میسر كه‌وته‌وه‌ ده‌ست سوپا

٣٠ی یۆنیۆ.. 7 ساڵ به‌سه‌ر كه‌وتنی ئیخوان له‌ میسر تێپه‌ڕی

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك 2020.06.30 09:17 PM
1176 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپه‌ری پۆله‌تیك

میدیایه‌كی بابه‌تیی بێلایه‌نه‌

 یادگار عه‌لی ـ مامۆستای زانكۆ / قاهیره‌

‫[٣٠]ی یۆنیۆ‬، ‫لە میسر ئەو ڕۆژەیە کەڕووداوەکانی بۆ ھەندێک کودەتای سەربازییە بۆسەر شەرعیەت و بۆ ھەندێکی تریش ڕزگارکردنی وڵاتە لە ھەڵدێر و رێگەگرتن لە دزینی دەستکەوتەکانی شۆڕشی [٢٥ی یەنایەر].‬
‫حەوت ساڵ پێش ئێستا و لە [٣٠ی یۆنیۆی ٢٠١٣]، لە میسر گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویدا، گۆڕانکارییەک سەرەتا بە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بەرەی دژ بە [کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین] بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەستیپێکرد و بە ھەڵگەڕانەوەی وەزیری بەرگریی و دوورخستنەوەی [محەمەد مورسی] یەکەم سەرۆک کۆماری ھەڵبژێردراوی دوای حوکمی دەیان ساڵەی [محەمەد حوسنی موبارەک] کۆتایی ھات.‬
‫لەو ڕۆژەدا؛ خۆپیشاندان لە قاھیرە و زۆربەی پارێزگاکانی تر دەستیپێکرد، دەسەڵاتی [کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین] ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان ڕەتدەکردەوە، پێداگری ئەوەیان دەکرد، سەرۆککۆمار شەرعیەتی ھەڵبژاردنی بۆ چوار ساڵ لە گەل وەرگرتووە، نەوەک یەک ساڵ، تاوەکو ھەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت.
بەو ھۆیەشەوە تا دەھات ڕۆژانە گرژی و بەریەککەوتن لە نێوان لایەنگران و دژەکانی سەرۆک زیاتر دەوبو، کار گەیشت بەوەی بەھۆی شەڕ و بەریەککەوتنەکان، چەندین کەس لە ھەردوولا کوژران و برینداربوون.‬
‫بارودۆخەکە تا دەھات ئاڵۆز دەبوو، [عەبدولفەتاح سیسی- وەزیری بەرگری و بەرھەمھێنانی جەنگی] لە ئێوارەی [سێی یۆلیۆ]، بەئامادەیی نوێنەرایەتی پێکھاتەکانی میسر، وتارێکی لەتەلەڤزیۆنی رەسمی میسر خوێندەوە و کۆتایھاتنی دەسەڵاتی یەکەم سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ڕاگەیاند و دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆماری میسری بۆ [دادگای باڵای دەستوری] گواستەوە کە [عەدلی مەنسور] سەرۆکایەتی دەکرد، بەوپێیە ناوبراو بوو بە سەرۆک کۆماری کاتی میسر تا ئەو کاتەی ھەڵبژاردن دەکرێت.‬

خۆپیشاندانه‌كانی دژ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیخوان ـ حوزه‌یرانى 2013‬


‫لە پاش بڕیاری دوورخستنەوەی [مورسی]، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی میسر دەستیپێکرد، [١١٣] کەس کوژران، دەیان بارەگا سوتێنران.. 
وەزارەتی بەرگری میسر بەیانێکی بڵاوکردەوە، داوایکرد، حیزبەکان لایەنگرانیان لە گۆڕەپانەکان بکێشنەوە و ڕێگە بدەن ژیان ئاسایی بێتەوە، بە پێچەوانەوە سوپا بە ناچاری و بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە، دەستوەردان لە ژیانی گشتی دەکات، بەدوای سوپا؛ وەزارەتی ناوخۆش بەیانی پشتیوانی لە سوپا بڵاوکردەوە، وردەوردە زۆربەی بەرپرسەکان لەسەر ئاستی ڕاوێژکارانی سەرۆک کۆمار و وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەیان لە پۆستەکانیان ڕاگەیاند.
سەرۆکایەتی کۆماریش بەیانێکی درەنگوەختی بڵاوکردەوە و پێیوابوو ھەندێک گوزارشت و ئاماژە لەناو بەیانی سوپا ھاتووە، مایەی ئاڵۆزی دۆخەکە و بەریەککەوتنی زیاترە.‬
‫لەو ڕێکەوتەوە [محەمەد مورسی] بە دەستبەسەرکراوی بەرەو شوێنێکی نادیار براو بۆ ماوەی چەندین مانگ ھیچ ھەواڵێکی نەبوو، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەدان سەرکردە و کادیری باڵای [کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین] بە تۆمەتی ھاندانی خەڵک بۆ توندوتیژیی دەرکرا، ھەروەھا ھەرچی کەناڵەکانی راگەیاندنی ئیخوان ھەبوون ھەمویان داخران، ھێڵی ئینتەرنێت لە میسر پچڕێنرا، کارکردن بە دەستور ھەڵپەسێردرا، ئەنجومەنی شورا لەکارخرا، دەیان زیندانی لە زیندانەکان ھەڵھاتن، حیزبی ئازادی و دادپەروەری ھەڵوەشێنرایەوە و کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینیش قەدەغەکرا و خرایە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە.‬

عه‌بدولفه‌تاح سیسى له‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌ڵگه‌رایه‌وه‌ و كوده‌تای به‌سه‌ردا كرد


‫ئەو لایەنانەی پشتیوانیان لە [محەمەد مورسی] دەکرد لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین، حیزبی ئازادی و دادپەروەری و ھاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ پشتیوانی شەرعیەت پێکھاتبون، بە پێچەوانەوە لایەنی بەرامبەر کە پشتیوانیان لە سوپا دەکرد، پێکھاتبوون لە: دامەزراوەی ئەزھەر، حیزبی نوری سەلەفی، کەنیسەی قیبتی ئەرسەدۆکسی و حیزبی ڕزگاری نیشتیمانی.‬
‫دواجار سوپا قسەی خۆی بردەسەر، [کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین] لەدەسەڵات دورخرایەوە، [محەمەد مورسی] لە پاش چەند جەلسەیەکی دادگاییکردن لە دادگای شارستانی، ڕەوانەی دادگای سەربازیی کرا، چەندین تۆمەتی ئاراستەکرا، چەندین سزای بەسەردا سەپێنرا، کۆتاجار لە کاتی دادگایکردن لە [ ١٧ی یۆنیۆی ٢٠١٩] کۆچی دوایی کرد و تەلەڤزیۆنی میسر ڕایگەیاند بەھۆی جەڵتەی دڵەوە مردوە.. دوای مردنیشی ڕێگەنەدرا خانەوادەکەی بەشداریی لە ڕێورەسمی ناشتنەکەیدا بکەن.


دوایین بابەت

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ