كێشه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ هى یه‌كێتی جیاوازیی چییه‌ ؟

کێشە ناوخۆییەکانی پارتی.. ئاماژەی کەم و دەرئەنجامی زۆر

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.05.20 06:00 PM
951 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

ده‌شتى عه‌بدولڕه‌حمان

بەو پێیەی پارتی حزبێکی گەورەی کوردستانە و زۆربەی جومگە ئەساسەکانی حوکمڕانی بەدەستەوەیە، ناکۆکیە ناوخۆییەکانیشی زیانێکی ئێجگار گەورە لە پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی هەرێم دەدەن، بە بەراورد بە یەکێتی، کە کێشە ناوخۆییەکانی تەنها زیانی بە خۆی دەگەیاندو کاریگەری لەسەر پاشەکشەی سیاسی و جەماوەری خۆی دروست دەکرد.
یەکێک لە جیاوازییەکانی کێشە ناوخۆییەکانی پارتی لەگەڵ یەکێتیدا ئەوەیە؛ یەکێتی بە هۆی سەرقاڵبوونی بە ناوخۆی خۆیەوە، ساحەی ئیدارەدانی حکومەت و بڕیارە سیاسی و دیبلۆماسیەکانی بە تەواوەتی بۆ پارتی جێ هێشتبوو، نەدەپەڕژایە سەر دروستکردنی کاریگەری لەسەر هیچ جوڵە و بڕیارێکی هەرێم، بەڵام پارتی جیاواز لە یەکێتی، لە ئێستادا لەسەر حسابی ململانێ ناوخۆییەکانی و شاردنەوەی خاڵە لاوازەکانی خۆی، دەیەوێت فەزا سیاسیە گشتیەکەش بە تەواوەتی بۆ خۆی قۆرخ بکات!

جه‌ماوه‌ری پارتی له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری ململانێی ناو هه‌ره‌می حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن

یەکێتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیەکەی، ببوە مینبەری ململانێ ناوخۆییەکانی و تیمی حکومەت و پەرلەمانی بە دەگمەن بە ئاشکرا تەرەفگیریان تێدا دەکرد، بەڵام پارتی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئۆڕگانەکانی تری ئاقڵ دانیشتوون و حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوە هەرێمیەکانی تریان کردۆتە چەقی یەکلایی کردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکانیان!

کێشە ناوخۆییەکانی پارتى مەترسییەکی گەورەیه‌ لەسەر ئایندە و چارەنوسی هەرێمی کوردستان

کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، بۆ کادرو جەماوەرە دڵسوزەکەی خۆی مایەی خەم و دڵەڕاوکێ و بۆ نەیارەکانیشی دەرفەتی زێرین بوو لە بەردەم گەشە و هەیمەنەی زیاتر، بەڵام لە کێشە ناوخۆییەکانی پارتیدا، جەماوەرەکەی تەماشاکەرێکی بێ خەمن و بۆ لایەنەکانی تریش بۆتە هۆی سەرئێشە و لامپەرێکی گەورە لە بەردەم کارو پڕۆژە سیاسیەکانیان، هاوکات مەترسییەکی گەورەش لەسەر ئایندە و چارەنوسی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان.

دیار نییه‌ دوو ئامۆزا ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی پارتی ئاراسته‌ی ململانێكیانیان به‌ره‌و كوێ ده‌به‌ن

کراوەیی یەکێتی و شەفافی کێشە ناوخۆییەکانی، هەمیشە دەرفەتێک بووە بۆ کەسایەتیە سیاسیە یەکێتی و غەیرە یەکێتیەکانیش، تا بتوانن ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان سەرکردەو تەکەتولەکانی ناو یەکێتی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بگێڕن؛ هەر بۆیەش ئەمە هۆکارێکی گرنگ بووە، کە لە هیچ کاتێکدا کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، نەگەیشتە حاڵەتی پێکدانی چەکداریی.

بەڵام داخراوی پارتی، نەک ڕێگرە لە بەردەم کەس و لایەنی سیاسی غەیرە پارتی تا هەوڵی سوڵح و چارەسەری کێشەکانیان بدەن، بەڵکو ڕێگرە لە بەردەم کادر و کەسایەتییەکانی خۆشیان و ئەوانیش ناتوانن و جورئەتی ئەوە ناکەن ئەم بابەتە بوروژێنن و هەوڵی نێوەندگیری بدەن!


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ