له‌ نێوان سه‌راج و حه‌فته‌ر یارییه‌كی زیره‌كانه‌ ده‌كات

ڕوسیا.. به ‌خه‌ونی كۆنترۆڵكردنی ده‌ریاكانه‌وه‌ له‌ لیبیایه‌

ره‌نج نه‌وزاد 2020.05.13 05:10 AM
701 جار خوێندراوەتەوە

ره‌نج نه‌وزاد

 نوسه‌ر

به‌شی (4)
لە کاتی بڕیاردانی ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی هێرشکردنە سەر لیبیا ولابردنی قەزافی، ڕوسیا سەرەڕای ئەوەی ناڕازی بوو لەو بڕیارە، بەڵام مافی ڤیتۆی بەکارنەهێنا وەک ڕێگری لەو بڕیارە، پاشان ڕووسیا پەشیمان بووەوە لەوەی مافی ڤیتۆی بەکارنەهێنا و ئینجا ئەوەی کردە پاساوێک بۆ بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە ڕێگرتن لە هێرش کردنە سەر سوریا، چونکە پێی وابوو ئەو هەڵەیی لە کەیسی لیبیا کردی، لە کەیسی سوریا دووبارەی ناکاتەوە.
ڕوسیا وەک یاریکەرێکی سەرەکی جیوپۆلەتیک، بێ تێگەیشتن لە تیۆر و چەمکەکانی ناو ئەدەبیاتی جیوپۆلەتیک، تێگەیشتن لە ڕووسیا وسیاسەتەکانی ئەستەمە. 
لە جیوپۆلەتیک یەکێ لە بابەتە سەرەکیەکان بریتییە لە هێزی ووشکانی (تیلوروکراتیا) وهێزی دەریایی یا ئاوی (تالاسوکراتیا)، وململانێ لە نێوان ئەم دوو هێزە. 
ماکندەر یەکێک لە دامەزرێنەرانی زانستی جیوپۆلەتیک لە ١٩٠٤ یەکێک لە بەناوبانگترین تیورییەکانی جیوپۆلەتیک دادەنێت بە ناوی سەنتەر یا ناوکی جیهان کە دواتر بە دڵی جیهان یا دڵی زەوی دەناسرێت. زۆر بە کورتی ئەو تیورییە پێی وایە، ئەوەی دڵی جیهان کۆنتڕۆڵ بکات، هەموو جیهان کۆنتڕۆڵ دەکات، دڵی جیهانیش لێرەدا ڕووسیا و ناوچەی هەژموونی رووسیایە، دڵی زەوی ووشکانیە، واتە ڕووسیا هێزێکی ووشکانیە، لەبەرامبەردا هێزێکی سەرەکی تر هەیە، کە هێزی دەریاییە، ئەو کاتەی ئەو تیورییە دانراوە، بەریتانیا هێزی دەریایی بوو، واتە دوو یاریکەری سەرەکی هەبوو ئەوکات، ڕووسیا وەک هێزی وشکانی و بەریتانیا وەک هێزی دەریایی.
ماکندەر پێیوایە، لەبەر ئەوەی بەریتانیا دەریاکانی کۆنتڕۆڵ کردوە، ئەگەر بیەوێت هەموو جیهان کۆنترۆڵ بکات ئەوا دەبێت دڵی زەوی واتە ووشکانیش کۆنترۆڵ بکات، بە کورتی پێویستە بەریتانیا، ڕووسیا کۆنترۆڵ بکات یا گەمارۆی بدات.(لە ساڵانی چلی سەدەی ڕابووردو، ماکندەر گۆڕانکاری لەو تیۆرییەدا کرد).

لەبەرامبەردا، ئەگەر بە شێوەیەکی تر بڕوانینە ئەو تیۆریە، ئەو دەتوانین بڵێن، بۆ ئەوەی جیهان کۆنترۆڵ بکرێت، دەبێت ووشکانی و دەریاکانیش کۆنتڕۆڵ بکرێت، کەواتە لە بەرامبەردا ڕووسیا دەیەوێت دەریاکان کۆنتڕۆڵ بکات و هەژمونی هەبێت لە دەەریا و زەریاکاندا، ئەمەش لە پێناو ئەوەی تا داگیر نەکرێت، یا بۆ ئەوەی گەمارۆ نەدرێت لە لایەن هێزی دەریاییەوە، یا بۆ ئەوەی هەژموونی هەبێت لە جیهاندا.

روسیا له‌ دوربینی كۆنترۆڵكردنی ده‌ریاكانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت ململانێی ئه‌مریكا و ناتۆ بكات

ئەم ململانێیەی نێوان هێزی دەریایی و هێزی وشکانی لە جیوپۆلەتیکدا ئێستاش باسێکی گرنگە، ئەلێکساندرۆ دۆگینی ڕووسی کە لە ئێستادا لە ژیاندا ماوە، یەکێکە لە ناوە گەورەکانی جیوپۆلەتیک، پێی وایە بنەمای ململانێکانی مێژوو هەر لە کۆنەوە تا ئەمرۆ هۆکارەکەی ململانێی نێوان هێزی وشکانی و هێزی دەریاییە، لەمرۆدا، ڕووسیا هەر وەک نوێنەری هێزی ووشکانیە، بەڵام نوێنەری هێزی دەریایی ئەمرۆ بووە بە ئەمریکا لەگەڵ ناتۆ، دۆگین وەک ململانێیەکی حەتمی تەماشای ململانێی نیوان ئەم دوو هیزە دەکات.
فردریک راتسل کە بە باوکی جیوپۆلەتیک دەناسرێت، لە کتێبیکیدا بە ناوی (دەریا وەک سەرچاوەی هێزی گەلان) پێیوایە بۆ ئەوەی دەوڵەتێک ببێتە زلهێز، دەبێت هەژموونی هەبێت لە دەریاکاندا، بێ ئەوە نابێتە زلهێز، هەر بۆیە ئەڵمانیای کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ی هاندەدا فراوانخوازی بکات و جگە لە ووشکانی، دەریاکانیش کۆنتڕۆڵ بکات. 
بە هەمان شێوە بیرمەندی جیوپۆلەتیکی ناسراوی ئەمریکی ئەلفرید ماهان پێش جەنگی یەکەمی جیهانی ئەمریکای هاندەدا دەریا و زەریاکان کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە ئەو پێی وابوو سیاسەت و هێزی دەوڵەت واتە بازرگانی، شادەماری بازرگانیش لە زەریا و دەریاکاندایە، بۆیە دەبێت ئەمریکا ئەوانە کۆنتڕۆڵ بکات بەوەش بازرگانی کۆنترۆڵ بکات. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بە تایبەت، تا ئەمرۆش، ئەمریکا بە باشی تیۆرییەکانی ماهان جێبەجێ دەکات.
لێرەوەیە، پاڵنەرێکی سەرەکی رووسیا، بە درێژایی مێژوو، بریتی بووە لە هاتنە دەرەوە لە ووشکانی و گەیشتن بە دەریاکان، چونکە بێ هەژموومی بەسەر دەریاکاندا، ڕووسیا ئەگەر داگیریش نەکرێت، ئەوا گەمارۆ دەدرێت، کە ئەمەش ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا بە سەرپەرشتیاری ئەمریکا، ساڵانێکی زۆرە هەوڵیان بۆ داوە و جێبەجێش کراوە تا ڕادەیەک. یا ناتوانێت ببێتە زلهێزێکی کاریگەر و رکابەری ئەمریکا بکات کە نوێنەری هێزی دەریایە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە.

ڕووسیا هەر لە سەردەمی حوکمی قەیسەرەکانەوە، یەکێ لە خەونە گەورەکانی گەیشتن بووە بەوەی پێی دەڵێن ئاوە گەرمەکان، واتە ئەو ئاوانەی بە درێژایی ساڵ گونجاون بۆ هاتووچۆ و بازگانی، بە تایبەت خەونی گەورەی ڕووسیا ئەوە بووە بگات بە دەریایی ناوەڕاست، چونکە دەریایی ناوەڕاست هەرسێ کیشوەری ئاسیا-ئەفریقیا-ئەوروپا بە یەکەوە دەبەستێەوە، هەروەها دەروازەیەکە بۆ چوونە ناو زەریایی ئەتڵەسیش، کە گرنگترین ڕێگاکانی بازرگانین لە جیهاندا، بە تایبەت ڕێگەیەکی گرنگی گواستنەوەی وزەیە، بۆیە زلهێزێک بیەوێت رکابەری ئەمریکا و هێزی دەریایی بکات زۆر پێویستە لە دەریایی ناوەڕاستدا ئامادەیی هەبێت. ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی ڕووسیا بوو بۆ هاتنی بۆ سووریا و کۆنتڕۆڵکردنی سووریا، هەروەها هۆکارێکی سەرەکی بایەخدانی ڕووسیایە بە لیبیا، چونکە سووریا و لیبیاش هەردووکیان سنووریان هەیە بە دەریایی ناوەڕاستەوە.

روسیا ناوبژیوانى سه‌راج و حه‌فته‌ری كرد بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی لیبیا ـ مۆسكۆ

ڕووسیا لەگەڵ ئەوەی گەورەترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی ڕووبەرەوە، بەڵام سنوری زۆر کەم وسنوردارە بە ئاوە گەرمەکانەوە، لە باکوورەوە لەگەڵ چەن دەریایەکدا سنوری هەیە، بەڵام هەموو ئەو دەریایانە بەشێکن لە زەریایی بەستووی باکور، کە زۆربەی کاتەکانی ساڵ لەبەر نزمی پلەی گەرما بەستوویەتی و بەکەڵکی هاتووچۆی کەشتی نایەت، لە رۆژهەڵاتەوە دەڕوانێتە سەر دەریایی یابان، کە ئەمەش بۆ ئەوەی ببێتە ڕێگایەکی بازرگانی وکاریگەر پێویستە لە گەرووی (توسوشیما)وە بچێتە زەریایی ئارام و لەوێوە بۆ وڵاتانی تری جیهان، بەڵام ئەو ڕێڕەوە ئاوییە لە ژێر کۆنترۆڵی یابان و کۆریایە، کە یابان بە گشتی مێژوویەکی پڕ کێشەی هەبووە لەگەڵ ڕووسیا و هەروەها ئەمریکاش هەژموونی زۆرە بەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوویە، ئەوەی کە دەمێنێتەوە سنوری وشکاییە و لەگەڵ یەک سنوری ئاوی بچوک، کە ئەویش دەریایی ڕەشە، بەڵام بۆ ئەوەی لە دەریایی ڕەشەوە بگاتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و دەریایی ناوەڕاست، پێویستە بە هەردوو ڕێڕەوی ئاوی بسفۆر و دەردەنیل دا تێپەرێت، کە هەردووکی لە ناو خاکی تورکیان، تورکیاش ئەندامی ناتۆیە و بەدرێژایی مێژوو ڕووسیا و تورکیا یا عوسمانی کێشەی گەورەیان هەبووە، هەر چەن ئەو دوو ڕێڕەوە ئاویە بە پێی یاسا کراوەیە و ڕووسیا دەتوانێت سوودی لێ ببینێت، بەڵام ڕووسیا دەزانێت لە کاتی کێشەی گەورەدا لە نێوان دەوڵەتان، یاسا رۆڵی کەم دەبێت. بۆیە گرنگترین شت ئەوەیە ڕووسیا بگاتە سەر دەریایی ناوەڕاست لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هەندێ دەوڵەت کە دەڕواننە سەر دەریایی ناوەڕاست، سووریا یەکێک بوو لەوانە، لیبیاش بۆ ڕووسیا دەرەفەتێکی زێرینە زیاتر هەژموونی پسەپێنێت بەسەر دەریایی ناوەڕاستدا، لە زیاد لە وڵاتێکەوە بڕوانێتە سەر دەریای ناوەڕاست، پەیوەندی ڕووسیا بە لیبیاوە، لەم ڕووەوە زۆر گرنگە.

هۆکارێکی سەرەکی تری بەشداری ڕووسیا لە هاوکێشەی لیبیا، بریتییە لە پرسی گازی سروشتی، لیبیا وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە نەوت وگاز، پێشتر لە سەردەمی قەزافی ڕووسیا و لیبیا چەندین رێکەوتنامەیان لەو بارەوەیەوە هەبووە، لە ئیستاشدا بە تایبەت دوای دۆزینەوەی بڕێکی زۆر لە گازی سرووشتی لە رۆژهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست، ڕووسیا دەیەوێت لە ڕێگەی هەژموونی بەسەر لیبیا لە ئایندە، کۆمپانیاکانی بەشداربن لە بازرگانی و دەرهێنانی ئەو گازە وهەژموونیان هەبێت بەسەریا.
ڕووسیا خۆی دەوڵەمەندترین وڵاتە لە جیهاندا بۆ گازی سروشتی، پێویستی بە گازی سروشتی لیبیا و ئەو ناوچەیە نییە بۆ خۆی، بەڵکو ئەو گازە سروشتیەیی دەریایی ناوەڕاست خەریکە دەبێتە سەرچاوەیەکی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا، لە کاتێکدا ئەوروپا تا ڕادەیەکی زۆر گازی سروشتی لە ڕووسیا دەکرێت، ئەمەش وای کردوە هەندێ کات ئەوروپا نەتوانن سەربەخۆبن لە سیاسەتیان لە ترسی ڕووسیا، چونکە ئابووری ئەوروپا پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، ئەو گازەش زۆرێکی لە ڕووسیاوە بۆیان دێت، ماوەیەکی زۆرە دەیانەوێت سەرچاوەی گازی تر بدۆزنەوە لە دەرەوەی هەژموونی ڕووسیا، گازەکەی دەریای ناوەڕاست دەرەفەتێکە بۆ ئەوروپا کە کەمتر پشت بە گازی ڕووسی ببەستن، بۆ ئەم مەبەستەش ڕووسیا دەیەوێت لە ڕێگەی لێبیاوە، ئەو سەرچاوەیەش تا ڕادەیەکی کەمیش بێت، بختاتە ژێر هەژموونی خۆیەوە. 
ڕزگاربوونی ئەوروپا لە گازی رووسی جگە لەوەی زیانێکی گەورەیە بۆ داهاتی ڕووسیا، هەروەها ئەو کات ئەوروپاش وەک ئەمریکا ڕەفتار دەکات بەرامبەر بە ڕووسیا ولە ڕووی سیاسیەوە ڕووسیا گەمارۆ دەدەن.

یەکێک لە پلانە سەرەکیەکانی سیاسەتی ڕووسیا ئەوەیە کە زۆربەی سەرچاوە گرنگەکانی گازی سروشتی کۆنترۆڵ بکات، تا ئەوروپا ڕووبکەنە هەر بازارێک، ڕووسیا وەک فڕۆشیارێک لەبەردەمیان بێت. 
هاتنی ڕووسیا لە ڕێگەی کۆمپانیایی رۆسنفت بۆ کوردستان لە ساڵی٢٠١٧ هەر هەمان مەبەستی هەبووە، ماوەیەک بوو باس لەوە دەکرا، کە گازی سروسشتی کوردستان دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی وزە بۆ ئەوروپا. ڕووسیا هات و هەژموونی خۆی سەپاند بەسەر ئەو سەرچاوەیەیی کوردستانیش. 
ئەوکات له‌ کوردستان قەیرانی ئابووری و دارایی زۆر بوو، هەروەها هەڵەی کۆمپانیا ئەوروپی و ئەمریکیەکانیش لە لایەکی تر، هەموو ئەمانە ڕێی بۆ ڕووسیا خۆش کرد کە ئەو دۆخە بقۆزێتەوە و گازی سروشتی کوردستان بێنێتە ژێر هەژموونی خۆی.

فایز سه‌راج سه‌رۆكی حكومه‌تی لیبیا له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ ـ مۆسكۆ

 

ڕووسیا زیرەکانە کار دەکات لەو ڕووەوە، لە هەر شوێنێک قەیران یا نا ئارامی هەبیت، دەچێت دەیقۆزێتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی، تەنانەت رۆسنفت ئەو کات پێشەکی پارەیەکی زۆری دایە کوردستان، کوردستانیش لەو کات پێویستیەکی زۆری بەو پارەیە هەبوو، بۆیە بە مەمنوونیەوە ڕازی بوو بۆندەکان بە پێی بەرژەوەندی رووسیا مۆر بکات. 
لە لیبیاش کە ڕووسیا زانی دۆخەکە نا ئارامە و دەرگا کراوەیە بۆ چوونە ژوورەوە، بێ دوو دڵی بەشداری گەمەکەی لیبیایی کرد.

هۆکارێکی دیکەی تەدەخولی ڕووسیا لە لیبیا، بریتییە لە ڕێ گرتن لە گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان لەوەی بگەنە دەسەڵات.
ڕووسیا لەبەر بوونی موسوڵمانێکی زۆر لە ڕووسیا و بە تایبەت لە شیشان، زۆر هەستیارە بەرامبەر گروپە توندڕەوە ئیسلامیەکان، چونکە ترسی هەیە لەوەی هەر دەسەڵاتێکی ئیسلامی ناوچەکە کار لە موسوڵمانەکانی ناو رووسیاش بکەن و پەیوەندی لە نێوانیان درووست ببێت، جگە لەوەی ڕووسیا ئەزموونێکی پڕ کێشەی هەیە لەگەڵ شیشان و موسوڵمانەکانی خۆی، هەروەها پێی وایە ئەو توندڕەوانەی لە سوریا هەڵهاتوون، خۆیان کردوە بە لیبیادا.
بە شێوەیەکی فەرمی ڕووسیا لەگەڵ هەردوو بەرەی لیبیا حەفتەر و سەراج پەیوەندی هەیە، هەروەها بە پێی لێدوانی فەرمی ڕووسیا، بەشداری ڕووسیا تەنها دبلۆماسیە وهەوڵی ئارامکردنەوەی دۆخەکە دەدات، بەڵام زۆر ڕاپۆرت هەن کە ئاماژە بەوە دەدەن میلیشیایەکی نافەرمی ڕووسیا بە ناوی میلیشیای ڤاگنەر کە وەک کۆمپانیایەکی چەکداری ومافیایی ڕووسیە و لە ناو لیبیا چالاكیان هەیە و هاوکاری سوپاکەی حەفتەر دەدەن، بەڵام ڕووسیا لەسەر ئاستی فەرمی لەگەڵ هەردوو بەرەکە پەیوەندی هەیە، ئەوەش مامەڵەیەکی سیاسیە، چونکە دەیەوێت کارێک بکات کە ئەگەر هەر بەرەیەک سەرکەوتوو بوو، ئەوا پەیوەندیەکی باشیان هەبێت لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام ڕووسیا لە واقعدا لەگەڵ بەرەی حەفتەرە، ئەمەش کێشەیەکی ئاڵۆز دروست دەکات لە نێوان ڕووسیا و تورکیا، کە ماوەیەکە چەندین ڕێکەوتنی سیاسی و سەربازی و ئابووریان هەیە لەپەیوەندی بە سووریا وسیستەمی ئێس ٤٠٠ وهێلی گازی تورک ستریم..بۆیە لەبەر ئەوەی ئەو هاوسەنگیەیی لەگەڵ تورکیا ڕابگرێت، بەلایەنی کەمەوە تا یەکلابوونەوەی کێشەی سووریا، دەیەوێت بەو شێوە دبلوماسیە لە لیبیادا مامەڵە بکات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ