"بەدەم ڕێگاوە ھەڵەچنین"
ڕێباز حەسەن ـ وتار
ڕەنگە کەم سەرکردە ھەبێت، بەدرێژای سەد ساڵی ڕابردوو لە ههرێمی كوردستان بە ئەندازەی نەوشیروان ستایش کرابێت، وەک کاریزمایەکی ڕۆشنفکر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دواجاریش وەک کاریزمایەکی دونیای سیاسەت و حزبایەتی، بەڵام بێ ئاگا لەوەی کە کاریزما بە کەسێک دەگوترێت کە توانای گۆڕینی دۆخێکی چەقبەستووی ھەبێت و گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی مێژوویی فرە ڕەهەند بکات لە زۆربەی کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا، ئەویش بەھێز و توانای عەبقەریی دێتەدی.
ھەروەھا لە پاڵ ئەوانە دەبێت خاوەنی ڕوئیایەکی فکریی و سیاسیی ڕوون و ڕەوان بێت و بە پلانێکی تۆکمە و بڕواپێکراو ھەوڵی پراکتیزەکردنی بدات بۆ داھاتوو، بە جۆرێک ھەست بە گۆڕانکارییەکان و ڕووداوەکان بکرێت و کاریگەرییەکەشی ڕەنگدانەوەی ھەبێت.
نەوشیروان مستهفا ھەرچەندە گومان لە ماندووبوونی ناکرێت، وە تاڕادەیەکی زیاتر لە ئهوانی تر سەر ڕاستتر و زۆرجاریش یاخی بوو، بەڵام نە فریادڕەس بوو نە کاریزمای کاریگەری و ڕزگارکەر، ھێندە ھەڵەی چنییەوە ئەوەندە سەرکەوتن و گۆڕانکاریی بەدی نەھێنا.
لێرەدا بە کورتی چەند ھەڵەیەکی ستراتیژیی نەوشیروان مستهفا دەخەینەڕوو، کە حەقە بە ووردی شرۆڤە بکرێت:
١- بە بەرچاوی نەوشیروان مستەفاوە ساڵی ١٩٩١ بزوتنەوەی چەتەگەریی کوردایەتیی لەگەڵ گەیشتنی بە شار، ھەرچی سەرخان و ژێرخانی ههرێمی كوردستانه، وەک هەنگیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، تێکڕایان بە دوایین بورغوەوە تاڵانکرد بەرەو ئەودیوی سنور، ئەمە لە کاتێکدابوو کە نەوشیروان وەک ئەندازیاری ڕاپەڕینەکە خاوەنی قودرەتێکی بەھێزی لێپرسینەوە بوو.
٢- نەوشیروان مستهفا لە سەرەتای پێکھێنانی حکومەت و پەرلەمانی كوردستان ھیچ پلە و پۆستێکی وەرنەگرت، بەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ ھێنانە پێشەوەی کەسانێک کە شایەنی ئەوە نەبوون لە دانوان ئاویان بەدەست بێت، چونکە فڕیان بە شارەزایی ئیدارییەوە نەبوو.
٣- نەوشیروان مستهفا نەیتوانی نەیارەکانی لە ناو حزبەکەیدا تێکبشکێنێ، ئەم ململانێ تاقەت پڕوکێنە ھەم خۆی ھەم تێکڕای زۆنی سەوزی بەرەو دواوە برد.
ئەمە لە کاتێکدا گەنجێکی تازە دەرکەوتوو (مهبهست لاهور جهنگییه)، کە بەراورد بە نەوشیروان مستەفا ئەلفوبێی سیاسەت نازانێ، کەچی ھەموو ئەوانەی نەوشیروان مستهفا یەکێتیی بۆ جێھێشتن، ئەو تێکڕای ناردنەوە و کردنی بە خوێنەری بە دەقە و سەعاتی ڕۆمانەکانی بەختیار عهلی.
٤-نەوشیروان ھەرچەندە مێژوونوس بوو، خوێندنەوەی قوڵی بۆ مێژوو ھەبوو، بەتایبەت ململانێی ناوخۆیی میرنشینی بابان، کەچی خۆشی لە ڕێگەی باڵی ڕیفۆرم و دواجار بزوتنەوەی گۆڕانهوه خۆی کردەوە بە ئەڵقەیەکی بچوکی زنجیرە ژەنگھەڵگرتووەکەی ئینشیقاقی حزبایەتیی، کە زیانێکی زۆری بۆ سەر مێژووی خۆشی ھەبوو، چونکە ئیمزای لە دژی تاڵەبانیی کۆکردەوە گوایە تەمەنی ھەڵکشاوە، بەڵام نەوشیروان مستهفا لە ھەمان تەمەندا ڕێکخەری حزبەکەی بوو تا مردن، ئەمە سەرەرای ئەوەی وەکالەتێکی ناشەڕعی کرد دوور لە ھەموو پێوەرێک، بۆ دانانی عومهری سهید عهلی بۆ جێنشینکردنی وەک پاشای عەرشی کەلاوە.
٥- نەوشیروان مستهفا زۆر پشوو کورت بوو لە خەباتی ئۆپۆزسیۆنیدا، خێرا بەشداری کابینەی ھەشتی کرد بە ناردنی کۆمەڵێک گەنجی ھەڵتۆقیو بێ ئەزموون، بە ئاسانترین و بە کەمترین نرخ خۆیان ھەرزان فرۆشکرد و خۆفرۆشتنیان لە لوتکەی دەسەڵاتدا کردە دیاردەیەکی قێزەون، کە ئەوەندەی تر خەڵکیان بێ ئومێد کرد و متمانەیان نەھێشت.
٦- نەوشیروان مرۆڤێکی سەرناس نەبوو، لە ھەڵبژاردنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو ، پێوەرەکانی لۆژیکی نەبوون، زۆرترین تەرکیزی خستبووە سەر ھێنانە پێشەوەی کۆمەڵێک شەھادەداری بێسەواد، بێ ئیرادە، گرگن، بابردەڵە، گزگل، پۆخڵ، لەرزۆک، پۆستپەرست، پارەپەرست، بێ مەبدەئی ئەژنۆشکاوی بەردەم حەزە بۆگەن و گڵاوەکانیان.
ئەمانەش سێ تاقم بوون: ھەندێکیان لە دەرەوە گەڕابوونەوە دیارترینیان سەردار عزیز، مهسعود حهیدهر و بورھان یاسین بوو، بەشێکیشیان مامۆستای زانکۆکان بوون کە دوورونزیک ئاگایان لە ئازار و خواستی خەڵک نەبوو، وە بەشی سێیەمیان ئەوانەن ئێستا بە گردهكهوه ماونەتهوه، کە بە گۆشەی ١٨٠ کەوتوونەته دژایەتیکردنی ھەرچی ئەوەی پێشتر نەوشیروان مستهفا بڕوای پێبووە، ئەمەش بە سەرپەرشتی کوڕەکانی وەک دوو ھاوسەرۆکی بندیوار، ئەمەش تەنیا بۆ دەستکەوتنی دوایین بەشە خێری میراتی باوکی ھەژاران، چونکە بەر لە زەردبوونی کفی نەوشیروان مستهفا، ڕووی حزبەکەیان زەرد کرد و چارۆکی کەشتیان داگرت، خەریکی کونکردن و ئاوتێزان بوون بۆ ناو کەشتی، ئیتر چۆکدانان و تەسلیم بوون بوو بە فەلسەفە و ڕێبازیان، وەک سپڵە و بوودەڵەی بابردوو بە بای درۆ و دراو جەزب بوون و مەیموون ئاسا کەوتنە رەقس و سەما.
گلەیی ئێمە لە نەوشیروان مستهفا گلدانەوەی ئەو گەنەخۆر و گوێ بادراوانە، ئهگەر گەنم بچێنن زیوان و زپڵ و زەواڵ ئەچننەوە، بەڵێ میراتگر و مالۆسگرانی دیوان و دیوەخان مەستی پارە بوون، ئەو گوڵە جوانانەشی کە چاندبوونی وشک و سیس بوون، بزنە بێفەڕ و لەڕەکانیشی وەک دابەستە قەڵە و قایم بوون، خەریکی فڕکردنی شیری گوانی گای گەنمەخۆرن، قۆچشکاو لە بەردەم نێری نیاز خراپ نقەیان لە خۆیان بڕیووە، بە ھیوای فرۆی بەرخە نێر و ھێلکەی دوو زەردێنەی کەڵەشێرن.
وتارهكه له فهیسبووكى (كامیار سابیر) وه وهرگیراوه.