پارتى ده‌توانێ گۆڵێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ یه‌كێتییه‌ تازه‌كه‌ بكات ؟

بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ سه‌ره‌وه‌ یه‌كێتی دوو له‌ت بكات

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 2020.05.15 04:52 PM
1843 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

نوسەر و ڕۆژنامەنووس
ئه‌زمونى 17 ساڵ كاری ڕاگەیاندن 

لە بنەڕەتدا ئەوە خودی دژایەتی پارتی و بارزانی بوو بۆ هاوسەرۆکانی ئێستای یەکێتی (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) کە وایکرد ئەم دوو گەنجە بگەیەنێتە لوتکەی هەرەمی سیاسی و حیزبی یەکێتی. وەستانەوەی ئەم دوو گەنجە لەدژی پیلانەکانی پارتی لەهەناوی یەکێتی دا، ئەم دوو گەنجەی زۆر خۆشەویست کرد لەناو دەنگدەرو لایەنگرانی یەکێتی دا.
دوای ماوەیەکی زۆر، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هاتووەتەسەر خەت و لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەی کردووە لەسەر کۆبوونەوەی نێوان هەردوو حیزب (ی. ن. ک) و (پ. د. ک).
بەبۆچوونی تایبەتم ئەم پەیوەندیە نێتێکی خەمخۆرانەی کوردانەی نەتەوەییانەی لێ ناخوێنرێتەوە، لەبەر دوو هۆکار:
یەکەم: ئەگەر تەواوی بڕیارەکانی ناو پارتی دیموکرات لە خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەو حیزبەوە بێت وەک لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە بافڵ تاڵەبانی ڕاگەیاندووە، ئەوا کەواتە هەمان قسەیش ڕاستە بڵێین تا ئێستا بارزانی نەیهێشتووە پارتی پیرۆزبایی لە هاوسەرۆکانی یەکێتی و مەکتەب سیاسی نوێ و سەرکەوتنی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی بکات ؟ 

بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ سه‌ره‌وه‌ یه‌كێتی دووله‌ت بكات

کەواتە پرسیار لێرەدا ئەوەیە: لەکاتێکدا بارزانی ڕێگە بەخۆیی و حیزبەکەیشی نادات پیرۆزبایی لە هاوسەرۆکانی یەکێتی بکات ئیدی بەچی ویست و دیدگایەک لەگەڵ هاوسەرۆکێکی یەکێتی کۆدەبێتەوە و تەلەفۆن بۆ هاوسەرۆکەکەیتر ناکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەکەمە خاڵی دووەم.
دووەم: ئەوەی بارزانی مەبەستێتی لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دەستی بکەوێت ئەوەیە، دەیەوێت کەلێن و دژایەتی بخاتە نێوان هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی.
ئێستا بارزانی و پارتی بەتەواوی لەوە تێگەشتوون ئەم یەکێتییەی ئێستا یەکێتییەکەی جاران نییە لەسەر دەستی هاوسەرۆکەکانی، بۆیە بارزانی دەیەوێ وەک یەکێتییەکەی جارانی لێبکات و توشی لێکترازانی بکات. 
بەدیدو ویستی بارزانی پێیوایە ئەگەر بتوانێت لەسەرەوە دوو لەتیان بکات، ئەوا لەخوارەوە ئاسانتر لەت دەبن.
ئەی کەواتە دەبێت هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرامبەر ئەم پیلانەدا چی بکەن؟
بەڕاستی هەر یەکێک لەبافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی بەتەنها بچنە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و بارزانی، فاوڵێکی سیاسی دەکەن و دیسان سەرەداوێکی خراپ دەدەنەدەست پارتی و بارزانییەوە.
بەئەسڵ لای بارزانی بافڵ و لاهور زەڕڕەیەک جیاوازیان نییە، چونکە:
یەکەم: بەبڕوای سەرۆکی پارتی هەردوو هاوسەرۆکەکە پلانیان هەبووە لەشکستی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەری شاری کەرکوک.
دووەم: پارتی و بارزانی پیرۆزباییان له هیچ یەکێک لە هەردوو هاوسەرۆکەکە نەکردووە، چونکە لای پارتی ئەم دوو گەنجە لەیەک بەرگ و لەیەک مەرتەبەدان.

پارتی و بارزانی پیرۆزباییان  له هیچ یەکێک لە هەردوو هاوسەرۆکەکە نەکردووە

سێیەم: ئەم دوو گەنجە هۆکار بوونە لەسەرخستنی کۆنگرەی یەکێتی و ڕێکخستنەوەی یەکێتی، بۆیە بارزانی یەکێتییەکی وەهای ناوێت و دژی ئەوانەیش وەستاوەتەوە کە ئەم یەکێتییە نوێیەیان هێناوەتە بوون.
چوارەم: بارزانی نایەوێت جگە لەخۆی و حیزبەکەی خۆی، هیچ کەس و حیزبێکیتر پەیوەندیان لەگەڵ دەرەوە هەبێت و بەناوی کوردەوە قسە بکەن، لەکاتێکدا هاوسەرۆکانی یەکێتی خاوەن دوو گەورەترین هێڵی دیپلۆماسین لە لای ئەمریکی و بەریتانییەکان و پێشتر پێکەوە ئیشیان کردووە.
پێنجەم: تا بارزانی و پارتی مابن!، تاڵاوی شکستەکەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دادیان لەبیرناچێتەوە،کە هاوسەرۆکەکان توانیان لەو دوو بابەتەدا دەستی بارزانی بشکێننەوە.
پشت بەست بەم بەڵگانە، پێویستە هاوسەرۆکانی یەکێتی فاوڵێک نەدەنە پارتی و بارزانی گۆڵێکی حاسم و یەکلاکەرەوە لەیەکێتی نوێ بکەن، ئەگەر هەر یەکێک لە هاوسەرۆکان بەجیا بەدەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی بارزانییەوە بچێت، کەواتە فاوڵ هاوسەرۆک!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ