ئامۆزاکەی دەخاتە بەردەم لولـەی تۆپەکە ؟

به‌غدا داوای ھەڵکردنی ئاڵای سپی لە مەسرور بارزانی دەکات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.06.11 07:58 PM
963 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

دڵشاد مه‌جید
ئەم نوسراوه‌ی دیوانی چاودرێری دارایی فیدراڵی عیراق، کە لە سەرەتای ئەم مانگە ٦/١ دەرچووە، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەخاتە بەردەم دوو ڕیانێک، كه‌ ڕێگای سێیەمی نییە، یان دەبێ ھەرچی ھەیە و نییە سەبارەت بە دۆسێی نەوت و داھاتی ھەرێم ئاشکرای بکات، یانیش ھەرێم بخاتە بەردەم قەیرانێکی دارایی قوڵ، كه‌ ئەستەم بێ بۆ مەسرور بارزانی کە درێژە بە ئیدارەدانی حکومەت بدات و لە شكست زیاتر ھیچی تری بۆ نەمێنێتەوە، بەمەش بۆ ھەتاھەتایی لە دەسەڵاتی سیاسیی و ئیداری حکومەتی ھەرێم دووریبخاتەوە.
یانیش مەسرور بارزانی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات و زامنکردنی سەرچاوە داراییەکەی عێراق بۆ بەردەوامی حکومەتەکەی، ئامۆزاکەی خۆی ( نێچیرڤان بارزانی) دەخاتە بەردەم لولـەی تۆپەکە!! چونکە نێچیرڤان بارزانی ئەندازیاری پرۆسەی نەوتی ھەرێمە و ھەر ئەویش خاوەنی دوا بڕیاری دۆسیەی نەوتە..!!
بۆیە قوناغی داھاتوو.. قوناغێکی سەختە بۆ پارتی بە گشتی و بۆ بنەماڵەی بارزانی بە تایبەتی..!!
بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لەم پەڕاوە، ئەوەیە کە ئەم پەڕاوە.. زیاتر پێدادەگرێ لەسەر (حسابات و کتاباتی) چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ.. واتە دەسەڵات و حکومەتەکەی مەسرور بارزانی!!

ئەم پەڕاوە لە دوو بەش پێک ھاتووە..
بەشی یەکەم /
ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیەیە کە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بۆ لێكۆڵینەوە لەو بڕگانەی لە پەڕاوی دووەم دەستنیشانکراوە پێکھاتووە.

بەشی دووەم/
لەو پەڕاوە ئەرک و کارەکانی لیژنەکە دیاریی دەکات کە چۆن ھەوڵ بدەن، کار بۆ ئاشکراکردنی داھاتەکان و تەواوی دۆسێیەی نەوتی ھەرێم بکەن، داواش لە ئیدارەی ھەرێم دەکات، کە دەبێت تەواوی زانیارییەکان بخەنە بەردەم لیژنەکە.. تەواوی کارەکانی لیژنەکەش دابەشی سەر سێ (بوار ) کراوە، ھەرسێ بوارەکەش لە (٢٢) خاڵ خۆی دەستنیشانکردووە، کە ئەمانەن:

بواری دارایی:
١- خستنە بەردەستی حسابی ختامی ساڵی پار.
٢- تۆمارەکانی دارایی، لە لایەن دەزگای ژمێریاریی ھەرێم لە ٢٠٢٠/١/١ تا ٢٠٢٠/٤/٣٠.
٣- بودجەکانی خەرجی مانگانەی ھەرێم بۆ ھەر چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ.
٤- ئاشکراکردن و ھۆکاری رێژەی ئەو قەرزانەی لەسەر ھەرێمە، ھەروەھا پاڵپشتی یاسایی ئەو قەرزانە چین.
٥- کۆپیەک لەو ڕێکەوتنانەی ھەرێم بۆ قەرز لەگەڵ لایەنی تر کردویەتی.
٦-چۆنیەتی سەرفکردنی ئەو پارانەی ھەرێم لە ١/١ تا ٤/٣٠ کە لە حکومەتی فیدراڵی وەریگرتووە.

بواری نەوت:
ئەم بوارە لە ١٢ خاڵ پێکھاتووە بە کورتی ئەمانەن.
ئاشکراکردنی شوێنەکانی بەرھه‌مێنانی نەوت و ناردنە دەرەوەی نەوت، لەگەڵ تۆمارەکانی تایبەت بەو پرۆسەیە، ھەروەھا ئاشکراکردنی داھاتەکانی نەوت و ڕێژەی بەرھەمھێنان و فرۆشتنی.
جگە لەمە ئاشکراکردنی گرێبەستە نەوتییەکان و ئەو ڕێکارانەی بۆ چۆنیەتی فرۆشتن نەوت و ئەو بانکە حسابیەی پارەی نەوتی فرۆشراوی لێدادەنرێ، ئەو گرێبەستانەی بۆ گواستنەوەی نەوتی ھەرێم کراوە.
ھەروھا ئاشکراکردنی پاڵاوگەکانی نەوت و پەیوەندی نێوان ئەو پاڵاوگانە بە حکومەتی ھەرێم و چۆنیەتی دیارکردنی نرخی نەوت و ئاشکراکردنی ناوی ئەو شوێنانەی نەوتی ھەرێمی پێ فرۆشراوە.
ھەروەھا ئاشکراکردنی عەمبارەکانی نەوتی ھەرێم لە دەرەوە و لە ناوەی عێراق.

بواری نا نەوتیی:
ئەویش لەچوار خاڵ پێکھاتووە..
١- ئاشکراکردنی ناو و شوێنی سەرجەم دەزگانی باج و دەرامەتی ھەرێم بە تۆمارەکانییەوە.
٢- ئاشکراکردنی ناو و شوێنی سەرجەم دەروازە سنورییەکان بە تۆمارەکانیانەوە.
٣- ئاشکراکردنی سەرجەم داھاتەکانی باج بە جۆرەکانییەوە.
٤- ئاشکراکردنی سەرجەم داھاتە گومرگییەکان بە جۆرەکانییەوە.

ئەم کتابەی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی عێراق، نەک ھەڵکردنی ئاڵای سپی و تەسلیم بوونەوە دەگەیەنێ، بەڵکو ئەمە ( سوننەتکردنی ) دەسەڵاتی ھەرێمە، کە لە ڕێگای سوننەتکردنی دەسەڵاتدارانی ھەرێم، ھەرچی دزی و گەندەڵی چەند ساڵەی ناشەرعیان ھەیە لێدەکاتە زەقنەبووت.
بۆئەوەی لەمەودوا بە ناشەرعی و بە حەرامی خۆیان بە کونەکانی سەرچاوەی دارایی و گریفانی ھەرێم و خەڵک ڕانەکەن، بە ڕای من ئەگەر ئەم ھەنگاوانە جێبەجێ بکرێ، کار لەسونەتکردن تێپەریوە و بەڵکو ئەمە لەبنەوە ( قوت ) کردنە..


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ