بەهێز حسێن ـ نوسهر و ڕۆژنامهنووس
پێم سەیر نەبوو كە مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزەكانی چەكداری عێراق سەردانی دەستەی حەشدی شەعبی كرد، چونكە تا ئەمڕۆ گەورەترین و كاریگەرترین هێزی چەكداری عێراق حەشدی شەعبییە و لە بەردەوامی ئەم كابینەیەی كازمیدا رۆڵێكی گەورە و كاریگەر دەگێرێت لە تێكدان یان پاراستنی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق، واتا دەتوانێـت بۆ كازمیی ببێتە پشتوپەنایەكی گەورە و دەشتوانێـت هەموو شتێكی لێ تێكبدات .
لە وتەیەكی كورتدا و لەو سەردانەیدا ( كازمیی ) چەند پەیامێكی روونی گەیاند كە ئەمانە بوون :
1- حەشدی شەعبی هێزێكی چەكداری بە یاسا رێكخراوە و بەشێكی كاریگەرە لە سیستمی بەرگری عێراق، دووپاتیشیكردەوە كە كابینەكەی بە هەموو شێوەیەك شایستەی دارایی و چەكوتەقەمەنیان بۆ دابین دەكات و موچەش بۆ تەواوی شەهیدەكانیان دەبڕێتەوە.
2- تەواوی ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە كە دراونەتە پاڵ حەشدی شەعبی، واتا شەرعیەتدان بە كارەكانیان.
3- دووپاتیكردەوە كە وەلائی حەشد بۆ نیشتیمان و ( مەرجەعی باڵای شیعە - ئایەتوڵا سیستانی بێت)، كە ئەمەشیان واتا وەلائی تایفیی ئەگەرچی دەستەواژەی (نیشتیمانیی )شی بەكارهێنا.
4- دووپاتیكردەوە كە حەشدی شەعبی زامنكارێكی دڵسۆزی یەكێتی خاكی عێراقن.
5- دووپاتیكردەوە كە ئەو خۆشی یەكێكە لە ئەندامانی حەشدی شەعبی.
لەم پەیامە روونانەی كازمیدا ئەوە دەخوێنرێتەوە، كە ئەم سەرۆكی حكومەتەش مۆركی تایفیی پێوە دیارە و ناتوانێت دەستبەرداری هێز و تواناكانی حەشدی شەعبی بێت و بیكانتانە دوژمن لە خۆی، هەروەها وەلائی خۆی بۆ مەرجەعییەتی سیستانی دووپاتكردەوە و خەونی هەڵوەشاندنەوەی حەشتی شەعبی بە تاڵكردەوە .
كازمیی كە دەستخۆشی له حەشدی شەعبی كرد، بەوەی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە زامنكردنی یەكێتی خاكی عێراق، ئاماژەیەكی ڕوونە كە ئەویش پشتیوانی بەكارهێنانی هێز بووە لە دەركردنی پێشمەرگە لە 16 ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ناوچە (جێناكۆكەكان).
كاتێكیش باسی لە رووبەڕوبوونەوەی داعش كرد وتی: ئەوە سوپا و حەشد و هێزە ئەمنییەكان بوون شكستیان بە داعش هێنا، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەك بە رۆڵی گەورەی پێشمەرگە بكات لە تێكشكاندنی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان و كەركوك و خوورماتوو و خانەقین.
بە لەبەركردنی جلوبەرگی رەسمی هێزەكانی حەشدی شەعبی پەیامی ئەوەیدا، كە ئەویش ئەندامێكی حەشدە و شانازیشیان پێوە دەكات.
بەكورتی و كورمانجی؛ كورد بە تایبەتی دەبێـت بەرچاوی ڕوون بێت بەرامبەر بە كازمیی و هیوای گەورەی لەسەر هەڵنەچنێت، پێویستە باش لەوە تێبگات كە كازمیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی شیعەدا سیاسەت دەكات و درێژكراوەی دەسەڵاتی شیعەگەراكانی پێش خۆیەتی.