ترسی دەسەڵات و زەبروزەنگ ئاوێتەی یەکترن

"ئەگەر ئەمڕۆ نەجوڵێین ئەوا دەکرێ سبەینێ زۆر درەنگ بکەوین"

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.17 03:31 AM
695 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

پرۆفیسۆر د.بورهان یاسین

ستەمکار لە دوو حاڵەتدا دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک: ١) کاتێک هێز و لوتبەرزییەکەی دەگاتە لوتکە و باکی بەوە نییە خەڵکی چی دەوێ، چی دەڵێ، چی دەخوازێ. . . هتد. لە بۆنەیەکدا مەسعود بارزانی ئه م بێباکییەی بەرامبەر بە ناڕەزاییەتیەکانی خەڵک بە راشکاوی دەربڕی کاتێ وتی "بلا بۆ خۆ، هەڵپەڕن، خەبەرا بێژن". . . هتد؛ بەڵام ٢) لە بەرامبەریشدا کاتێک ستەمکار هەست بە ترس، دڵەڕاوکێ و بێهێزی دەکات بەرامبەر دەنگی بیستراوی ئازادیخوازان، دیسانەوە ناسڵەمێتەوە لە بەکاربردنی هەموو جۆرێکی زەبر و تۆقاندن بۆ بێدەنگکردنی ئازادیخوازان.
گرنگە مرۆڤ لە دایەلەکتیکی ترسدا ئەوە بزانێ کە لە جیهانی ستەمکاراندا ترس وەک دراوێکی دوو دیوە، هیچ دیوێکیان لەوەی دیکە جیا ناکرێتەوە، وە هیچ دیوێکیان بەبێ دیوەکەی دیکە مانای خۆی تەواو ناکات: دیوێکیان ئەوەیە کە ستەمکار ترسنۆکە و دەترسێ؛ دیوەکەی دیکەشیان ئەوەیە کە هەر ئەم ستەمکارە، لەبەرئەوەی کە بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیێ، پێویستی بە تۆقاندن و ترساندنە.

خۆپیشاندانی مامۆستایان له‌ دهۆك ـ 2020.5.16

ترس ستەمکار بەرهەم دەهێنێ، لەو لاشەوە جارێکی دیکە ستەمکار ترس بەرهەم دەهێنێتەوە، هەر وەک چۆن فاشیزم شەڕ بەرهەم دەهێنێ، جارێکی دیکەش لەولاوە شەڕ فاشیزم بەرهەم دەهێنێتەوە. . . هتد.
سەرەتا ستەمکار لە مرۆڤەکان دەترسێ، بەڵام لە قۆناغێکدا (کاتێک ستەمکارییەکەی دەگاتە قۆناغی لوتکە هەرە مەترسیدارەکەی) هەر ئەو ستەمکارە تەنانەت لە سێبەری خۆیشی دەترسێ، چونکە لەو کاتەدا لە هزری ئەودا هەمووان خەریکی پیلانگێڕین بەرامبەری؛ تەنانەت سێبەری خۆیشی بەشدارە لەم پیلانگێڕییەدا! ئا لە کاتێکی ئەوهادا ترس لای ستەمکار دەبێ بە هێستریا و هەر لەبەر ئەوەشە کە پێویستە هەمووان مەترسی ئەوەیان هەبێت کە ستەمکار هەر شتێک دەکات، تەنانەت شتگەلێک کە لە هزری خەڵکیدا بوونی نییە!


ئەمڕۆ ترسنۆکیی دەسەڵات گەیشتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار: ئەو رەشبگیریەی کە ئەمڕۆ لە بادینان کرا پێمان دەڵێت دەسەڵات هیچ ئامرازێکی مەدەنی و هاوچەرخی بەدەستەوە نییە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی شارستانیانە لەگەڵ ئەم خۆپیشاندانە مەدەنی و ئاشتیخوازانەدا هەڵسوکەوت بکات؛ ئەوەی بۆی ماوەتەوە تەنها زەبر و زەنگە. . . ئا لەم چرکەساتەدا ترسی دەسەڵات و زەبر وزەنگ ئاوێتەی یەکترن!
ئەمڕۆ ئەرکی هەر ئازادیخوازێک و نیشتمانپەروەرێکە کە دەنگی پشتگیری ‌هەڵبڕێ بۆ سەرخستنی داواکارییەکانی خەڵکی باشووری کوردستان.
ئەگەر ئەمڕۆ نەجوڵێین، ئەوا دەکرێ سبەینێ زۆر درەنگ بکەوین و ئە کاتەش دەنگکردن ئەرزشێکی نییە! لەبەر ئەوە کاتی بێدەنگی و بێهەڵوێستی نییە!
ئازادی بۆ سەیدا بەدەل بەرواری و هاوڕێکانی.
سەرکەوتن بۆ داوا رەواکانی جەماوەری خەڵکی کوردستان.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ