ئه‌مجاره‌ش كارتی لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌سوتێنن ؟

یه‌كێتى و گۆڕان.. بازرگانيی به‌ لامەرکەزیەتەوە دەکەن ؟

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.13 03:30 PM
434 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

بەیار عومەر عەبدوڵا

بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی یەکێتی و گۆڕان بازرگانی بە کێشەی خەڵک و پرسی لامەرکەزیەتەوە دەکەن. هەر کات پارتی فەرامۆشیان دەکات، پەنا بۆ کارتی لامەرکەزیەت دەبەن، بۆ ئەوەی پارتی گوێیان لێبگرێت و گرنگیان پێبدات. دواتر دەستبەرداری لامەرکەزیەت و کێشەی خەلک دەبن.
چەند کەسێکی باڵادەست لە یەکێتیدا هەن کە خەڵکی ئەم دەڤەرە نین و ھیج بایەخێک بەخەڵک و خاکی ئەم سنورە نادەن، پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینیان فەرامۆشکردوە لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەت و بازرگانیدا لەگەڵ پارتی. هەندێکیان چاویان بەم سنورە هەڵنایەت و حەزدەکەن لە ئێستا هەژارتر و کاولتر بێت. سەرەنجام پارەی ئەم سنورە دەبەن و لە هەولێر پرۆژەی گەورەی پێ دروستدەکەن.
هەر جارێک پرسی لامەرکەزیەت و فیدراڵیەتی پارێزگاکان دەوروژێت و ئومێدێک لای هاوڵاتیان پەیدادەبێت، ئەمان ڕێگری لێدەکەن. ناڵێن بازرگانی و پارە و پۆستمان لە کیس دەچێت، بەڵکو دەڵێن ئێمە یەکپارچەیی خاکی کوردستان دەپارێزین. بەو هۆیەشەوە خەریکە چەمکی خاک و نەتەوە و نیشتیمان ناشرین و بێبەھا دەبێت لە ناو ھاوڵاتیاندا.
سەبارەت بە بزوتنەوەی گۆڕانیش، بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی مەسەلەی لامەرکەزیەتیان جوڵاند بۆ ئەوەی فشار لە پارتی بکەن بۆ وەرگرتنی چەند پۆستێکی تر لە حکومەتدا، چونکە جگە لە وەزیرەکان، پێشتر لەسەر چەند پۆستێکی جێگری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی ڕێککەوتبون بەڵام پارتی نەیدەدانێ و دەستیدەستی پێدەکردن. بەڵام ئێستا بەهۆی فشاری لامەرکەزیەتەوە، چەند پۆستێکی تریان وەرگرت و بێدەنگ بوون.

بە کورتیەکەی لە پێناو چەند پۆستێکی بێبەھادا، کارتی لامەرکەزیەتیان سوتاند، کە تاکە کارتی بەھێزی ئەم سنورەیە بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم و ستەمەکانی پارتی و بەھێزبونەوەی ئابوری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و گەڕانەوەی شکۆ بۆ خەڵک و خاکەکەی.

گۆران لامه‌ركه‌زیه‌تی به‌كارهێنا بۆ وه‌رگرتنی چه‌ند پۆستێك و ئێستا بێده‌نگ بوون

بۆ بیرخستنەوە:
لە دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی ٢٠١٨ دا، یەکێتی نزیکەی ٣٢٠ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ لەمە نزیکەی ١٨٥ هەزاری لە پارێزگای سلێمانی بوو. واتە ٥٨% ی دەنگەکانی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی بوە و ٤٢% ی لە هەردوو پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بوە.
گۆڕانیش نزیکەی ١٨٧ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە؛ لەمە نزیکەی ١٤٣ هەزاری لە پارێزگای سلێمانی بوە. واتە ٧٧% ی دەنگەکانی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی بووە و تەنها ٢٣% ی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بووە.
کەواتە زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە متمانەیان بە یەکێتی و گۆڕان داوە خزمەتیان بکات. یەکێتی و گۆڕان ئەگەر هەر بەردەوام بن لەسەر ئەم خەمساردیە و ئەم سنورە بکەن بە قوربانی چەند پۆستێکی بێبەها لە هەولێر، ئایا شایەنی ئەوەن جارێکی تر خەڵک دەنگ و متمانەیان پێبداتەوە؟ یان بە چ ڕویەکەوە داوای دەنگ لە خەڵکی ئەم سنورە دەکەنەوە؟! مەگەر تەزویر فریایان بکەوێت.
کاتی ئەوە هاتووە ئەو کەسانەی دڵسۆزی ئەم سنورەن لە ناو یەکێتی و گۆڕاندا، فشار لە سەرکردایەتیان بکەن، بۆ جێبەجێکردنی فیدراڵیەتی پارێزگاکان کە بووە بە خواستی زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم سنورە، یان بیر لە بەدیلێکی تر بکەنەوە.
گومانم نییە لە دڵسۆزی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بەڵام سەرکردایەتی حزبەکانیان ڕیسەکەیان لێدەکەنەوە بە خوری. کە حزبیش کاری لە خەمی گشتیەوە بوو بە بەرژەوەندی تایبەت دەبێت بە دوکانی سیاسی.

کاتی ئەوە خەڵکی ئەم سنورە ڕاستەوخۆ کار بۆ فیدراڵیەتی پارێزگای سلێمانی بکات

 

ئێستا کاتی ئەوە ھاتوە خەڵکی ئەم سنورە خۆی ڕێکبخات و تەجاوزی ئەم حزبانە بکات و ڕاستەوخۆ کار بۆ فیدراڵیەتی پارێزگای سلێمانی بکات. ئەوەی جێی خۆشحاڵیە دەستوری عێراق ڕێگەی داوە کە هاوڵاتیانی هەر پارێزگایەک بەبێ حیزبەکانیش داوای فیدرالیەت بکەن بۆ پارێزگاکەیان.
واتە ئەگەر لە پێناوی پارە و پۆستدا حزبەکان نەهاتنە ژێربار، یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی دەتوانن ڕاستەوخۆ داوای فیدراڵیەتی پارێزگاکان بکەن. واتە لە کۆی (١.٢ ملیۆن دەنگدەر)ی پارێزگای سلێمانی، (١٢٠ هەزار دەنگدەر) دەتوانن داوای بکەن و دواتر دەخرێتە ڕاپرسیەوە و دەبێت (٥٠+١) دەنگی بۆ بدات؛ واتە زیاد لە (٦٠٠ هەزار کەس) دەنگی بۆ بدەن.

تێبینی:
بەپێی دەستوری عێراق، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد (نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و مەسعود بارزانی لە پارتی) نوسراوە و دواتر لە ڕاپرسیەکی گشتیدا ٨٠% ی گەلی عێراق بە کوردیشەوە دەنگی بۆ داوە.
بەپێی مادەکانی ١١٧ بۆ ١٢٠ ی دەستوری عێراق، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، هەرێم دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، کە پارێزگایەک یان زیاتر بێت. ئەمەش بە دوو ڕێگە دەکرێت.
ڕێگەی یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا داوای بکەن (پارێزگای سلێمانی ٣٢ ئەندامی هەیە، دەکرێت ١١ ئەندام داوای بکەن).
ڕێگەی دووهەم: یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک داوای بکەن. واتە لە کۆی ١.٢ ملیۆن دەنگدەری پارێزگای سلێمانی، ١٢٠ هەزار کەس داوای بکەن.
ناکرێت هەتا سەر ئێمە باجی چاوچنۆکی چەند کەسێکی بەناو سەرکردە بدەین کە بەدوای بەرژەوەندی و پارە و پۆستەوە وێڵن، و کوردایەتی و یەکپارچەیی خاکی کوردستانیان کردووە بە پەردەیەک بۆ داپۆشینی عەیبوعاریان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ