بۆچی توركه‌كان ده‌ڵێن فێڵیان لێكراوه‌ ؟

میساقی میللی..هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سنوره‌ جوگرافیا‌كه‌ی ئێستا

رێبین عومه‌ر 2020.06.28 12:57 AM
1525 جار خوێندراوەتەوە

رێبین عومه‌ر

نوسه‌ر
به‌كالۆریۆس له‌ راگه‌یاندن ـ زانكۆی سلێمانی

توركەكان یەكێكن لەو میللەتانەی دنیا كە ئارەزوویەكی زۆریان بۆ داگیركاری هەیە، تاكی تورك لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە دەكرێت كە سەد ساڵی رابردوو دوای كۆتای جەنگی یەكەم لە جیهان، براوەی جەنگ ستەمی لێكردوون و نەشخەی جوگرافی ووڵاتەكەیانی بچووك كردۆتەوە.
 لە مێژووی كۆن و نوێ نییە، كە پرۆسەیەكی داگیركاری نەبێت و لە بەرژەوەندی توركەكان نەشكابێتەوە. بەردەوام لە داگیركاری قازانجیان كردووە. تەنانەت بەمیوانیش چوبێتنە هەرشوێنێك لێی نەگەڕاونەتەوە و ئەو شوێنەیان بەهی خۆیان زانیوە یاخود شتێكیان چاندووە كە دەرفەت بدات بەگەڕانەوە بۆی، پەروەردەی ناسیۆنالیستی تورك، بڕوایان وایە خۆر لە هەركوێییەك بدات ئەوە زەوی توركە. تەنانەت لە پەروەردەی سەربازیشدا سەربازەكا بەردەم لەبەردەم نەخشەیەكی گەورەی جیهاندان و فێرئەكرێن كە سنوری ووڵاتەكەیان چۆن فراوانتر بكەن. 

ئۆغڵۆ بۆ هەڕەشە ئەكات؟
لێدوانەكەی ئەم دواییەی مەولود چاوش ئۆغڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیا، لە بارەی شاری سلێمانیەوە، هەڕەشەیەكی راستەوخۆی دەوڵەتی توركیایە  بۆ ئەم شارە، چونكە دەوڵەتی توركیا ئەم شارە بە پاڵپشتی پەكەكە دەزانێت و پێی وایە چالاكییەكانی پەكەكە لەم شارەدا فراوانە و كاریگەری هەیە. 
هەڕەشەكانی ئۆغڵۆ دەبێت، بەهەند وەربگیرێت چونكە دەوڵەتی توركیا لە دوای هەموو هەڕەشەیەك كە دەیكات كاری سەربەخۆی خۆی بێ گەڕانەوە بۆ هیچ لایەك ئەنجام دەدات. 
 توركەكان دەمێك ساڵە چاویان لەوەیە كە كۆتایی بەڕێككەوتنە سەپاوەكانی پێش سەدەیەك لەمەوبەر بێت، لەگەڵ كەمالیستەكاندا كە لەدوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە 1918 و دروست بوونی كۆماری توركیا لە 1923 توركەكان بە قەوارەیەكی كۆماری بچووك لە قەڵەم رەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی رەزامەندبوون.  
دەوڵەتی توركیا لەگەڵ نزیك بوونەوە لە وادەی كۆتایی تەمەنی رێككەوتنەكانی سەد ساڵی رابردوو، دووبارە دەستی بە پرۆسەی داگیركاریی ئەو ناوچانە كردۆتەوە كە پێشتر لەژێر فەرمان رەوای ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەكاندا بوون.
سەرۆك كۆماری توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆگان)، تا پێش ساڵی 2023 دەیەوێت زۆر دەستكەوتی گرنگی ستراتیژی بۆ توركەكان بەدەستبهێنێت. 
بەتایبەت ئەو زەویانەی لە رابردوو لە دەستیان داوە. ئەردۆگان بەزەبری هێز دەیەوێت بۆیان بگەڕێتەوە. چونكە ئەم پیرە پیاوە، دەیەوێت لە كاریگەرییەكانی كەمالیست لەسەر سایكۆلۆژیای كۆمەڵگەی تورك كەم كاتەوە و دنیا بینینێكی نوێ لەناو نەتەوەپەرستی تورك دروست بكات. كە بیریان خاتەوە  پێش كەمالییەكان ئیمبراتۆریەتەكەیان لە ساڵی( 1299 تا ساڵی  1923 ) بۆ ماوەی شەش سەدە فەرمان رەوای سنورێكی گەورە و فراوانی لەم جیهانە كردووە.
 بەوجۆرە بێت توركەكان ئەم سنورانەی ئێستای دەوڵەتەكەیان بەتەواوەتی رەتدەكاتەوە، لەسەر پشكی گەلان دەیانەوێت دووبارە فراوانی بكەنەوە. 

خه‌ونی ئه‌ردۆغان گه‌رانه‌وه‌یه‌ بۆ سنوره‌كانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانیى

 

ئەردۆگان لە دوای ئەوەی لە ئەوروپییەكان بێهیوا بوو، بەتەواوەتی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبی و ئەفریكا گەڕایەوە و بە حسابە كۆنەكەی باو باپیرانی چووە، تاڕادەیەكیش لەتەواوەی پلانەكانی سەركەتووبوو، لەو پرۆسە داگیركاریانەی لە ماوەی رابردوو ئەنجامیداوە ؟! چونكە چ رووسەكان و چ ئەمریكاییەكان و ئەوروپییەكان لە بەرامبەر پێشێلكارییەكانی ئەردۆگان بێدەنگن و وەك ئەوەی لە عەفرین و رۆژئاوای كوردستان بینرا كە ئەردۆگان گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵكراوە و زۆر شاری سەر سنوری لە باكوری سوریا بە زەبری هێز داگیركرد.

توركەكان هەڕەشەكەیان جددییە؟
دەوڵەتی توركیا كە هەڕەشە دەكات، دەبێت سیاسییەكان بەهەند ئەو هەڕەشەیە وەربگرن، چونكە شەڕی ئەو هەژموونە سیاسی و سەربازییە زەبەلاحەی ناتۆ، بە ووتار و بەیان نامە لە سۆشیال میدیاوە ناكرێت. بەڵكو دەبێت سیاسییەكان بابەتیانە سەیری ئەو هەڕەشانە چاوشئۆغڵۆ بكەن. چونكە توركەكان لەم سۆنگەیەوە رەوایەتی بەخۆیان دەدەن:
•توركیا حەق بەخۆی دەدات لەم ناوچانە كاری سەربەخۆی خۆیبكات.
•توركەكان لەشەڕدان لەگەڵ پەكەكە ئیتر چۆن لە (كینایا و ئەوروپا و ئەمریكا) دژی پەكەكە بوو. ئاواش لەسەر خاكی عێراق ئۆپراسیۆنی خۆی درێژە پێدەدات.
•توركەكان بە ئاشكرا باس لەكۆتایی میساقی میللی دەكات و باس  لەگەڕانەوە بۆ سنوری ئیمبراتۆریەتەكەیان دەكەن. 
*دەشیانەوێ دەست بەسەر سەرچاوەكانی ووزەدا بگرن، وەك ئەوەی لە كەنارە ئاوییەكانی دەریای سپی ناوەڕاست و سوریا و قوبرس دەیكەن و تەحەدای فەرەنسییەكان دەكەن كە ئەو پلانەی خۆیان هەر جێبەجێ دەكەن و دەست بەسەر سەرچاوەی ووزەدا دەگرن.

ڕێككەوتنی پێش جەنگ؟
دەوڵەتی توركیا بۆ لێدانی پەكەكە لەگەڵ دوو دەوڵەتی ناوچە ئێران و عێراق، چەندین رێككەوتنی جۆراو جۆری ئەمنی  ئەنجامداوە، بەردەوام لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە لە پەیوەندیدا بووە، ئەو دەوڵەتانە لەسەر هەموو شت ناكۆك بن، لەسەر ئەوە كۆكن كە كۆتایی بە جوڵەی چەكداری كورد بهێنن و ئەو سەرئێشەیە لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە. (جۆن بۆڵتن) راوێژكاری پێشووی ئاسایشی ئەمریكا لە یاداشتەكانیدا، بە ڕوونی باس لەوە دەكات كە لە كاتی گفتوگۆی لەگەڵ ئەردۆگان ئەوەی بۆ دەركەوتووە كە بەناو هێنانی كورد ئەردۆگان پەست ئەبێت.
بۆڵتن دەڵێت: كێشەكە لە خودی ئەردۆگانە كە گرێی دەروونی لەگەڵ كورد هەیە، تەنها كوردی مردوو بە كوردێكی باش دەزانێت.
بەشێوەیەكی گشتی سیاسەتی توركیا لەم قۆناغە دا لە چوارچێوەی لەناوبردنی كورد درێژبۆتەوە و نایەوێت دان بەبوونی گەلێكیتر بنێن و مافیان بداتێت لە چوارچێوەی یاسادا. 

هێرشەكەی كونەماسی لێدانی زەنگێكی مەترسیدارە؟
لە هێرشەكەی كونەماسیش ئەوە دەركەوت كە توركەكان دەست لە چەكدار و سڤیل ناپارێزن گوێ بەوە نادەن كە هێرشەكانیان سڤیل دەكاتە قوربانی.
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر ساڵی 2017 بۆ یەكەمینجار (حەیدەر عەبادی) سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق ئەوەی ئاشكرا كرد كە لەگەڵ توركیا رێككەوتوون بۆ وەدەرنانی مەترسیی تیرۆر لە نێوان خاكی هەردوولا كە زۆرتر مەبەست لێی چەكدارانی پەكەكە بوو، تائێستا چەند جارێك لەسەر ئاستی باڵا توركەكان جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە لەگەڵ عێراق پێكەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دەبێت، بۆ لە ناوبردنی پەكەكە لە قەندیل و شەنگال وەدەرنانیان لەو ناوچانەی نزیك سنور . 
دوور نییە لە ئایندە هەردوو سوپاكە بە پاساوی پاراستنی سنورەكانی هەردوو ووڵات ئۆپراسینۆی هاوبەش ئەنجامبدەن، چونكە لە دوای 16 ئۆكتۆبەر مانۆڕێكی هاوبەشیان لە سنوری (ئیبراهیم خەلیل) ئەنجامدا. ئەوەش وەك سەرەتایەك كە ئەو دوو سوپایە لە هەماهەنگیی كرداریدان لەگەڵ یەكدا. 

نه‌خشه‌ تازه‌كه‌ی توركیا ویلایه‌تی موسڵ و رۆژاوای كوردستان خستووه‌ته‌ سه‌ر توركیا

 

كۆتا جاریش سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی توركیا (هاكان فیدان) لە ناوەڕاستی مانگی 6 /2020 بەسەر دانێكی نهێنی خۆی گەیاندە بەغداد، لەگەڵ كاربەدەستانی عێراق  لە كابینەی كازمی كۆبووە. هەچەندە ناوەڕۆكی سەردانەكەی ئاشكرا نەبووە، بەڵام چەند رۆژ لە دوای ئەو سەردانە، سوپای توركیا لە هەرێم ئۆپراسیۆنەكانی فراوانتر كرد و عێراقیش لە بەرامبەر بە ئۆپراسیۆنەكە هەڵوێستێكی جددی وەهای نەبوو. ئەمەش ئەوە دەرئەخات كە پێشوەخت رێككەوتن و هەماهەنگی بەردەوم لەنێوان هەردوولادا كراوە. توركەكان پرسیان بەعێراق كردووە. لە ساڵی 1983 تا ئێستا بەدەیان جار سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی فراوانی لەناو خاكی عێراق ئەنجامداوە.
ساڵی 2018 بەهەمان شێوە لە چوار چێوەی رێككەوتنێكی بەغداد ئەنكەرە سوپای توركیا بە قوڵی( 15 كم )، هاتە ناو خاكی هەرێم لە ناوچەی سیدەكان و ئۆپراسیۆنی سەربازی خۆی دژی گەریلاكانی پەكەكە ئەنجامدا. 
لە ئێستادا باس لەوەدەكرێت كە سوپای توركیا بەقوڵی( 30 كم ) لە ناو خاكی هەرێمدایە و ستراتیژی سەربازیی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەریلاكانی پەكەكە جێبەجێ دەكات لە زۆر ناوچەی سنوریش شەڕ بەردەوامی هەیە.

نا ئارامیی عێراق دەرفەتی دەستوەردانی زیاتر بە توركەكان دەدات؟
دوای ئەوەی لە ساڵی  2003 سیستمی سیاسی عێراق گۆڕدرا، ناسەقامگیری ئێخەی عێراقی بەتەواوەتی گرت، بەردەوام ئەم وڵاتە لەناو گێژاوی نائارامی و شەڕدا بووە. ئەوانەش وەك دەرفەتێكی لەباربوون بۆ ئەوەی سوپای توركیا، بێگوێدانە سنور و پاراستنی سەروەری خاكێكی تر ئۆپراسیۆنی خۆی ئەنجام بدات و بنكە و بارەگای زیاتری لە قوڵی خاكی هەرێم و عێراق بكاتەوە.
ئێستا وەك دەبینرێت توركەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق كەوتونەتە ناو خاكی هەرێمەوە، لە ئاسمان و زەوی كاری سەربازیی خۆیان لە دژی چەكدارەكانی پەكەكە دەكەن. تەنانەت لە كاتی شەهیدكردنی هاوڵاتی سڤیل ئامادە نین داوای لێبوردن بكەن، بەڵكو لە میدیاكانییەوە وەك چەكدار، هاوڵاتییە بە ئامانجگیراوەكان پیشان دەدەن.
توركیا پێشتر تەنها بۆردوومانی  قەندیل و مەخموور و شەنگال و هەندێ ناوچەی سنوری دەكرد بە پاساوی بوونی گەریلاكانی پەكەكە، بەڵام ئێستا ستراتیژی سەربازی توركیا لە بەرامبەر بە رووبەڕووبوونەوەی پەكەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و تەنانەت نزیك لە شار و ئاوەدانیش فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا، ئامانجی خۆیان دەپێكن، گوێ بە مەسەلەی پاراستنی سەروەریی بەرامبەر نادەن.
لە ماوەی رابردوو چەند سەركردەیەكی دیاری پەكەكە لە رێگەی ئەو هێرشانەوە شەهیدبوون:
•دیار غەریب، ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتیی پەكەكە و یەكێك لە حەوت دیارترین سەركردەكانی پەكەكە، پاش گەڕانەوەی لە چالاكییەكی كۆمەڵایەتی لە كۆتایی مانگی 6 /2019 لە چیای كورتەك لە بناری قەندیل لە لایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی توركیا شەهیدا كرا.
• چیای ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی، بەهەمان سیناریۆی دیاری غەریب، دەمهات عەگید و جەمیل ئامەد، كە دوو سەركردەی دیاری پەكەكە بوون لە ناوەڕاستی مانگی 10 /2019 شەهید كران.
• (قاسم ئەنگین)ی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پەكەكە، لە كۆتایی ئایاری ساڵی 2020 لە چیای ئاسۆس كرایە ئامانجی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا.
•لە 15/8/2018 زەكی شەنگالی فەرماندەی دیاری پەكەكە، لە گەلی شلۆ لە سنوری شەنگال بووە ئامانجی فڕۆكە جەگییەكانی توركیاو شەهیدكرا.

میساقی میللی چییە ؟ بۆ  توركەكان زۆر باسی لێوە دەكەن ؟
 توركەكان دوای كۆتایی میساقی میللی، بەڕەهای چاویان لەوەیە كە لەم سنورەی ئێستایان بێتە دەرەوە و هەژموونی حكومڕانی خۆیان بە واقیعی فراوانتر بكەن و  زەوی و نفوزی زیاتر بەدەستبهێنن.
لەم چەند ساڵەی رابردوو ئەو هەنگاوەیان بەزیادەوە ناوە. چونكە ئەردۆگان كە رێبەرایەتی ئەم قۆناغە گرنگە بۆ نەتەوەی تورك دەكات، وەك كەمالییەكان پابەند نییە بەو میساقەی سنوری جوگرافیەكی دیاری كراوی بەسەر توركیادا سەپاندووە.
ئەردۆگان و نەتەوە پەرستەكان لەو سنورانە هاتونەتە دەرەوە و بەدەوروبەری خۆیاندا پەل و پۆیان هاویشتووە.
لە ( سوریا، عێراق، لیبیا، سۆماڵ، سودان، قەتەڕ، باكوری قبرس) بنكە و بارەگایان لە قوڵای ئەو ووڵاتانە كردۆتەوە. هەژموونی خۆی لەرێگەی هێزەوە سەپاندووە.
سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆگان كار بۆ ئەوە دەكات وەك خەلیفەیەك یان سوڵتانێك دەركەوێت.
مەرامیەتی هەژموونی خۆی فراوانتر بكات و بە وڵاتانی جیهانیش بڵێت: كە چیتر توركیا لە چوارچێوەی ئەو سنورانی پێشتر ئامادە نییە لە قاڵب بدرێت.

ئەردۆغان پابەند نییە بەو سنوره‌ جوگرافیەی بەسەر توركیا سەپێنرا پاش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیى

لە ئێستادا زۆر باس لە میساقی میللی دەكرێت لەناو سیاسییەكانی توركیا و رایگشتیدا، میساقی میللی 28ی 1ی 1920، ویلایەتی موسڵ (باشوری كوردستان) و بەشێك لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستان بە هۆی داگیركرنی لە لایەن عوسمانییەكانەوە بەشێك بوون لە خاكی توركیا. 
بەڵام لە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەكەم، دەسەڵاتدارێتی شەش سەدەی حوكمی عوسمانییەكان كۆتاییان هات، خاكەكانیان بەش بەشكرا.
 عوسمانییەكان لە ویلایەتی موسڵ (باشوری كوردستان) و بەشێك لە خاكی ڕۆژئاوای كوردستانەوە دەسەڵاتیان كۆتایی پێهات.
• لەسەردەمی حوكمی موستەفا كەمال ئەتاتوركدا، لە دوای ڕێككەوتنی لۆزانی ساڵی 1926، توركیا بە یەكجاری و بەشێوازێكی ناچاری دەستبەرداری شارەكانی سەر بە ویلایەتی موسڵ بوو.
هەر بۆیە بە درێژایی سەدەی بیستەم و تا ئەمڕۆش دەوڵەتی توركیا، هیچ دانپێدانانێكی نەبووە بۆ كوردستان و بەتایبەتی "ویلایەتی موسڵ و ڕۆژئاوای كوردستان"، دوای تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ئەو پەیمانە دا.
 هێشتا توركەكان ئەو ناوچانە بە هی خۆی دەزانن. بە بەردەوامی هەوڵی داگیركردنەوەی دەدەن، پاساوی جیاواز دەهێننەوەو شەرعیەت بە فراوانكردنی قەڵەم رەویەكەیان دەدەن .
زۆرێك لە  بەرپرسانی توركیا لە ووتار و قسەكانیاندا هیچ كاتێك ئەو ڕاستییەیان پەردەپۆش نەكردووە، كە ئامانجیان زیندووكردنەوەی ئەو میساقەیە كە تەمەنی وا كۆتاییەت. ئەوان وەها بیردەكەنەوە كە لە رابردوو فێڵیان لێكراوە و ئەو ناوچانەیان لەدەست دەرهێنراوە .
•(دەوڵەت باغچەلی) سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی میللی (مەهەپە) كە پارتێكی نەژادپەرستی  توركیایە و هاوبەشی ئاكەپەیە لە دەسەڵاتدا، لە وتارێكیدا لەسەر كەركوك و ویلایەتی موسڵ دەڵێت:"كە كاتی خۆی هات و بارودۆخەكە گونجا، لە كاتێكدا كە مێژوو ناگونجێت لەگەڵ جوگرافیای ئەمڕۆدا، ئەوكات میساقی میللی زیندوو دەكەینەوە.
 لە دوای81 پارێزگاكەی توركیا، كەركوك دەبێتە پارێزگای 82هەمین و موسڵ دەبێتە پارێزگای 83 هەمینی توركیا.
• (سەلچوك ئوزداغ) پەرلەمانتاری ئاكەپە لە شاری مانیسای توركیا، دەڵێت:"ئەتاتورك پێش مردنی لە شەڕێكدا (هاتای) گەڕاندەوە سەر وڵاتەكەمان"، ئەگەر تەمەنی درێژتربوایە و زوو نەمردایە ئەوا بێگومان كەركوك و موسڵی دەخستەوە سەر توركیا.
بەگشتی رای دەسەڵاتی حاكم لە توركیا بەو جۆرەیە كە دەیانەوێت پرۆسەی داگیركاری بەردەوام بكەن. تەنانەت لەو ململانێیانه‌ی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەن.
 توركیا دەیەوێت بەشی خۆی لەناو ئەو ململانێیانە بزانێت و ستراتیژی خۆی جێبەجێ بكات، لە كێشەی سوریا و لە شەڕی داعش لە عێراق لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی خۆی هێزی بە قوڵی ناردە ناو خاكی ئەو دوو ووڵاتەوە.
 لە عێراق لە نزیك موسڵ لە بەعشیقە و لە بەشێك لە خاكی خۆرئاوای كوردستان و ئیدلیب و عەفرین و گرێسپی و هەرێمی شەهبا لە سوریا توركیا خۆی كردە بەشێك لە كێشەكە و سەرئەنجام پشكی خۆی لەو كێشمە كێشانە بەدەستخست.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ