پاراستنی قەندیل و پاراستنی هەرێم یه‌ك پاکێجە

دێوەزمەی تورکیا.. پارچه‌یه‌كی لایه‌ و ده‌یه‌وێ دوو پارچه‌ی تریش قوت بدات

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.06.29 07:09 PM
753 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

په‌یكار عوسمان

- تورکیا زیاترە لە دوژمنێکی تەقلیدی. ئاخر دوژمنی تەقلیدی ئێمە، هەر ئەوەیە کە پارچەیەکی ئێمەی لایەو کوردی تیا ئەچەوسێنێتەوە. بەڵام تورکیا ئەم تەقلیدە زاڵمانەیەی شکاندوەو گۆڕیوە بە شتێکی زاڵمانەتر. بەوەی کە پارچەیەکی لایەو ئەیەوێ دوو پارچەی تریش قووتبدا!
- تورکیا بەس دوژمنی ئێمە نیە، بەڵکو دوژمنی هەموو دەرەوەی خۆیەتی. چونکە ئەو فراوانخوازێکی ئیقلیمیی چاولەدەرە. جا ئێمە ئەگەر پێشوەخت هیچ کێشەیەکیشمان لەگەڵ تورکیا نەبێ، هەر خودی ئەوە کێشەیە، کە ئێمە نزیكترین شوێنی دەرەوەی تورکیاین و تورکیا هەر بێتە دەرەوە یەکسەر پێ ئەنێ بە ئێمەدا!
- تورکیا لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون دانەمەزراوەو بۆ ئەوەنیە کە بتکا بە تورکیایی. بەڵکو لەسەر بنەمای نەژادیی دامەزراوەو بۆ ئەوەیە کە بتکا بە تورك. یەعنی بوونی تورکیا یەکسانکراوە بە بوونی تورك. بوونی تورکیش یەکسانکراوە بە نەبوونی ئەوانیتر!
- دەی ئەوە هاوکێشەیەکی ستەمکارانەیەو ئێستابێ و هەزار ساڵی تربێ، هەر ئەبێ هەڵوەشێتەوەو پەیوەندییەکە لەسەر بنەمایەکی عادلانە دامەزرێتەوە. عەدالەتیش ئەوەیە کە بوونی هەمووان یەکسان و پارێزراوبێ و هیچ بوونێك لەسەر نەبوونی ئەویتر دانەمەزرێ.
- خۆ نمونە جوانەکانی دەوڵەتی مۆدێرن، لە سەرەتاوە چیرۆکی هەموویان، هەر ناسیۆنالیزم و زاڵکردنی زمان و کولتورێکە بەسەر ئەوانیتردا. بەڵام دواتر لاسەنگییەکە لە هاوڵاتیبوون و ماف و ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا ڕێکخراوەتەوە. بەجۆرێك کە ئیتر هەمووان لە خاڵێکدا یەکسان ئەبنەوەو ئەکەونە ناو پەیوەندییەکی ناستەمکارانەوە. ئەمەش ئەو گۆڕانە ئیجابییەیە کە لە ناسیۆنالیزمی نەژادیدا هەرگیز ڕوونادا. ناسیۆنالیزمی نەژادی لەمسەرو لەوسەریش هەر ستەمکارییە. چونکە کار بۆ یەکسانکردنەوەی ئینسانەکان ناکا کە ئاشتی و پێکەوەژیانە، بەڵکو کار بۆ چونیەكکردنی ئینسانەکان ئەکا کە ڕق و ستەم و جیاکارییە.

توركیا ماكینه‌یه‌كی سته‌مكارییه‌ له‌ فۆرمه‌ كه‌مالیى و ئه‌ردۆغانییه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر كورد


- تورکیا لە فۆڕمە نەژادییەکەیدا لەسەر نەبوون و سڕینەوەی پێکهاتەکانی ناوخۆ بنیاتنراوە. لە فۆڕمە عوسمانییەکەشیدا لەسەر پەلهاویشتن و داگیرکاری و بندەستکردنی ئەوانیتری دەرەوە دامەزراوە. یەعنی لە فۆڕمە عوسمانییەکەیدا، ئەویتر هەیەو نایکا بە تورك، بەڵام ئەیکا بە بچوك و نۆکەری تورك!
- یەعنی تورکیا چ لە فۆڕمە کەمالییە ناوەکییەکەداو چ لە فۆڕمە ئەردۆگانییە دەرەکییەکەدا، مەکینەیەکی گەورەی ستەمکارییەو هیچی تر. چونکە ستەمکاری لە ئاستە وجودییەکەیدا هەر ئەو دوو مواسەفاتەیە کە لە تورکیادا هەیە!
هەر ئەوەیە کە کار لەسەر نەبوون و سڕینەوەی ئەویتر، یان کار لەسەر کەرامەتشکاندن و بە نۆکەرکردنی بکەیت. دەی تورکیا نەك هەردوکی ئەکا، بەڵکو ئەسڵەن بوونی خۆی لەسەر ئەم دوو کۆڵەکەیە دروستکردوە، کە ئەمە بوونێکی تەواو ناسروشتی و ستەمکارانەیە.
- ئێستا ئەوەی کە دیارە، تورکیا دنیایەك قەیرانی هەیە. بەڵام لە نادیارداو لەڕاستیدا تورکیا هەر یەك قەیرانی هەیە. قەیرانی دیکتاتۆرێکی نەخۆش، کە خەو بە دەسەڵاتی هەتاهەتای ناوەوە ئەبینێ و ئەم خەونەشی تەنیا بە پەلهاویشتنی دەرەوە بۆ بەدی دێت. لێرەشەوە ئیتر خەونەکەی ئەردۆگان تەنیا بەڵای تورکیا نیەو ئەبێتە بەڵای هەموو ناوچەکە!
- بەڵێ تەنیا بە پەلهاویشتنی دەرەوە خەونەکەی بۆ بەدی دێ، چونکە پەلهاویشتنی دەرەوە، پاشخانێکی عوسمانیی دوێنێ و پشتیوانییەکی ئیخوانیی ئێستاو حەزێکی هەمیشەیی تورکە قەومچیەکانە. لەولاوە زیندوبوونەوەی ڕوس و سەرهەڵدانەوەی جۆرێك لە دوو جەمسەری و یاریکردنی تورکیاش لە نێوانیاندا.. هەموو ئەمانە دووشەشەو بۆ خەونەکەی ئەردۆگان هاتووە.
- جا بەرامبەر بەڵایەکی وا، کە تا ئەوپەڕی نەخۆشیی نەخۆشەو شتەکانیش لە بەرژەوەندی نەخۆشییەکەی ئەوە، ئێمە نەك نابێ عەقڵ بدەینە دەس حەماسەت، بەڵکو لەڕاستیدا عەقڵێك بەش ناکاو ئەبێ عەقڵێکمان بکەین بە هەزار، بەس بۆ ئەوەی بزانین چۆن تەعامولی لەگەڵ بکەین.
- هەموو عاقڵێك لەوە تێئەگا، کە پارتی و یەکێتی و هەرێم و بەغداش، ناتوانن بەر بە دەستێوەردانی تورکیاو ئێران بگرن. کاکە بەری پێمەگرەو داوای ئەوەت لێناکەین کە ناتوانی، بەڵام خۆ ئەتوانی هاوکارو چاوساغی نەبیت، دەی داواکەش هەر ئەونەیە.
- باشترین بەرگری ئەوەیە کە شەڕەکە سنوردار بکرێ لەو شاخ و کێوانە. چونکە تورکیا پێیخۆشە ئاگرەکە فراوان ببێ و شارەکان کاولکاو خەڵکەکەی دەرپەرێنێ و ئاوارەی سوری بیهێنێتە شوێنیان. ئەو بیرە نەوتەکانی ئەوێ و لەڕاستیدا مەسەلەکە شارەکانە نەك شاخەکان! (چۆن ئێران شارە سونییەکانی کاولکردو شەڕی بردە ناویان، تورکیاش ئەیەوێ شارە کوردییەکان کاولکاو شەڕ بهێنێتە ناویان) ئاخر ئەو تەنیا بەم ڕێگایە ئەتوانێ نەخشەی دۆزەخی میللی دروستبکات.

 تا دوژمن شەڕ گەورەکا ئێمە ئەبێ بچوکیکەینەوەو تا ئەو گەرمیکا ئێمە ئەبێ ساردیکەینەوە

- بۆیە تا دوژمن شەڕ گەورەکا ئێمە ئەبێ بچوکیکەینەوەو تا ئەو گەرمیکا ئێمە ئەبێ ساردیکەینەوە. ئێمە نابێ تەسلیمبین، بەڵام ئەبێ هەزار ڕێگای بەریگریمان خۆلادانبێ لە شەڕ. چونکە شەڕ خودی داوەکەیە. ئەگەریش پێتوایە هەر یەکسەر کاتی نەفیرعامەو ئەبێ هەموو باشور دەسبەینە چەك، لەڕاستیدا ئەوە بەرگری نیە، ئەوە کەوتنە ناو پلانەکەی دوژمنە. ئەوە مانەوە نیە، ئەوە خۆکوژییە.
- ئینجا بۆ کوردبوونێکی سافی بان حیزبایەتی، پاراستنی قەندیل و پاراستنی هەرێم پاکێجێکەو ئێمە ئەبێ هەردوکیان بپارێزین. نەك ئەوەی داوای پاراستنی ئەمیان و داوای هەڵوەشانەوەی ئەویان بکەین. پەکەکە ئەبێ هەرێم بپارێزێ، بە شەڕ نا، بەوەی کە نەیکاتە ساحەی شەڕ. هەرێمیش ئەبێ قەندیل بپارێزێ، دیسان بە شەڕ نا لەگەڵ تورکیا، هەر بەوەی کە لانیکەم نەبێتە هاوکاری تورکیا لە شەڕەکەدا.
- ئینجا عادەتەن لەم دۆخانەدا باڵانسی عاتیفەو کێرڤی حەماسەت و شەپۆلی ڕق ئەفڕێ و هەموو ئەمانەش لەسەر حسابی عەقڵ و هۆشیاریی. لەکاتێکا هۆشیاریی بوونی تۆیەو دوژمنیش کێشەی لەگەڵ بوونتا هەیە. کەواتە باشترین چەك و بەرگری، ئەوەیە کە دەست بە بوونتەوە بگریت کە هۆشیاریتە، دەست بە هۆشیاریتەوە بگریت کە بوونتە!
- بەپێچەوانەوە لەناو ڕقسازی و حەماسەتبازیشدا هۆشیاریی ونە. کە هۆشیارییت ونبوو بوونت ونە. کە بوونیشت ونبوو ئیتر تۆ پێشەکی لە شەڕەکەدا دۆڕاویت، چونکە دوژمن هەر بۆ نەبوونت هاتووەو تۆش لەناو نەبوونتایت!
- جا شەپۆلی ڕق لە تورك و جنێودان بە ئەردۆگان، یان شەپۆلی ڕق و تەخوین و جنێودان بە یەکتری لەناو خۆمان، هیچمان بۆ ناکات جگە لەوەی لامانئەدا لە "هۆشیاریی و بوونمان".
- چارەی ئەوەڵ و ئەخیری ئێمە یەکگرتنەو ئەم یەکێتی و یەکگرتنەش هەرگیز لەناو ڕق و خۆپەرستیدا ڕووناداو تەنیا لەناو هۆشیاری و خۆنەویستیدا ڕووئەدا. ئەم یەکێتییە لەسەر حەق دائەمەزرێ و حەقیش ئەوەنیە هیچ هێزێك سەرکەوێ بەسەر ئەویترداو بیسڕێتەوە (کە ئێمە باش و خراپمان هەر خەریکی ئەمەین). حەق ئەوەیە کە هەمووان واز لە شەڕی سڕێنەوەو زاڵێتی بهێنین لەپێناو بوون و مانەوەی گشتی


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ