ئەبوفه‌دك به‌رامبه‌ر كازمى

ڕووداوه‌كه‌ی ئەلبوعێسە.. ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌ زنجیره‌یه‌كی درێژ

یاسین تەها 2020.06.30 05:30 PM
1122 جار خوێندراوەتەوە

یاسین تەها

رۆژنامەنووس و توێژەر

شارەزای کاروباریی عێراق

ماستەر لە مێژووی ئیسلامیی ـ زانکۆی مەنسورە ـ میسر

کوردستان تایمز 

لە پاش ئازادكردنی 14 چەكداری "كەتیبەكانی حیزبوڵڵا"، زۆرلایەن توشی شۆك بوون كاتێك سەرجەمیان بە پێڵاوەكانیانەوە چوونە سەر وێنەكانی مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیران، كە دەكاتە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، لە ڕووی تیۆریشەوە دەبێت فەرماندەی ئەم گروپە چەكدارەش بێت كە خۆی لەسەر "حەشدی شەعبی" ئەژمار دەكات.
ئەم چەكدارانە بە شێوەیەكی كتوپڕ و درەنگانێكی شەوی 25 /26 حوزەیرانی 2020 دەستگیركران، بە فەرمی لە لایەن فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراقەوە، تۆمەتی ئەوەیان ئاراستەكرا كە “هێرشیان كردوەتە سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانەی بەغدا، بەنیازیش بوون هێرشی نوێ بكەن بۆ سەر ئەوە ناوچانە" كە زۆرترین بەرژەوەندی بیانی لە خۆ دەگرێت لە عێراق.
ئەركی هەڵكوتانە سەر بارەگاكەشیان لە ناوچەی "ئەلبوعێسە" سپێردرابوو بە دەزگای دژە تیرۆر كە ئێستا ژەنەراڵ عەبدولوەهاب ئەلساعیدی، سەرۆكایەتی دەكات و یەكێكە لە بەهێزترین دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و تێكڕای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاوەن متمانە و جەماوەری زۆرە، بەهۆی كارنامە پرۆفێشناڵەكەیەوە لە ساڵانی جەنگی تایفی و شەڕی داعشدا. 

چه‌كداره‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی حیزبوڵا پاش ئازادكردنیان چوونه‌ سه‌ر وێنه‌ی كازمی

 

ئازادبوونی پڕ لە گومانی ئەم چەكدارانە كە دەوترێت بە هەڕەشە و چاوسوركردنەوە لە دادوەرەكان بووە، تەنها سێ رۆژ پاش دەستگیردنیان، بە پاساوی "لاوازیی بەڵگەكان" لە كاتێكدا لەسەر بەرزترین ئاستی هەواڵگریی و ئەمنیی تۆمەتباركراون، بەدوای زنجیرەیەك، گرژی و بەریەككەوتندا هات لە ناوچەی سەوزی بەغدا كە تاقیكردنەوەیەكی سەخت بوون بۆ مستەفا كازمی و بۆ بۆ دۆخی شڵۆقی عێراقیش كە گیرۆدەی كورتهێنانی زۆری بودجە و لێكەوتەكانی نەخۆشی كۆرۆنایە.
لەم میانەیەدا كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی حەشد درەنگانێكی شەو بەدوای "ئەبو فدك"ی فەرماندەی حیزبوڵڵا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی حەشد، هەڵیانكوتایە سەر ناوچەی سەوز، لەكاتێكدا ئەوان دەبێت بەشێك بن لە "سیستمی بەرگریی و ئەمنی عێراق"، ئەمەش دەخوازێت لێیان ملكەچی فەرمانی سەرۆك وەزیران بن نەك ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەستیارترین ناوچەی عێراق كە بارەگای حكومەت و پەرلەمان و باڵیۆزخانەكان لە خۆدەگرێت لە ناوەڕاستی پایتەخت.
لەولاشەوە باڵە ئیعلامی و چالاكەكانی "حەشدی وەلائی" و حیزبوڵڵا لەسەر تویتەر و سۆشیال میدیا كەوتنە تەشهیر بە مستەفا كازمی و راوێژكارەكانی، جگە لە تۆمەتباركردنی بە نۆكەری و ملكەچی بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل، ناتۆرەی ناشرینیان بە ناوەكانیان كرد، هەڕەشەی كوشتن و دەستگیركردنیشیان لێكردن، یەكێك لەوانەش ئەبو عەلی عەسكەریی وتەبێژی سەربازییە بەناوی حیزبوڵڵا كە ئەگەرچی ناوەكەی خوازراوە بەڵام پۆستەكەی سیفەتی فەرمیی هەیە.

قاسم سوله‌یمانی سه‌ری ئه‌بوفه‌دك محه‌مه‌داویی ماچ ده‌كات

هەڵسەنگاندنی جیاجیا هەن بۆ هەنگاوەكەی كازمی و سەرەنجامە خێراكانی تا ئێستا، هەن ستایشی ئازایەتی دەستبردنی دەكەن بۆ مەترسیدارترین گروپی پاڵپشتیكراوی ئێران لەكاتێكدا عەبدولمەهدی لە پێش ئەوا دەستی واڵا دەكردن، هەشن نمایشە توند و زبرەكانی ئەم گروپە و ئازادبوونی خێرای گیراوەكانیان بە رووشانی وێنەی موخابەرات و دەزگای ئەمنی و قەزایی عێراق لە قەڵەم دەدەن لە سایەی سەرۆكایەتی كازمیدا.
رایەكی سێیەمیش هەیە پێیوایە كازمی و ستافەكەی كە زۆربەیان مەدەنی و رۆشنبیر و میدیاكارن پێشر ئاكامی وەها هەنگاوێكیان هەڵنەسەنگاندووە و بەبێ بیركردنەوە لە ئەنجام خۆیان خستۆتە گێژاوەوە.

لە دەرەوەی ئەم شیكارە دەست و دەمانەش راستییەك هەیە  زۆركەس دانی پێدا دەنێت، ئەویش یەكلاكبوونەوەی بەریەككەوتنی پرۆژەی دەوڵەت و پرۆژەی باڵە چەكدارە زۆر و بەرەڵاكانی عێراقە، كە لە دوای داعش دەست خاڵی بوون بۆ بچڕینی پێگە و نفوز و ناوبانگ بۆ خۆیان، لەم میانەیەشدا هەر خەریكی نمایشی باسك و تواناكانی خۆیانن بۆ قایمكردنی پێگەی خۆیان، بەم پێیەش ئەگەر رووداوەكەی "ئەلبوعێسە" ش نەبوایە، ئەم پێكدادانە هەر ڕوویدەدا.

حیزبوڵڵا و نوجەبا و هاوشێوەكانی بە ئیمتیازات سەر بەعێراقن به‌ڵام بۆ فەرمان و گوێڕایەڵی دەگەڕێنەوە بۆ تاران


لە رۆژانی ئایندە لەم نمونە و حاڵەتانەش زۆرتریش دەبن بە تایبەت كە هەست دەكرێت زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی شیعە ژێر بەژێر و بە بێدەنگی خەریكی كنەكردنن لە كازمی و حەزیان بە سەركەوتنی نییە چونكە هەم بژاردەی دڵخوازی ئەوان نییە، هەم سەركەوتنیشی بە دەسكەوت بۆ "پرۆژەی نیشتمانیى" ئەژمارە كە خەڵكانی وەك عەبادی و زورفی و هاوشێوەكانیان خۆیان بە نوێنەری دەزانن.
ئەوەی لەم چەند رۆژە روویدا، ئەڵقەیەكە لە زنجیرەیەكی درێژ كە دەشێت لە رۆژانی داهاتوودا زیاتری لێ رووبدات، چونكە چیتر خەزێنەی بەتاڵ بەشی ئەو هەموو خەرجییە ئەمنییە ناكات، لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكاشدا، واشنتۆن لە گوشاری زیاتردا دەبێت بۆ سەر ئێران و باڵە چەكدارەكانی لە عێراق كە حیزبوڵڵا دڕترین و بێ منەتترینیانە، گروپە چەكدارەكانیش لە پێشبڕكێی خۆنمایش كردندا دەبن بەسەر سەرۆك وەزیرانی نوێ بۆ سەلماندنی بێ دەسەڵاتی ئەو و ئازایەتی خۆیان، ئەویش لای خۆیەوە دروشمی بەهێزكردنی دەوڵەت و قەتیسكردنی چەكی لە دەستی دەزگا ئەمنییە فەرمییەكاندا بەرزكردوەتەوە و ناكرێ هەروا تەماشاچی تەراتێتی سەربازیانەی حیزبوڵڵا و نوجەبا و  هاوشێوەكانی بێت، كە بە پارە و ئیمتیازات سەر بە دەوڵەتی عێراقن، كەچی بۆ فەرمان و گوێڕایەڵی دەگەڕێنەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی تاران، لەم نێوەندەشدا گرەو لەسەر دروستبوونی رایەگی گشتی و پاڵپشتی شیعە نیشتیمانی و عەرەب مەشرەبەكانە ببنە پشتیوان و هاوكاری كازمی لە تاقیكردنەوەی گێڕانەوەی شتێك شكۆ بۆ هەیبەتی دەوڵەت پاش ساڵانێكی زۆر لە وردو خاشبوونی بەفاكتەری جیاجیا.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ