەوە. ئۆپۆزسیۆنەکەی پارتی و یەکێتی باشتر لە خودی ئەو دوو هێزە سەلماندیان چارەنووسی هەرێمی کوردستان سیستمێکی دوو حیزبییە و حیزبەکانی دیکە حیزبی ڕاگوزەر و کاتین.
یەکێتی ئێستا خەریکی خۆڕێکخستنەوە و هەستانەوەیە، پارتیش ناڕاستەوخۆ یارمەتی یەکێتی دەدات. پارتی سروشتێکی خراپی هەیە کە زۆر درەنگ دان بە رکابەرەکانیدا دەنێت. هەتا پارتی دان بەم سەرکردایەتییەی ئێستای یەکێتیدا نەنێت و لەگەڵیان رێک نەکەوێت. ئەم یەکێتییەی ئێستا لە بەرامبەر پارتیدا بەهێزتر دەبێت. هەر ئێستا یەکێتی لە هەوڵی ئەوەدایە هەموو خەڵک و هێزە ناڕازییە دژە پارتییەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. پێموایە بەرژەوەندی پارتی لەوەدایە هەرچی زووترە خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەی یەکێتی بگونجێنێت و لەگەڵیدا رێک بکەوێت.