بڕینی ده‌ستى قۆرغکاریی

لامەرکەزیەت.. ڕاستكردنه‌وه‌ی نادادیى و سه‌قامگیریى‌ دارایى

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.16 11:47 PM
1020 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

محەمەد سەڵاح
لە ساڵانی ڕابردوو بابەتی لامەرکەزیەتی کارگێڕیی و دارایی لەسەر مێزی دانوستاندن و سەکۆی ئەکادیمی بابەتی گەرموگوڕ بوون، وەک پێداویستییەکی سەردەم بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هەرێم و پارێزگاکان لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵی، وە لە دوای قۆناغی ۲٠٠۳ و دەرچوونی دەستوری هەمیشەیی لە ساڵی ۲٠٠۵ و دیاریکردنی دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگاکان مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە ئاخۆ تێگەیشتن لە لامەرکەزیەت بەو شێوەیە گونجاوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەێڕەو بکرێت یاخود نا.
سەبارەت بە عێراق، ڕەنگە ئاستەنگی گەورە هەبووبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە و ڕێگری سیاسیی دەوری گێڕابێت، کە ئەو کەشە نەڕەخسێت بە مەبەستی ئەوەی پارێزگا بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دارایی خۆی پیادە بکات، کە ببێتە هۆی زیاتر دروستبوونی سەقامگیری دارایی.
بۆ دووربوون لە ئەگەری دروستبوونی قەیران و نەبوونی یەکسانی لە گەشەی ئابووری هەرێم و ناوچەکان لە چوارچێوەی وڵاتێک، لەئێستادا پەنا دەبرێت بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی لامەرکەزیی لە پێناو فەراهمکردنی گەشەپێدانێکی دادپەروەرانە لە ناو وڵاتێکی فیدڕاڵی.
ئەم سیستەمە سەریهەڵداوە وەک شوێنگرەوەیەک بۆ نەڕەخساندنی گەشەپێدانێکی نایەکسانیی و نا سەقامگیریی و کەمکردنەوەی ڕێژەیی بێکاری و سودمەندبوون لە سەروەت و سامانی ئابوریی بە یەکسانی.
بێگومان لامەرکەزیەت بە ئاسانی لە هەموو ژینگە و کێڵگەیەک ناچێنرێت ئەگەر موتوربە و ئاوێتە نەکرێت، وە ناتوانرێت لەگەڵ هەموو کەلتوورێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئیدارۆی و دارایی بگونجێت.

ته‌نها باسی لامه‌ركه‌زیه‌تی سلێمانی ده‌كرێت نه‌ك هه‌موو كوردستان


ئەم سیستەمەش ڕۆڵی حکومەت زیاتر دەکات لە دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەرەکی وەک تەندروستی و ئاو و کارەبا و گواستنەوە...هتد، وە پەیکەربەندکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە چوارچێوەیەکی یاسای تۆکمە و بە باڵوێزکردنی پارێزگار و بەهێزکردنەوەی قائیمقامەکان، دانانی بەردی بناغەی دابەشکردنێکی یەکسان و خەرجکردنێکی شەفافە لە داهاتی هەرێمدا.
لە هەمانکاتدا، دەرفەتێکە بۆ بڕینی قۆرغکاری دەسەڵات و هەنگاونان بەرەو تۆکمەکردنی پردی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی.
جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە دەبێتە ئەزمونێکی نوێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وە لە ئێستادا جێبەجێکردنی یەکێکە لە ئەولەویەتەکان، بۆ؟ چونکە لە ئێستادا نادادییەکی ناڕوون هەیە، وە تاکە ڕێگاش بۆ ڕوونکردنەوەی، گرتنەبەری هەنگاوی لا مەرکەزیەتە. لامەرکەزیەت بۆ ئەوەیە ئەم نادادییە لە کوردستان نەمێنێت، و داهاتی تەواوی کوردستان بچێتەوە دەستێکی ئەمین و تەواوی کوردستان سود لە داهاتەکان وەربگرن.
سەبارەت بە عێراق، کێشە و گرفت زۆر هەن بۆ پیادەکرنی ئەو سیستەمە سەرەڕای هەبوونی یاسای پێویست و ڕێپێدانی دەستوری، عێراق مامەڵە و سەردەری لەگەڵ سیستەمی فیدڕاڵی هەرێمی کوردستان لە ناو هەموو پارێزگاکان کردووە. 
گرنگە تیشک بخرێتە سەر ئەوەی کە ئەنجامی دروستبوونی قەیرانی دارایی و ناکۆییەکان لەناو هەرێم و حکومەتی ناوەند لە دوای ساڵی  ۲٠۱٤ بریتی بوو لە نزمبوونەوەی بەهای پتڕۆ دۆڵار و شەڕی تیرۆر لە وڵات، وە ئەو نایەکسانی و نا دادپەروەریەی پەیداببوون لە ڕووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و گەشەپێدان لەناو پارێزگاکانی هەرێم، ئێستاش کاریگەرییەکانی هەرماون.
ئەم هەرێمەی ئێمەش ئەوەندەی دەرهاویشتە و کارەساتی سیاسی بە خۆوە بینیوە ئەوەندە سیستمێک دانەمەزرا کە ڕێ لە ڕوودانی نەهامەتی زیاتربگرێت.

لامه‌ركه‌زیه‌ت پێویستی به‌ ده‌ستێكی ئه‌مینه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان


ڕەنگە ئەم پرسە بەلای هەندێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەختێک قورس بێت و لەوە ڕامێنن کە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکان دەبێتە کەمکردنەوەی هەیبەتی سیاسی و حکومڕانی، وە لەناو ئەم پرسەدا دەبێت ئەوە ڕەچاوبکرێت کە بابەتی بەرجەستەکردنی دادپەروەری و یەکسانی و گرێدانی تاک بە وڵات و ماف وەرگرتن دێتە ئاراوە. 
وەک دیارە لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی فراوانبوونی ناوچە و پارێزگاکان و زیادبوونی ژمارەی سەرژمێری خەڵک و گەورەبوونی شار و دێیەکان و بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری و خراپی ڕەوشی سیستەمی فێرکردن و تەندروستی.......هتد لەلایەک، وە نەبوونی پلانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و زیادبوونی ڕۆتین و گەندەڵی دارایی و فەرامۆشکردنی تواناکانی مرۆڤ لە دروستکردنی بڕیار لە لایەکی دیکەوە، هەموویان ڕۆڵیان بینیوە لە دروستکردنی نا یەکسانی و نا دادپەروەریی ئابوری و کۆمەڵایەتی و داکشانی ئاستی خزمەتگوزاری لە هەموو جومگەکان.
لە کۆتاییدا، هەرێمی کوردستان بە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی لە ڕووی سامانی ئابوری و دارایی و مرۆیی دەوڵەمەندە و هەر ناوچەیەک دەتوانێت لەنێو پلانی خۆجێی ڕۆڵی ئەرێنی هەبێت لە گەشەپێدانی وڵات و پێشبڕکێبکات بۆ زیادبوونی وەبەرهێنان و زیاتر ڕەخساندنی کاری وەبەرهێنان و پێشخستنی سێکتەرەکان، وە پێویستە ئەم بابەتە بەهەند وەربگیرێت و بوێرانە قسەی لەسەر بکرێت و کاربکرێت بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزییەت.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ