پارتى خۆی كردە خاوەنی ونبوونی پاره‌كه‌

دیوە نەبینراوەكەی 400 ملیارەكە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر 2020.06.15 12:01 AM
1354 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس

دەربڕینی كوا 400 ملیارەكە سەرتاپای كوردستانی گرتەوە، یەكەمجارە بابەتێك یان پرسێك لەو شێوەیە تۆڕی كۆمەڵایەتی بگرێتەوە، تەنانەت بووە هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەكانی ناوخۆ و بیانیی.
دەكرێت چەند دیوێكی ئەم هەڵمەتە و ئەو بارودۆخەی ئێستای كوردستان تێیكەوتووە بخەینە بەرباس، كە دەكرێت بڵێن دیوێكی كۆمەڵایەتییە و دیوەكەی دیكەی حزبیی و سیاسییە.
ئەگەر تەماشای رەهەندە كۆمەڵایەتییەكەی بكەین، دەبینین ئەمجارە زۆر كاریگەری تۆڕی كۆمەڵایەتی وەك سەكۆی دەربڕینی ناڕەزایی و رەخنە و توانجی خەڵك لە حكومەت رۆڵی كاریگەری بینی، ئەمجارە لەبری خۆپێشاندان و نوسینی لافیتە و هاوارهاواری هاوڵاتیان لەسەر شەقام و لە بەردەم بارەگای حكومەت و پەرلەمان، گەنجان و چین و توێژەكانی كۆمەڵگا زۆر بەرفراوان تۆڕی كۆمەڵایەتیان كردە بەدیلی ئەو خۆپێشاندانە، ئیدی حكومەت یان كەمینەیەك لە حكومەت كە ترسیان لە خۆپێشاندان هەیە و رێگری لێدەكەن، لەمەودوا پێویست نییە خەڵك مۆڵەت لە حكومەت وەرگرێت. 
تۆڕی كۆمەڵایەتیی سەكۆیەكی كاریگەر و ئەو شوێنەیە كە توڕەیی و بێزاری خەڵكی لێ‌ بتەقیتەوە، ئەگەرچی پێموایە لە هەولێر و دهۆك ئازادی بەوشێوەیە نییە هەموو كەس بتوانێت قسەی دڵ و رەخنەی خۆی بخاتە سەر رووی تۆڕی كۆمەڵایەتیی.

له‌ هه‌موو شوێنێك باسی 400 ملیاره‌كه‌یه‌


ئەمجارە تۆڕی كۆمەڵایەتیی كاریگەریی و فشاری خۆی لەسەر حكومەت و كاربەدەستانی كە زانیاریی لە خەڵك دەشارنەوە زۆرتر بوو لە جاران و ناچاری كردن روونكردنەوە بدەن، ئەگەرچی رونكردنەوەكەش جێی متمانەی خەڵك نەبوو.
دیوە سیاسیەكەی كۆدەنگی خەڵك لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی لەمەڕ ئەو 400 ملیار دینارە، ئەوە بوو كە حزبەكانی كوردستان جگە لە بەشێكی حزبەكەی سەرۆك وەزیران نەبێت، هەموویان لەسەر ئەوە كۆك بوون بۆچی ئەو پارەیە خێرا دیزەبەدەرخۆنەكراو شوێنەواری نەما، بۆیە پەرلەمانتاری هەموو لایەنەكان چ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی چ بۆ میدیاكان قسەیان لەبارەی ئەو پارەیە كرد.
لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتە گشتگیرەی هاوڵاتیان و پەرلەمانتارانی هەموو حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر خراپ مامەڵەی لەگەڵ ئەو كەیسەدا كرد، بە لێدوان و هەڵمەتی پێچەوانە، خۆی كردە خاوەنی ونبوونی ئەو 400 ملیار دینارە و بەشێك لە پەرلەمانتارانی پارتی (باڵێكیان) بە زمانێكی زبرو دوور لە بابەتیی و تەنانەت تەشهیرو هاتنە وه‌ڵام! لەبری وه‌ڵامی ئەو پرسیارەی (كوا 400 ملیار دینارەكە ؟) بابەتی دیكەیان هێنایە گۆڕێ كە دەكرێت بڵێن دەمێكە سواوە!، ئەمە لەكاتێكدا خۆ تەنها پارتی لەم حكومەتە نییە، بەڵكو پارتی و یەكێتی و گۆڕان حكومەتیان پێكهێناوە و خەڵكیش كە پرسیاری دیارنەمانی پارەكەیان دەكرد، ناوی پارتیان نەدەهێنا، كەچی پارتی بەخۆی تێدەگەیشت، وەك ئەوەی ئەوان پارەكەیان دیزەبەدەرخۆنە كردبێت.
سەرەنجام كاتێك هەڵمەتێك هەموو تێیدا بەشدار دەبن بە وانەی لە حكومەتن و بە وانەیشی لە دەرەوەی حكومەتن و رووی پرسیاریان تەنها لە پارتییە، بەڵگەی ئەو راستیەیە ئەوانەی لەم حكومەتەن كاریگەر و ئاگاداری نهێنی ئەم حكومەتە نین، بۆیە پارتیش رەخنە و توانجەكان روو لە خۆی تێدەگات.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ