زۆر تێگەیشتنی مێژوویی هەیە، پێویستی بە پێداچوونەوەیە، یەکێک لەوانە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی میرنشینە کوردییەکانی ناو دەوڵەتی عوسمانییە.
عوسمانییەکان لە پاش چوار سەدە لە شەڕ و کوشتار لە سەدەی هەژدەهەمدا، بەتایبەتی لە سەردەمی سوڵتان مستەفای سێهەم ١٧٥٧ - ١٧٧٤ دا زانیان ناتوانن لە بەردەم ئەو پێشکەوتنانەی ئەوروپادا خۆیان ڕابگرن، لە زۆربەی جەنگەکانیشدا لەگەڵ ئەوروپییەکاندا دەدۆڕان.
لە خۆرهەڵاتیشەوە ئێرانییەکان ڕیفۆرمیان لە ئیدارە و سوپا و ئابوریی وڵاتەکەیاندا کردبوو، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەریتانییەکاندا بەستبوو، یارمەتی چاکسازییەکەیان دابوون، بەڵام بۆ عوسمانییەکان زەحمەت بوو وەک ئەوروپی و ئێرانییەکان بتوانن بە ئاسانی چاکسازیی بکەن لەبەر سێ هۆکار:
یەکەم
ڕێگرییەکانی میلیشیاکانی ئینکشاری، کە هێز و زەبریان لە سوپا زیاتر بوو.
دووەم
ڕێگری والی و میرەکانی ولایەت و ئیمارەتەکان کە بە میرات فەرمانڕەواییان بۆ نەوەکانیان جێدەهێشت.
سێهەم
وەزیر و پاشا گەندەڵەکان ڕێگربوون چونکە نفوز و بەرژەوەندییان نەدەما.
ماوەی٢٥٠ ساڵ عوسمانییەکان هەوڵی چاکسازیان ئەدا، نەیانتوانی تا ئیمپراتۆریەتەکەیان بەهۆی گەندەڵی ناوخۆییەوە لاواز بوو وه ڕوخا.
سەرەتا سوڵتان مستەفای سێهەم هەوڵیدا لە سوپاوە دەستپێبکات و میلیشیاکانی ئینکشاری نەهێڵێت بهڵام نەیتوانی.
دواتر سوڵتان عەبدولحەمیدی یەکەم و پاش ئەویش سوڵتان سەلیمی سێهەم هەوڵیاندا، فەشەلیان هێنا و ئینکشارییەکان لە دەستەڵاتیان دەخستن و پلانی کوشتنیان بۆ دانان.
تا سەردەمی سوڵتان مەحمودی دووەم ١٨٠٨-١٨٣٩ هەستا بە دامەزراندنی سوپایەکی تر بە ناوی سوپای مەحمودی و بەهێزیکردن، لە دژی ئینکشارییەکان بەکاریهێنان و کۆتایی بە نفوزی ئینکشاری هێنا.
ئینجا مەحمود دەستکراوە بوو بۆ کۆتایهێنان بە حوکمی بنەماڵەی والی و میرەکان. جەلائیلییەکانی لە موسڵ دەرکرد، کۆتایی بە حوکمی داودپاشا لە بەغدا هێنا و بنەماڵەی میرەکانی بابان و سۆرانیشی لە فەرمانڕەوایی خست، سیستمی ئیدارەی لە میرنشین ـ ئیمارەتەوە گۆڕی بۆ لیوا ( سنجق).
بەپێی ساڵنامەکانی موسڵ و بەغدا، باری ئابوریی هەردوو ولایەت بەراورد بە سەردەمی میرەکان و پاش میرەکان، بوژانەوەی ئابوریی لە شارەکاندا بە ڕێژەی ٪٣٠٠ سەدا سێ سەد بەرزبۆتەوە.
ئهنجا خزمەتگوزاریی ناوچەکان لە 150% سەدا سەد و پەنجا زیاد دەکات.
ههموو ئهوانهش بەهۆی نەهێشتنی ئینکشارییەکان و لابردنی میر و والی و وەزیرە گەندەڵەکانەوە ڕوویدا.