ڕژێمێکی ساختە لە ناو دڵی جیھانی ئیسلاميدا

ڕۆژی جیھانیی قودس.. چاوخشاندنێک بە مێژووی 72 ساڵەی داگیرکاریی فەلەستین

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.18 01:02 AM
854 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

نوسینى مه‌هدی شوشته‌ریى
سه‌ركونسوڵى كۆمارى ئیسلامیى ئێران له‌ سلێمانى

ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست وەک خواستگەی ئایینە یەکتاپەرەستەکان و خاکی پیرۆزی فەلەستین و ھەروەھا بەیت المقدیس وەک قیبلەگای یەکەمی مسوڵمانان، ٧٢ ساڵە شایەتحاڵی دوژمنکاری، داگیرکاری و ئاوارەیی گەلێک لە خاکی باوباپیرانی خۆیان و ئەڵبەت لەبەرامبەردا ٧٢ ساڵ بەرگری و خۆڕاگری بەرامبەر داگیرکاران و قوربانی دان و لەخۆبووردەیی بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەکانی گەلی مەزنی فەڵەستینە.
٧٢ ساڵ پێش ئێستا و بە پشتگیری ھێزە داگیرکارەکانی جیھان، ڕژێمێکی ساختە و نایاسایی لەناو دڵی جیھانی ئیسلام دا دروستبوو. نەوەی ئەمڕۆی فەڵەستین ھەڵگری ھیوا و ئاواتی نەتەوەیەکە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافە پێشێلکراوەکانی خۆیان لە ئازادکردنی خاکی باوپاپیرانیان لە داگیرکاری، ھەروەھا گەشتن بە مافی حاشاھەڵنەگر و دانپیادانراوی مافی چارەی خۆنوسین و پێکھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و یەکپارچەی خۆی بە پایتەختی قودسی شەریفەوە. 
لەم نوسینەدا، ھەوڵ دەدەین وەک لێکۆڵەڕێکی سەربە لێکۆڵینەوەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و وەک چاودێرێکی بێلایەن، ڕاستیگەلێک لەسەر ئەوەی لە ماوەی ئەم ٧٢ ساڵەدا بەسەر ناوچەکە و فەڵەستین دا تێپەڕیوە، ھاوبەشی پێبکەم:
١- داگیرکاری سەرەتایی خاکی فەلەستین لە ساڵی ١٩٤٨ ی زایینی، لە ڕێگەی داگیرکردنی ٧٧% ی ئەم خاکە و ئەنجامدانی چەندین تاوانی وەک کوشتارەکانی دیریاسین، کەفەرقاسم و...ھتد، ئاوارەکردنی نزیکەی ٦٠% کۆی دانیشتوانی فەلەستین، روخاندنی ئامانجداری ماڵ و گوندەکان، کە ئەمڕۆکە سەلمێنەری پێشێلکردنی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ و ڕێسا نێودەوڵەتیەکانە، ئەنجامدرا. ھەموو ئەم تاوانانە سەلمێنەری تیرۆریزمێکی ڕێکخراو و دەوڵەتی بوو کە ئەمڕۆکە نە تەنھا لە توندییەکەی کەم نەبووەتەوە، بەڵکو بەتینتر و فراوانتریش بووە. 
٢- داگیرکردنی خاکی فەڵەستین و خاکی سەرزەمینە عەرەبەکانی دیکە لە لایەن رژێمی زایۆنیەوە، دیاردەیەکی بەردەوام و بێ وەستان بووە. بڕیاری دابەشکردنی ١٨١ لە ساڵی ١٩٤٧، سەرەڕای دژایەتی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان، پەسەند کراو و ٥٤.٧ لەسەدی ڕوبەری خاکی فەڵەستین درا بە دەوڵەتی یەھودی و ٤٤.٨ لەسەدیش بە دەوڵەتی عەرەبی (فەڵەستین) درا، بەڵام ئیسرائیل یەکسەر بە ھەڵگیرسانی جەنگی ١٩٤٨ و پاشان جەنگی ١٩٦٧ و داگیرکردنی ناوچەگەلێکی فراوان لە کەرتی ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە، پشکی فەڵەستینیەکانی لە خاکی خۆیان بۆ ٢٢ لەسەد کەمکردەوە و چەند بەشێکی لەبەرچاو لەو خاکەی کە بۆ دەوڵەتی فەڵەستین دیاری کرابوو داگیرکرد و ئەم داگیرکارییە تا ئەمڕۆش ھەر بەردەوامە. 

سه‌ربازه‌ ئیسرائیلییه‌كان ته‌واوی قودس داگیر ده‌كه‌ن ـ 1967


٣- خاکی فەڵەستین و ناوچەکە، لە ماوەی ئەم ٧٢ ساڵەدا، ڕوبەڕوی دوو کێشەی گەورەی داگیرکاری و فراوانکردنی لەسەرخۆ و بەردەوامی ئەو داگیرکارییە و ھەروەھا تیرۆریزمی دامەزراوەیی و ڕێکخراو و دەوڵەتیی ڕژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین و گەلانی دیکەی ناوچەکە بووەتەوە. ڕوودانی چەندین جەنگی جیاواز لە دژی خاکی فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی ھاوسێ لەلایەن ڕژێمی زایۆنیەوە و ئەنجامدانی تاوانگەلێکی فراوان لە فەڵەستین و لوبنان و ناوچەکانی دیکە، کارنامەیەکی ڕەشی لە پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتیەکانی مافە نێودەوڵەتیەکان، مافەکانی مرۆڤ و مافە مرۆڤدۆستانەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە تۆمارکردووە. 
٤- ئیسرائیل بەردەوام ھەوڵی داوە دیفاکتۆگەلێکی نوێ لە گۆڕەپانەکەدا بسەپێنێت. ئەم ڕژێمە لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی زەوی فەڵەستینیەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن و شاری قودس و دروستکردنی شارۆچکەگەلی نوێ لە ناوچە فەڵەستینیەکان و دروست کردنی دیواری جیاکەرەوە لە کەرتی ڕۆژئاوا و... ھتد. دەیەوێت دیفاکتۆگەلی نوێ بسەپێنێت. شارۆچکە نایاساییەکان و دیوارە جیاکەرەوە دروستکراوەکان لە کەرتی ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن نزیکەی ٤٠ لە سەدی ڕوبەری ئەم ناوچەیەی قوتداوە و بە جۆرێک پەرشوبڵاوبوونەتەوە کە ئەگەری پێکەوەبەستنی جوگرافیایی شارەکانی فەڵەستینی بە تەواوی لەباربردووە و ئەم شارانەی گۆڕیوە بۆ چەندین کانتۆنی لەیەک جودا.

پڕۆژەی بەناو "مامەڵەی سەدە" ش کە بەم دواییانە لە لایەن ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، خرایەڕوو، شتێک نییە جگە لە جێگیرکردنی دیفاکتۆ و داگیرکارییەکانیان و بەخشینی دیاری بە ڕژێمی داگیرکار لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. بە جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی مامەڵەی سەدە، پشکی فەڵەستینیەکان لە خاکی خۆیان بۆ ١٥ لەسەد کەم دەبێتەوە. 

ئایه‌توڵا خومه‌ینی كۆتا هه‌ینی مانگی ڕه‌مه‌زانی وه‌ك رۆژی جیهانیى قودس دیاریكرد

 

٥- ئەزموونی نزیکەی سێ دەیە لە گفتوگۆکانی بەناو ئاشتی ئەوەی پیشان داوە کە رژێمی زایۆنی پابەندی تەنھا یەک ڕێکەوتنی واژۆکراو لەگەڵ فەڵەستینیەکاندا نییە. رژێمی زایۆنی تەنانەت ئامادە نییە ڕێگە بدات لانی کەمی مافی فەڵەستینیەکان لە پێکھێنانی دەوڵەت لە سنورەکانی ١٩٦٧ بێتەدی. 
٦- بە داخەوە ڕاستیەکی تاڵ لە میانەی ئەم گۆڕانکاریانەدا لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوو، بریتیە لە پشتگیری ئاشکرا و نھێنی و تاکلایەنانەی ھێزە گەورەکانی جیھان و لەسەرووی ھەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رژێمی زایۆنی و بێدەنگی و بێ کرداری دەستە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
بەپێی ئەو ڕاستیانەی کە دەربارەی گۆڕەپانی فەڵەستین ئاماژەیان پێدرا، بنەما و رێکارەکان بۆ چارەسەری ڕیشەیی قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین دەخەینەڕوو:
١- تا ئەوکاتەی قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین وەک پایەدارترین و درێژترین قەیران لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و گوڕەپانی نێودەوڵەتی بە شێوەی بنەڕەتی و دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای بەجێگەیاندنی مافی فەڵەستینیەکان چارەسەر نەکرێت، ناتوانین چاوەڕێی ئاشتی و سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا بین.

پێویستە پڕۆژە پێشنیارکراوەکان بۆ ئاشتی بە شێوەی شێلگیرانە گرنگی بە کرۆکی قەیرانەکە بدات. داگیرکردنی خاکی فەڵەستین و ئاوارەبوونی ملیۆنان فەڵەستینی و بەردەوامی کردەوە توندوتیژییەکانی ڕۆژانەی رژێمی زایۆنی لە دژی گەلی فەڵەستین بەشێکن لە کرۆک و ھۆکارەکانی بەردەوامی قەیرانی فەڵەستین. 
٢- کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپاڵ گرنگیدان بە ھۆکارەکانی قەیرانەکە، دەبوو بەشێوەی شێلگیرانە رێکارگەلی گونجاو بۆ ڕێگری کردن لە بەردەوامی کردەوە توندئاژۆ و تیرۆریستیە ڕێکخراو و دەوڵەتیەکانی رژێمی زایۆنی لەدژی فەڵەستینیەکان لەبەرچاو بگرن. تا ئەوکاتەی ئەم ڕژێمە ئەو ھەستەی ھەبێ کە ھەرجۆرە کردەوەیەک لەدژی فەڵەستینیەکان و گەلانی ناوچەکە بێ سزا دەمێنێتەوە، ھیچ گەرەنتیەک بۆ ڕاگرتنی ئەم کردەوانە بوونی نابێت. 
٣- بەمەبەستی گەرەنتی کردنی ڕێگەچارەیەکی دادپەروەرانە بۆ قەیرانی فەڵەستین، پێویستە ڕۆژئاوا و لەسەرووی ھەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی بھێنن بە پشتگیرییە تاکلایەنەکان لە ڕژێمی زایۆنی کە لە ماوەی زیاتر لە ٧ دەیەیە ئەنجامی داوە. 

تاران و شاره‌كانی ئێران گرنگترین شوێنن بۆ یادكردنه‌وه‌ی رۆژی جیهانیى قودس

کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی ٤ دەیەی ڕابردوو، بە حوکمی ئەرکی مرۆڤدۆستی و ئیسلامی خۆی، پشتگیریکردن لە ئامانج و مافەکانی گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین و بەرگری یاسایی ئەم گەلە لەبەرامبەر داگیرکەرانی زایۆنی کردووەتە سەردێڕی سیاسەتی دەرەکی خۆی. ڕاگەیاندنی ڕۆژی جیھانی قودس لەلایەن دامەزرێنەری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامی، حەزرەتی ئیمام خومەینی (ڕەحمەتی خودای لەسەر بێت) بە ئامانجی ڕاکێشانی پشتگیری و پشتیوانی تەواوی موسوڵمانان و ئازادیخوازانی جیھان لە گەلی فەڵەستین ئەنجامدرا. ھەموو ساڵێک لە وڵاتە جیاوازەکانی جیھان بەم بۆنەیەوە مەراسیم و بەرنامەگەلێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی چارەسەری قەیرانی داگیرکاری فەڵەستین، پڕۆژەیەکی دیموکراتی و دادپەروەرانەی بە ناوی "ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لە فەڵەستین" خستووەتەڕوو و لە سکرتاریەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تۆمار کراوە. پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی بنەما دیموکراسی و مافە نێودەوڵەتیەکان کە لە لایەن تەواوی دەوڵەت و نەتەوەکانەوە پەسەند کراوە، داڕێژراوە و خراوەتەڕوو. ئەم پڕۆژەیە جێگرەوەیەکی گونجاوە بۆ پڕۆژە شکستخواردووەکانی پێشوو. ناوەڕۆکی سەرەکی ئەم پڕۆژە چوار مادەییە بریتیە لە: 
١- جێبەجێ کردنی مافی گەڕانەوەی ئاوارە فەڵەستینیەکان بۆ سەرزەمینی میژوویی خۆیان. 
٢- ئەنجامدانی گشتپرسی نیشتیمانی لەنێوان خەڵکی ڕەسەنی فەڵەستین بە مسوڵمان، یەھودی و مەسیحیەکانەوە بەمەبەستی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنوسین و جۆری سیستمی سیاسی خۆیان.
٣- پێکھێنانی سیستمی سیاسی پەسەندکراو لەلایەن زۆرینەی خەڵکی فەڵەستینەوە. 
٤- بڕیاردان دەربارەی بارودۆخی دانیشتوانی غەیرە فەڵەستینی لەلایەن سیستمی سیاسی ھەڵبژێردراوی زۆرینەوە. 
بڕوام وایە گەلی فەڵەستین ئەمڕۆ لەپێش ھەرکاتێکی دیکە لەماوەی ٧٢ ساڵی ڕابردوودا پێویستیان بە یارمەتی و ھاوکاری ئێمەیە و لەسەر مسوڵمانان و ئازادیخوازان فەرزە کە دەستی یارمەتی بۆ ئەم گەلە مەزڵوم و ستەملێکراوە درێژ بکەن. 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ