ئه‌و قه‌واره‌یه‌ى‌ ده‌بێت هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ عێراقه‌

سێكوچكه‌ی هاوپه‌یمانيی دژى قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان

به‌كر شوانی 2020.06.30 12:49 PM
1437 جار خوێندراوەتەوە

به‌كر شوانی

نوسه‌ر

د.ئارام ڕه‌فعه‌ت

چەند سەرنجیکی کورت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم
یەکەم:
ئەم کەمپینە هەمە لایەنەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم رێک هاوکاتە لەگەل لەشکرکێشی سوپای تورک و راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بەشێکە لە خیتابی جەنگی ئەو لەشکرکێشیە. ئامانجی تورک لەم لەشکرکێشییەیدا هەڵوەشێندنەوەی قەوارەی هەرێم و گێرانەوەی دەسەلاتی ناوەندە بۆ کوردستان. بانگەشەی چەند کەس و لایەنێکی گوماناوی کوردی لەیەک کاتدا و لەکاتی ئەم لەشکرکێشییەدا رێککەوت نییە و ئاراستە کراوە.
دووەم؛
هەڵوەشێندنەوەی قەواری هەرێم خواستێکی لەمێژینەی تورکە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ و مەرجی ئەساسی تورک بۆ بەشداریکردن و هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکادا لە کاتی داگیرکردن/رزگارکردنی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو.
سێیەم؛
سەرەتا ئەمریکا نەهاتە ژێر ئەو خواستەی تورکەوە. بەڵام دواتر لەگەل ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق و هەڵکشانی نەفوزی ئێران ئەمریکا ویستی ئەم خواستەی تورک بێنێتە دی. لە مانگی ١١ی ٢٠٠٣دا پۆل بریمەر لە ژێر فشاری تورکیادا و بۆ رازیکردنی تورک پێشنیاری هەڵوەشێندنەوەی هەرێمو گەرانەوە بۆ سیستەمی ١٨ پارێزگای سەردەمی بەعسی خستییە رۆژەڤی مەجلیسی حوکم و بە ئانقەستیش لەکاتی سەرۆکایەتی جەلال تالەبانیدا ئەو بریارەی سەپاند. بەلام لەژێر فشێری شەقامی کوردیدا نە یاساکە جیبەجێ کرا و نە تورک هاتنە ناو هاوپەیمانی ئەمریکی.

نەخشەیەکی ١٨٩٣ی سنوری عوسمانییەکانە کە وڵاتی کوردستانی تێدایە بەڵام شتیکی بە ناوی عێراق تێدا نییە

چوارەم؛
یەکەم لایەنی کوردی لە ٢٠٠٥دا داوای هەڵوەشێندنەوەی قەوارەی هەرێم و گەرانەوەی سوڵتەی مەرکەزی کرد. ئەو کەسەش گەورە جاش ئەرشەد زێباریە، کە خزمی نزیکی مەسعود بارزانییە و سەرۆکی حیزبی ئازادی و دادپەروەری کوردستانە. زیباری بە ئیعازی هاوپەیمانی بەعسی/ئیخوانی عیراقی-ئەردۆغان-قەتەر -ئەم جوڵانەی دەکرد. ئەو سێ لایەنە پشتیوان و پاریزەر و موحەریکی سەرەکی زێباری و حیزبەکەی بوون و تەنانەت ناوی حیزبەکەشی هاوشێوەی ناوی حیزبەکەی ئەردۆغانە.
پێنجەم؛
پێدەچێت سەرەداوەکانی ئەو جوڵە و بانگەشەیەی ئێستاش، کە هەمان خواستی قەدیمی تورک و هەمان داوای ئەرشەد زێبارییە، بچنەوە سەر هەمان هاوپەیمانی لەسەرەوە ئاماژەم پێدان. ئەوەی ئێستا هەیە هاوپەیمانییەکە فراوانترە و دەکرێت بە هاوپەیمانی ئەردۆغان-کازمی-ئێران لەقەلەم بدرێت.

ئەو قەوارەیەی کە دەبێت هەڵوەشێتەوە ئەو قەوارە نارەسەن و دەسکرد و فاشیلەیە کە ئینگلیز دروستی کرد و ناوی نا عێراق

شەشەم؛
دوای هاوبەندی تورکیا-کازمی-ئێران، گەورەترین مەترسی لەسەر قەوارەی هەریم دوو حزبه حوکمرانەکانی هەرێمن. خیانەت و گەندەڵی ئیدارەی خراپی ئەوان هەم هەرێمیان هێناوەتە ئاستانەی هەرەس هێنان و زەمینەیەکییان رەخساندووە کە خواست و خەونە گڵاوەکانی ئەردۆغێن و کازمی و ئەرشەد زێباری لە سۆشیال میدای کوردی گوێگری هەبێت.
حەوتەم؛
باشوری کوردستان یەکەیەکی جوگرافی و مێژوویی رەسەنە و لانی کەم لەسەردەمی سەلجوقییەکان لە سەدەی دوازدەدا ئەم مەملەکەتە بەناوی کوردستان هەیە وهەبووە و دەشمێنیت. ئەو قەوارەیەی کە دەبێت هەڵوەشێتەوە ئەو قەوارە نارەسەن و دەسکرد و فاشیلەیە کە ئینگلیز دروستی کرد و ناوی نا عێراق. ئەو عێراقەی جگە لەجەنگ و فاشیزم و توندرەوی مەزهەبی و گۆری بەکۆمەل و برسێتی و نادادپەروەری هیچی تری لێ سەوز نەبووە و نابێت، زوو بێت یان درەنگ دەبێت هەر هەلوەشێتەوە.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ