به تۆڕێكى جاڵجالۆکەیى عێراقى گرتووه‌

ئێران.. چۆن توانى کۆنترۆڵى شیعەکانى عێراق بکات ؟

شاناز هیرانی 2020.05.19 04:39 AM
837 جار خوێندراوەتەوە

شاناز هیرانی

نوسه‌ر و وه‌رگێر

وەک ڕوون و ئاشکرایە كە ئێران هەژمووندارە بە سەر شیعەکانى عێراق و بە تەواوى کەوتوونەتە ژێر ئیرادەى ئەوان و چۆنى بوێت و هەر کاتێک بیەوێت بە کاریان دەهێنێت، بەو ڕێگەیەیش خۆى پێى گونجاوە و لەگەڵ بەرژەوەندیى خۆى دێتەوە، بۆیە شیعەکانى عێراق هەمیشە کارتێکى گوشارن و لە سەر ئاستى هەرێمایەتیى سودیان لێ وەردەگیرێت. ئێران بەردەوام کۆنتڕۆڵى سەرکردە و ڕابەرەکانیان دەکات، هاوکات لەگەڵ ئەوەیش خۆخزانى هەواڵگریى ئێرانى بۆ ناو عێراق بۆ جێبەجێکردنى پلانەکانیان و دەستبەرکردنى پارەیەکى یەکجار خەیاڵى و ڕەوانەکردنى بۆ حکوومەتى ئيَرانى بە بێ هیچ سانسۆرێک، هەروەها سوودوەگرتن لە ڕاگەیاندنەکان و تەرخانکردنى بۆ خزمەتگەیاندن بە ئەجینداکانى لە ناو عێراقدا کارى پێوە دەکەن.
ئەگەر ئێران دۆسیە ئەتۆمییەکەى وەک یەکێک لە پایە سەرەکیيەکانى سەیر بکات بۆ ئاساییشى نیشتمانى، لە هەمان کاتدا بەردەوامبوونى هەژمووندارى خۆى بە سەر ناوەندى دەسەڵاتەکانى لە ناوچەکە و پاراستنى باڵە چەکدارییەکەى، پایەکى ترە بۆ ئەو ئارامییەى، کە هەرگیز دەستبەردارى نابێت لە هیچ دۆخێکدا. بەتایبەتى پاش کۆنتڕۆڵکردنى تەواوى عێراق و تەبەناکردنى میلیشیاکانى حەشدى شەعبى، کە بە قەڵغانێک تەماشایان دەکات، چونکە ئەوان هەمیشە بەرپەرچى هەڕەشەکان دەدەنەوە، ئەو هەڕەشانەى لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووى ئێران دەبنەوە.
لە لایەکى تریشەوە، دیارە ئیدارەى ترەمپ دەیەوێت زۆر بە توندى بەرانبەر ئەو سیاسەتانەى ئێران بوەستێتەوە لە ناوچەکە و دەسەڵاتەکانى لاواز بکات بە تایبەتیش لە ناو عێراق. بۆیە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانى هاتنى ئیدارەى ترەمپ هەوڵی داوە هەماهەنگیى لەگەڵ هاوپەیمانەکانى بکات لە ناوچەکە، بۆیە یەکەم هەنگاوى کردنەوەى کەناڵى پێوەندیى نوێ بوو لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى، ئەوانەى ماوەیەکى زۆرە دوورن لەو مەسەلانە.

هەنگاوى دوەمیشى لەو بارەیەوە، ڕاکێشانى  چەندین ڕوخسارى سیاسیى بەهێزى عێراقى بوو، ئەوانەى دەکرێت پشتیان پێ ببەسترێت و وەک پەیامێکیش وابێت بۆ لایەنە ئێرانییەکانى لە ناو عێراق کار دەکەن بۆ قاییمکردنى پێگە و زیادکردنى دەسەڵاتەکانى ئێران.


کۆنتڕۆڵکردنى سەرکردە شیعیيەکان
لە عێراقدا ژمارەیەک مەرجعيەت و ڕەوتى جیاجیا کۆنتڕۆڵى شەقامى شیعییان کردوە، گرینگترینیشیان: مەرجەعيەتى عەلى سیستانى، ڕەوتى سەدر بە سەرکردایەتیى خودى سەدر خۆى. گروپى ره‌وتی حیكمه‌ی نيشتيمانيى بە ڕابەرایەتیى عەمار حەکیم، بە پلەیەکى نزمتریش حیزبى دەعوە بە لقە جیاجیاکانیەوە.
ڕەوتێکى تریش هەیە، کە ئێران لە ناو شارە شیعیيەکان بە بێ دەنگى و دوور لە ڕاگەیاندنەکان پشتیوانى دەکات، ئەویش ڕەوتى مەرجەعى (المدرسی)یە، کە بە (ڕێکخراوى کارى ئیسلامى) ناسراوە. ئەو ڕێکخراوە لەوانى تر بەهێزتر و ڕێکخراوەترە و خاوەنى شەرعیەتێکى ئایینیى شیعیە، ئەمەیش واى لێ دەکات شاییستەى ئەوە بێت، ببێتە مەرجەعیەتێکى ئایینى بەهێز و پشتیوانیکراو بە پارەى ئێرانى.

ئێران سه‌ركرده‌ سیاسیى و سه‌ربازییه‌كانی جڵه‌و كردووه‌

گومانى تێدا نییە سیاسەتى ئێران بە گشتى بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنى سەرجەم ڕەوتە شیعیيەکان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەر گروپ و کەسایەتییەکى سەرکردایەتى، کە لە گۆڕەپانەکە پەیدا دەبێت و سەرکەوتنێک بە دەست دەهێنێت لە لایەن شیعەکانەوە. مامەڵەکردن لەگەڵ هەر گروپ و کۆمەڵەیەکیش بەندە بە دەستتێوەردانە جیاجیاکان لە ناو گۆڕەپانى ئێرانى، هەروەها بەندى بەو کێشانەى لە نێوان پارێزگاران و ڕیفۆرمخوازاندا هەیە، لەگەڵ تواناى هەر گروپێک لە بەدیهێنانى ئامانجى شیعەکان بە هەژموونداربوونیان بە سەر باردودۆخى عێراق.
لە ناو سەرکردایەتیى ئێرانیشدا دوو ڕەوت هەن سەبارەت بە هەڵوێستەکان لە عێراق: یەکەم/ بە سەرکردایەتیى ڕابەرى ئێران عەلى خامەنەیى، کە لە لایەن سەرۆکى پێشوو هاشمى ڕەفسنجانى پشتیوانیى لێ دەکرا و لە لایەن (موقتەدا سەدر) ڕابەرە شیعە گەنجەکە سەرکردایەتیى دەکرێن. 

ڕەوتى دوەمیش لە لایەن ڕیفۆرخوازەکان پشتیوانییان لێ دەکرێت، ئەوانەى هەر جۆرە هاریکارییەک، کارکردنێک لەگەڵ سەدر ڕەت دەکەنەوە، تەنانەت لە سەردەمى سەرۆکى پێشووتر محەمەد خاتەمى جارێکیان پێشوازییشى لێ نەکرا لە میانەى سەردانێکی بۆ تاران.
لە لایەکى تریشەوە ئەو ڕەوتە پێى باشە لە لایەن مەرجەعیەتى عەلى سیستانی و هێزە عێراقیيەکانى وەک حیزبى دەعوە و حەکیم پشتیوانیى لێ بکرێت، ئەوانەى لایەنگری هاریکاریى ئاشتییانەن لە نێوان ئێران و ئەمەریکا و بەریتانیا لە سەر ئەو بنچینەیەى گوایە گرەنتى زیاترە بۆ ئەو شیعە عێراقییانەى داواى مافى خۆیان دەکەن و پشکێکى گەورەیان لە پێکهاتەى حوکم لە عێراق بەردەکەوێت.

دزەپێکردنى هەواڵگریى ئێرانى بۆ ناو عێراق
کەرەستەى سەرەکى ئێران بۆ جێبەجێکردنى ستراتیژیەتەکانى هەواڵگریى ئێرانى و لە ئەنجامى هەماهەنگى ئەمەریکى ـ ئێرانى، هەواڵگری ئێرانیى توانیى بخزێنە ناو عێراق، کە خاوەنى دەسەڵاتێکى فراوان بوو لە ناو خودى دەسەڵاتى حوکم لە عێراق.
بە پێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیيەکان ئاماژە بەوە دەکرێت، کە دەزگاى هەواڵگریى فەیلەقى قودسى ئێرانى و هەواڵگریى پاسەوانى شۆڕشى ئێرانى مەترسیدارترین ڕۆڵیان گێڕاوە لە سەر ئاستى دەزگاى هەواڵگریى لە ناو عێراقدا. ڕەنگە ئاشکراکردنى ئەو ڕۆڵە دوو ڕوەى چەلەبى و پێوەندییە دوورودرێژەکەى لەگەڵ هەواڵگریى ئێرانى تا ڕادەیەک بۆمان ڕوون دەکاتەوە ئەو ڕۆڵەى دەزگاى هەواڵگریى گێڕاویەتى گەییشتوەتە تا چ سنورێک لە گۆڕەپانى عێراقیدا.
هەر بە گوێرەى زانیاریيە ڕۆژنامەوانیيەکان ئاماژە بە کردنەوەى (18) نووسینگە دەکەن بۆ هەواڵگریى ئێرانى لە ژێر ناوى جیاجیا و بە ناوى ڕێکخراوى خێرخوازى بۆ یارمەتیدانى هەژاران و دابەشکردنى پارە و دەرمان و خۆراک، هەروەها ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوە بۆ شوێنە پیرۆزەکان و دابینکردنى بودجە، کە دەکاتە سەد ملیۆن دۆلار بۆ ئەو مەبەستانە.
یەکێکى تر لەو پلانانەى ئێران کڕینى دڵسۆزى پیاوانى ئایینیە، کە زۆربەیان شیعە و کەمینە سوننییەکانن. بڕى تێچووى ئەو کارەیش ساڵانە دەگاتە (5) ملیۆن دۆلار بۆ بانگەشەکردن و بەرگریکردن لە ئێران. هەروەها بۆ جوانکردنى وێنەى ئێران لە شەقامى عێراقى و هەندێک جاریش بە ڕێگەى ڕۆژنامە و کەناڵە ئاسمانییەکانەوە. 
هەر بەگوێرەى زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئێران نزیکەى (2700) یەکەى نیشتەجێبوونى لە خانوو ئاپارتمان و ژوورى لە نەجەف و کەربەلا کڕیوە تا پیاوانى هەواڵگریى ئێرانى لە ناویدا دانیشن و نزیک بن لەو شوێنانە.
بەلێشاوهاتنى پارە و یارمەتیيەکان
قەبارەى یارمەتییە نەقدیيەکانى ئێران دەکرێت، کە دراوە بە موقتەدا سەدر و ژمارەیەک ڕەوتى تر، کە تەنیا ساڵێک گەییشتوەتە (80) میلۆن دۆلار، ئەمە جگە لە ڕاهێنان و مەشقپێکردنى ئەندامەکانى لە ناو سوپاى مەهدى.
هەرورەها ڕەوانەکردنى یارمەتییە مرۆیییەکانى وەک: خۆراک و دەرمان و کەلوپەلى تر. بۆ نموونە ڕۆژنامەى (جمهورى ئیسلامى) ئێرانى باسى لەوە کرد، کە ئیمام شیرازى شێخ حائرى ساڵانە (150.000) حاجى ڕەوانەى شوێنە پیرۆزەکانى شیعەکان دەکات لە کەربەلا. 

ئێران توانیویه‌تی شیعه‌كان به‌ په‌تێكی قایم به‌خۆیه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌

پاش هەڵکردنى گڵۆپى سەوزیش لە لایەن حکوومەتى مالیکییەوە، بازاڕ و ژوورى بازرگانیى عێراقى پڕ ببوون لە بازرگانانى ئێرانى، هەر لە ڕێگەى ئەوانیشەوە گروپە مافیایەکانیش خزانە ناو وڵات بێ ئەوەى ڕەچاوى نەژاد و مەزهەبیان بکرێت. هاوڵاتییەکى عێراقى لەو بارەیەوە گوتى: ئێران پاش داگیرکردنى عێراق گەورەترین پشکى بەرکەوت لەو خوانە ڕازاوەیەى هاتە بەردەمیەوە.

کۆنتڕۆڵکردنى سۆشیال میدیا
کۆمپانیاى تەلەفزیۆنى فەڕمى لە ئێران، کە ڕیفۆرمخوازەکان کۆنتڕۆڵیان کردوە، کەناڵێکى هاوشێوەى کەناڵى جەزیرەى قەتەریان دامەزراندوە بە ناوى (العالم)، کە بە زمانى عەرەبى هەواڵەکانى پەخش دەکات و شەپۆلەکانى بە درێژاییى سنورى ئيران - عێراق دانراو بۆ بەدەستهێنانى پشتیوانى عێراقیيەکان. بە پێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیيەکان باس لە هەبوونى (300) ڕاگەیاندنکارى ئێرانى دەکەن لە عێراق بە شێوەیەکى هەمیشەیى.
ئێران تەمویلى نزیکەى (35) کەناڵى ئاسمانیى شیعەکان دەکات، لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە وێستگەى ڕادیۆى و ڕۆژنامەى ناوخۆیى و دامەزراوەى میدیایى. پاش هاتنى مالیکیش بۆ هەرەمى دەسەڵات لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2005، ئەو دیاردەیە ڕوونتریش دەبینرا. دەستى کرد بە بانگەشە بۆ پرۆژەى شیعە بوون و هەناردەکردنى بۆ کەنداو بە ڕێگەى عێراق، بۆیە لاى زۆرێک لە عێراقییەکان دیار بوو، هەر پارتێک یان بزوتنەوەیەک، یان میلیشایەکى شیعى لە عێراق و ناوچەکە، کەناڵێکى تەلەفزیۆنى هەیە و پڕوپاگەندەى بۆ دەکات و هەڵمەتى ڕاگەیەندیان دەستپێکردوە دژى ڕکابەرەکانیان. ئەو تۆڕە جاڵجالۆکەیە میدیایە شیعەیە زەبەلاح و فراوانە، پاڵپتشێکى دارایى گەورە دەکرا.
کەناڵە ئاسمانیيەکانى شیعەکان، کە لە لایەن ئێرانەوە تەمویل دەکران، پرۆژەکانیان بە بازاڕ دەکردن و پروپاگەندەیان دەکرد بە پێى بەرنامە و ڕوئیاى ئێران، ڕۆڵى زۆر کارایش دەگێڕن دژى ڕکابەرە سوننیيەکان بە ڕێگەى کردنەوەى دیالۆگى ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەردا. ئەمەیش خۆى لە خۆیدا قەیرانى لە نێوان سوننە و شیعەکان دروست دەکرد، لە کۆتاییشدا ڕاگەیاندنکارە شیعەکە دەگەییشتە ئامانجە نەخشەکێشراوەکەى بۆ دانرابوو لە لایەن سپۆنسەرە ئێرانییەکە و ئەو ستراتیژیەتییەى دەیەویت جێبەجێى بکات لە عێراق.

کارتى حەشدى شەعبى
جەماوەر بێزار بوە لە ئەزموونى حوكمڕانیکردن لە عێراق، کە کەسایەتى و پارتەکانى نزیکن لە ئێران بە تەواوى قۆرخیان کردوە، هەروەها بەدیارکەوتنى ڕەوتەکانى هەر لە خودى چینى سیاسەتى شیعى بە دیارکەوتوون، ئەوانەى بانگەشە بۆ دووبارە داڕشتنەوەى پێوەندییەکانیان دەکەن لەگەڵى بە ئاڕاستەی سوککردنى دەسەڵاتەکانى و هەژمووندارى بەسەر بڕیارى عێراقى لە بژاردەکانى تاران بۆ پاراستنى هەمان ڕادە لەو دەسەڵاتەى پێشووتر هەیبوە و پێدەچێت لە قۆناغێک لە قۆناغەکان زۆر پێویستى پێى هەبووبێت پاش داعش لە عێراق، کە ئومێد وایە قۆناغى هەموارکردن و بەهێزکردنى ئەو سیاسەتانە بێت کە بوە هۆى نیمچە مایەپوچبوونى وڵات و داڕمانى.

زۆرینه‌ی گروپه‌كانى حه‌شد له‌ تارانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كراون

 

بەپێى لێکدانەوەکان كە بۆ دۆخى عێراق دەکرێن، بۆمان دەردەکەوێت کە کارتى حەشدى شەعبى کە لە دە هەزار شەڕکەرى شیعە پێکدێن، ئەوانەى بەشدارییەکى کارایان هەبوو لە شەڕى دژى داعش، وەک سوپایەکى تائیفى دەردەکەون وەک لەوەى هێزێکى چەکدارى عێراقى بێت. 
حەشدى شەعبى لە کاتى ئێستادا بوونەتە جێگەى مشتومڕ و گریمانە لە سەر کردن لە تاران بۆ پاراستنى دەسەڵاتە فراوانەکەى لە عێراق. هەمیشە ئێران کار بۆ ئەوە دەکات لە ژێر دەستى دەرنەچن و کۆنتڕۆڵیان بکات.
حەشدى شەعبى تەنیا گرەنتیى کۆنتڕۆڵکردنێکى بابەتییانە بە سەر ناوچەیەکى بەرفراوان لە عێراق بە ڕێگەى ئامادەییى شەڕکەرەکانى لە سەر خاک و بەشداریکردنیان لە کۆنتڕۆڵکردنى ئەو خاکانەى لە داعش وەرگیراونەتەوە لە ژمارەیەک پارێزگاکان، بەڵکوو قابیلى بەکارهێنانیشن وەک هێزێکى هەڵبژێرراو، کە گرەنتیى گەییشتنى گەورە فەرماندەکان دەکات بۆ ناوەندى سەرکردایەتیی لە ناو حکوومەتى عێراقى، ئەوانەى لە سەر سەربازگەکەى ئێران هەژمار دەکرێن.
ڕادەى گریمانەى ئێران لە سەر حەشدى شەعبى لەو کاتەدا هات، کە ڕابەرى ڕەوتى سەدر مشتومڕێکى هێنایە ئارا کاتێک داواى کرد، کە پێویستە چەک تەنیا لە ناو دەستى دەوڵات دابێت و تێکەڵاوکردنى ئەو ڕەگەزانەى بە نا ڕێکخراو وەسفى کردن لە ناو سوپاى عێراق، ئەمەیش خۆى لە خۆیدا ئاماژەیەک بوو بۆ ئەو ڕۆڵە سیاسییەى کە ڕەنگە میلیشیا چەکدارەکان بیگێڕن. ئەو ڕۆڵەى کە سەدر دژى گێڕانى بوو، چونکە ترسى لەوە هەبوو جڵەوى سەرکردایەتیى بکەوێتە دەست حەشد، ئەوانەى ڕکابەرى سیاسیى خۆى بوون.
ئاژانسى (تەسنیم)ى ئێرانى لە وتارێکى باسى لەوە کرد، کە ڕەوتە شیعییەکانى عێراقى کەوتوونەتە ناو (بۆسەیەکى پڕوپاگەندەیى) و ئەو ڕەوتانەى تۆمەتبار کرد بە دانانى مەسەلەى پاکتاوکردنى حەشدى شەعبى لە پێشینەى کارەکانیان. 
هەر لەو وتارەدا کە لە ژێر ناونیشانى (حەشد دەمێنێتەوە... عەبادى مەسەلەکەى یەکلا کردەوە) باس لەوە دەکات: پلانەکانى دوژمنان بە لەناوبردنى ئەو بزاڤە جەماوەرییە و لاوازکردنى پێش ئەوەى ئەو بزاڤە ئەرکە سەرەکییەکەى خۆى جێبەجێ بکات، کە بریتییە لە بەرگریکردن لە سەرەوەریى خاکى عێراق. بە داخەوە هەندێک ڕەوتى سیاسیى شیعى کەوتنە ناو ئەو بۆسەى پڕوپاگەندەیى ڕاگەیەندنەکانى سەر بە حکوومەتە عەرەبییەكان.

 


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ