له‌ نێوان نیویۆرك و كه‌لار دا

لامه‌ركه‌زیه‌ت له‌ ئه‌مریكا و به‌راورد به‌ كوردستان

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.18 03:36 PM
520 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

نامۆ عه‌بدوڵا
ئێستا لە کوردستان داوایەک بۆ نامەرکەزیەت بوونی هەیە، بەڕای من تاکە چارەسەرە بۆ کوردستان ( لەراستیدا هەر شوێنێکی ئەم جیهانە).
لێرەدا بە کورتی هەوڵدەدەم، باسی نامەرکەزییەت لە ئەمریکا بکەم، پاشان بە راوردی دەکەم بە کوردستان.
ئەمریکا وڵاتێکی زۆر نامەرکەزییە، بەسەر پەنجا ویلایەتدا دابەشکراوە، هەر ویلایەتێک حکومەت و پەرلەمانی خۆی (senate) هەیە، لە نێو ویلایەتەکانیشدا شارەکان، دەسەڵاتی خۆیان هەیە، بۆ نمونە لە شاری نیویۆرک، باڵاترین بەرپرس سەرۆکی شارەوانییە (mayor)، چونکە لە لایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت.
سەرۆکی شارەوانی دەسەڵاتی بەسەر تەواوی کاروبارەکانی ناوخۆی شارەکەدا هەیە، لە پۆلیس و ئاسایشەوە بۆ خانوبەرە و چۆنیەتی خەرجکردنی بودجەی شارەکەی، دەسەڵاتی دانان و لادانی بەرێوەبەری پۆلیسی هەیە، کە تەنیا فەرمان لەو وەردەگرێت.
سەرۆک ترەمپ ناتوانێت فەرمان بەسەر سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک و پۆلیسی نیویۆرکدا بکات، لە راستیدا سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، بیڵ دیبلازیۆ، یەکێکە لە گەورەترین نەیارەکانی ترەمپ.

هێزی ئه‌منى ویلایه‌ته‌كان له‌ ژێر كۆنترۆڵی سه‌رۆكی ئه‌مریكادا نییه‌

 

ئەم نامەرکەزییەتە رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە تا وڵاتێکی مەزنی وەکو ئەمریکا هێندە بەڕێکوپێکی کاروبارەکانی بەڕێوە بڕوات، چونکە سەرۆکی شارەوانی لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، هەمیشە هەوڵدەدات خزمەتی زیاتری شارەکەی بکات، بڕیاری چاکتر بۆ شارەکەی دەربکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڵبژێردرێتەوە.
با وادابنێین هەمان شت لە کوردستان روویدا، شارێکی کەلار وەکو نمونە وەردەگرین (چونکە خۆم لەوێ لەدایکبووم)، سەرۆکی شارەوانی کەلار، دەسەڵاتی تەواوی بەسەر هەموو کاروبارەکانی ناوخۆی شارەکەیدا هەبێت، کە تەنانەت سەرۆک وەزیران یاخود سەرۆکی وڵاتیش نەتوانن دەست لەکارەکانی وەربدەن و هیچ دەسەڵاتیان بەسەریدا نەبێت.

سه‌رۆكی شاره‌وانی باڵاترین به‌رپرسه‌ له‌ هه‌ر شارێكی ویلایه‌ته‌كان

 

سەرۆک شارەوانی کەلار دەسەڵاتی دەستنیشانکردن و لادانی بەرێوبەری پۆلیسی کەلاری هەبێت (کە تاکە هێز بێت ئەمنیەتی ناوخۆی شارەکە دابین بکات)، بودجە و موچەی پۆلیس لای ئەو بێت، بۆ ئەوەی نەتوانن بێ فەرمانی بکەن و جگە لەو فەرمان لە کەسی دیکە وەرنەگرن.
توانای بڕیاردانی هەبێت چەندە باج بخاتە سەر کۆمپانیا و بزنسەکانی شارەکەی و ئەو پارە لە خزمەتی شارەکەیدا خەرج بکاتەوە، ئەم کارە دەکات چونکە چوار ساڵی دیکە هەڵبژاردنی لە پێشە و ئەگەر بە باشی خزمەتی خەڵک نەکات، ئەوا رەنگە دەنگی پێنەدرێتەوە.
بۆیە لە راستیدا، تاکە چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حیزب لەسەر حکومەت لە کوردستان نامەرکەزیەتی راستەقینەیە، دەبێت کۆنترۆڵی بودجە بگەڕێندرێتەوە دەست بەرپرسە هەڵبژێردراوەکانی خەڵک، هەتا ئەمە ڕوونەدات قورسە، کوردستان ببێتە وڵاتێکی دامەزراوەیی.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ